محەمەد هەریری: مێژووی جیاوازی موسڵمان و ئیسلامی!‏

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

موسڵمان هەردەم وشەیەکی گشتگیر و پڕ مانای گشتی تر بووە لە هەر ناوێکیتری مەزهەبی و سیاسی و تایفی دینی. ئیسلامی هەرچەندە ‏وەك زاراوە کۆنە ئیمام ابو الحسن الاشعري لە سەدەی سێیەمی کۆچیەوە بەکاریی هێناوە لە کتێبی [مقالات الاسلامیین]، بەڵام بەو ‏ناوەرۆکە سیاسییە نوییەی ئێستا بەکاری نەهێناوە. ئەشعەری هەموو کەسێکی پێ ئیسلامی بووە بە چاک و خراپەوە! هەتا ئەوانەی کە ئەو ‏تۆمەتباریان دەکات بە لادانی عەقیدی و هەر لادانێکیتری فیکری و دینی! بۆ نمونە باسی وتەکانی گروپێکی شیعەی پەڕگیر دەکات بەناوی ‏‏[الجناحیة] کە پێیان وایە ڕوحی خوا لە ئادەم بەرجەستە بووە و دۆناودۆن گوازتراوەتەوە تا گەیشتۆتە بەدەنی ئیمامەکەیان و، ئیمامەکەیان ‏ئیستا خوایە، و باوەڕیشیان بە ڕۆژی قیامەت نییە.!‏

کەوابوو ئیسلامی لای ئەشعەری هەموو کەسێکی دەگرتەوە، هەتا ئەشعەری پیی موسڵمانیش نەبێت!‏
نەخوێندەواری ئیسلامیەکان لەوەدایە شارەزاییان لە توراسی خۆشیان نییە، هاتوون ئەو زاراوەی ئیسلامییەیان بە پێچەوانەوە بەکارهیناوە ‏بۆ هەر موسڵمانێک کە لای ئەوان موسڵمانی چاك و هەڵبژاردەن!‏
واتە وشەی موسڵمان لای ئیمامی ئەشعەری بەرزتر و تایبەتتر بوو، بەڵام وشەی ئیسلامی وشەیەکی کۆکەرەوە بوو بۆ هەموو مەزهەب ‏و تیرە و گروپێك لەناو ئیسلامدا هەڵقوڵابن.‏
ئیسلامی لەو سەردەمە بە هەرکەسێك دەگوترێت کە هەوڵی بە سیاسی کردنی دین دەدەن، دەیانەوێت دین و سیاسەت ببنە یەك شت، ‏شەریعەت حوکمی خۆیان و جیهانیش بکات!‏
خۆیان دەڵێن جیاوازی نییە لە نیوان موسڵمان و ئیسلامی، بەڵام ئەوەی باوەڕی بە جیاوازی نییە لە نێوان موسڵمان و ئیسلامی، وەك ئەو ‏کەسەیە باوەڕی بە جیاوازی نییە لە نێوان جووێك و زایۆنزمێك. چونکە زایۆنیزم و ئیسلامی هەردووکیان پڕۆژەی بە سیاسیکردنی ‏دینن. محمد ماغوتیش دەڵێت: کێشەمان قەت لەگەڵ خودادا نەبووە، بەڵکو کێشەی ئێمە لەگەڵ ئەوانەن خۆیان خستۆتە پاش خوا و خۆیان بە ‏دەمڕاستی دەزانن!‏
تا ئێستا ئەوەندە جیاوازیەم دۆزیوەتەوە، هەندێکیان هی خۆمن و هەندێکیتر لە وتە و وتاری خەڵکانیترم گوێ لێبوو، لە نێوان موسڵمان و ‏ئیسلامی کە ئەوانەی خوارەوەن:‏

• موسڵمان پێی وایە خوا دەیپارێزێت.‏
• ‏ ئیسلامی پێیوایە ئەو خوا دەپارێزێت!‏

• ‏ موسڵمان گرنگی بە باوەڕی خۆی دەدات.‏
• ئیسلامی بایەخ و گرنگی بە باوەڕی هاوسێی دەدات!‏

• موسڵمان دینداری دەکات تا پایەکی لە بەهەشت دەست کەوێت.‏
• ئیسلامی هەوڵ دەدات تا پایەکی لە پەرلەمان و دەوڵەت دەست کەوێت!‏

• ‏ موسڵمان دەگەڕێتەوە بۆ لای خوا.‏
• ‏ ئیسلامی دەگەڕێتەوە بۆ لای مەکتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی شورا‎!‎

• موسڵمان دەیەوێت دڵنیا بێت کە دەچێتە بەهەشت.‏
• ئیسلامی دەیەوێت دڵنیا بێت خەڵکیتر دەچنە دۆزەخ!‏

• موسڵمان کارێك بە خراپ بزانێت هەوڵ دەدات نەیکات.‏
• ئیسلامی کارێك بە خراپ بزانێت، ناهێڵێت و قەدەغەی دەکات خەڵکیتر بیکەن!‏

• مزگەوت لای موسڵمان شوێنێکە بۆ عیبادەت و بەس.‏
• مزگەوت لای ئیسلامی شوێنێکە بۆ عیبادەتی سیاسی و بانگەشەی سیاسی و خاکێکە بۆ دەستبەسەر داگرتن!‏

• موسلمان هەوڵ دەدات تا بکرێت وێنەی جوان بێت لەبەر چاوی خەڵکانی تر.‏
• ئیسلامی گوێ بەڕای خەڵکانیتر نادات، تا بۆی بکرێت خۆی و دین و موسڵمانانیش دزێو دەکات لەبەرجاوی خەڵك!‏

• موسڵمان حەزی لێیە منداڵەکانی وەك منداڵانی خەڵک بخوینن و کار بکەن و سەرکەوتوو بن، دوور لە بەڵا بن.‏
• ئیسلامی حەز دەکات مناڵی خەڵک لە خەمی دین و جیهاد و شەڕ و لیدانی دوژمنە زۆرەکانیان ژیان بەنە سەر!‏

• موسڵمان کە خێر دەکات بەنهێنی دەیکات و بیر لە پاداشتی خوا دەکاتەوەو، لای گرنگ نییە ئەو هەژارە کێیە و کێ نییە، ‏مولتەزیمە یان جاهیلە!‏
• ئیسلامی کە خێر دەکات بە کامێراوە دەیکات و، بیر لە ڕاکێشانی دڵی هەژارەکە دەکاتەوە بۆ ناو حزبەکەی یا گروپەکەی، ‏هەتا حزبی خۆشی هەبێت خێر بە هەژاریتر ناکات.‏

• موسڵمان کە کچەکەی دەداتە شوو، لە پیناو پێکهینانی خێزانێکی بەختەوەر دەیداتە کەسێکی باش لە رووی ڕەوشت ‏و دینداریەکی ئاسایی وەك خۆی. گرنگ ڕەوشت ودینە.‏
• ئیسلامی بەشوودانی کچەکەشی پڕۆژەیەکی سیاسییە، ئەو کوڕەی دێتە پێش چەندە بە ڕەوشت و دینیش بێت، ئەگەر سەر بە ‏حزبەکە و گروپەکەی ئەو نەبوو ڕەتی دەکاتەوە، با کچەکەشی پێی ڕازی بێت! گرنگ سیاسەتە!‏

دەکرێت جیاوازیتریش ببیندرێتەوە تا ئێستا بیری کەسی بۆ نەچوو بێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت