محەمەد هەریری: کەنیزەی ئەرمەنی کورد و کەنیزەی ئێزدی داعش!
لە کتێبی کورد: توێژینەوەیەکی سۆسیۆلۆژی باسیلی نیکتین، لەو بەشەی باسی پایەی ئافرەت لەناو کورددا دەکات، پاش زۆر ستایشکردنی پیاوی کورد سەبارەت بە ڕەفتاری لە تەك ئافرەتدا، ئەو ئازادییەی کە ئافرەتی کورد هەیبووە لە چاو ئافرەتانیتری ناوچەکە، و دەڵێت پیاوی کورد زۆر بە ڕەوشتی سوارچاکی و جەنتڵمان و مێرخاسیەوە مامەڵەی ئافرەت دەکەن. مەلا محمودی بایەزیدیش نمونەی زۆر دەهێنێتەوە لەسەر ئەو ڕێزە تایبەتەی کە کورد بۆ ئافرەتی هەیە، و دەڵێت: زۆرجار کێشە و شەڕ ببێت لە نێوان دوو هۆز و لایەنی کورد کە ئافرەت چووە نێوانیان یان شێخێك و مەلایەك، شەڕەکە دەوەستێنن. ئافرەتەکە ئەگەر دەسەسڕی خۆی فڕێدایە نێوان گۆڕەپانەکە، هەردوولا لە شەڕ دەوەستن دەمەودەست!
ڕۆژهەڵاتناسی هۆڵەندی و کۆردۆژیکی بەناوبانگ ڤان مارتن برۆنسن سەرەڕای ڕەخنەی زۆری لە کۆمەڵگای کوردی، دەڵێت: هەرچەندە کورد کۆمەڵگایەکی باوکسالار و نێرسالار بوو لە کۆندا، بەڵام ئەو ڕێزە تایبەتەی کە هەیبوو بۆ ئافرەت دەکرێت بڵێین دیاردەیەك بوو بۆ خۆی!
باسیلی نیکتین ئاماژە بە خانمێکی فەرەنسی چیرۆکنووس دەکات بە ناوی [پۆل هنری بۆردۆ] لە چیرۆکێکی بەناوبانگ بەناوی [ئەنترامی ترابزۆنی] L’immortelle deTrébizonde
باسی داستانێکی خۆشەویستی هەقیقی زۆر سەیر دەکات لە نێوان کچێکی ئەرمەنی بە کەنیزەکراو لەلایەن جەندرمەکانی تورك کە دەیفرۆشنەوە بە پیاوێکی کورد، و کچەکە بەو شێوەیە چیرۆکی کۆیلایەتی خۆی دەگێڕێتەوە:
من چی بووم بە نسبەت ئەو کوردە؟ کەنیزەك؟ خزمەتکار؟ میوان؟ بۆچی منی کڕی؟ ئەو مرۆڤە سەرەتاییە هەستێکی قووڵی بە مێرخاسی سروشتی تێدایە. ماڵەکەی ئافرەتێکی تێدا نەبوو، ئەی ئەو هەموو ڕێزەی بۆ ئافرەت لە کوێ هێناوە؟ ئەو ڕیزەی وەختە بڵێم هەر بوونی نییە لەناو گەلانی ئیسلامی تردا؟ من ئەو پیاوەم خۆشت ویست کە هیچیشم دەربارەی نەدەزانی، بەڵکو من هەتا زمان و مێژووی گەلەکەیشم نەدەزانی. بەیانیەکەی لە خەوی هەلساندم و دەستی گرتم بە نەرمی و لەگەڵ خۆیدا دەیخولاندمەوە بە دەوری ئاگرەکە، دیارە ئەو نەرێتی خۆیان بوو. کاتێك کچێك شوو دەکات بەو جۆرە ماڵی باوکی جێ دەهێڵێت. پاش چەند ساتێك من و دایەنەکەمی بانگ کرد بۆ حەوشی ماڵەکەی، سەد سەر مەڕ و پێنج گامێشی لەوێ کۆکردبوەوە، و گووتی: دەبوایە ئەو شتانەم وەك نەختی تۆ بدایە باوکت، بەڵام من ئێستا دەیدەم بە دایەنەکەت کە لەگەڵت هاتووە، وەك نەختی هاوسەرگیریمان. زۆر بە شادومانیەکی ئاشکراوە سەیری دەکردم. هەڵبەتە کەس ناچاری نەکردبوو کارێکی وا بکات، بەڵام دەیویست بۆ هەموو خەڵکی نیشان بدات کە ئەو ئەو ئافرەتە بێگانەیەی تەنها بۆ ڕابواردنێکی جەستەیی بێ نرخ ڕانەگرتووە لە ماڵەکەی، بەڵکو منی وەك هاوسەرێکی شەرعی نیشان دا تا هەموو خەڵکیتر ڕێزم لێ بگرن. زۆر کاریگەر بوو بۆ من! پاش هەفتەیەك گوێم لە دەنگ و هەرا بوو لە دەرەوەی ماڵ، بینیم کۆمەڵێک ئاژەڵیتری هێناوە و گووتی دەبوایە پاش هاوسەرگیری سەردانی ماڵی باوکت کردبا و ئەوانیش ئەو ئاژەڵانەت پێشکەش بکەن بە دیاری، بەڵام ئەوە ئەمن لە جیاتی ئەوان دیاریت دەکەم بەپێی داب و نەرێتمان، چونکە نامەوێت لە ژنەکانی تر هەژارتر دەرکەویت!”
ڕۆژگار تێپەڕی مناڵیکمان بوو، هێدی هێدی گەشەی دەکرد لە نێوانماندا. مناڵەکە یەك تاقە وشەی کوردیش قسەی نەدەکرد، وەك هەر منداڵێکی ئەرمەنی بوو، هیچ ڕۆژێك بێزاربوونی لەو وەزعە نیشان نەدەدا، تەنها ڕۆژێکیان پێی گووتم: بەلایەنی کەمەوە فێری وشەی [بابە] ی بکە! بەڵام ئەو ئاواتەیشم نەهێنایە دی! ئەو بەختیارییە هێشتا لە نێوانماندایە لەپاش چوار ساڵ هاوەسەرگیریمان.
وەرە ئەو ڕەفتارە بەراوردکە لەگەڵ داعشەکانی شەرمەزاری مێژوو، چۆن دەستدرێژیان کردە سەر خوشکانی ئێزدیمان، هەتا منداڵی 9 ساڵەشیان نەپاراست لەو دەستدرێژیانە، یەکێك لەو ڕزگاربووانەی خوشکانی ئێزدیمان تەمەن 14 ساڵە دەڵێت: لای کوڕ وباوکێك بووم، کوڕەکەی بەردەوام دەستدرێژی دەکردە سەرم، کە سەگ تۆپ بوو کوژرا، ئینجا باوکی دەستدرێژی دەکردە سەرم! ئەوانە لە چ قوڕێك دروستکراون، ئەکید لە قوڕی ناو گواو!
کچەکە لە زانکۆی سلێمانی سیمنارەکەی پێشکەش کرد و گووتی کاتێ ژنێکی بە تەمەنی 65 ساڵەم دێت، بەردەوام دەگریا، کە پرسیم بۆ دەگرییت؟! گووتی: منداڵێکی هەرزەکاری داعش بەردەوام دەستدرێژی کردۆتە سەر ئافرەتێك لەوانەیە لە تەمەنی دایکی گەورەتر بێت!
ڕاستە کۆیلەیی هەر کۆیلەییە و بە هیچ پێوەرێك قبوڵکراو نییە، بەڵام بڕوانە ئەو دوو حاڵەتە ئینجا لە مرۆیی کوردەکە و نامرۆیی داعشەکان تێدەگەیت! ئەو چیرۆکە زۆر دەنگی دایەوە جارێکیتریش لە ساڵی 2015 چاپکرایەوە، خۆزگە ئەوەی فەرەنسی دەزانی وەریگێڕابایە سەر کوردی، من وێنەی ڕۆمانەکە دادەنێم، سوپاس بۆ باسیلی نیکتین کە ئاگاداری کردینەوە بەو شاکارە، کە ڕەوشتی سوارچاکانە و مرۆڤدۆستانەی کورد دەردەخات.