شه‌ریف هه‌ژاری: له‌م نا واقیعیی و نا نه‌ته‌وه‌ییه‌ی (به‌ پله‌) سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كانی هه‌ر چوار به‌شه‌كه‌ وردببنه‌وه‌!

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

باكوری كوردستان

له‌ دۆخێكدا كه‌ یه‌كێتیی ئه‌وروپا و به‌تایبه‌ت سه‌ركرده‌ كاریگه‌ره‌ خۆراواییه‌كانی وه‌كو (ئه‌نگێلا مێركل) ی ڕاوێژكاری ئه‌ڵمانیا، ڕه‌خنه‌ی توندیان له‌و شاڵاوی گرتن و كوشتوبڕ و به‌ میلیتاریزه‌كردنی شاره‌كانی باكوری كوردستان ده‌گرت، له‌ بری ئه‌وه‌ی له‌ باشوری كوردستان ڕێپێوانی گرنگ و كاریگه‌ر ڕێك بخرابایه‌ ، كه‌چی:
ڕێك دوو شه‌و دوای ئه‌وه‌ی ڤیدیۆی ئه‌و كچه‌ شه‌ره‌فمه‌نده‌ كورده‌ بڵاوكرایه‌وه‌، كه‌ به‌ برینداری ده‌گیردرێ و، جه‌ندرمه‌ به‌دڕه‌وشته‌كانی تورك (وه‌ك مۆراڵی بنه‌چه‌یان) هه‌وڵی ته‌عه‌دای به‌زۆری ئه‌ده‌ن و، كچه‌ شه‌ره‌فمه‌نده‌كه‌ش شێرئاسا (به‌دیلكراوی) ڕووبه‌ڕوویان ده‌بێته‌وه‌ و، جه‌ندرمه‌ حه‌رامزاده‌كان به‌ حه‌ربه‌ شه‌هیدی ئه‌كه‌ن و چه‌ندین چه‌قۆ به‌ر ناوچه‌ هه‌ستیاره‌كانی ده‌ده‌ن، كه‌چی:
زانای ده‌گمه‌نی ئاینی كورد (عه‌لی قه‌راخی) به‌یاننامه‌ی بڵاوكرده‌وه‌ بۆ پشتیوانی ده‌وڵه‌تی ئاكه‌په‌ و سوڵتان ئه‌ردۆغان.
یه‌كێتیش كه‌ ده‌بوو هه‌ر هیچ نه‌بێت په‌رله‌ماتاره‌كانی یاخود نوێنه‌ره‌كه‌ی له‌ توركیا هه‌ڵوێستی كرداریی- مه‌ده‌نییان هه‌بووایه‌. كه‌چی ڕه‌خنه‌ی توندیان (ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ) له‌ هه‌ده‌په‌ گرت كه‌ گووایه‌ خه‌باتی شاخ و مه‌ده‌نیان تێكه‌ڵ كردووه‌ و، نه‌ده‌بوو هه‌ده‌په‌ ھه‌ڵه‌یه‌كی وا گه‌وره‌یان بكردبایه‌! كه‌چی هه‌ر ئه‌م سه‌ركردانه‌ی یه‌كێتیی بوون، كه‌ پێش ئه‌وه‌ی سه‌ركرده‌كانی هه‌ده‌په‌ بڕفێنرێن و شالاوی گرتنیان ده‌ست پێ بكات، ئه‌وا به‌ توندی به‌رگریان له‌ سیاسه‌تی هه‌ده‌په‌ ئه‌كرد، به‌لام كه‌ ئه‌ردۆغان شالاوی گرتنی هه‌ده‌په‌ و گه‌للی كوردی له‌ باكور ده‌ست پێ كرده‌وه‌، ڕاسته‌وخۆ یه‌كێتیی بایان دایه‌وه‌ و وه‌ك عه‌لی قه‌راخی و پارتیی بۆ ئه‌ردۆغان (با ئاراسته‌ی ڕووه‌و ئێرانیشیان بووه‌ستێ!).
ئه‌وه‌ پارتیش باسی ناكرێ كه‌ چۆن له‌و كاته‌ ته‌واو هه‌ستیاره‌ی ئه‌ردۆغان دا، كه‌ دونیا دژی كرده‌وه‌ ڕه‌شبگیرییه‌كانی بوو، كه‌چی هه‌م مه‌سعود و هه‌م نێچیر ده‌چوون بۆ لای ئه‌ردۆگان و به‌ پاڵپشتی سه‌ره‌كی نه‌ته‌وه‌ی كوردیان ده‌دا له‌ قه‌ڵه‌م!!

خۆرهه‌لاتی كوردستان:
ماوه‌یه‌كی كورته‌ ترامپ هاتۆته‌ سه‌ر ته‌خت و به‌ فه‌ڕمیش كۆشكی سپی چه‌ندین جار ڕایگه‌یاندووه‌ كه‌: ئێران گه‌وره‌ترین پاڵپشت و سپۆنسه‌ری تیرۆره‌ و، ئاژاوه‌گێڕی سه‌ره‌كی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌ و ده‌بێت ڕێی لێ بگیردرێت. ئیتر با قسه‌كانی سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا و ئیسرائیل و هتد بووه‌ستێ، كه‌چی:
(خالید عه‌زیزی و عومه‌ری ئیلخانی زاده‌ و هه‌نێكی تر) ی به‌ پله‌ سه‌ركرده‌ی كوردی خۆرهه‌لات، دوای لێدوانه‌ فه‌رمییه‌كانی ترامپ و كۆشكی سپی و سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا و … هتد، له‌بری ئه‌وه‌ی واقیعییانه‌ و نه‌ته‌وه‌ییانه‌ سیاسه‌تیان بكردبایه‌ و له‌ سیاسه‌تیان بزانیبایه‌، ئه‌وا: خالید عه‌زیزی له‌ به‌رنامه‌یه‌كی (بۆ سازكراو دا) چه‌ندین جار جه‌ختی ئه‌كرده‌وه‌ كه‌: پێویسته‌ زیاتر گه‌شه‌ به‌ خه‌باتی مه‌ده‌نی بده‌ین له‌ناوخۆی ئێران دا و عومه‌ری ئیلخانی زاده‌ و كه‌مال كه‌ریمی و هه‌ندێكی تریشیان هه‌مان شتیان جه‌خت ده‌كرده‌وه‌ له‌ چاوپێكه‌وتنی جیادا!! ئینجا‌ با ئه‌وه‌ بووه‌ستێ كه‌ تائێستا (ئه‌م به‌ پله‌ سه‌ركردانه‌) نازانن خه‌باتی مه‌ده‌نی چیه‌ و له‌ چ كه‌شێك دا كاریگه‌ری ده‌بێ!؟ چونكه‌ ئه‌گه‌ر بیانزانیبایه‌ ئه‌وا نه‌ ئه‌و قسه‌یه‌یان ئه‌كرد و نه‌ دژی خه‌باتی چه‌كداریش ده‌وه‌ستانه‌وه‌ و، نه‌ ده‌سه‌لاتی داگیركه‌ری ئێرانیش زیاتر فریوی ئه‌دان!!
له‌م دۆخه‌دا كه‌ زلهێزان چه‌قۆ بۆ ئێران تیژئه‌كه‌نه‌وه‌، له‌بری ئه‌وه‌ی به ‌پله سه‌ركرده‌‌ (ناسه‌ركرده‌كان)ی كوردی خۆرهه‌لات، چه‌ندین تیمی دبلۆماسییان بۆ هاتوچۆی ئه‌مریكا و ئه‌وروپا بخستبایه‌ته‌كار و سیاسه‌ته‌ تیرۆریستی و كوشتوبڕه‌كانی ئێرانیان گه‌وره‌تر بخستبایه‌ته‌ ڕوو، خه‌باتی چه‌كدارییان گه‌شه‌ پێ بدایه‌ته‌وه‌ و، به‌كرده‌وه‌ به‌ته‌واوه‌تی سه‌رنجی ئه‌مریكا و ئه‌وروپا و ئیسرائیلیان بۆ لای خۆیان ڕابكێشایه‌.
كه‌چی ڕاسته‌وخۆ وه‌ك وه‌لام بۆ (ئه‌مریكا و به‌ریتانیا و ئیسرائیل و هتد) ده‌ڵێن: ئێمه‌ ده‌بێت خه‌باتی مه‌ده‌نی گه‌شه‌ پێ بده‌ین!! واته‌ له‌ سیستمی كۆماری ئیسلامی دا كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی بوونی هه‌یه‌ و په‌رله‌مان داینه‌مۆی ده‌سه‌لاتبه‌خشینه‌ و له‌ سه‌روو هه‌موو ده‌سه‌لاته‌كانه‌ و، له‌ واقیعیشیی دا ڕێ له‌ فره‌حیزبی نه‌گیراوه‌!!
ئه‌م قسانه‌ی ئه‌م به‌ پله‌ (سه‌ركردانه‌ی كوردی ئێران!!) له‌م دۆخ و واقیعه‌دا: %100 له‌ خزمه‌تی ده‌سه‌لاتی داگیركه‌ری ئێران دایه‌ و، %100 پێچه‌وانه‌ی دیدگای كابینه‌ی ترامپ و تریزا مه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیایه‌ كه‌ ئه‌ڵێن: ئێران گه‌وره‌ترین پشتیوانی تیرۆره‌ له‌ جیهان دا و گه‌وره‌ترین ئاژاوه‌گێڕی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیشه‌.
ئا ئه‌مه‌یه‌ نا- واقیعی بوون و نانه‌ته‌وه‌یی و ناسیاسیی بوونی (به‌ پله‌) سه‌ركرده‌كانی كوردی خۆرهه‌لاتیش! چونكه‌ یا نازانن ئه‌م دۆخه‌ چ واقیعێكه‌ ئه‌م قسه‌یه‌ی تێدا ئه‌كه‌ن و وا ئه‌زانن هه‌ر ساڵانی سه‌ره‌تای دوو هه‌زاره‌ كه‌ ئێران به‌ پڕوپاگه‌نده‌ی خه‌باتی مه‌ده‌نی فریوی دان و كاتی پێ كووشتن! یاخود (خوا ئه‌وه‌ نه‌كات!!) ده‌یانه‌وێت دژ به‌ بۆچوونه‌كانی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی (ئه‌مریكا و ئه‌وروپا) كه‌ ئێران وه‌ك سپۆنسه‌ری تیرۆر ده‌یبینن، بووه‌ستنه‌وه‌!! كه‌وابوو: خالید عه‌زیزی كۆنه‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ (به‌ دیموكرات زانینی سیستمی سیاسیی ئێرانی ئێستا!) و كۆمه‌ڵه‌كانی زڕگوێزه‌ڵه‌ و تێفكرینی سیاسیی- واقیعی كوجا مه‌رحه‌با!؟
ئێستا دۆخه‌كه‌ هی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خه‌باتی چه‌كداری ته‌واو گه‌شه‌ پێ بده‌ن و ده‌یان ئاراسته‌ی خه‌باتی دبلۆماسی دژی ئێران بسازێنن، كه‌چی تازه‌ به‌ تازه‌ باسی گه‌شه‌پێدانی خه‌باتی مه‌ده‌نی ئه‌كه‌ن!؟ ئه‌ی بۆ كورت و پوخت ڕای ناگه‌یه‌نن، كه‌: دژی ڕوخانی ده‌سه‌لاتی كۆماری ئیسلامین!!

خۆراوای كوردستان:
خۆراوای كوردستان كراوه‌ته‌ گۆڕه‌پانی به‌ریه‌ككه‌وتنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ حیزبییه‌كانی په‌كه‌كه‌ و پارتیی، كورد وته‌نیی: خوا بكات به‌هۆی په‌كه‌كه‌ و پارتییه‌وه‌ ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ی كه‌ چه‌ند ساڵێكه‌ بۆ خۆراوا هاتۆته‌بوون، له‌ ده‌ستی نه‌ده‌ن. ئا ئه‌مه‌شه‌ ناواقیعی بوون و ناسیاسیی بوونی ده‌رفه‌ته‌كان له‌ لایه‌ن (به‌ پله‌) سه‌ركرده‌كانی كورده‌وه‌!!

باشوری كوردستان:
ڕوونه‌ باشوری كوردستان دوو حیزبی چه‌كدار حوكمی ئه‌كات، كه‌ له‌ 1991 وه‌ ئه‌مریكا دۆخی سه‌ربه‌خۆیی بۆ هێنانته‌ ئاراوه‌، كه‌چی له‌ بری ئه‌وه‌ی له‌ 2003 دا به‌ ڕۆشتنه‌وه‌ ناو كه‌ركوك سه‌ربه‌خۆیی ڕاگه‌یه‌نن.
ئه‌وا ئه‌و (شانازییه‌یان!!) به‌ خۆیان به‌خشییه‌وه‌ كه‌ چوونه‌وه‌ (عێراقی كارتۆنیان) دروست كرده‌وه‌!!
پاش هاتنی داعشیش ده‌رفه‌تی ته‌واو زێڕین هه‌ڵكه‌وت، به‌لام جارێكی دیكه‌ ئه‌م دوو حیزبه‌ خاوه‌ن چه‌كداره‌ له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌ حیزبییه‌كانیان و شوێنكه‌وتییان: یه‌كیان بۆ (ئێران) و ئه‌وی تریشیان بۆ (توركیا)، كوردستانیان به‌م ڕۆژه‌ گه‌یاند، كه‌ له‌ مێژووی مرۆڤایه‌تی دا‌ ولاتێك نه‌بووه‌ هێنده‌ فه‌سادی ئیداری و دابه‌شكردنی زه‌وی و زاره‌كانی مولكی گه‌لی به‌م ئاسته‌ گه‌یشتبێت.
ئێستا یه‌كێكیان (25 ساڵی ڕیكه‌) واته‌ چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌كی ته‌واوه‌ خۆرهه‌لاتی كوردستان به‌ به‌شێكی كوردستان نازانێ و له‌ هیچ هه‌واڵێكی ته‌له‌فزیۆن و ڕۆژنامه‌كانی دا باسی كوشتوبڕی نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌ خۆرهه‌لاتی كوردستان ناكا و،
ئه‌وی تریشیان، به‌ سوپای توركیا شه‌ڕی براكانی ئه‌كا و، له‌ نه‌وه‌داكانه‌وه‌ ده‌یان سه‌ربازگه‌ی توركی هێناوه‌ته‌ خاكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌.
واته‌ هه‌ردووكیان به‌م دوو ئاراسته‌ شوێنكه‌وته‌ییه‌یان بۆ ده‌وڵه‌تانی داگیركه‌ری (ئێران و توركیا)، باشوری كوردستانیان دابه‌ش كردووه‌ و، ڕێگری سه‌ره‌كیشن بۆ ئه‌وه‌ی كورد له‌م به‌شه‌دا یه‌كگرتوو بێ و به‌سه‌ربه‌خۆیی بگات. چونكه‌ گه‌ر ئه‌وان وه‌ك دوو حیزبی چه‌كدار ڕێك بكه‌وون و سه‌ربه‌خۆییان بوێت، ئه‌وا ڕوونه‌ به‌بێ حیزبه‌كانی تریش ئه‌توانن جێ به‌جێی بكه‌ن!! به‌ڵام هه‌لپه‌رستی و فه‌رهودكردنی سامانی نه‌وت و چه‌پاولگه‌رییه‌كانیان چاوی به‌ستوون له‌ ئاست دۆخ و گوزه‌رانی جه‌ماوه‌ر و مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی گه‌ل دا.
ئا ئه‌مه‌شه‌‌ نا- واقیعی سیاسیی و نانه‌ته‌وه‌یی (به‌ پله‌) سه‌ركرده‌كانی باشوریش!!