عیماد عەلی: ئەگەر مەلا بەختیار لێم وەرگرێت.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لێرەدا باسم لەوە نیە کە یەکێتی لە هەردوو رێکەوتنی لەگەڵ پارتی و گۆراندا لە دوو زەمینە و زەمان و بارودۆخێکی جیاوزادا ئمیزا کراون و، خاڵەکانیان ئەوەندەی جیاوازی تێدایە ئەوەندە لەیەک ناچن و، تەنانەت دەتوانم بڵێم، ئەوەی لەگەڵ گۆراندا کراوە لەوی تر گشتگیر ترە و زۆر خاڵی بەدەر لەکاروباری حزبیی تێدایە. ئەمەش قسەی زۆر هەڵدەگرێت و دەبێت یەکێتی بە دوو بینین و لە روانگەی جیاوازەوە مامەڵە لەگەڵ هەردوکیاندا بکات، کامەیان لە قازانجی کۆی گشتی پرسی کورد دەبێت نەک حزبایەتی تەسک و نەش بە پێ ی بارودۆخ و وەزعی هەردوو لایەنی بەرامبەری مامەڵەی تایبەتی لە گەڵیاندا بکات.
ئەوەی لێرەدا جێگەی تیرامان و تەنانەت سەرسورمانە، ئەوەی کاک بەختیار دەیڵێت، تێکچون و نالەباری و ئاڵۆزی بارودۆخی نێوخۆی کوردستان وەک بەهانەیەک بە فاکتەرە بابەیتەکە دەبەستێتەوە و ئەوەندە شێرو رێوی پەیوەندیە هەمەچەشنە ناوچەیی وجیهانیەکە و کارگەریەکانی بارودۆخە بابەتیەکەی کردە بەهانەی تێکچونی وەزعی نێوخۆی کوردستان ئەوەندە باسی لە رەفتار و فەرمان و هەڵە و کەموکوریەکانی دەسەڵاتدارانی کوردستانی نەکرد و وەک ئەوەی هیچ حزب و کەسێک و حزبێکی کوردستانی هۆکاری ئەم وەزعە قەیراناویە نەبێ. من دەپرسم:
1- ئایا بارودۆخە بابەتیەکە ناکۆکیەکانی لە گرێژنە دەرکرد یان فەرمانی شەخسی و حزبی و عەسکەری لە رێگریکردن لە رۆێشتنی سەرۆکی پەرلەمان بۆ کاری ئاسایی خۆی و زەربە لێدان لە یاسا و شەرعیەتی کاری ئاساییترین کاری سیاسی لە کوردستاندا، ئەمە ئەگەر باسی ناردنە ماڵەوەی ئەو کۆمەڵە وەزیرە نەکەین لە لایەن پارتیەوە لە لایەکەوە، شپرزەیی و رەقی و تا حەدێک هەڵەشەیی و نەخوێندنەوەی بۆچونی بەرامبەر لەلایەن پەرلەمانتار و کاربەدەستە حکومیەکانی گۆرانەوە لە لایەکی ترەوە نەخوێنینەوە.
2- فەلسەفەی حوکمرانی لە کوردستاندا لە دەرئەنجامی ململانێ نێوخۆییەکاندا بەم شێوە رۆیشتووە، یان کاریگەری هۆکارە بابەتیەکان و هاوکێشە پەیوەندیدارەکان و کارلێکی بابەتی و خودی بەیەکەوە بووە بۆ گەیشتن بەم وەزعە.
3- ئاڵۆز بوون و ناروونی سیستمی سیاسی و نەبونی هیچ فۆرمێکی حوکمداری و پشت کردنە یاسا و رێساکان وململانێی تەسکی حزبی و شەخسی و خۆبەستنەوە بە کورسی سەرۆکایەتیەوە هۆکاری تێکچونی وەزعی کوردستانن یان هۆکارە بابەتیەکان.
4- نەبونی بەرنامەی ستراتیجی ئابووری و شڵەژان و فەوزا و پەرشوبڵاوی و تەخشان و بەخشان کردن بە داهاتەوە، لە پێناو کەسبکردنی ئەندام و لایەنگیر بۆ هەردوو حزب ئەم قەیرانە ئابووریەی دروستکرد یان هۆکاری بابەتی کە بە هیچ شێوەیەک لەدوور و نزیک بە تایبەتی لەم بارەوە هیچ کاریگەریەکی نەبووە و، بە دەستی حوکمرانانی کوردستان و پەیوەستبون بە هێزی دەرەکیەوە ئەم قەیرانانەیان دروستکردووە.
5- بەرێوەچونی کاروباری سیاسی لەسەر ریتمی فیفتی بە فیفتی بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ و کەڵەکەبونی کاریگەریە سەلبیەکیانی، تەنانەت لە پاش شکستهێنانی ئەو رێککەوتنە، هۆکار بوون یان شەری سوریا و هاوکێشە ناوچەییەکە وەک بارودۆخی بابەتی ئەم قەیرانانە دەخوێننەوە.
6- ململانێ شەخسی و کۆنە قین و رکابەریە کۆن و تازەکەی نێوحزبەکان و تەنانەت لە نێو یەک حزبدا هۆکاری زۆر سەلبی بوون لە شکستپێهیچنانی بەرێوەچونی کاروباری سیاسی کوردستان یان کاریگەری دەردانەکانی فاکترە بابەیتەکان.
بۆیە، ئەگەر لە هەر هەنگاوێکدا دەتانەوێت بگەنە چارەسەرێک، دەبێت دیاریکردنی نەخۆشیەکان وەک خۆی بخوێننەوە نەک وەک بتانەوێت شەن و کەوی بەکەن و هەوڵی داپۆشینی هۆکارە سەرەکی و ریشەییەکانی گەیاندنی بارودۆخی کوردستان بەم حاڵەتە بدەن، بەو کارەتان دەرمانی تایبەت و چارەسەری ریشەیی بۆ نەخۆشیە کوشندەکانی ساحەی سیاسی ئەمرۆی کرودستان نادۆزنەوە. ئەگەر ئەمەو ئەو بەهانانە بۆ نەهێشتنی ئەو کاردانەوە نەبێت لە مەر ئەوەی لە پاش ئەو گفتوگۆ و گۆرینەوەی راوبۆچون و ئەو قسە و باسانە نەبێت کە لە نێوان وەفدە دانوستان کارەکانتاندا دەیکەن و دزەدەکەنە دەرەوە و کاردانەوەی لێدەکەوێتە و زەرەری بۆ جەماوەری و دەنگەکانتان دەبێت و دەبێتە هۆکاری پاشگەرزبونەوەتان لەو بۆچونانە.
ئەوەی جێگەی دڵخۆشیە، ئێستا کادرانی حزبەکان مێگەلانە لە دوای فەرمانی سەرکردەکانیان ناکەون و راوبۆچون و سیاسەتی حزبەکانیان هەڵدەسەنگێنن و هەڵوێستی خۆیان دەبێت و، رای گشتی نێوخۆی حزبەکان دەرەوەش رۆڵی گەورەی خۆی هەیە لە رەفتاری سەرکرادیەتی و مەیلی ئەم یان ئەو سەرکردە و چۆنێتی گفتوگۆکانیان لەگەڵ حزبەکانی تردا. ئەوەی روونە، پاش گۆرانکاری لە کاری حزبی و هاوکێشە نێوخۆییەکان، هەموو کەس لەوباوەرەدایە کە نە سیی حوزەیران بە ئاسانی دووبارە دەبێتەوە و نەش ریکەوتنی فیفتی بە فیفتی روودەدات و نەش رێککەوتنی حزبی بە پشت کردنە بەرژەوەندی باڵای میلەت ئیمزا دەکرێت و وریایی خەلک وای لێهاتووە کە بە سندوقی دەنگەکان سزای حزبەکان دەدەن ئەگەر هەڵە بکەن، بۆیە دانوستانکاران زۆر لە فەرمان و کارو بۆچونی فەردی سڵ دەکەنەوە و، کاک بەختیاریش لەم رێرەوە بەدەر نابێت.