کامیار سابیر: جا ئەوە منیشتان کوشت!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بۆ رای گشتیی، بۆ دۆست و برادەرەکانم، بۆ هەموو ئەو گەنجانەی کە ئارەزووی خوێندنەوەی نووسینەکانی من دەکەن، لە رێگەی ئەم خاڵانەی خوارەوە، ئەم ئاگادارکردنەوەیە دەنووسم:
1- بەهۆی ئەو نووسینانەی لەسەر پارتیی و کوردایەتییەکەی دەیاننووسم، بەتایبەتیی ئەو رەخنانەی روو بە پرۆژە تاڵانییەکانی پارتیی و ماڵباتی بارزانییە و ساڵانە دەیان میلیارد دۆلار لە ئێستاو لە ئاییندەی گەلی کوردستان دەدزن، سەرەتا بە دانڕۆکردن، ئێستاش هەڕەشەی جۆراوجۆرم لێدەکرێت، بۆ ئەوەی دەست لەو جۆرە نووسینانە هەڵبگرم.
2- ئەم هەڕەشانە، کەوتووەتە بواری چاودێرییکردنی فیزیکییەوە و شوێنپێم هەڵدەگرن (بە دۆکیومێنتەوە). وێڕای ئەوەی من لە ئوسترالیا دەژیەم، بەڵام پارتیی، نوێنەرایەتییەکی گەورەی لەم شارەدا ( سیدنی) هەیە، هەرچەندە نوێنەرایەتییەکە بەناو هیی حکومەتی هەرێمە، بەڵام لە نووسینگە تایبەتەکانی نێچیرڤان بارزانیی و مەسرور بارزانیی دەچێت. ئیدارەی چەندین میلیارد دۆلار بیزنس بۆ بنەماڵەی بارزانیی دەکات و سەرمایەگوزاریی بۆ دەکات و پارە رەشە دزراوەکانی کوردستانی، بۆ سپیی دەکاتەوە. ئەوە وێڕای ئەوەی دەیان کادیری بەڵتەجیی و رانتخۆریان هەیە و ئیشوکارەکانی بۆ دەکەن.
3- هیچ کێشەیەکی شەخصیی، حیزبیی، سیاسیی و کۆمەڵایەتییم لەگەڵ هیچ کەس و حیزب و گرووپێکدا نییە. تەنیا و تەنیا رەخنەی سیاسیی لە کوردایەتییە چەتەگەرییەکەی پارتیی، یەکێتیی و دەسەڵاتی سیاسیی دەگرم. سبەی رۆژ هەر شتێک بەرامبەر من بکرێ، بێ ئەملاوئەولا، نوێنەرایەتیی حکومەتی مافیاکانی هەرێمی کوردستان( کە هەموویان پارتیین )، کادیرەکانی پارتیی بە بەرپرسی یەکەمی ئەو هەوڵە دەزانم. هەروەها راستەوخۆش ئەم مەسئولییەتە لە ئەستۆی شەخصی مەسرور بارزانیی و نێچیرڤان بارزانیی دەناسم کە کادیرەکانیان لەنێوان خۆیاندا دابەش کردووە و بەرژەوەندیی ماددیی و سیاسیی هەردوولایان لەبەرچاو دەگرن. جاسووسییان بۆ دەکەن و سەرمایەگوزارییان بۆ دەکەن.
4- پاش ئەوەی لەگەڵ کەسوکار، کۆمەڵێک دۆست و برادەردا باسمکرد، بەزووترین کات، دامودەسگا پێوەنددارەکانی ئەم وڵاتەی لێی دەژیەم ئاگادار دەکەمەوە و ئەو هەڕەشانەی لێمکراون و ئەو چاودێرییانەی خراوەتە سەر من( بە بەڵگەوە) دەخەمە بەردەستیان. راستە لە هەندەران، دەستیان ئەوەندە کراوە نییە کە تێرۆری نەیارەکانیان بکەن، بەڵام مەترسیی هەرە گەورە ئەوەیە کە نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم( پارتیی) پارەیەکی ئێجگار زۆری بنەماڵەی بارزانیی بەدەستەوەیە و سەرمایەگوزاریی زۆر قەبەی پێوە دەکەن. بە پارەش هەموو شتێکی خراپ دەتوانرێ بکرێ( بە قەولی دۆستێک، بە دوو هەزار دۆلار، مافیایەکی مەوادی موخەدیر رادەسپێردرێت، بڕۆ تەقە لە فڵان ماڵ بکە، بێئەوەی پرسیاریش بکات بۆچی تەقە بکات؟ کارەکەی خۆی دەکات و پارەی نەوتی دزراوی کوردستانیش، پاش تەقەکردنەکە، وەردەگرێت). کوشتنی ئینسان لەم وڵاتانە، لە رێگەی مافیا و گرووپەکانی ماددە بێ هۆشکارەکانەوە، زۆرجار ئاسانترە لەوەی لە قەضا و ناحیەکانی کوردستاندا، ئەنجام بدرێت.
5- هەموو دۆستان و برادەرانم، هەموو ئەو گەنجە ئازایانەی کە رەخنە لە دەسەڵاتی سیاسیی مافیاکانی کوردستان دەگرن، دڵنیا دەکەمەوە، ئەم هەڕەشانە نەک من سارد ناکەنەوە و نامترسێنن، بگرە ئیرادەی زیاترم دەدەنێ. هەر کاتێکیش منیان بۆ بێدەنگ کرا، ئەوە بە دڵنیاییەوە هەزاران گەنجی تر، باشتر و کاراتر لەمن، درێژە بەو موقاوەمەتە دەدەن کە خۆی لە ریسواکردنی کوردایەتیی و چەتەو مافیاکانی بنەماڵە سیاسییەکانی کوردستاندا دەبینێتەوە.
6- هیچ رێگەچارەیەکی ترمان لەبەردەستدا نییە، جگە لەوەی بەردەوام بین لە دژایەتیی ئەو هەموو ناعەدالەتییەی کوردستان و ئەو هەموو دزیی و تاڵانییەی بە ئابووریی کوردستان و بە دۆزی سیاسیی گەلی کوردستانەوە دەکرێ. ئەوان دەیان میلیارد دۆلاریان بەدەستەوەیە، دەیان هەزار بەڵتەجییان لە کوردستان و لەهەندەران، وەکو دابەستە راگرتووە، بەڵام لەبەرامبەر ئیرادەی بەهێزی خەڵکی کوردستاندا، درەنگ یان زوو، کۆتایی بەم مافیاگەریی و تاڵانچییەتییەیان دەهێنرێت. هەرکەسێکیشیان بۆ بێدەنگ بکرێت، منیان بۆ بێدەنگ ناکرێ. منیشیان کوشت، هەزاران گەنجی تر، وەکو بەکر عەلیی، سۆرانی مامەحەمە، سەردەشت عوسمان، کاوە گەرمیانیی و ویداد حوسێن…تاد باشتر ئەم مافیایانە، ریسوا دەکەن.
7- با بێدەنگ نەبین، ئەمڕۆ نۆرەی من بێت، سبەی نۆرەی تۆیش دێت. ئەم فاشیزمەی کوردایەتیی، دەبێ بەردەوام بین لە کوتانەوەی، لە فەضحکردنی سیاسەتەکانی و لە بیزنسە زەبەلاحەکانی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت