زه‌به‌نگ به‌هادین: به‌رژه‌وه‌ندى به‌رپرسه‌كان گه‌وره‌تره‌ له‌ داهاتووى نیشتیمان.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

بۆ پارتى وا مامه‌ڵه‌ ده‌كات له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان؟ بۆ به‌وشێوه‌یه‌ هه‌میشه‌ به‌رپه‌رچى ده‌نگى ئازاد و ده‌رخستنى راستى یه‌كانه‌؟ بۆ حساب بۆ هیچ حیزبێك و هیچ كه‌سێك ناكات؟ ئایا تواناو قه‌باره‌ى پارتى له‌ ژماره‌ى ده‌نگده‌ران و كورسى په‌رله‌مان و ئاستى سه‌ربازى و تواناى ئابوورى و قه‌باره‌ى سیاسى زیاتره‌ له‌ هێزه‌كانى تر، بۆیه‌ خۆى به‌ پاڵاوانى گۆره‌پانه‌كه‌ ده‌زانێت و هیچ بوونێكى راسته‌قینه‌ى بۆ ئه‌وانى دى دانه‌ناوه‌. هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاى دروست بوونى پارتى دیموكراتى كوردوستانه‌وه‌ هه‌میشه‌ حه‌زى به‌ سه‌ركردایه‌تى و پێشه‌وایه‌تى كردووه‌ هه‌میشه‌ ویستى خۆ به‌زل زانینى تێدا بووه‌, هه‌میشه‌ ئه‌وه‌ى رێگرى لێكردبێت به‌ توندترین شێوه‌ سزاى داوه‌ په‌ناى بۆ هه‌موو شتێك بردووه‌ به‌ ته‌نها له‌به‌ر مانه‌وه‌ى خۆى هه‌ر له‌ رژێمى به‌عس و حكومه‌تى توركیا و حكومه‌تى ئێران, په‌ناى بۆ هه‌ر لایه‌كى تر بردووه‌ كه‌ به‌رژه‌وه‌ندى ئه‌وى پاراست بێـت.

له‌ خه‌باتى چه‌كدارى و هێزى سه‌ربازى و له‌ روبه‌روبونه‌وه‌ى تیرۆر و جه‌نگى دژى داعش یه‌كێتى و حیزبه‌كانى تر هیچیان كه‌متر نى یه‌ له‌ پارتى. ژماره‌ى شه‌هیده‌كانى یه‌كێتى زیاتره‌ له‌ پارتى, بارى ئابوورى یه‌كێتى له‌ ئاستى پارتیدایه‌ ژماره‌ى ده‌نگده‌رانى یه‌كێتى و گۆران كه‌ ئێستا رێكه‌ووتن هه‌یه‌ له‌ نێوانیان زیاتره‌ له‌ پارتى، ئه‌ى كه‌واته‌ بۆ پارتى به‌م شێوه‌یه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان ده‌كات.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ى واى لێكردووه‌ به‌ستنه‌وه‌ى كه‌س و لایه‌نه‌كانه‌ به‌ به‌رژه‌وه‌ندى یه‌وه‌ چونكه‌ به‌رژه‌وه‌ندى و بازرگانى ئه‌م به‌رپرسانه‌ هێنده‌ زۆر بووه‌ كه‌ هه‌ر تاكه‌ پێلاوێكى پاته‌ى كه‌ ئه‌مانه‌ له‌ شاخ دراندویانە به‌ برى ملێونه‌ها دولار له‌سه‌ر ئێمه‌یان حساب كرد، هه‌ر شه‌رواڵیك دراندبێتیان به‌ هه‌زاره‌ها دۆنم نرخه‌كیان لێ سه‌ندینه‌وه،‌ هه‌ر كراسێك له‌به‌ر یان دا كۆن بوبێت له‌ شاخ ئێستا له‌ بازاره‌كانى توركیا له‌سه‌ر گیرفانه‌كانى ئێمه‌ ئه‌یكرنه‌وه. هه‌رچه‌نده‌ من بروام به‌وه‌ نى یه‌ ئه‌مانه‌ى ئێستا ئاوا كوردستان وێران ئه‌كه‌ن، كاتێك چونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ خه‌باتى كوردایه‌تى و بۆ سه‌ربه‌خۆى كوردوستان خه‌باتیان كردبێت. ده‌نا ئێٍستا دواى 27 ساڵ حوكمرانى كوردى ئه‌مه‌ حاڵمان نه‌ئه‌ بوو، په‌رله‌مانێكى داخراوى له‌ كارخراو , حكومه‌تێكى بێ پاره‌و و بێ ژێرخان , ته‌نانه‌ت هه‌ستى نه‌ته‌وایه‌تییشیان نه‌هێشت و ئه‌ویشیان كوشت له‌ ناومان دا، وایان له‌ میلله‌ت كرد خۆى هاوار بكات به‌غداد فریامان بكه‌وه‌.
له‌ كوردوستان بابه‌تێكى تازه‌مان هه‌یه‌ له‌ فرۆشیار ئه‌ویش خه‌بات فرۆشه‌ , ئه‌وانه‌ى به‌ ته‌نها به‌ ژماره‌ى بلۆكه‌ دولاره‌كان كوردستان ئه‌ناسن ئه‌وانه‌ى ژێرزه‌مینه‌كانیان پركردووه‌و میلله‌تیشیان برسی كردووه‌ , ئه‌وانه‌ى په‌یوه‌ندى حیزبى و كه‌سى به‌ ته‌نها به‌ به‌رژه‌وه‌ندى تایبه‌تى خۆیان ئه‌به‌ستنه‌وه‌.
ئێستا له‌م رێككه‌وتنه‌ نوێ یه‌ى پارتى و یه‌كێـتى هه‌ر هه‌مان به‌رژه‌وه‌ندى تاكه‌كان ده‌بێته‌ خه‌سڵه‌تى به‌رێوه‌چوونى كۆبونه‌وه‌كان و بریاره‌كان. له‌م رێككه‌وتنه‌ى یه‌كێتى و پارتى دا، یه‌كێتى یه‌كان به‌رژوه‌ندى یه‌كانیان ئه‌مه‌نده‌ زۆر بووه‌ مانه‌وه‌ى یه‌كێتى و به‌رژه‌وه‌ندى كوردوستانیان لا گرنگ نى یه،‌ ته‌نها مانه‌وه‌ى به‌رژه‌وه‌ندى یه‌كانى خۆیان لا گرنگه‌ به‌ فیكه‌یه‌كى پارتى تا ماون هه‌ڵ ئه‌په‌رن.
ئێستاش پارتى ئه‌وه‌ى ده‌یه‌وێـت هه‌ر ئه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كات ئه‌ویش به‌ ته‌نها تا هه‌ڵبژاردنى داهاتوو، كه‌واته‌ پارتى ئه‌توانێت به‌ شێوه‌یه‌كى دبلوماسى زیره‌كانه‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ى یه‌كێتى بقۆزێته‌وه‌ هه‌موو كێشه‌كانى لایه‌نه‌كان پێ چاره‌سه‌ر بكات، به‌ڵام به‌ پێى به‌رژه‌وه‌ندى خۆى . ئه‌ویش به‌ دانانى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم له‌ جێگه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێم وه‌ كه‌مكردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كانى , كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ پرۆژه‌ى چوار لایه‌نه‌كه‌ به‌شێكى زۆرى دێته‌ دى له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كانى سه‌رۆكى هه‌رێم و هه‌موو لا قایل ده‌بن , وه‌ دانانى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى ئاسایش به‌ سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم، كه‌ له‌م حاڵه‌ته‌دا ده‌سه‌ڵاته‌كانى سه‌رۆكى هه‌رێم وه‌رده‌گرێت به‌ واتا ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌و ئه‌و پێگانه‌ هه‌ر لاى پارتى ده‌مێنێته‌وه‌ كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌كات. هه‌روه‌ها لایه‌نه‌كانى تریش قایل ده‌كات به‌ داواكارى یه‌كانیان , چونكه‌ خه‌سڵه‌تى پارتى به‌و جۆره‌یه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك نایه‌وێت ده‌سه‌ڵاته‌كان بداته‌ ده‌ست كه‌س و ده‌یه‌وێت سه‌رجه‌م ده‌سه‌ڵاته‌كان لاى خۆى بمێنێته‌وه‌ به‌ تایبه‌تیش په‌یوه‌ندى یه‌كانى ده‌ره‌وه‌ كه‌ ئێستا یه‌كێتى و گۆران و لایه‌نه‌كانى تر چه‌ندیك زه‌ره‌ مه‌ند بوون كه‌ ئه‌و لایه‌نه‌ به‌ ته‌واوى له‌ ده‌ستى پارتیدایه‌ و سوودمه‌نده‌ لێى, هه‌روه‌ها كێشه‌ى نه‌وتیش كه‌ خۆى ئه‌بینێته‌وه‌ له‌ رێككه‌وتنى 50 ساڵه‌ى پارتى له‌گه‌ڵ توركیا وه‌ مامه‌ڵه‌ى شه‌خسى داهاتى نەوت و بوارى وه‌به‌رهێنانى نه‌وت به‌ ته‌نها له‌ لایه‌ن پارتى یه‌وه‌ , یه‌ كێكى تریش له‌ كێشه‌كانیان نێوانیان بیره‌ نه‌وته‌كانى كه‌ركوكه‌ كه‌ پارتى ئێستا به‌رێوه‌ى ده‌بات خۆى كار به‌ سه‌رچاوه‌و داهاته‌كه‌ى ده‌كات به‌ ویستى خۆى وه‌ ئه‌وه‌ش نازانرێ كه‌ ئایا پارتى ئه‌و بیره‌ نه‌وتانه‌ ئه‌یداته‌وه‌ ده‌ست یه‌كێتى یان رێككه‌وتن له‌سه‌ رئه‌وه‌ ناكات. هه‌روه‌ها كێشه‌ى په‌كه‌كه‌ و یه‌په‌گه‌ و په‌یه‌ده‌ ئایا به‌و ئاسانى یه‌ رێكه‌وتنى له‌سه‌ر ده‌كرێـت یان نا, به‌دڵنیایى پارتى له‌ خواستو ویسته‌كانى توركیا لا نادات و به‌ پێى به‌رژه‌وه‌ندى یه‌كانى توركیا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌یسه‌دا ده‌كات بۆیه‌ ئه‌مه‌ش زه‌حمه‌ته‌ رێككه‌وتنى له‌سه‌ ربكرێت.
وه‌ بۆ مسۆگه‌ر كردنى دووباره‌ نه‌بوونه‌وه‌ى ئه‌م كێشانه‌ ده‌بێت یه‌كێتى سه‌ره‌تا رێكه‌وتنه‌ى سیاسى بكات له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ى ده‌ستور پاش ئه‌وه‌ بێته‌ سه‌ر بابه‌تاكانى تر به‌ڵام ئه‌م به‌ ئه‌سته‌م ئه‌بینم چونكه‌ ئه‌وانه‌ى ئێستا له‌ ناو یه‌كێتى كار ده‌كه‌ن هێنده‌ به‌رژه‌وه‌نى و بازرگانى یه‌كانیان قوڵبۆته‌وه‌ مانه‌وه‌ى ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندى یان لا له‌ مانه‌وه‌ى یه‌كێتى و مه‌سه‌له‌ى ده‌ستور بۆ كوردوستان گرنگتره‌، بۆیه‌ له‌م رێكه‌وتنه‌شدا هیوایه‌ك به‌ دى ناكرێت كێشه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كى بنه‌برى چاره‌سه‌ر ببێـت , ئه‌بێت سه‌ره‌نجام به‌ پێ ى ویست خواستى پارتى رێككه‌وتنه‌كه‌ بكرێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌مانه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌ سه‌ر بنه‌ماى به‌رژه‌وه‌ندى كه‌سایه‌تى و پاره‌ په‌یدا كردن و خۆ ویستى كاریان له‌سه‌ر دۆزى كورد و كوردوستان كردووه،‌ بۆیه‌ هیوایه‌ك نى یه‌ بۆ گه‌یاندنى كوردوستان به‌ كه‌نارى ئارامى و یاسا سه‌روه‌رى و ده‌وڵات بوون له‌ م حاڵه‌ى ئێستاماندا جا ئیتر نازانم بۆ داهاتوو .