شێرزاد شێخانی: عاجباتیەكانی یەكێتی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

– پەرلەمانتارەكانی یەكێتی لەبەغدا خاوەن پرۆژە بون بۆ رادەستكردنی نەوتی هەرێم لەبەرامبەر وەرگرتنی پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عیراقدا. لەهەولێریش وەزیرەكانی یەكێتی خاوەن هەڵوێست بون لەدژی رادەستكردنی نەوتی هەرێم و رەتكردنەوەی بەشە بودجەی هەرێم لەبەغدا.

– یەكێتی زۆرجار باس لەهەڵوەشانەوەی رێكەوتنی ستراتیژی لەگەڵ پارتیدا ئەكردووە، لەبەرامبەردا بەشان و باڵی رێكەوتنە سیاسییەكەی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا هەڵئەدا. ئێستا وەفدەكەی یەكێتی هەوڵی زیندوكردنەوەی رێكەوتنە ستراتیژییە مردوەكەیان لەگەڵ پارتیدا ئەدات، رێكەوتنە سیاسییەكەی گۆڕانیش لەگۆڕ ئەنێ.

– وەفدی یەكێتی بەهەردو باڵەكەیانەوە فڕكان فڕكانیانە بۆ كۆبونەوە لەگەڵ وەفدی پارتی ونانخواردن لەسەر مێزی مەكتەبی سیاسیەكەی، بەڵام دوو ئەندامی هەردو باڵەكە ئامادە نین بۆ دیشلەمەوە خواردنێكیش لەگەڵ یەك لەناو مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا دابنیشن.

– یەكێتی بەشی هەرە زۆری كێڵگە نەوتیەكانی هەرێمى لەبەردەستدایە، بەڵام دەرهێنان و فرۆشتن و دزینی داهاتەكانی تەسلیمی دەستی پارتی كردووەو، هەمیشە چاوی لەلوتف و مەرحەمەتی پارتییە پشكە پشیلانەیەكی بۆ بخاتە سەر حیساب.

– پارتی هەرچی كێشەو ئاشوب و گرفتی سیاسی ئەم هەرێمە هەیە لەخۆی دوور خستۆتەوەو حەواڵەی زۆنی سەوزی كردوە، یەكێتیش كێشەوململانێیەكانی هەولێریشی هێناوەتە پشت بازگەكانی پردێو دێگەڵەوە.

–  بەشی هەرە زۆری كارەبای كوردستان لەناوچەكانی ژێر نفووزی یەكێتیدا بەرهەم دەهێنرێ، كەچی ئەم ناوچانە لە هەمو ناوچەكانیتر كەمتر كارەبایان پێئەدرێ.

– پارتی لەوەتەی نەخۆشكەوتنی مام جەلالەوە كاری جیدی ئەكات بۆ تەفروتووناكردنی یەكێتی و، دوور نیە رۆڵێكی گەورەشی هەبێت لەقوڵكردنەوەی كێشەكانی ناوخۆی یەكیتی و پەرتەوازەبونی رێزەكانی، یەكێتیش ناوێری لەپشتی پەردەشەوە بۆ یەكجاریش بێت باسی ململانی هەردو كەناڵی روداوی نێچیرڤان و كوردستان بیستوچواری مەسرور بارزانی بكات.

– پارتی بەهەمو هێزوتوانای حیزب و دەزگاكانیەوە كار بۆ بەدیكتاتۆریكردنی سیستەمی سیاسی لەكوردستانا ئەكات، یەكێتیش بەدرێژكرنەوەی ویلایەتی هەردو سەرۆكی ئێكسپایەری هەرێم و حكومەتیش رازی و مەمنونە كاری جیددیشیان بۆ ئەكات.

ئەمە حاڵ و وەزعی ئەمرۆی كوردستانە لەسایەی رێكەوتنی ستراتیژی پارتی و یەكێتی و سیاسەتی شكستخواردوی فیفتی فیفتی كە ئێستا بوەتە” سیاسەتی فایف ناقس فۆر.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت