shangal-2

محەمەد هەریری: ئەگەر پاش سێ ساڵ لە کۆیلەکردنی ئافرەتی ئێزدی بێ دەنگ بن، خەڵك هەقیانە لە شەریعەت بتۆقێن!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

تێبینی: تکایە گوێ لەو کوردفرۆش و ناپاکەی لای خوارەوە بگرە. گەر دەسەڵاتی کوردی یەک تۆز کورد پەروەر بووایە، دەبوایە لە وڵات دەربەدری بکردایە.

هەموومان دەزانین چۆن هاونیشتمانمانمان لە خوشک و برا ئێزدیەکان دووچاری چ کارەساتێکی جەرگبڕ بوون لە مانگی ئابی 2014 لەسەر دەستی داعش. نامانەوێ باسی خیانەت و کەمتەرخەمی کێ وکێ بکەین، چونکە ئەو بابەتە پەیوەندی بە هەڵوێستی دینیەوە هەیە، تا هەڵوێستی سیاسی.
ئەو کارەساتەی بەسەر ئەو ئێزدیانە هات هەموو جیهانی هێنایە دەنگ، و زۆر بە راشکاوی ئیدانەی ئەو بەڕبەڕیەتەیان کرد، کە لە دژی ئەو خەڵکەی ئەوێ کرا. جەرگبڕترین خاڵی ئەو دوژمنکاریە بە کۆیلەبردنی ژنانی ئێزدی بوو، کە لە نەتەوە یەکگرتوەکان و وڵاتە زلهێزەکان و هەموو جیهانی هێنایە دەنگ دژی ئەو تاوانەی، کە مرۆڤایەتی پیی وابوو جارێکیتر ناگەڕێتەوە، بۆتە لاپەڕەیەکی ڕابردوو!
هەر بۆیەش کچانی ڕزگاربووی ئەو کۆیلایەتییە، بە بوێریەکی بێ وێنەوە قسەیان بۆ هەموو جیهان کرد، تیرۆریزمی ئیسلامی، و لە پەنا ئەویشدا ئیسلامی سیاسی بێ هەڵوێست و ڕاڕای بێ دەنگیان شەرمەزار کرد. دیتمان چۆن نادیە موراد وەک پاڵەوانێكی مرۆڤایەتی لەلایەن سەرۆک و گەورە مرۆڤانی جیهان پێشوازی لێ دەکرا، سەرەرای بەخشینی چەندین خەڵات پێی.
کەچی ئێزدیەکان لەناو میللەتەکەی خۆیان، کەسانێك کە تووشی پەتای سەلەفیەت بوون، تا ئەمڕۆش کە سێ ساڵ بەسەر کارەساتی سەنگال تێپەڕیوە، تاقە پشتگیریەکیان نەکردوە لە قوربانیانی شەنگال، و بە تایبەت دژی بە کۆیلەکردنی ئافرەتانی کوردی ئێزدی نقەیان نەکردوە! من ئەوە چەند ڕۆژە سێرچ و گەڕان دەکەم، کەسێکی سەلەفی یان هەتا ئیسلامیم دەست نەکەوت بڵێ، ئەو کۆیلە کردنە هەڵەیە هەتا ئەگەر لە دینیشدا هاتبێت، یان سەردەمانێك جێبەجێ کرا بێت.
ئیسلامییەکانیش کە گوایە میانڕەوترن لە سەلەفیەکان، هەتا ئێستا ڕایەکی دینیان نییە لەو بارەوە، ڕونگەیەکی شەرعیان پێ تەئسیڵ نەبووە لەسەر بابەتێکی وا هەستیار.
ڕاستە دەڵێن داعش هەڵەیە و دژی موسڵمانانە، و ئەو شەڕەیان بە هەڵە کردوە دژی موسڵمانانی کورد، چونکە لە کورد موسڵمانتر نییە لە میللەتانی ناوچەکە! بەڵام هەتا ئەو بەرگریەش دەیسەلمێنێت، کە ئەو ئیسلامی و سەلەفیانە ڕازی دەبوون بەو شەڕەی داعش، ئەگەر کورد موسڵمان نەبا، یان هەتا موسڵمانی باش نەبان! هەر بۆیەش لە ناخەوە ڕازین بەوەی بەسەر خوشکانی ئێزدی هاتووە، چونکە نە موسڵمانی باشن، و نە موسڵمانن لە بنەڕەتدا!
ئینجا زامی کوشتنی دوعا یان کردۆتە قەمیسەکەی عوسمان و بیانووی خۆیان! لە یەکەم ساتی کارەساتی ئێزدیەکان هەر باس باسی ئەوە بوو، کە خوا تۆڵەی لە ئێزدیەکان کردۆتەوە لەبەر کوشتنی دادە دوعا، کە کوشتیان چونکە ویستی شوو بە موسڵمانێك بکات! وەك بڵیی کورد ڕۆژانە چەند دوعا ناکوژێت، لەبەرئەوەی موسڵمانێکی وەک خۆی خۆشویستووە و دەیەوێت شووی پێ بکات، نەك ئێزدیەك!
مەلا لەتیفی سەلەفیش لە چاوپێکەوتنێکا، کە پرسیاری تاوانی داعشیان لێکردبوو، گوتبووی بەڵێ کوشتاری داعش تاوان بوو، بەڵام کوشتنی دوعا ش تاوان بوو! وەك بڵێی دوو ڕووداوی یەکسان بن، تاوانەکەی داعش لەبری تاوانەکەی دژی دوعا ڕوویدا!
ئەگەر هەست و بیری دینی زاڵ بوو بەسەر هەر کۆمەڵێك، ئەوە لێت موحەقەق بیت بە بڕی ئەو بڵاوبوونەوەیە، هەستی مرۆڤایەتیتان دەپوکێتەوە، هەزاران مرۆڤ دەکەیتە قوربانی دەقێکی دینی، تێگەیشتنێکی فقهی، تەفسیریکی دەق!
کە مەلا دکتۆر عەبدلواحید ئەو هەموو سوکایەتیە بە ئێزدیەکان بکات و بڵێت کورد نین، و کافر و شەیتان پەرست و موشریکن، پیس و پۆخڵن، لە ناخەوە ڕقیان لە ئێمەی موسڵمانە، ئەها دادە دوعایان چی لیکرد! چەندین قسەی نامرۆیی تر، دەتەوێ شەقامی کوردی موسڵمان چۆن بڕوانیتە ئێزدیەکان؟!
ئەگەر دەسەڵاتێك لەسەر ئەو لێدوانە نازی و فاشیستیانە تا ئێستا سزایەکی شیاوی ئەو کەسانەی نەدابێت، کەوابوو بۆ هەتا کوردە ئاساییەکەش پشتگیری لەو ڕوانگەیە نەکات؟! چونکە کە دەبینێت سزا نییە، کەوابوو دیارە ڕاست دەکات!
کەسانیك حەز بە کۆیلەکردنی خوشکانی نەتەوەیی خۆیان بکەن، لەبەر خاتری دەقێك ئایەتێک یان حەدیسێك یان بنەمایەکی فیقهی، جورئەتی ئەوە نەکەن بڵێن هەڵەیە سەبی کردن و کۆیلەکردنی مرۆڤ لەو چاخە، مرۆڤە نا موسڵمانەکان و ئیزدی و کاکەیی و مەسیحیەکان و بێ دینیەکانی چۆن نەتۆقێن لە ترسی حوکمی شەریعەت؟!
شەریعەتێك ڕەوایی بداتە سەگوسوارانی جەزائیر و تونس و میسر و پاکستان و شیشان و چین بێن خوشکی ئێزدی من بە کۆیلە ببەن، کە هەزاران ساڵە پێکەوە دەژین لەسەر خاکیکدا، دەبێت لەو شەریعەتە ترسناکتر هەبێت بۆ مرۆڤ و لەناو مرۆڤایەتیدا؟!
من بەش بە حاڵی خۆم دەلێم شەڕەفی کچە کوردێکی موسڵمان و ئیزدی و مەسیحی و کاکەیی و هەر شتێکیتر، بە هەموو شەریعەتە ئەرزی و ئاسمانیەکان ناگۆڕمەوە، نەك بە ئایەتێك و حەدیسێك، چونکە لەو بڕوایەدام خودا خزمایەتی لەگەڵ کەس نییە، دەبێت ڕێز و بەزەیی بۆ بەندەکانی یەکسان بێت، با دەقەکانیش وانەڵێن. چونکە لە بیرت بێت عەقل گەورەترە لە هەموو دەقێك، دەقیش بە عەقڵ نەبێت کەس تێی ناگات!

https://www.youtube.com/watch?v=JhkFfmO4HYk

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت