newshirwan-serkewtn

عیماد عەلی: چۆن نەوشیروان موستەفا دەبێتە مەرجەعی نەتەوەیی لە کوردستاندا؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

بەپێی راوبۆچون و مێژوو و بیروباوەر و رەوتی ژیانی، ئەگەر چی قەناعەتم بەوەیە کە خودی نەوشیروان موستەفا بەخۆی باوەری بە دەسەڵات و مەرجەعی شەخسی نیە بۆ کاروباری سیاسی، چ ئاینی یان مەزهەبی یان نەتەوەیی یان کۆمەڵایەتی، ئەم پرسە زۆر گرنگەی کە قۆناغەکە پێویستی پێیەتی لە فەرهەنگ و رەوتی ژیانی ئەودا نەبووە و نیە و، بەو شێوەیە بیری نەکردۆتەوە پەنا بۆ شتێک بەرێت لە تیۆری زانستیانەی سیاسەتدا وەک خاڵێکی ئاڵۆزبێت. سەرکردەی پێشکەوتنخواز و دیموکراسی و ئازاد، باوەری بە وڵاتێکە کە لەسەر رەوتی دامودەزگایی و دیموکراسی و مەدەنی بنیات نرابێت و، وا بە ئاشکرا پەنا بۆ کاری لەم جۆرە نابات. بەڵام ئەمەی لەبەردەستماندایە لەم خامەیە و لەم ئاستەی هۆشیاری خەڵک و رای گشتی و باوەر و فێربون لەسەر پەنا بردن و پشتبەستن بە ستونی بەهێز بۆ چارەسەرکردنی کێشەو ملامنێی هەمەجۆرەکان، تەنانەت لە باری کۆمەڵایەتیشدا، چ جای ئەوەی لە سیاسەتدا بێت، ئەوا دەتوانرێت لە روانگەی قازانجە گشتیەکانیەوە نەوشیروان موستەفا بەخۆی بیری لێبکاتەوە و لەم وەزع و تەمەن و لەو بارە هەمەلایەنە دەگمەنە ئیجابیەی ئەو تێدایە قسەی تێدابکات ورۆڵی تێدا بگێرێت. بە خوێندنەوەی واقعی کوردستان، لە زاڵبونی نالەباری ژیانی خەڵک و ئاڵۆزیی سیاسی و تێکەڵ بوونی پرسە نێوخۆیی و دەرەکیەکان و، هەڵەو کەموکورتی زۆری سەرجەم سەرکردە و لایەنەکان، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی و گۆران و ئیسلامیەکان و، نەبونی فەرمانرەوایەتیەکی دیموکراسی و دامودەزگەیی حەقانی و، لەگەڵ نەبونی هیچ مەرجەعێک لە هیچ بوارێکدا بەوانەشەوە کە مێژوویەکی دوورودرێژی سیاسی یان کۆمەڵایەتی یان ئاینیان هەیە، لەگەڵ ئەوەی پابەندنەبونی دەسەڵاتی کوردستان لەماوەی پێشوو بە هیچ مەرجەعێکەوە، وای کردووە باورەمان بەوە بێت کە لەسەر بنەمای کۆی گشتی بیرکردنەوەی خەڵک بڵێین ئەم خاڵەواتە بنیاتنانی مەرجەعی باورەپێکراوی شەخسی گونجاوە بۆ واقعی ئەم قۆناغەی کوردستان و، نابێت پشتگوێ بخرێت، واتە باوەرنەبونی بەرهەمی گوشارەی بیروبۆچونی خەڵک بە هیچ جۆرە مەرجەعیەتیەک و لە سایەی نەبونی دیموکراسی و دامودەزگەیی و، زاڵبونی حزب و بەرژەوەندیەکانی لەهەردوو سەرەوە زیانی بۆ گەلی کوردستان بووە، واتە نە پێشکەوتنخوازی و دیموکراسی سەقامگیر بووە و نەش پێویستیەکانی ئەمری واقیع لەو نێوەندەشدا مەرجەعی نەتەوەیی و نیشتمانی خۆی فەرزکردووە، بۆیە دەتوانرێت لەم کاتەدا و لە ماوەیەکی کەمدا مەرجەعێکی نەتەوەیی بێتە ئاراوە کە زۆرینەی خەڵک بە نارەسمیش بێت بە خۆرسک باوەریان پێ بێت و، ئەگەر بە کردەیی سەربەخۆیی حزبی و فکری خۆی بسەلمێنێت، خەڵکی کوردستان بەسەرجەم چین و توێژ و لایەنەکانەوە پشتی پێ ببەستن و پەنای بۆ ببەن و ئەویش بەهەمان کاری راوێژکاری قسەی خۆی بکات و رای خۆی دەربرێت و، بە ناراستەخۆش بێت، ئەگەر پەسەندبوو دەبێتە رێنیشاندەر و رێنوێنیکەری سیاسی لە کوردستاندا، ئەمەش کۆمەڵە مەرجێکی دەوێت: دەبێت خەڵکێکی خاوەن مێژووی پاک و خاوێن و دەستو داوێن پاک و شۆرشگێرو رۆشنبیر و دڵسۆزی میلەت و خۆشەویستی زۆرینەی خەڵک بێت و، کەسێکی رزگاربوو بێت لە سەرجەم چوارچێوەکانی کاروباری حزبی و ململانێ هەمەجۆرەکان، خەڵکێک کە بیسەلمێنیت توانای مەرجەعیەتی نەتەوەیی و میلەتێکی هەیە و، لە را و بیروبۆچونەکانیدا سەبارەت بە سەرجەم کێشە و پرسە گشتیەکان، سەربەخۆیی و کوردستانیبونی خۆی بسەلمێنێت، ئەمە جگە لە وەی هەڵگری زۆرێک مەرجی شەخسی تر لە تەمەن و شارەزایی و بیروبۆچون کراوە و رابەر بێت بەواتای وشەکە.
