شێرزاد شێخانی: بەرەو كۆنگرەی یەكێتی.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

بەنزیكبونەوەی بەشێك لەسەركردایەتی یەكێتی لەپارتی و بڕیاردانیان لەسەر رێكەوتن لەگەڵ ئەم حیزبەدا، یەكێتی بەرەو داڕوخان ئەبەن. چونكە هیچ گومانی تیانیە یەكێتی لەم هەلومەرجە سەختەی ژیانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان تاكە هێزێكی ئومێدبەخشە بۆ چارەسەركردنی وەزعی ناهەمواری ئەم میللەتەو، تەنها یەكێتییە بەهێزە سیاسی و جەماوەریەكەیەوە بتوانێ ئەم وەزعە یەكلایی بكاتەوە. لەواقیعدا دوو بژاردە لەبەردەم یەكێتیدایە، یا ئەوەتا بچێتە ژێرباری سیاسەتە دیكتاتۆرییەكانی پارتی و ببێتە پاشكۆی ئەم حیزبەو وڵات و هەرێمەكەمان بەرەو هەڵدێری دیكتاتۆرییەت ببات، یان خۆی وەكو هێزێكی كاریگەری سەر ساحەكە پیشانبدات و ببێتە چەترێك بۆ كۆكردنەوەی هەمو ئەو هێزو لایەنانەی دژی دیكتاتۆرییەت و بەسوڵتانیكردنی سیستەمی سیاسی كوردستانن.
هەمیشە یەكێتی بەدرێژایی تەمەنییەوە چەتری كۆكەرەوەی هێزە شۆڕشگێڕو نیشتمانپەورەرو نەتەوەییە راستەقیینەكان بووە. لەناوەراستی حەفتاكان كە یەكێتی دامەزراو هاتە ناو كۆڕی خەباتی نەتەوەییەوە، بزوتنەوەی سۆسیالیستی كوردستان هاتە پاڵی و بەرەیەكی جەماوەری فراوانیان لەگەڵ یەكێتیدا راگەیاند. بەیەكگرتنەوەی بزوتنەوەی سۆسیالیست و كۆمەڵەو خەتی گشتی هێزێكی جەماوەری گەورە لەكوردستان هاتە مەیدان كە توانی بەدرێژایی ساڵانی خەباتی شاخ لەدژی گەورەترین رژێمی دیكتاتۆری لەناوچەكەدا بجەنگێ و، سەرەنجام بەراپەڕینی مەزنی بەهاری 1991 گەورەترین سەروەری بۆ میلللەتەكەی تۆمار بكات. لەدوای راپەڕینیش ئاڵای شۆڕش هاتەوە ناو یەكێتی، دواتر جارێكیتر حزبی سۆسیالیستی كوردستانیش هاتەوە ناو یەكێتی، كۆتاش بە یەكگرتنەوەی حیزبی ئاییندە ( زەحمەتكێشان) یەكێتی خۆی وەكو حیزبێكی شۆڕشگێڕو دیموكرتخواز پێشانی جەماوەردا، ئێستاش باسێكی گەرمی یەكگرتنەوەی یەكێتی و گۆڕان لە ئارادایە كە ئەمەش سەرتاپای واقیعە تاڵەكەی ئەم قۆناغە ئەگۆڕێ. كەواتە یەكێتی بەدرێژایی تەمەنیەوە هەمیشە چەتری كۆكەرەوەی هێزە نیشتمانیەكان بوە نەوەك پاشكۆی حیزبێكو رژێمێكی دیكتاتۆر.
ئەم قسەیە زۆر راستە كە ئەڵێن: هەر حیزبێك لەپارتی نزیك ببێتەوە بەئاگرەكەیەوە ئەسوتێ. بەڵگەیەكی روونمان هەیە كاتێك هەمدیس ئەو بەشەی ئێستای ناو سەركردایەتی یەكێتی بەسەفقەیەك دوو ساڵی ویلایەتەكەی سەرۆكی پارتییان درێژ كردەوە لەپۆستی سەرۆكی هەرێم، لەنەتیبجەدا زیاتر لە دە كورسی پەرلەمانیان كردە قوربانی ئەم سەفقەیە، ئێستاش هەمان ئەو سەركردانە بیر لەسەفقەیەكی تر دەكەنەوە ئەمجارەیان نەك تەنها بۆ درێژكردنەوەی ویلایەتە ئێكسپایەرەكانی سەرۆكی هەرێم، بەڵكو بۆ چەسپاندنی لەسەر ئەم پۆستەو دواتر بەویراسەكردنی بۆ كوڕِو نەوەكانی بنەماڵەی بارزانی؟. لێرەدا ئەو جموجۆڵەی ئێستا لەناو سەركردایەتی و كادیران و بنكە جەماوەرییەكەی یەكێتیدا سەری هەڵداوە، هەوڵێكی تێكۆشەرانەیە بۆ رزگاركردنی یەكێتی لەكارەساتێكی چاوەڕوانكراودا، چونكە هەر نزیكبونەوەیەك لەگەڵ پارتی لەسەر حیسابی هێزە نیشتمانییەكانی تر واتای كارەساتێكی وێرانكەرە لەپڕۆسەی سیاسی و ئەزمونی دیموكراسی لەهەرێمەكەماندا.
لێدوانەكانی بەرێز كاك لاهوری شێخ جەنگی و پشتگییری هێرۆخان و بەشێكی زۆری سەركردایەتی یەكێتی و ئەنجومەنی ناوەندی و بنكە جەماوەرییە فراوانەكەی یەكێتی رۆڵێكی زۆر گەورەو كاریگەرییان ئەبێ لەراستەڕێكردنەوەی یەكێتی كە ئێستا بەهۆی سیاسەت و بەرژەوەندی بەشێك لەسەركردەكانی لەسكەی خۆی لایداوەو مەترسی وەرگەرانی لێئەكرێ.
ئاشكرایە هەڵوێستی ئەو بەشەی سەركردایەتی یەكێتی كە ئەیانەوێ حزبەكەیان بكەنە قوربانی سیاسەتەكانی پارتی، هەموی لەسەر بەرژەوەندی تایبەتی خۆیانن نەوەك بەرژەوەندی حزبەكەیان و جەماوەركەیان و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، لەپێناو هەندێ پۆست و پرۆژەو پارەی دزراوی سامانی میللەتەكەمان ئەم سەركردانەی یەكێتی خەریكن حزبەكەیان و ئەزمونەكەشمان بەرەو هەڵدێر بەرن، ئەمەش لەكاتێكدایە كە زۆربەی سامانە نەوتییەكانی هەرێم لەناوچەكانی ژێر نفوزی یەكێتیدان بەڵام ئەوان خۆیان ناكەن بەخاوەنی و، نایانەوێ خۆیان تەحەكومی پێوە بكەن و تەسلیمی دەستی پارتییان كردوەو لەولاشەوە دەستی لێ پان ئەكەنەوە بەڵكو رەحمێكیان پێبكاو بەشێك لەو پارە دزراوەیان بداتێ؟ پارتییان كردوە بەو كەڵەگایەو هەمیشە چاویان بڕیوەتە دەستی ئەوەوە، وەكو ئەوەی هەژدە پێڵاوە لاستیكیەكەی لەشاخ و دەشتەكانی كوردستاندا دڕاندویانە لەپێناو سەروەری و كەڵەگایەتی پارتیدا بووە، نەوەك بۆ خۆشگەزرانی و ئازادی میللەتەكەیان، بەمەش لەجیاتی سەروەری دوا تەمەنیان، خۆیان شەرمەزاری میللەت كردوە كە ئەمرۆ نان نیە بیخوات، كارەبای نیە ماڵەكەی پێ رۆشنبكاتەوە، ئاو نیە قاپی پێ بشوات، گەنجەكانمان بێ ئومێد كران، پییرەكانمان نانێكی بەكەڕامەتیان دەست ناكەوێ، كچ و ژنەكانمان دڵیان پر لەحەسرەتە بۆ جلێكی جوان، مناڵەكانمان ناڵەیانە بۆ قتووە شیرێك.
ئێستاش تاكە ئومێدێك مابێت بۆ گۆڕینی ئەو وەزعە تاڵە، تەنها یەكخستنەوەی نێوماڵی یەكێتییە، وەزعی یەكێتیش لەوە زیاتر تەحەمول ناكرێ، پێویستە ئەو تەوژمەی ئێستا لەناو یەكێتیدا پەیدا بووە بەردەوامی پێبدرێت بۆ ئەوەی یەكێتی بەرەو كۆنگرە بڕوات و كێشە ناوخۆییەكانی چارەسەر بكات، گومان لەوەدانیە كەوا گەورەترین كێشەی یەكێتی سەركردایەتییەكەیەتی نەوەك بنكە جەماوەرییەكەی، چونكە كاتی بەشێك لەو سەركردانەی یەكێتی بەرەو تەسلیمبون بە ئیرادەی پارتی ئەڕۆن، سەدان هەزار كادیرو ئەندام و لایەنگرانی یەكێتی ئامادەن گیانی خۆیان لەپێناو پاراستنی سەروەری یەكێتی ببەخشن، ئامادەن لەپێناو بەهێزكردنەوەی یەكتێیەكەیان تەحەددای هەر هێزێك بكەن كە بیەوێت لەرۆڵی یەكێتی كەمبكاتەوە، بۆیە ئەبێ بەزوترین كات كۆنگرە ئیعلان بكرێ، ئەوەی خۆی بەیەكێتی ئەزانی با بەشداری تیا بكات و شەڕی دیموكراسیانەی خۆی لەناو كۆنگرەدا بكات، نەوەك ئەویش وەكو سەرۆكە ئێكسپاریەرەكانی پارتی خۆی بسەپێنێ بەسەر خەڵكو حزبەكەیەوە، ئێستا ئەو سەركردانەش وەكو سەرۆكەكانی پارتی هیچ شەرعییەتێكیان نەماوەو مافی ئەوەشیان نیە بریاری چارەنوسساز لەبری یەكێتییەوە بدەن.
لەلایەكی تریشەوە پێویستە ئەو یەشەی سەركردایەتی یەكێتی لانیكەم رێز لە حزوری مام جەلال بگرن لەكاتی ئیمزاكردنی دوو رێكەوتنامەكەی دەباشانی یەكێتی و گۆڕان، لەجیاتی ئەوەی بەناشەرعییەتی خۆیانەوە هەوڵبدەن رێكەوتن لەگەڵ پارتیدا بكەن و هەرێمەكەو حزبەكەی خۆیان بفەوتێنن، با بێنەوە بەرەی گەل و لەگەڵ گۆڕاندا ئەم واقیعە بگۆڕن، چونكە تەنها بەیەكێتی و گۆڕان ئەتوانن رێگا لەبەردەم سیستەمێكی دیكتاتۆری خۆماڵی بگرن كە یەكێتییەكەیان سەدان هەزار شەهیدی لەپێناو رزگاربونی میللەتەكەیان لەدیكاتۆرییەتدا بەخشیوە.