عەبدولڕەحمان مەهابادی: ئێران، کەسی ژمارە دوو.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەزمونی بەرهەڵستكاری بەرانبەر بە رژێمی ئێران بە باشی سەلماندوويەتی كە بنەبڕكردنی توندڕۆيی ئيسلامی لە ئێران، كە رژێمی ويلايەتی فەقيهی سەپاندوويەتی بەسەر خەڵكدا، پرۆژەيەكی ئاڵۆز و هاوكات زۆر پێويستە كە ئەگەر كارامە بە ئەزموون و هەڵگری ئەندێشەی قووڵی دژەتوندڕۆيی نەبێت و هێزێكی لێهاتووی بەهێز و رووخێنەر لە خۆی نەگرێت، نە توانای ئەوەی دەبێ ئاسۆيەكی روون بخاتە بەر ديدی خەڵك و نە دەتوانێ قورسايی ئەم ئەركە بە كۆڵ دا بدات. بە تايبەتی كە ئەم رژێمە بە تەرخانكردنی بودجەيەكی زۆری ملياردی و بە جۆرەها تاكتيك و هەنگاوی فريودەرانەی ئاڵۆز، چاوی لايەنانی دەرەکی بەرانبەری كوێر و خەڵكی سەركوت كردووە و رێگر بووە لەوەی كۆمەڵگای جيهانی چاوی بە رووی خەڵك و هێز و لايەنە سياسی و ئازاديخوازەكانی ئێران دا وەك پێويست بكاتەوە.

بۆ تەواوكردنی ئەم هەنگاوانەی رژێم، كەم نەبوون لايەنانی سازشكاری رۆژئاوايی كە لە هەوڵدا بوون كەسانێک وەك ”مۆدێرە، ريفۆرميست، ميانڕۆ و …” بنوێنن. كەسانی وەك رەفسەنجانی، خاتەمی، روحانی و … هتد، كە هەر كامەيان دەستيان هەبووە لە پێكهێنان و خستنە سەر پێ و مانەوەی ئەم رژێمە و هەروەها بەشدار بوون لە رشتنی خوێنی رۆڵەكانی گەل و داپڵۆسينی لايەنانی سياسی لە ئێران. ئەوانە بە درێژايی دەسەڵاتی مەلاكان بەردەوام دەستيان هەبووە لە تاوانەكان و ئەگەر لايەنانی سازشكار لە جيهان رێگەيان بدابايە بە دادگايەكی نێودەوڵەتی! بە دڵنياييەوە بە توندی سزا دەدران. هەروەك چۆن دادگای (ميكۆنوس) حوکمی سزادانی رێبەرانی ئەم رژێمەی دەرکرد بە هۆی كردە تيرۆريستييەكەی ريستورانی ميكۆنووس.

رەفسەنجانی كەسی رەقەم 2ی ئەم رژێمە، كەسێکی هەرە گرينگی ئەم رژێمەیە كە ماوەيەك بەر لە ئێستا و لە تەمەنی 82 ساڵيدا مرد! زۆر لە تاوانەكانی ئەم بكوژە باس كراوە ياخود نووسراوە بەڵام بێگومان هەر هەمووی ئەوانە مشتێك بوون لە خەرواری تاوانەكانی و زۆر شتيش ماوە باس بكرێن.

هەندێك لايەن مردنی رەفسەنجانی بۆ ئەم رژێمە بە رووداوێكی هەرە گرينگی دوای مردنی خومەينی دادەنێن. ئەوە راستە. چون ناوبراو دوای خومەينی كەسی هەرە گرينگی ئەم رژێمە بووە. تەنانەت لەم دوو دەيەی رابردوودا كە پۆستی حكومی نەبوو ديسانيش هەروەك رابردوو وەك يەكێ لە دوو كۆڵەكە ئەستوورەكانی مانەوەی ئەم رژێمە كاری كردووە.

رەفسەنجانی ئەو كات كە فەرماندەی گشتيی هێزەكان بوو بە حزووری خامنەئی، كاتێ خامنەيی سەردانی بەرەكانی شەڕی دەكرد، گوێڕايەڵی فەرمانەكانی رەفسەنجانی بوو. رەفسەنجامی لەم دواييانەدا وتبووی كە ”خامنەئی تەلەفونی بۆ دەكردم و ئيزنی وەرگرت تا من ئيزنم نەدابا جوڵەی نەدەكرد.

هەربۆيە مردنی رەفسەنجانی گەورەترين كاريگەری هەبووە بەسەر تەواوەتی رژێم و بە تايبەت بەسەر باڵی عەلی خامنەئی دا. چون خامنەئی و رەفسەنجانی دوانەیەكی دژ بە يەك بوون کە نەدەکرا لێک جیا بکرێنەوە. چون هەردوو باڵ پێويستيان بە يەكتر بوو. لە راستيدا شەڕ و ناكۆكی نێوانيان لەسەر دەسەڵات بوو. ئەگينا هەر دوو لايەن بۆ پاراستنی رژێم و سەركوتكردنی خەڵك و نەيارانی حكومەت، هاوڕا بوون و جياوازييان لە نێوان دا نەبوو. خومەينی بەر لە مردنی وتبووی كە رژێمەكەی تا ئەوكاتە لەسەر پێ دەمێنێتەوە كە ئەم دوانە پێكەوە بن. ئێستا كە دەستی ئەجەل رەفسەنجانی بردەوە، بەر لە هەر شتێك تەواوەتی رژێم زيانی كرد و لاواز بووە و سوودەكەيشی هەڵبەت بۆ خەڵك و موقاوەمەتی ئێرانە. چون ئەم رژێمەی لە رووخان نزيك كردۆتەوە.

رەفسەنجانی هەر لە سەرەتای هاتنە سەر كاری ئەم حكومەتەوە يەكێك بووە لە بڕياڕ بەدەستە هەرە گرينگەكان و پۆستی باڵا و سەرەكی هەبووە كە گرينگترينيان بريتين لە: فەرماندەی گشتيی هێزەكان، سەرۆكی مەجليسی رژێم، سەرۆك كۆمار، سەرۆكی كۆڕی دەستنيشانكەری بەرژەوەندييەكانی رژێم و … تاد.

ناوبراو زۆر ئەكتيڤ بووە لە كوشتاری دڵتەزێنی هەزاران قوربانی لە كوشتارگاكانی بەرەكانی شەڕ و سەركوت و كوشتاری گەلی كورد، هەروەها كوشتاری خەڵك لە توركمان سەحرا، خوزستان و هێرش كردنە سەر زانكۆكان و ئيعدام و لە سێدارەدانی زيندانيان لە دەيەی 80ی زايينی و بە تايبەت قەتڵوعامكردنی زياتر لە 30 هەزار زيندانيی سياسی بێديفاع لە ساڵی 1988 و تيرۆرکردنی نەيارانی حكومەت لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات و سەدان كردەی تيرۆريستی و هەزاران تاوانی ورد و درشتيتر و لەوانە تێوەگلان و تووشكردنی لاوان بە ئيعتياد و مەوادی هۆشبەر.

ئەم تاوانانە تايبەت نەبوون بە مەودايەكی كاتی و رەفسەنجانی تا ئەو كاتەی مرد بەردەوام بوو لە تيرۆر و كوشتاری نەياران. لەم دواييانەدا كۆميسيۆنی ئاسايش و دژەتيرۆری ئەنجوومەنی نيشتمانی بەرهەڵستكاريی ئێران بە ئاشكراكردنی بەڵگەيەک، پەردەی لەسەر ئەم راستيە لادا. بە پێی بەڵگەكە، رەفسەنجانی لە كۆبوونەوەی لەگەڵ يەكێك لە كاربەدەستانی عێراق لە رۆژی 17ی حوزێرانی 2015 داوای قەتڵوعامكردنی ئەندامانی رێكخراوی موجاهيدينی خەلقی كردووە لە عێراق و وتويەتی: ئەندامانی رێكخراوی موجاهيدين ئافەتن، دەبێ لە ناو ببرێن و ئێمەيش بۆ ئەم كارە هەموو رێگاكان دەگرينە بەر.

ناوبراو 35 ساڵ بەر لەو كاتەش وتبووی: ئەندامانی موجاهيدينی خەلق يا دەبێ بكوژرێن و لە سێدارە بدرێن ياخود دەست و قاچيان بقرتێندرێت و لە ناو خەڵك دوور بخرێنەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت