عەتا قەرەداخی: ئایندەی کوردستان بەرەو کوێ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

 

ئێستا له‌ دوا رۆژه‌كانی ساڵی 2016 داین كه‌ ساڵێكی پڕ له‌ قه‌یرانبوو. راسته‌ كوردى باشوور سه‌ربارى ئه‌و قه‌یرانانه‌ى كه‌ دووچارى بووه‌تەوە، له‌ قه‌یرانی دارایی و شه‌ڕى داعش و كێشه‌ ناوخۆییه‌كان، به‌ڵام به‌ئاشكرا هه‌ست ده‌كرێت له‌چاو پێشتردا ئێستا دۆزى كوردو مه‌سه‌له‌ى سه‌ربه‌خۆى و ده‌وڵه‌تی كوردى زیاتر ئاماده‌بوونی هه‌یه‌ و باسلێكردنی ده‌بیسترێت له‌ نێوه‌ندى سیاسیدا به‌ گشتی و له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیشدا به‌ تایبه‌تی.

ئاشکرایە کە کورد سەرباری نائامادەیی خۆی لەڕابردوودا بۆ بەرھەمھێنانی دەوڵەت، سیاسەتی جیھانی غەدرێکی گەورەی لێکردووە و رێگای نەداوە ئەم پێکھاتەیە کە لەڕووی ژمارە و جوگرافیاوەو لەڕووی پایە و بنەماکانی دیکەوە بۆ خۆبەڕێوەبردن ئامادەبوونی ھەبووە، ببێتە خاوەنی دامەزراوەی بەڕێوەبردنی خۆی کە ئەوەش لەدامەزراوەی دەوڵەتدا خۆی دەبینێتەوە. بێگومان ئەوە شتێکی لەبەرچاوە کە کوردیش وەکو زۆر لە نەتەوە و پێکھاتە ئیتنیکیەکانی دیکە لەڕووی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتیەوە لەڕابردوودا ئامادەگی دروستکردنی ئەو دامەزراوەی نەبووە. بەڵام دەوڵەتانی بڕیار بەدەستیش بەتایبەتی لەسەروبەندی ھەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی عوسمانیدا، کە چەندین دەوڵەتیان لەجیھاندا دروستکرد، نەک یارمەتی کوردیان نەدا بۆ دروستکردنی دەوڵەت بەو شێوەی کە لەتەنیشت کورددا یارمەتییەکی زۆری عەرەبەکانیان داو چەندین دەوڵەتیان بۆ دروست کردن، بەڵکو رێگایشیان لەکورد گرت بۆ ئەوەی نەتوانێت بەو ئاراستەیە ھەنگاو ھەڵبھێنێت، لەکاتێکدا لەڕووی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتیەوە بەشێکی ئەو دەوڵەتە عەرەبیانەی کە دروستیان کردن کۆمەڵگەکانیان لەبارودۆخێکی لەوەی کورد باشتردا نەبوون. بەڵام یەکگرتنەوەی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتانی بڕیاربەدەست لەگەڵ عەرەبەکاندا ھاندەری دەوڵەتانی خاوەن بڕیار بوو بۆ ئەوەی کە لەبەرژەوەندی عەرەبەکان کاربکەن و چەندین دەوڵەتیان بۆ دروستکردن کە نەک ئەو کاتە بەڵکو تاکو ئێستاش بریتین لەدامەزراوەی بەڕێوەبردنی خێڵ و سیمای سەردەم و دامەزراوەی دەوڵەتیان پێبەخشیوون. واته‌ له‌ كاتێكدا كه‌ ناسیونالیزمی عه‌ره‌بی به‌ تایبه‌تی له‌ نیمچه‌ دوورگه‌ى عه‌ربیدا هیچ ئاماده‌بوونێكی نه‌بوو، چوارچێوه‌ى ده‌وڵ‌تی نه‌ته‌وه‌ییان بۆ درووستكردن به‌ بێ بوونی ناسیونالیزم. به‌ڵام ئه‌و هه‌له‌یان بۆ كورد نه‌ڕه‌خسان. دەوڵەتانی بڕیاربەدەست لەکاتێکدا بەوجۆرە لەبەرژەوەندی عەرەب کاریان کرد، نەک ھەر کوردیان پشتگوێ خست، بەڵکو ھەوڵیاندا رێگری سەختی لێبکەن و وڵاتەکەی بەسەر دەوڵەتانی ناوچەکەدا دابەش بکەن و کوردستان بکەنە کۆڵۆنییەکی نێودەوڵەتی. بێگومان نزیکەی سەدەیەکە کورد باجی ئەو غەدرە مێژووییە دەدات، کە بەریتانیا و دەوڵەتانی دیکەی بڕیار بەدەست دەرھەق بەم نەتەوەیە کردوویانەو تاکو ئێستاش ھیچ کام لەو دەوڵەتانە سەرباری ئیدیعای زۆریان بۆ مافی مرۆڤ و ئازادی، تاکە ھەنگاوێکیان بە ئاراستەی لابردنی ئەو غەدرە گەورە مێژووییە لەسەر کورد نەناوەو تاکو ئێستاش موغازەلەی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان دەکەن و تەنانەت ھەندێ جار بە دژی کوردو بزووتنەوە نەتەوەییەکەشی دەجوڵێن و ھەندێ جار بە تووندڕەو و تیرۆیستیش تاوانباری دەکەن، کە ئەوەش جگە لەبەرگریکردن لەدەوڵەتی داگیركه‌رى كوردستان هیچی تر نیه‌.

دیارە ئەگەر بۆ چارەکی یەکەمی سەدەی بیست باس لەوە بکرێت کە ناسیونالیستی کوردی لەبارێکی لاوازدا بووەو پرۆژەی نەتەوەیی کورد لەئاستی نادیار و تەنانەت نەبووشدا بووبێت، بەڵام نکۆڵی ئەوە ناکرێت کە بەدرێژایی ئەو ماوە مێژووییەی دوای ھەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی عوسمانی کورد چەندین راپەڕینی کردووە دژی دەسەڵات و سیاسەتی نامرۆڤانەی داگیرکەرە نوێیەکانی کوردستان، کە بریتین لەعەرەب و تورک و فارس. لەکاتێکدا کە ئەم دەوڵەتانە خۆیان وابەستە و پاشکۆی دەوڵەتانی بڕیاربەدەست بوون، بەخراپترین شێوە کوردیان چەوساندۆتەوەو ھەموو ھەوڵێكیان داوه‌و هه‌موو کۆششێکیان کردووە بۆ سڕینەوەی ناسنامەی کوردی و تێکشکاندنی زمان و کەلتوور و مێژوو و بوونی ئەم نەتەوەیە لەھەموو ئاستێکدا، بەڵام دیارە گیانی بەرگریکردن و خۆبەدەستەوەنەدان ھۆکاریکی سەرەکی بووە، بۆ ئەوەی نەتوانن بە تەواوەتی ئەم نەتەوەیە لەناوببەن. ئەگەر سەیری مێژووی سەدەی بیستی پەیوەندی کورد و دەوڵەتانی داگیرکەری وڵاتەکەی بکەین، ئەوە بە ئاشکرا مێژوویەک دەبینین کە سەرتاپای بریتیە لەپرۆژەی نامرۆڤانەی ئەوان بۆ لەناوبردنی ناسنامەی کوردی و ھەوڵ و کۆششی کوردیش بۆ لەڕووداوەستان و خۆبەدەستەوەنەدان کە ئەمەش مێژووی ئەم پێکھاتەیە کە بریتییە لە بەرگریکردنی نەتەوەیەک دژی لەنێوبردن و جینۆسایدکردنی.

 وەکو ئاشکرایە سەرباری نەبوونی پرۆژەیەکی نەتەوەیی خاوەن شووناس، بەڵام سەرجەمی ئەو راپەڕینانەی لە بەشە جیاوازەکانی کوردستان بەرپا کراون ھەر لەراپەڕینەکەی شێخ عوبەیدوڵای نەھرییەوە تا دەگاتە بزووتنەوەکانی ئێستای کورد ھەریەک لەو راپەڕینانە بە جۆرێک بەدوای بەشێک لەمافەکانی کوردەوە بووە، کە لەھەندێکیاندا داواکارییەکان ئاشکراتر بووەو باس لەسەربەخۆیی و دەوڵەت کراوە، بۆ نموونە بزووتنەوەکانی شێخ مەحموودی حەفید سەرباری تەسکی ئەو رووبەرە جوگرافیەی کە راپەڕینەکە گرتوویەتیەوە، بەڵام مەبەستی دامەزراندنی دەسەڵاتێکی کوردی بووە. ھەروەک ئامانجەکانی ژێکاف دروستکردنی حکومەتێکی کوردی بووەو ئەو ئامانجەش بۆ ماوەیەکی کورت بەدیھاتووە. بزووتنەوەی کورد لەباشووری کوردستان کە لەسەرەتای شەستەکانی سەدەی رابردووەوە تا راپەڕینی ١٩٩١ بەردەوامبوو ئەنجامەکەی دروستکردنی حکومەتی ھەرێمی کوردستانە، بزووتنەوەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان لەماوەی سی ساڵی رابردوودا سەرباری ھەڵکشان و داکشان تاکو ئێستاش بەردەوامن و لەپێناوی مافەکانی کورد لەو بەشەی کوردستاندا خەبات دەکەن، ئەگەرچی تاکو ئێستاش مەسەلەی دەوڵەت و سەربەخۆیی نەبۆتە ھێڵی سەرەکی بەرنامەو ستراتیژیان. ھەروەک خەباتی کورد لەباکور گوڕ و ھێزێکی گەورەی بە رۆحی نه‌وروژاوى ناسیونالیستی کوردی لەو بەشەدا بەخشی و خەباتی پارتی کرێکارانی کوردستان بەجۆرێک جوڵەی لەوبەشەی کوردستاندا بە ئاراستەی زیندوبوونەوە و جۆرێک لەڕابوونەوە دروست کرد كه‌ هه‌ست ده‌كرا بزووتنه‌وه‌ى كورد له‌و به‌شه‌دا باسی كه‌متر له‌سه‌ربه‌خۆیی و ده‌وڵه‌تی كوردى ناكات، ئه‌و كاته‌ هەست دەکرا ویستە ناسیۆنالیستیەکانی کورد لەو بەشەدا لەئاستێکی بەھێزدایە و گوتاری بزووتنەوەی کورد لەباکور تا ئاستێکی باش بە بنەما و رەگەزەکانی ناسیونالیزمی کوردی بارگاویکرابوو، بە جۆرێک کە بنەمای بزووتنەوەیەکی جەماوەری بە ئاراستەی کۆبوونەوە لەو گوتارە ھەستی پێدەکرا. به‌ڵام دواى ده‌ستگیركردنی ئاپۆ هه‌ست ئه‌و درووشم و به‌رنامه‌و ستراتیژه‌ به‌ره‌و كاڵبوونه‌وه‌ ده‌چوون و سه‌رئه‌نجام گه‌یشته‌ ئه‌و ئاسته‌ى ئه‌و پارته‌ش باسی مافی رۆشنبیرى و پێكه‌وه‌ ژیان له‌ توركیایه‌كی دیموكراتدا بكات. ئه‌وه‌ش له‌ روانگه‌ى گوتارى ناسیونالیزمه‌وه‌ پاشه‌كشه‌یه‌كی گه‌وره‌ بوو له‌ به‌رنامه‌ى پارتی كرێكاراندا. ئێستا ئه‌وه‌ى ده‌بینرێت پارتی كرێكارانیش پارتێكی بێ به‌رنامه‌و بێ ستراتیژى نه‌ته‌وه‌ییه‌ وه‌كو زۆربه‌ى پارته‌ كوردییه‌كانی تر، كه‌ نازانرێت ئامانجی ئه‌مپه‌ڕین و ئه‌وپه‌ڕینیان چیه‌و داواى چی ده‌كه‌ن .

به‌ گوێره‌ى رۆژئاواى كوردستان ئەوەی ده‌بینرا تا ئەم دواییانەو به‌ تایبه‌تی هه‌تا دواى ئه‌وه‌ى ناونرا به‌هارى عه‌ره‌بی، جۆرێک لەبێدەنگی پێوە دیار بوو، ئەویش لەو رووەوە کە بزووتنەوەیەکی دیارو ئامادە لەبەرامبەر رژێمی تۆتالیتاری بەعسی سووریدا نەدەبینرا. ئێستا هێزه‌كانی رۆژئاوا فیدراڵی راده‌گه‌یه‌نن، هه‌رچه‌نده‌ نازانین ره‌هه‌نده‌كانی ئه‌و فیدراڵیه‌ چیه‌ به‌ڵام گوێمان له‌وه‌ ده‌بێت كه‌ ئه‌و فیدراڵیه‌ له‌ سنوورى ده‌وڵ‌تی سووریادا ده‌بێت.

دیارە یەکێک لەکێشە سەرەکییەکانی کورد ئەوە بووە، کە وڵاتەکەی لەلایەن ئەو  ده‌وڵه‌تانه‌وه‌ داگیرکراوە، کە لەبەر ئاستی دواکەوتووییان لەڕووی بنەما مرۆییەکانەوە، نەک ته‌نیا لەسەر ئاستی سیستێمی سیاسی و دەوڵەتییان، بەڵکو لەسەر ئاستی گەل و تەنانەت لەسەر ئاستی نوخبەش نەیانتوانیووە دان بەبوونی کورددا بنێن، کە گەلێکە بوون و شووناسی خۆی ھەیەو پێویستە سەربەخۆ و ئازاد بێت. رەنگە ئەو دەنگە زوڵاڵەی کە توێژەری دیاری تورک ئیسماعیل بیێشکچی بۆ بەرگریکردن لە کورد و مافەڕەواکانی بەرزی کردۆتەوە، له‌ ده‌نگه‌ ده‌گمه‌نه‌ بیستراوه‌كان بووبێت. ئەمەش ئەو دەلالەتە ھەڵدەگرێت، کە کورد بۆتە ژێردەستە و کۆیلەی چەند نەتەوەیەک، کە خۆیان لەڕووی مرۆییەوە گرفتیان ھەیە، ئەگینا نەیاندەتوانی بەو شێوەیە نکوڵی لەبوونی کورد و مافەکانی بکەن.

دیارە دوای شکستی عێراق لەجەنگی دووەمی کەنداودا دەنگی کورد لەباشووری کوردستان تا ئەندازەیەک بیسترا، ئەوەش دامەزراندنی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی وەکو دیفاکتۆیەک بەدوادا ھات. ھەرچەندە من پێم وایە ئەگەر بزووتنەوەی کورد لەم بەشەی کوردستاندا خاوەنی پرۆژەی ناسیونالیزم بووایە و ئامادەباشی بۆ جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیە بکردایە، زەمینەکە بۆ ئەوە دەشیا، کە لەم بەشەدا دەوڵەتی دروست بکردایە، ئەویش چ پێش روخاندنی سەدام حسێن و چ لەڕووخاندنی سەدام حسێندا. ھەرچەندە دەوڵەتانی دەوروبەر و دووریش لەوبارەوە دەشیا کێشەی زۆریان بۆ کورد و دەسەڵاتەکەی لەم بەشدا دروست بکردایە، بەڵام من پێم وایە ھەرچۆن دروستکردنی حکومەتی ھەرێم بوو بە ئەمری واقیع و ئێستاش بەئاشکرا دەبینین ئەو دەوڵەتانەی کە سەرەتا زۆر دژی بوون بەتایبەتی تورکیا و ئێران ئێستا مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن و پەیوەندی جۆراوجۆری لەگەڵدا دەبەستن. ئەگەر کورد لەم بەشەدا دەوڵەتیشی دروست بکردایە، ھەمان شێوە دەبووە ئەمری واقیع و ئەو پەیوەندییانەی کە ئێستا لەگەڵ حکومەتی ھەرێمدا دەیبەستن لەگەڵ ئەو دەوڵەتەشدا دەیانبەست، بەتایبەتی کە لەم دواییانەدا کوردستان بووەتە جێگای تەماح و بەرژەوەندییەکانی ئەو دەوڵەتانە، کە لەئێستادا دەشێ کورد جۆرێک لەھاوسەنگی لەو پەیوەندیانەدا دروست بکات.

پاش تێپەڕبوونی نزیکەی دوو ساڵ و نیوێک بەسەر داگیركردنی رووبه‌رێكی فراوان له‌ سووریاو عێراق و درووستكردنی ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌تی ئیسلامی له‌ لایه‌ن داعشه‌وه‌و راپەڕینەکانی گەلانی سووریا و رزگاربوونی بەشێک لە ڕۆژئاوای کوردستان و چوست و چالاکتربوونی چالاکییەکانی هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان و به‌رامبه‌ر داعش و بەھێزبوونی کێشە و ناکۆکیەکانی نێوان دەوڵەتانی ناوچەکە بەھۆی لایەنگری یان دژایەتیکردنیان بۆ رژێمی سووریا و زیاتر جەمسەرگیری لایەنە لێکتر نزیکەکان بەدژی نەیارەکانیان، دوو جەمسەری دیاری لەناوچەکەدا پێکھێناوە کە جەمسەری ئەمەریکی تورکی سوونەی عەرەبییە، بەرامبەر بە جەمسەری رووسیا، ئێران، سوریا، شیعەی عێراق و لایەنە شیعەکانی دیکەی ناوچەکە. لێرەدا پرسیار لەسەر شوێنی کورد لەو جەمسەرگیرییەدا دێتە ئاراوە. بەڵام ئەوەی گرنگە لێرەدا ئەوەیە کە کورد تا چ ئاستێک دەتوانێت یەکگرتوو بێت و لەو ململانێ و کێشمە کێشمەدا لەڕوانگەی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی خۆیەوە کار بکات و سوود لەو ناکۆکی و ململانێیانە وەربگرێت، بۆ بەھێزترکردنی پێگەی خۆی.

 پێشتر نەک ناوھێنانی دەوڵەتی کوردی و سەربەخۆیی کوردستان لەلایەن عەرەب و فارس و تورکەکانەوە وەکو حەرام و قەدەغە باس دەکرا، بەڵکو ئەوەیان بەخەونێکی نەزۆکی کورد ناودەبردو پێیان وابوو ئەوە پرۆژەیەکی دوژمنکارانەیە بۆ تێکدانی یەکێتی درۆزنانەی ئەو نیشتیمانانەی کە ئەوان بە ھی خۆیانی دەزانن و کوردیش تیایاندا خاوەنی ھیچ مافێک نەبووە و نیە، ئێستا کارگەیشتۆتە ئەوەى باسی ده‌وڵه‌تی كوردى ده‌بیسترێت و ناشاردرێته‌وه‌. بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە کورد خۆی چی دەکات و چۆن بۆ مەسەلەیەکی وەھا گرنگ خۆی ئامادە دەکات؟ بەتایبەتی لەئێستادا کە پشێوییەکی ئاشکرا له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌یه‌و. بێگومان ئێستا بارودۆخەکە ھەستیارەو ناوچەکە بەتەواوی لەبەردەمی گۆڕانکاریدایەو ئەگەری ئەوەش ھەیە جارێکی دیکە نەخشەی جوگرافیای ئەم ناوچەیە دابڕێژرێتەوە و ئەوەش لە قازانجی کورد دوایی بێت، ئەگەر کورد خۆی بتوانێت ئەو بکەرە بێت کە بەشداری ھەبێت لەدروستکردنی بڕیارو له‌ كاركردن له‌ رووداوەکان و ئاراستەکردنیان لەبەرژەوەندی نەتەوەیی خۆیی، کە بێگومان ئەوەش پێش ھەموو شتێک پێویستی بە یەکێتی و یەکبوون و یەکخستنی گوتاری کوردی ھەیە لەسەر ھەموو ئاستەکان، چونکە تەنیا یەکێتی و یەکبوون و رێکخستنی ناوماڵی کورد خۆی دەبێتە زەمانەتی بەدەستھێنانی دەستکەوتی راستەقینەی نەتەوەیی کە لەسەربەخۆیی و دروستکردنی دەوڵەتدا خۆی دەبینێتەوە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت