ئاکۆ برایم: موچەو ئاو و کارەبا، ببێت بەقوربانى هەیفا.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوا ئیدى لەسایەى خواو و دەسەڵاتەوە، ئێمەش بوینەتە حکومەت . وەک ئەبینن پەیتا پەیتا سۆزانى و رووتە کانى وەک (میریام کلینک) و هەیفا و نانسى ،روو لەم وڵاتە دەکەن. خەریکن کەلتور و داب نەریت و جل و بەرگى هاوشێوەى خۆیانمان بۆدێنن بەدیارى ، کچانمان فێرى رووت بونەوە و خۆ دەرخستن و سمت و هین بادان ئەکەن.ئەوەش کارێکى ناوازە و پر ِبایەخەوە و وامان لێدەکات کەشان بەشانى وڵاتان هەنگاو بنێن، لە جیهانى فاشن و راپ ودانس فیلمى سیکسى دوانەکەوین. ئەمەش بۆ حکومەتە قەیراناویەکەمان لەم بارو دۆخە هەستیار و مایە پوچییەدا، زۆر ئەکەوێت و ئەبێت پارەیەکى باش و موفتیان پێبدەن ئەوجا رازى دەبن بێنە وڵاتمان، ئەگەر نا کێ خوائەیداتێ خانمێکى لەشو لار ماسى و لوس و نەرم ونیانى وەک خوشکەکەى هەیفا بێتە میوانى؟! وڵاتان چەندین تەکلیف و داواکارى و پرۆتۆکۆل و پەیوەندى سیاسى ئەبەستن تا قەناعەت بەدەوڵەتەکەیان بکەن کە کەسێکى وەک رۆلا سەعد رازى بکەن سەردانیان بکات و ئاهەنگیان بۆ بگێڕێت، ئەى باشە گەر ئەوە هەوڵ وتەقەلا و ئەرکى بەرپرسان و پێشکەوتن و ناوبانگى سەرۆکایەتى حکومەت و گەورەکانى وڵات نەبێت، لەکوێ ئەوانە بێزیان دێت سووکە مەرحەبایەکیشمان بکەن!؟. بۆیە هەقى خۆیەى سوپاس و رەحمەت بۆ دەوڵەت و دەسەڵات بنێرین، کە زوو زوو ئەو جوانکیلەو خانمە سیکسیانەمان بۆدێنن. ئەگەر مرۆڤ بێ نمەک نەبێت و تۆزێک هەستى نیشتیمانى هەبێت، ئەوە بەگەورەترین دەستکەوت شانازیى بۆ خۆى و وڵات و دەسەڵاتى ئەزانێت، بەڵام ئەڵێى چى لەگەڵ میللەتى سپڵەو بێ نمەکى وەک کورد،کە گاڵتەیان بەو کارانە دێت و،هەمیشە بیر و خەیاڵیان هەر لاى مووچەو ، ئاو و کارەبا و، نەوت و، غازە.

تو شەرەفتان تەشریف هێنانى ئەو خانمە رووت و قوتانە گرنگە یان مووچە و کارەبا و نەوت؟! بڕوا بکەن بەس دەرخستنى لایەکى سنگیان و تۆزێک سمت بادان و مەلەکردنیان بە مایۆ و ستیانى ئاڵو واڵاوە، نەک موچەو نەوت و کارەبا، بڕوا بکەن ئیمان و قیامەت وخۆشمان لەبیر ئەچێتەوە. ئیدى عەیبە میللەتى لەهیچ ناڕازیى و بێ وەفا، حکومەت بەشتى لاوەکى و بێ بایەخەوە سەرقاڵ مەکەن. ئەزانن ئەو زاتانە چەنێک بەئێمەوە ماندون و، چەنێک پێمانەوە سەرقاڵن و خەم خەفتمان بۆدەخۆن، لەتاو ئێمە عەیش و نۆشیان لێ بۆتە ژەهرى مار. شەو و رۆژ هەر لەبیرى ئێمەدان و بۆ خۆشى و شادى و ژیانێکى شایستە بۆمان، هەموو قوربانى و زەحمەتێک ئەدەن. نابین چ دەستەکەوت داهات و خێر و خۆشى یان بەسەردا باراندوین؟! لەچیمان کەمە ها راست بڕۆن بۆخوا قسە بکەن؟! جا ئیتر چى تیایە گەر بۆ ئەوەى تۆزێک مێشک ودڵیان ئاسوودە بێت، بیر لەوە بکەنەوە کە خزمەتى زیاترمان بکەن و، بۆ ساتێکش رەزاى تاڵى مۆزەفى گیرفان بەتاڵ و، هەتیوى باوک شەهید و،پیرەژنى جگەر سووتاو لە بیر وهۆشیان بچێتە دەرەوە با شەوان ئەو کەیف و سەفایە بکەن، یان بۆ تەبدیل هەوا سەرێک لەو تورکیا ولوبنان و یۆنان و جۆرجیایە بدەن. دەبڵێن بەخۆشى و عافێتتان بێت، ئیشەلڵا هەر مەحفوز دوور لەبەڵا ئەبن. مێزتان رازاوە و شەوتان سور و سورتر و پڕ لە نەشئە بێت.
ماڵتان ئاوابێت میللەت، ئێوە زۆر بێ شعورن بە رەواى نابینن کاک فڵان وکاک فیسار، تۆزێک بەزم و رەزم بکەن و، چەند سۆزانى و گۆرانیبێژێک داوەت بکەن و بۆخۆیان چەند شەوێکى خۆش و پڕ لە کەیف و سەفا بەسەر بەرن و، بۆ چەند ساتێک لە کێشەو خەم و مەراقى ئێوە بەدوور بن، چى تیایە گەر بۆ ئەو خانمە رووتانە سەدان دەفتەر دۆلار خەرجبکرێت؟ خۆ کابە کەچ نابێت ،گەر پرۆژەى وەبەرهێنان و دۆنمە زەوی بدرێت بەجوانکەیەکى وەک حەسنا مەتەڕ و هەیفا ونانسى؟ بۆ پێتان ناخۆشە، چى لەئێوە کەم دەبێتەوە؟ باشە گریمان ئەو سنگ و بەرۆک رووتانە، هەروا بەدەست بەتاڵى بگەڕێنەوە بۆوڵاتى خۆیان و، بڵین حکومەتى هەرێم رەزیلەو، لەپاى ئەو هەموو شەوە سوور و پڕ لە بەزم و بادە نۆشینەى بۆمان سازکردن، کەچى هیچیان پێنەداین، ئایا ئەمە نابێتە عەیبە و لەکەو خاڵێکى رەش بەنێو چەوانى گشتمانەوە؟! لەسەرشانى حکومەتەکەمان زۆر ناکەوێت و، ناو و ناوبانگى لەجیهاندا نازڕێت؟؟!. کەواتە ئەبێت بۆ ئەو کارانە خۆمان عەقڵمان پێ بشکێت، نەک حکومەت پێمان بڵیت و داوامان لێ بکات. مەفروزە کوللى یەکێکمان لە دەمى خۆمانى بگرینەوە، مەسرەفى زیادە نەکەین، خەرجى ماڵ مناڵ بکەین بەنیوەى جاران و نیوەکەى دیکەى بیدەین بەحکومەت، تا شکۆ و ناوبانگى هەبێت. بۆیە گەر باج و رسوماتى هاتوچۆ لەسەرتان زیاد بوو، گەر پارەى خۆڵ و خاشاکیش لەسەرتان دانرا، گەر پسولەى نەوتیان پێ فرۆشتن و نەوتەکەتان نەبینى، دڵتان بەقەدر ڤێلاکەى کاک وانێک گەورە و بەرین بێت و، بە رۆحى ریازییەوە وەریبگرن، چونکە خۆتان باش ئەزانن ئەو سۆزانى و روتەڵانە مەسرەفیان قورسە، ئێ خۆ حکومەتیش خەزنەى لێنەداوە، تا ئەو پارەمۆڵەیان لەحسابى خۆى بداتێ، ئەبێت ئێوەش هەست و شعورتان هەبێت و، کۆمەک و هاوکارى حکومەت بکەن. بارى سەرشانى سووک بکەن.
ئا بیریشتان نەچێت ئەوا بەخێرێ گۆێمان لەبەیت و بالۆرەو دەهۆڵى سەربەخۆییە، کە بەنیازن لەنەورۆزا لەگەڵ ئاگرەکەیا ئیعلانى بکەن، بۆ ئەوەش زۆرێک لە سەرانى وڵاتان و، کەسایەتى و هونەرمەند و بیرمەند و میوانى قەبە و گرانمان دەبن، مەعلومى جەنابشتانە بۆ ئەو رۆژە مێژووییە ئەبێت ئاهەنگى شاهانە و بێ هاوتا ساز بکەین، رەنگبێت هونەرمەندى وەک ( فیفى عەبدە و ئیلهام شاهین بنەماڵەى کارداشیان) داوەت بکەین، کە ئەوەش زۆر زۆر لەسەر حکومەت دەکەوێت، نەپارەى نەوت ،نەپارەى گومرگ، نەداهاتى ناوخۆ، ناتوانێت بچنە ژێرئەو مەسرەفە گەورە وگرانەوە، بۆیە گەر حکومەت و دەسەڵات مووچەى کردە شەش مانگ جارێک، بە دووساڵیش نەوتى پێنەدان، کارەبا وئاوى لێگرتنەوە، باج وسەرانەى رۆیشتن بەسەر جادەو، چوونە تەوالێت و، هەڵمژینى هەواو، کرێى لەسەر پێکەنین و گریانتان دانا، لاتان سەیر و عەجیب نەبێت، چونکە تەواوى پارەکەى لەلایەن لیژنەیەکى ئەمین و دەست پاک و نەزیهەوە کۆدەکرێتەوە دەخرێتە خزمەتى ئەو مەراسیمەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت