نەوزادی موهەندیس: دۆخی قەتیسی هەرێم و لێكەوتە سیاسی و ئابوریەكانی.

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئاشكرایە دوای مانگێكی تر تەمەنی ئەم حوكمڕانی و دەسەڵاتە كوردیە لەم بەشەی باشوری كوردستان دەبێتە 26 ساڵی ڕێك ، كە ئیدی ئەم تەمەنە ڕێگرە لەوەی كە بوترێت ئەزمونەكەمان ساوایە و تائێستا لە قۆناغی ڕاگوزەریداین و بەو بیانوانە كاتی زیاتر بەسەربەرین و خۆمان بدزینەوە لەوەی كە چیدی كەمتەرخەم نەبین لە پێكەوەنان و جێگیركردنی بنەماكانی حوكڕانیەكی كامڵ و پێگەیشتوو لەسەر بناغەیەكی تۆكمەی سیستەماتیكی پتەو و دامودەزگا شەرعی و هەڵبژێردراوەكان لەلایەن گەلەوە كارابكرێتەوە و ڕێزیشیان لێبگیرێت و ناو و ناتۆرەی حیزبایەتیان لێدووربخرێتەوە، پێویستە سەركردە و پارتە سیاسیەكان چیدی خۆ غافڵنەكەن و پەنا نەبەنە بەر شەرعیەتی شۆڕشگێڕی و خەباتی شاخ،بەڵكو سەرەتایترین سیماكانی حوكمڕانی مەدەنی و دیموكراسی بریتیە لە هەڵبژاردن و ڕێزگرتن لە دەنگدەران و ئاڵوگۆڕكردنی ئاشتیانەی دەسەڵات دوور لە خۆسەپاندن و قۆرخكاری لە پێناوەی مانەوەی زیاتر لەدەسەڵاتدا.

حیزبە سیاسیەكان دەبێت بە تێوری و پراكتیكی بیسەلمێنن كە حیزبی سیاسین و خاوەن بەرنامە و دیسپلین و تێڕوانین و ئایدۆلۆژیایەكی ڕوونی خۆیانن لە چەپەوە بۆ ڕاست بە ئیسلامی و سۆسیالیستەكانیشەوە،بەنەتەوەیی و لیبڕاڵ و دیموكراتەكانیشەوە، نابێت جیاوازی ئایدۆلۆژیا و باكگراوندی سیاسی و بیروبۆچونە جیاوازەكان ببنە هۆكاری زیاتر درزخستنە ناو ڕیزەكانی گەلەوە و نابێت ببنە هۆكاری لاوازبوونی دەسەڵات و حومڕانی و ئۆرگانەكانی دەسەڵاتەوە.پێویستە حیزبە سیاسیەكان بە دەسەڵاتدار و ئەوانەشی لەدەرەوەی دەسەڵاتن،دوور بكەنەوە لە سیمای چەكداری و عەسكەرتاریەت و خۆیان مەڵاس نەدەن لەدوای هێز و تۆقاندن و خۆسەپاندنەوە و هەموان پێكەوە بڕیارێكی یەكلا كەرەوە بدەن كە هێزێكی نیشتیمانی یەك و یەكگرتووی دوور لە دەسخستنە ناوەوەی حیزب لە كاروباری پێك بێنن و بیكەنە كرۆكی هێزێكی نەتەوەییش لەداهاتوودا. چونكە لە ئێستادا ئەو حیزبانەی خاوەن هێزی چەكدارن هیچ حسابێك بۆ حیزبەكانی تر ناكەن كە پەنایان بردۆتە بەر خەباتی سیاسی و پەڕلەمانی و مەدنی و هیچ ڕێزێكیش لە جەماوەری دەنگدەرانیان ناگرن. كە بۆخۆی ئەمە بۆتە هۆكارێكی سەرەكی بۆ نەگەیشتن بە هیچ ڕێكەوتن و دانیشتن و گفتوگۆ و ئاسایكردنەوەی ئەم دۆخە قەتیسەی هەرێمی تێكەوتوە زیاد لە ساڵ و نیوێكە و تا ئێستاش ئومێد و خواستەكان ڕوون نین.
زۆر هۆكار بوونەتە هۆی سەرهەڵدان و بەردەوام بوونی ئەم دۆخە قەتیسە،لەوانە:
• جیاوازی ئایدۆلۆژیاو بیركردنەوەی حیزبە گەورەكان و خاوەن كورسیەكانی پەڕلەمان لە كوردستان و لە عێراقیشداو هەریەكەیان لە ڕوانگە و بینیی خۆی بۆ ئایندە و مەسەلەكان هەڵوێست وەردەگرن.
• هەڵسوكەت و مامەڵە و تێگەیشتنی حیزب و سەركردەكان بۆ تەواوی چارەسەریەكان جیاوازن و هەریەكەیان لە بەرژەوەندی حیزبی خۆیەوە دەِوانێت.
• زۆرێك لە حیزبەكان گەرەكێتی كە بەتەنها خۆی باڵادەست بێت و هەژموونی خۆی بسەپێنێتە سەر ئەوانی تر كە ئەمەش جێگەی قبوڵكردن نیە لە هیچ لایەكەوە.
• زۆربەی حیزب و سەركردەكان گەرەكیانە بەشداریبكەن لە حكومەتدا بەمەبەستی چێژ وەرگرتن لە خۆشی و ئیمتیازاتەكانی دەسەڵات و سوودمەندبوونی كادر و چالاكوان و هەڤاڵاكانیان و كار دۆزینەوە بۆیان ،نەك خزمەتكردنی ڕاستەقینەی زۆرینەی جەماوەری گەل. هەر ئەمەش وایكردوە ئەو حیزبانەی كە بۆ یەك جار بەشداری دەسەڵات بكەن ئیدی ناتوانن و بوێری ناكەن بڕیاری پاشەكشە و دووركەوتنەوە و هاتنە دەرەوە لە دەسەڵات بدەن و ببنەوە هێزێكی ئۆپۆزسیۆنی كارا و بنەمای ئاڵوگۆڕی دەسەڵات و ململانێیەكی سیاسیانەی شەریفانە دابڕێژن لە كوردستاندا.
• حیزب و سەركردەكان لەئێستاداو دوای ئەم 26 ساڵەی تەمەنی حوكمڕانی كوردی،هێندەی بونەتە مایەی كێشە و گرفت و نەهامەتیەكان بۆ سەر جەماوەر نیو هێندە نەبونەتە مایەی خۆشگوزەرانی و دەستخستنی دەسكەوتی نیشتمانی و نەتەوەیی ، ئەمەش بەهۆی گرنگیدانیان بە خۆدەوڵەمەندكردن و پێكەوەنانی سەرمایە و بازرگانی و قۆرخكاری ئابوری و بازاڕەكان نەك خزمەتی میلەت.
• هۆكارێكی تری ئەم دۆخە ململانێ‌ مێژوویە كلاسیكیەكانە لە نێوان سەركردە و حیزبە سیاسیەكانەوە و تەنانەت كار گەیشتۆتە ئەوەی كە مەسەلەكان بچوكراونەتەوە بۆ ڕق و كینی كەسی كۆن و لە ئێستادا خوێنیان بەبەردا دەكەنەوە.
ئەمانەو كۆمەلێك هۆكاری تریش بونەتە هۆی دروست بوونی ئەم دۆخە قەتیسەی هەرێم و لەماوەی ساڵ و نیوی ڕابووردودا نەتوانراوە ئەم بەستەڵەكەی نێوان هەموان بتوێنرێتەوە،بەهۆی لەلایەك نەبوونی سەركردەیەكی خەمخۆر و دڵسۆز و خاوەن دەستپێشخەری مێژووی (( ئەزمەی سەركردە)) كە دەبوایە لەپێناو تێپەڕاندنی ئەم دۆخە و بەرژەوەندی میلەت و وڵات زۆر نەرمی بنوانرایە لەهەموو لایەكەوە،بەڵام نەكراوە، لەلایەكی تریشەوە هەندێك حیزب و سەركردە گەرەكێتی كوردستان بەرەو دیكتاتۆریەت و تاكڕەوی ببات و لە جیاتی سیستەمێكی دیموكراسی سیستەمێكی پۆلیسی و توتالیتاری تیادا بچەسپێنێت و هەموانیشیان ئەو كارەی كە بەرژەوەندی و سوودی حیزبەكەی خۆی تیادا نەبێت ڕازی نیە بەهیچ دەستپێشخەریەكی تر.و لەخاڵێكی زۆر شەرمهێنەریشدا و لەم سەردەمەدا زۆرینەی حیزبەكان بەو ئاڕاستەیە هەنگاو دەنێن كە ببنە حیزبی تاكە كەسی و بنەماڵەیی و نوخبەیەكی كەمی جەماوەر و دوور دەكەونەوە لەدەسەڵاتێكی میللی و خاكی. كە لەدونیای پێشكەوتوودا مۆدێلی ئەم جۆرە حیزبانە بەسەر چووە و تەنها لە وڵاتانێكی دواكەوتوودا ماون.
كاتێك لە 23 حوزەیرانی 2015دا زۆرینەی پەڕلەمان كۆبۆوە وبڕیاریاندا كە هەمواری یاسای ژماری 1ی سەرۆكایەتی هەرێم بكەن چونكە بەڕەسمی لە 19/8/2015دا ماوەی سەرۆكایەتی هەرێم تەواو دەبوو،ئیدی دەرگای جەهەنەم بەسەر هەموو كورد و كوردستاندا كرایە و دۆخی سیاسی و ئابوری و ئەمنی و حیزبایەتی لەهەرێمدا ئاڵۆزكا و بە ئینقلابی سەربازی ناودەبرا و دوای چەندین پڕۆژە و دانیشتن و كەوتنەخۆ بۆ سازدانی نیشتیمانی بێ‌ ئەنجام مایەوە و تائەو كاتەی كە لە 12/10/2015دا بە ئەنقەست ڕێگری كرا لە گەڕانەوەی سەرۆكی پەڕلەمانی كوردستان بۆ شاری هەولێر و دەركردنی وەزیرەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت و شەلەلكردنی حكومەت . لە ئێستاشدا كە كەمتر لە 8 مانگ ماوە بۆ چێكردنی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی كوردستان و سەرۆكایەتی هەرێم، هیچ تروسكایەك نابینرێت بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخەكە، سەرەڕای دەستپێشخەری بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە 20/12/2016دا بەڵام ئەوە زیاد لە مانگ و نیوێكە هیچ هەنگاوێكی كردارەكی نەنراوە بۆ جێبەجێكردن و ووردكردنەوە و لێكتێگەیشتن لەسەر ئەو خاڵانەی كە هاتوون لەو دەستپێشخەریەدا،هەموو بۆچونەكانیش لەسەر ئەوە كۆكن كەئەم دەستپێشخەریە زۆر درەنگ هاتە بوون و تەنها بۆ كات كوشتن و ئیستیهلاكی ناوخۆییە و پێش هەموانیش پارتی دیموكرات بۆخۆیان لەباریان بردوە نەك لایەنەكانی تر.
لە ئێستادا هەوڵێك هەیە كە لەنێوان یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتیدا جۆرە ڕێكەوتنێكی ستراتیژی نوێ‌ یان كۆنە نوێكراوە بخەنەوە گەڕ بەمەبەستی تەكاندانێك بەم دۆخە، بەڵام هەر لەئێستاوە هەموان دژین و هیچ لایەكیشیان بوێرانە ناتوانن خۆیان بكەنە خاوەن،چونكە ترسی جەماوەر و بنكەی ڕێكخستن و ئەندامانیان و ترسی هەڵبژاردنی داهاتووشیان هەیە. لێرەدا جێگەی خۆیەتی ئەو ڕاستیە دووبارە بكەینەوە كە حیزبی سیاسی دەبێت ڕابەرایەتی جەماوەر و ئەندامانی خۆی بكات و خاوەن بڕیاری یەكلاكەرەوە بێت، بەڵام لەكوردستاندا سەركردایەتی حیزبەكان لەلایەن شەقام و ئەندامانیانەوە پەلكێشدەكرێن كە ئەم كارە پێچەوانەی كاری حیزبی سیاسیە لەدونیای پێشكەوتوو وساغڵەمدا. ئەمەش خاڵێكی لاوازی حیزبی سیاسیە لە كوردستاندا.
ئەوەی ڕاستی بێت ، لەم هەرێمەدا ئەوەندی پێویست بەكاری پێكەوەیی و ڕاستۆگایەنە وپڕ متمانەیە هێندە پێویست بە ڕێكەوتنی ستراتیژی و دووقۆڵی و زیاتر نیە، گەر هەموان ڕێكن لەسەر ڕێزگرتن لە ئیستیحقاقی هەڵبژارندن ئیدی بەشێوەی تاك حیزب یان ئیئتیلافی سیاسی حكومەت پێكەوە بنێن و ئەوانی تریش گەر ویستیان بەشداربن و گەریش نا ئەوا ببنە هێزێكی ئۆپۆزسیۆنی كارا و شەرعی و كاری سیاسی و پەڕلەمانی خۆیان بكەن.ئیدی چ پێویست بەم هەموو ڕێكەوتنە دووقۆڵیانە دەكەن كە تەنها دەبنە هۆی ڕق ئەستوور بونی ئەوانی تر و دروستكردنی گومان و پیلان داڕشتن لە یەكتری و نەهێشتنی متمانەی سیاسی بەیەكتری.
چونكە دەركەوتوە كە ئەنجامی ڕێكەوتنەكانیش هەمیشە كۆت و بەند و ڕێگری زۆری بۆ پەیدا دەبێت و زۆر جاران لایەنێك زیاتر سوودمەند دەبێت،لەبەرئەوە لە جیاتی ببێتە هۆكاری پێشخستنی دۆخەكان و ئاساییكردنەوەیان دەبێتە هۆی زیاتر تێكدان و دووركەوتنەوە و دڕدۆنگی.
لە ئەنجانی بەردەوامبونی ئەم دۆخە قەتیسەدا هەرێم كەوتۆتە ژێر كاریگەری خراپی سیاسیەوە لەوانە:
• متمانەی سیاسی و جەماوەری بونیان نەماوە.
• كۆدەنگی نیشتیمانی پەكخراوە.
• نێوماڵی كورد پەرش وبڵاوە.
• مەترسی گەورە لەچواردەورە (( توركیا و ئێران و عێراق))
• دامودەزگا شەرعیەكانی حوكمڕانی پەكخراون.
• پەیوەندیە نێوخۆی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیەكان خراپتر بوون.
بەم شێوەیە دۆخی سیاسی هەرێم زۆر خراپە و هەر ئەم دۆخە سیاسیەش كاریگەر و لێكەوتەی خراپی ئابوریشی بەدوای خۆیدا هێناوە و هەرێم لەئێستادا و ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە كەوتۆتە ژێر كاریگەری خراپی ئابوریەوە لەوانە:
• نەبوون و بڕینی بودجەی ساڵانە و پشكی 17% لەلایەن حكومەتی بەغدادەوە.
• نەتوانینی حكومەتی هەرێمیش یان بەئەنقەست ناتوانێت كە تەنانەت چارەكە مووچەی فەرمانبەرانیش دابین بكات لەكاتی خۆیدا. سەرەڕای فرۆشتنی نەوت و غازی سروشتی سەربەخۆیانە لە 15/6/2015وە.
• ناشەفافیەت و ونبونی داهاتی نەوت و غازی سروشتی و داهاتە ناوخۆییەكانی تر.
• بەردەوامبوونی دیاردەی گەندەڵی.
• چەقبەستن و ڕاوەستانی پڕۆسەی چاكسازی و نوێبونەوە و ڕێكخستنەوە بەدەستی ئەنقەست.
• تێكچوون و هەڵتەكاندنی ژێرخان و سەرخانی ئابوری كوردستان لە نەبوونی پڕۆژەی ئاوەدانی و خزمەتگوزاریەكان و وەبەرهێنانی ناوخۆیی و دەرەكی و ..هتد.
• زیادبوونی دیاردە مەترسیدارەكانی هەژاری و بێ‌ كاری و نەخوێندەواری و برسێتی و نەبوونی و تاوانەكان و نەخۆشیەكان.
• كەڵەكەبوونی قەرزی زۆر دەرەكی و ناوخۆیی لەسەر ئەستۆی حكومەت و تاك بەتاكی ئەم میلەتە ،لە ئەنجامی سیاسەت و ئیدارەی هەڵەی حیزبی دەسەڵاتدارەوە.
جابۆ ئاساییكردنەوەی ئەم دۆخە قەتیسە سیاسی و ئابوری و ئەمنی و كۆمەڵایەتیانەی هەرێم گەرەكە كە هەموان پێكەوە هەستن بە:
• چێ‌ كردنی هەوڵی جدی و گەرموگوڕ و خەمخۆرانە بۆ ئاسایكردنەوەی دۆخەكە و تێپەڕاندنی بەبەرژەوەندی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان.
• پێش هەموو هەوڵێك پێویستە ئەولەویەت بدرێتە باشكردن و ئاساییكردنەوەی دۆخی ژبیان و گوزەرانی خەڵكی.
• كاراكردنەوەی دامودەزگا شەرعیەكانی لە پەڕلەمان و حكومەت و ….هتد.
• وازهێنان لە بەرزكردنەوەی دروشمی بێ‌ ناوەڕۆك و بەتاڵی وەك ڕیفراندۆم و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ ،هەرچەندە سەرەتایترین مافی گەلەكەمانە بەڵام دۆخەكانی ناوخۆ و ناوچەكە ئەوكارە قبوڵ ناكەن.
• چاكردنەوە و بەهێزكردنەوەی تۆڕی پەیوەندیە ناوچەیی و جیهانیەكان و پێش هەموانیش لەگەڵ بەغدادا چونكە كورتترین و ڕاستترین ڕێگای چارەسەرە تا ئەوكاتەی وەك هەرێمێكی فیدڕاڵ لەناو سنوری دەوڵەتی عێراقیدا بمێنینەوە.نەك ڕووكردنە وڵاتانی دەرودرواسێ‌ كە تەنها بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەكارمان دەهێنن.
• خۆ ئامادەكردن بۆ دوای قۆناغی نەمانی داعش و بەهێزبونەوەی سوپا و هێزەكانی عێراق.كە دەبنە مەترسی گەورە لە ئایندەدا.
لەكۆتاییدا ، هەموو ئەم هەنگاوانە تەنها بەیەك و یەكگرتووی ڕیزەكانی كورد و ڕێكخستنەوە و پتەوكردنی نێوماڵی كورد دەبێت لە حیزب و سەركردە و جەماوەر. بەبێ‌ ئەنجامدانی ئەم هەنگاوانە مەحاڵە كورد بگاتە دوا مەنزڵ لەگەڵ بوونی ئەم دۆخە قەتیس و ئەم هەموو مەترسی و ئاڵنگاریانەی دەوروبەرمان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت