Kawe-muhamad

كاوە محەمەد: بارزانی و دەوڵەتی كاردانەوە.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

یەكێك لەخراپترین، بەڵام راستگۆترین لێدوانەكانی مەسعود بارزانی، لەوەڵامی پرسیارێكی رۆژنامەی (الشرق الاوسط)دا هاتووە كە پرسی سەربەخۆیی و بڕیاری دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی بە هاتنەوە سەركاری نوری مالكی دەبەستێتەوە..رۆژنامەكە لێی دەپرسێت; (چی دەكەیت ئەگەر مالكی گەڕایەوە سەر حوكم ؟)، بارزانی بێ سێ و دوو دەڵێ;( لەو ساتەی مالكی دەبێتە سەرۆك وەزیران، من بە بێ گەڕانەوە بۆ هیچ كەسێك سەربەخۆیی كوردستان رادەگەیەنم، جا چی دەبێ با ببێ) !.
جارێ پێش هەموو شتێك ئەمە وەڵامی سیاسییەك نیە كە لەناو خێزانێكی سیاسیی گەورە بووە و زۆربەی ژیانیشی لەكاری سیاسیدا بەسەربردووە، بەڵكو ئەمە وەڵامی سیاسییەكی ناكوڵەكە كە مەزاج و دۆخی سایكۆلۆژی خۆی تەحەكوم بە قسەكانی دەكات و بڕیار دەدات. لەسادەترین شیكردنەوەشدا، ئەم لێدوانە بۆمان رووندەكاتەوە كە :
1- بارزانی هەمیشە كێشە سیاسییەكان بە شەخسەنە دەكات و لەسەر ئەو بنەمایە بڕیار دەدات، نەك لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی خەڵك و تانوپۆی سیاسی.
2- پرسی دەوڵەتی كوردی كە ئومێد و ئامانجی دەیان ملیۆن كوردە، لای ئەو پرۆژە نیە كاری بۆ كردبێت و بكات، بەڵكو كاردانەوەی رووداو و پێشهاتە سیاسییەكانی رۆژە، هەر بۆیە بەرزكردنەوەی دروشمی سەربەخۆییش هەندێ جار لەئاسمان و هەندێ جاریش لەرێسمانە.
3- كە دەڵێ (بێ گەڕانەوە بۆ هیچ كەسێك..) ئەو بڕیاری سەربەخۆیی دەدات، پێموایە راستگۆترین قسەیەتی كە كردوویەتی، چونكە ئەو نەك هەر لەبڕیاری سیاسیی ئاسایی، تەنانەت (لەبڕیاری راگەیاندنی دەوڵەتیشدا) حساب بۆ هیچ كەس و لایەن و دامەزراوەیەك و رێكارێكی یاسایی ناكات، لەبەرئەوەی رقی لەمالكی یە، ئیتر ئەو بێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان، بۆ لایەنە سیاسییەكان، بۆخەڵك و راپرسی، سەربەخۆیی رادەگەیەنێت !.
4- دواتر لەوەڵامەكەیدا زۆر روونتر ئەوەمان پێ دەڵێ كە ئەو سیاسییەكە بۆ دامركاندنەوەی كەفوكوڵ و رقە شەخسییەكانی خۆی، ئامادەیە موجازەفە بە هەموو خەڵكی كوردستان و ئایندەیانەوە بكات و قیروسیا لەهەموو شتێك بكات كە دەڵێ من ئەوسا بڕیارەكە دەدەم (..ئینجا چی دەبێ با ببێ..).
لەم ماوەیەی دواییدا ئەوە چەند جارێكە بەڕێز مەسعود بارزانی بە پەشۆكاوی و دڵەلەرزێ-وە قسەی شاش و ناسیاسییانە دەكات، جاری یەكەم لەبەعشیقە سووكایەتی بە خەڵك كرد و وتی(با بۆ خۆیان هەر هەڵپەڕن)، ئەمجارەش لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ رۆژنامەی (الشرق الاوسط)..ئەگەرچی ناواخنی ئەم جۆرە لێدوانانە مەترسی و هەڕەشەن بۆ سەر بەرژەوەندیی گشتی، بەڵام هاوكات لەو رووەوە پۆزەتیڤن كە حەقیقەتی سیاسییەكان بۆ هەموو لایەك باشتر كەشف دەكات. گرنگ ئەوەیە لایەنە سیاسییەكانی دیكە لێدوانەكان وەك خۆی بخوێننەوە، لەجیاتی ئەوەی بەدوای ئەو بكەون، با پێش خەڵك بكەون و بڕیاری دووربینانە بدەن. چونكە دواجار دەوڵەت (بە چەمكە راستەقینەكەی خۆی) ئەوانە دروستی دەكەن كە كەم قسەی لەسەر دەكەن و كاری بۆ دەكەن، نەك ئەوانەی زۆر قسەی لەسەر دەكەن و كاری بۆ ناكەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت