فه‌وزی ڕه‌مزی : فره‌زوانی و فره‌لاوژه‌. هۆی سه‌ركه‌وتنه‌‌ له‌ سـویسرا.

به‌شی یه‌كه‌م سـویسرا… وڵاتێكی‌‌ چوار زوان فه‌رمیه ‌، 63.6%ی زوانی ئه‌ڵمانی ، 20.4%ی فه‌ره‌نسی ، 6.5%ی ئیتالی‌ و 0.5%ی زوانی ڕۆتۆڕۆمانیش دانیشتوانی وڵاته‌كه‌ پێكده‌هێنن. ئه‌م فره‌زوانیه‌ به‌هیچ جۆرێك كاری نه‌كردۆته‌ […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

به‌شی یه‌كه‌م
سـویسرا… وڵاتێكی‌‌ چوار زوان فه‌رمیه ‌، 63.6%ی زوانی ئه‌ڵمانی ، 20.4%ی فه‌ره‌نسی ، 6.5%ی ئیتالی‌ و 0.5%ی زوانی ڕۆتۆڕۆمانیش دانیشتوانی وڵاته‌كه‌ پێكده‌هێنن. ئه‌م فره‌زوانیه‌ به‌هیچ جۆرێك كاری نه‌كردۆته‌ سه‌ر تێكدانی باری ناوخۆی وڵاته‌كه‌ یاخود زاڵبوونی یه‌كێكیان به‌سه‌ر ئه‌وانیتردا و به‌هیچ جۆرێك نه‌بۆته‌‌ تێكدانی یه‌كپارچه‌یی و یه‌كگرتوویی و سـه‌روه‌ری وڵاته‌كه‌. ڕه‌نگه‌ لای زۆرینه‌ی خه‌ڵكی خۆره‌ڵات(به‌ كوردیشه‌وه)‌پێیان سـه‌یربێت و بپرسن چۆن و بۆ؟
وه‌ڵامه‌كه‌ی شاراوه‌نیه‌ و هه‌ر كه‌سێكی ژیر و هۆشـیار به‌های ژیانی لا بێت و له‌ ناخی دڵوده‌روونییه‌وه‌ بڕوای به‌وه‌ هه‌بێت كه‌ ژیانی پسات ( به‌شه‌رییه‌ت ) به‌بێ ده‌ستوور و یاسا ناڕوات به‌ڕێوه‌ ، ده‌بێت بڕوای به‌وه‌یش هه‌بێت كه‌ هه‌ر كێشه‌ و گرفتێك سه‌ریهه‌ڵدا بۆ تێكدانی ڕه‌وشی ژیان ده‌بێت ڕێ به‌ كه‌سانی ژیرمه‌ندی دڵسۆز و خۆبه‌خش و له‌خۆبورد بدرێت و كه‌شوهه‌وای بۆ بسازێنرێت كه‌ ڕێچاره‌یه‌ك بۆ ئه‌و كێشه‌یه‌ دابنێت و بیخاته‌ گوزاره‌یه‌كی داڕێژراوی ده‌ستوورییه‌وه‌ ، خه‌ڵكیش پێشه‌كی گۆش و په‌روه‌رده‌كرابێت كه‌ خوایشتانه و به‌وپه‌ڕی نیایی(قه‌ناعه‌ت)ه‌وه‌ ملكه‌چی ئه‌و ده‌ستوور و قانوون و یاسایه‌ بن.‌ له‌به‌رئه‌وه‌ به‌به‌رچاو و به‌ڕوونی دیاره‌ كه‌ ده‌ستوور و قانوون و یاسا له‌م وڵاته‌ خنجیله‌ فره‌زوانییه‌دا باڵاده‌سته‌ و هه‌موو خوایشتانه‌ په‌یڕه‌وی ده‌كرێت. جا به‌پێی قانوونی وڵات ئه‌م فره‌زوانییه‌ چاره‌سه‌ری گو‌نجاو و له‌باری بۆ كراوه‌ و تێیدا نووسراوه‌ كه‌ هه‌ر یه‌كه‌ مافی هه‌یه‌ به‌ زوانی دایك هه‌ڵسـوكه‌وتی ژیان و ڕۆژانه‌ی خۆی به‌ڕێوه‌به‌رێت و ڕێزیش له‌ زوانه‌كانیتریش بگرێت. زوربه‌ی هه‌ره‌ زۆر ه‌ دانیشتوانی ئه‌م وڵاته‌ هه‌ر وه‌ك وڵاتانیــتر به‌ زوانی میللی ناوخۆیان قسانـده‌كه‌ن كه‌ زوانی باوی نێو میلله‌ته‌. به‌ڵام له‌ كاروباری فه‌ر‌میی‌ وه‌ك‌ خوێندن، دادگا، ده‌زگا ڕۆشنبیری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا ‌زوانی باڵا به‌كارده‌هێنرێن. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش هه‌ر زوانه‌ فه‌رهه‌نگێكی تایبه‌ت به‌ خۆی هه‌یه‌. بۆ نموونه‌ زوانی ئه‌لمانی به‌ زوانێكی فره‌لاوژه ‌( شێوه‌زار ) دانراوه‌،‌ ئه‌و ئه‌لمانیایه‌‌ی سـویسراییه‌كان پێیـده‌په‌یڤن له‌هی ئه‌ڵمانیا یاخود نه‌مسا ناچێت و تاڕاده‌یه‌ك به‌باشی لێكتر تێناگه‌ن، یاخود باکووری ئه‌ڵمانیا جیاوازیه‌كی له‌به‌رچاوی هه‌یه‌ له‌ خوارووی ئه‌ڵمانیا، ڕه‌نگ بێت به‌ هه‌ڵه‌دا نه‌چووبم گه‌ر‌ بڵێم هه‌ر كانتۆنه‌ یاخود شاره‌ و گونده‌ له‌ وڵاتی سـویسرا به‌چه‌شنێكی تایبه‌ت به‌خۆی یاخود ناوچه‌كه‌ی ده‌ئاخاوتێت كه‌ له‌ ڕووی زاراوه‌ و په‌یڤیندا ئه‌وه‌نده‌ له‌ ناوچه‌كانیتر ناچێت، به‌ڵام فه‌ره‌نسایی تا ڕاده‌یه‌ك به‌و شێوه‌یه‌ نیه‌، له‌ ده‌ربڕینی چه‌ند وشه‌گه‌لێك له‌ په‌یڤین یاخود نووسیندا نه‌بێت هه‌ست به‌ جیاوازییه‌كی ئه‌وتۆ ناكرێت، ئاخاوتنه‌ میللییه‌كه‌‌یشیان كه‌مێك له‌ زوانه‌كانیـتر جیاوازه‌. به‌ڵام به‌شه‌ ئیتالیاییه‌ك هه‌ر زوانی باڵا به‌كارده‌هێنن جگه‌ له‌ كه‌مێنه‌یه‌كیان نه‌بێت كه‌ زوانی گشتی به‌كارده‌هێنن .
له‌م وڵاته‌دا…‌ یه‌كه‌مین پرسیار كه‌ لێت ده‌كرێت، ئایا تۆ سویسرایی ده‌زانێت؟
له‌لای ئێمه‌ مانان ئه‌مه‌ پرسیارێكی سه‌یر ‌و سه‌رنج ڕاكێشه‌. چونكه‌ هه‌موو ده‌زانین كه‌ سویسرا وڵاته‌ نه‌وه‌ زمان، وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ پێت بوترێت عیراقی یاخود ئێرانی ده‌زانیت؟
هه‌روه‌ك ده‌زانین سـویسرا تاك زوان نیه‌ به‌ڵكه‌ فره‌زوانه‌، جا كه‌ ده‌زانرێت فره‌زوانه‌ ، ده‌بێت له‌و پرسیاره‌وه‌ هه‌نگاوی سه‌ره‌تایی بنرێت بۆ گۆشكردن و په‌روه‌ده‌كردنی خه‌ڵكان و نه‌وه‌ی دواڕۆژ، ده‌بێت وه‌ڵامی پرسیارلێكراوه‌كه‌ ئه‌وه‌بێت كه‌ داخۆ مه‌به‌ست له‌م پرسیاره‌ كام‌ زوانه‌یان بێت چونكه‌ نیشتمانپه‌روه‌ری و وڵاتپارێزی لایان بڕاوه‌ته‌وه‌ و وه‌ك ڕێژه‌ی نه‌گؤڕه‌ و نه‌خراوه‌ته‌ كۆڕی گفتوگۆیان.
هه‌وڵدان و مشتومڕی ئێستایان له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ چۆن به‌ كرده‌وه‌ خزمه‌تی ناوه‌ڕۆكی ئه‌و نیشتمانه‌ بكه‌ن كه‌ هه‌ر هه‌موو خۆی به‌ خاوه‌نی ده‌زانێت، واته‌ بیركردنه‌وه‌ی كه‌سێكی ئه‌ڵمانی نه‌ژاد وابێت كه‌ هه‌ر خاوه‌نی زوانی ئه‌ڵمانی نیه‌ له‌م وڵاته‌دا به‌ڵكو زوانه‌كانیــتریش به‌ هی خۆی ده‌زانێت، له‌به‌رئه‌وه‌ ڕه‌نگبێت لای هاوڵاتییه‌كی ئه‌ڵمانی نه‌ژاد زۆر نه‌نگ و له‌نگ بێت گه‌ر زوانێكی تری ناو وڵاته‌كه‌ی نه‌زانێت. بۆیه‌ ئه‌م پرسیاره‌ كه‌مێك ده‌مانخاته‌ وه‌ڵامێكی سه‌رسوڕمانه‌وه‌ و له‌ خۆمان بپرسینه‌وه‌ تۆ بڵێت ته‌نیا مه‌به‌ستی ئه‌ڵمانی بێت چونكه‌ زوانی زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌كه‌یه‌تی؟
ئه‌ی ئاخۆ مه‌به‌ست چی بێت؟
لای ئه‌مان گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر تۆ دووان له‌ زوانه‌كانیان‌ نه‌زانیت وا پێویسته‌ كه‌ هه‌ر یه‌كێكیان بزانیت ئه‌مجا پێتـده‌ڵێن تۆ سویسرایی ده‌زانیت، ئه‌مان نه‌هاتوون زوان وه‌ك بنه‌چه‌یه‌كی نه‌ته‌وایه‌تی وه‌ربگرن، نه‌خێر لای ئه‌وان هاوڵاتی بوون پابه‌ندبوونه‌ به‌ وڵاتی سویسراوه‌ كه‌ بنه‌چه‌ و ڕه‌گ و ڕیشه‌ی گشته‌.
لای ئه‌وان فره‌لاوژه‌یی توانای‌ هێزی‌ خۆسه‌لماندنی یه‌كگرتن و‌ سه‌روه‌رییه‌. ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی بنه‌ڕه‌تی زمان و ئه‌ده‌ب و زانست و زانین و هه‌موو پێداویستیه‌كانی ژیانه‌‌.
ساكارترین و ئا‌سانترین دیارده‌ له‌ سـویسرا كه‌ ده‌بینرێت ئه‌وه‌یه كه‌ سێ زوانه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌‌ له‌ داموده‌زگاكان ده‌وڵه‌تییه‌كان، دراو، ده‌رمان، بڵاوكراوه‌كان، ئامۆژگاریه‌كان، پڕوپاگه‌نده‌كان…هتد به‌كارهێنراوه‌.
له‌ سـویسرا كاتێك باسی زوان دێته‌ گۆڕێ باسی كانتۆنی گراوبۆندنGraubonden ده‌كرێت كه‌ هه‌ر سێ زوانی ئه‌ڵمانی و ئیتالی و ڕۆتۆڕۆمانیشی تێدایه‌ واته‌ سێ كلتوور و ڕۆشنبیری جیاواز، به‌ڵام مافی هه‌ر یه‌كه‌شیان به‌پێ ده‌ستوور و یاسا پارێزراوه،‌ هه‌رچه‌نده‌ هه‌ست ده‌كرێت به‌ زاڵبوونی ڕۆشنبیری ئه‌ڵمانی به‌سه‌ر ئه‌وانیتردا كه‌ ئه‌مه‌یش له‌به‌رچاوه‌ و خۆشیان دان به‌وه‌دا ده‌نێن له‌به‌ر زۆرینه‌ و باڵائاستی ڕۆشنبیرییان، به‌ڵام نه‌بۆته‌‌ كێشه‌ و ڕێگر، چونكه‌ له‌ ڕووی ڕۆشنبیرییه‌وه‌ ( ڕۆتۆ ‌) زو‌انێكی ئه‌وه‌نده به‌رفروان نیه‌. خه‌ڵكه‌كه‌ به‌گشتی له‌و ڕووه‌وه‌ ده‌ڕوانن كه‌ ئایا كام‌ زوان زیاتر له‌ ڕووی ڕۆشنبیری و زانست و زانینه‌وه‌ به‌رفراوانتره‌ به‌وه‌ لاسه‌نگییه‌كه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كات. كه‌واته‌ بۆیه‌ زوانه‌ ئه‌ڵمانییه‌كه‌ تاڕاده‌یه‌ك زاڵتره‌ به‌ڵام نه‌ك به‌ خۆسه‌پاندن.
چه‌ندین كه‌سانی به‌توانا له‌ په‌ڕله‌مان و ده‌وڵه‌تدا پشتی ئه‌و كه‌مینانه‌ ده‌گرن له‌ ڕووی پاراستنی كه‌لتوورییانه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بناخه‌یه‌ی كه‌ نه‌هێشتنی زوان و ڕۆشنبیری و توانه‌وه‌ی له‌ناو هێز و باڵاده‌سته‌‌كاندا مانای نه‌هێشتنی میلله‌تێكه‌ و له‌وه‌یشه‌وه‌ به‌ره‌و تێكدانی باری هاوسه‌نگی میلله‌تانی جیهانه‌ كه‌ ئه‌مه‌یش له‌ ڕووی مرۆڤایه‌تییه‌وه‌ به‌ گه‌وره‌ترین كاره‌سات داده‌نرێت. له‌ هه‌ر كانتۆنێكدا خوێندكاران پێویسته‌ زوانێكیتری وڵاته‌كه‌ بخوێنن، ئه‌گه‌ر له‌ كانتۆنه‌ ئه‌ڵمانیه‌كان بێت ده‌بێت فه‌ره‌نسی یاخود ئیتالی بخوێنێت و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌. ئه‌مانه‌ له‌ته‌ك فیربوونی زوانی ئینگلیزی كه‌ به‌ زوانێكی جیهانی ده‌درێته‌ قه‌ڵه‌م.
ماوه‌یه‌كه‌ واهه‌ستده‌كرا كه‌ خوێندكاران خۆ له‌ فێربوونی ئیتالییه‌كه‌ ناده‌ن و حه‌ز به‌ فێربوونی زوانی ئینگلیزی ده‌كه‌ن. هه‌ر چه‌نده‌ زۆرجار له‌ په‌ڕله‌ماندا ده‌كرایه‌‌ هه‌ڵا، به‌ڵام هۆكه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خواستی خوێندكاران كه‌ خۆیان ئه‌م هه‌سته‌یان لا دروست بووه‌ چونكه‌ ئینگلیزی لایان بۆته‌ زوانێكی سه‌رده‌م‌.
ئه‌وه‌ی شایانی باسه‌ له‌ زۆرینه‌ی كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌كاندا به‌ تایبه‌ت ڕۆشنبیری و كلتووری و ڕامیاری و…هتد ئاماده‌یی ڕۆشنبیره‌كانی‌ كانتۆنه‌ ئه‌ڵمان و فه‌ره‌نسی زوانه‌كان به‌رچاوتره‌ وه‌ك له‌ ئیتالییه‌كان. بۆ نموونه‌ له‌ شاری سۆلۆتۆرنSolothurn پێشه‌نگایه‌كی په‌ڕاو كرایه‌وه‌ بۆ گشت زوانه‌ ئه‌وروپاییه‌كان و كۆڕێكی پڕبایه‌خ گیرا، له‌ناو هه‌موویاندا ته‌نیا تاكه‌ كه‌سێك له‌ به‌شه‌ ئیتالیه‌كه‌ ئاماده‌ی ئه‌و پێشانگایه‌ بوو كه‌ ئه‌مه‌ش بووه‌ جێگه‌ی سه‌رنجڕاكێشی ئاماده‌بووان. ساڵانه‌ چه‌ندین باس و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر فره‌لاوژه‌یی له‌ سویسرادا دێته‌ گۆڕێ و چه‌ندین كۆڕ و سیمیناری بۆ سازده‌كرێت و كارمه‌ندانی به‌توانا و لێهاتوو تێیدا باسه‌كانیان ده‌خه‌نه‌ ڕوو.
ئایا ئه‌مانه‌ بۆ؟ یاخود…بۆچی سویسرایه‌كی وا نه‌خشه‌بچووك ئه‌وه‌نده‌ بایه‌خ به‌و كۆڕانه‌ ده‌دا‌ت و پته‌وبوونی بنه‌ماكانی فره‌زوانی ئه‌وه‌نده‌ به‌لایه‌وه‌ گرنگه‌؟
به‌ڵێ…چۆن به‌لایانه‌وه‌ گرنگ نه‌بێت!! كه ‌سـویسرا خۆی له‌سه‌ر فره‌زوانی دروست بووه‌.
له‌ یه‌كێك له‌و كۆڕانه‌ كه‌ له‌ زانكۆی جنێڤ ئه‌نجامدرا‌ زۆر له‌ مامۆستایانی زانكۆكان گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌وه‌ی فره‌زوانی و لێڕشته‌كانی ( المشتقات ) له‌ ڕووی ئابوورییه‌وه‌ گه‌وره‌ترین و به‌سـوودترین سه‌رمایه‌یه‌ بۆ وڵاته‌كه‌ چونكه‌ ئه‌و گه‌شتیاره‌ی دێته‌ وڵاته‌كه‌ بێگومان یه‌كێك له‌و زوانانه‌ هه‌ر ده‌زانێت و كه‌سێكیش هه‌یه‌ وه‌ڵامی بداته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌یش له‌ خۆیدا كارئاسانیه‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ و خێرا ڕاپه‌ڕاندنی كاره‌كانیانه‌ له‌و ماوه‌ كورته‌ی كه‌ ئه‌وان به‌سه‌ری ده‌به‌ن ‌له‌ سویسرادا.
بەڕێزەکەم … چاوه‌ڕوانی بەشی دووەم بن .

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
فەوزی ڕەمزی

ئەرشیڤی بەڕێز: فەوزی ڕەمزی