بە پێی ئەو مەرجانە و ئەو کەسایەتیانەی کوردستان کە لەبەرچاودان، دەتوانین کۆمەڵێک کەس ریزبکەین، لە خەڵکی سەربەخۆ و ئەکادیمی و کەسایەتی کۆمەڵایەتی، بەڵام لەم کاتەدا هەریەکەو ناتەواویەک لە مەرجەکان بە سەریدا دەسەپێت، بۆیە کەسایەتیەکی دیار ئەگەر بتوانێت خۆی لە حزبایەتی تەسک و بەدوور بگرێت وەک ئەم ماوەیە و پابەندنەبونی خۆی بە هیچ حزبێکەوە بسەلمێنێت و، وەک کەسایەتیەکی گشتی مێژویی و کوردستانی، نەوشیروان موستەفایە بەو کۆمەڵە مەرجانە و دوور کەوتنەوە لە شتە بچوکەکان و حزبایەتی کردنەوە.
ئەگەر نەوشیروان موستەفا بە کردەیی بزوتنەوەی گۆران ئەسپاردەی دەستی سەرکردەکانی بکات و بەهیچ شێوەیەک خۆی لەقەرەی هیچ حزبێک نەدات و بۆچونەکانی بۆ سەرجەم خەڵک دەربخات و لە روانگەی پرسی نەتەوایەتی و نیشتمانیەوە رەفتار بکات و خۆی لە ملمانێ هەمەجۆرەکان بەدوور بگرێت، وەک لەم ماوەیەدا لەسەری دەروات، دەتوانم بڵێم بە پێی ئەو مەرجانەی تر کە هەڵی گرتووە، جێگەی گەورەی خۆی دەکاتەوە و لە ماوەیەکی کورتدا وەک مەرجەعێکی گشتی و باورەپێکراو لە لای خەڵک و لە لایەن سەرجەم حزبەکانەوە جێگەی تەقدیر دەبێت و رۆڵی باشترین مەرجەعی گەورەی نەتەوەیی بۆ کوردستان دەبینێت. ئەگینا هیچ کەسایەتیەکی تر بەقەد نەوشیروان موستەفا جێگەی تایبەتی خۆی لەناو خەڵکدا بە دۆست و دوژمنەکانیشیەوە، نەکردۆتەوە. ئەمەش گەورەترین سیفەتی مەرجەعی نەتەوەیی و نیشتمانیە و، بۆ ئاشتبونەوەی گشتیش لەگەڵ سەرکردە و حزبەکان ئەوا بە سەربەخۆیی بونی رێگاکەی ئاسان دەبێت و لەماوەیەکی کورتدا دەتوانێت پەیوەندیەکانی لەگەڵ سەرجەمیاندا ئاسایی بکاتەوە و نێوان حزبەکان رێکبخات، لەبەر ئەوەی هیچ بەرژەوەندیەکی حزبی و شەخسی تایبەت بە خۆی لەو بەینەدا نامێنێت و تەمەنەکشی باش رێگەی پێ دەدات و کارئاسانی بۆ دەکات کە قسەی بیستراو بێت و ئەمەش لە خزمەت کۆی گشتی پرسی کورد دەکەوێتەوە. دەتوانم بڵێم، دەتوانرێت بیر لەوە بکرێتەوە کە لە قۆناغێکی تردا مەرجەعیەت ببێتە دەزگایەکی رەسمی و باورەپێکراو، ئەمەش وا ناگەیەنێت کە لە سەروی دەامودەزگا دیموکراسی و مەدەنیەکانەوە بێت، هیوادارم ئەم پێشنیار و قسانە وەک خۆی بخوێنرێتەوە.