عەدنان کەریم و کامیار سابیر: گۆڕان، بۆچی “ لۆبی” ی بۆ پارتیی دەکات؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وردبوونەوە لە بێگوتاریی، سەرگەردانیی فیکریی و سیاسیی گۆڕان!

ئەو سەرنج و تێڕوانینانەی لەسەر ئەم باسە دەینووسین، پێوەندیی بە بۆچوونی دوو گەنجی ( محەمەد ئەحمەد و حەمە گۆپاڵە- سەیری لینکەکەی خوارەوە بکەن) گۆڕانەوە نییە کە نووسراوێکی درافتیان نووسیوە و بە بەنیازی پێکهێنانی لۆبیی نەتەوەیی بۆ کورد، لۆبیی بۆ پارتیی و حکومەتی هەرێمی پارتیی بکەن. ئەوان، تەجرەبەی سیاسییان نییە و لە کایەکانی فیکری سیاسیی( political thought) ، مەعریفەی سیاسیی، زمانی سیاسیی( political language) و سیاسەتی زمان(language politics )دا، زمانی بیرکردنەوە و دیدی سیاسییان، هیی سەردەمی ئەی رەقیبە و عەقڵییەتی شاعیرەکانی کوردایەتیی و شۆڕشگێڕە میلیشیاییەکانی شاخیان، تەجاوز نەکردووە. بەپێچەوانەوە، راستەخۆ سەرنج و رەخنەکان، بۆ سەر مەغزی گۆڕانە کە بڕیارە ژووری توێژینەوەی سیاسیی گۆڕان، تەغذییەی فیکریی و سیاسیی، حیزبی گۆڕان بکات.
لە واقیعدا، ئەم بۆچوونە ، نەتەوەپەرستیی و موناجاتە نەژادییانەی ئەم دوو گەنجە، بەرهەمی واقیعیی ئەم ژوورە ( بێسەروبەر)ە و سەرکردایەتییە دەستەپاچەیەی گۆڕانە کە لە دوور و نزیکەوە، پێوەندییەکیان بەدونیای فیکر و مەعریفەی سیاسییەوە نییە و ئەم پەخشانە شیعرییە نەژادیی و ڕاسیستییە، بەناوی فیکری ستراتیژییەوە بەسەر لایەنگرانی خۆیاندا تەخشان دەکەن. راستییەکەی سکانداڵێکی سیاسیی، فیکریی، مەعریفیی و کولتوورییە، ژوورێک ئەو هەموو ئەکادیمیست، پسپۆر، توێژەر و سیاسییە موخەضرەم و پیرە سیاسییەی لێکۆبووەتەوە، ئەو هەموو ئیمکاناتەی بۆ تەرخانکراوە، بەڵام ئەم مەعانەتە نەژادییە و ئەم کڕوزانەوە نەتەوەپەرستییانەیان بەسەردا تێپەڕ دەبێت و بەم ریتۆریک و درۆ سیاسییانە، بە ئەندێشەی خۆیان، دەیانەوێ مۆدێلێکی تر، ڤێرژنێکی تر و پارادایمێکی جیاوازتر لە سیاسەتی کوردیی( Kurdish Politics ) دابڕێژن.
لە باری ئێثیک و مۆڕاڵی نووسینەوە، ئەو دوو گەنجە بەرپرسیار نیین لە ناوەڕۆکی ئەم تێڕوانینە حیزبیی و ئایدیۆلۆژییەی گۆڕان کە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، لۆبیی بۆ پارتیی دەکەن، بەڵکو گۆڕان و کادیرەکانی بە گشتیی و ژووری توێژینەوە سیاسییەکەی، بەتایبەتیی، لەناوەڕۆکی ئەم بێگوتاریی، ئەم فیغانە نەژادیی و موناجاتە نەتەوەییە، بەرپرسیارن. هاوکات، ئەوەی ئەم دوو گەنجە گوتویانە، رەنگدانەوەی ئەو دۆخە سیاسیی و فیکرییەیە کە نەژادپەرستیی و نەتەوەپەرستیی، لە داڵانی داڕێژەرانی سیاسەتی گوڕاندا، گەرای کردووە. رەنگدانەوەی ئەو پارادایمە سیاسیی و فیکرییەیە کە گۆڕان بە مایکرۆسکۆپیش، جیاوازیی فیکریی و سیاسیی، لەسەر ناسیۆنالیزمی نەژادیی و بەتایبەتییش، لەسەر کوردایەتیی، لەگەڵ پارتیی و یەكێتییدا نییە.
تەواوی قیادە و قاعیدەی گۆڕان، خەریکی وەڵامدانەوەی رانتخۆرێکی وەکو حەمەی حاجی مەحمودن، بە پلاری سیاسیی، نوکتەی سیاسیی، بە هەڵدانەوەی مێژووی سیاسیی حەمەی حاجی مەحمود و بە هەڵسوکەتە ناسیاسیی و ناعەقڵانییەکانی ئەو پیاوەوە، خەریکن. ئەویش بەهەمان پێوەر و کەرەستەی سیاسیی حیزبی سۆشیالیستەوە، ئەم هەڵا سیاسییە دەکەن. لەکاتێکدا، چوار کادیریان، چوار نووسەریان، نایەن، چوار دێڕی جیاوازی فیکری سیاسیی گۆڕان و پرۆژەی جیاوازی گۆڕان، بۆ مەلەفی نەوت و بۆ داینەمۆی سەربەخۆیی ئابووریی( کوردایەتیی) باس بکەن و گەنجەکانی گۆڕانی، پێ تەغدییە بکەن. ئەم رەخنەگرتنەی ئێمەش، بەشێکی زۆری، پێوەندیی بەم بێگوتاریی و سەرگەردانییە سیاسیی و بێفیکرییەی گۆڕانەوە هەیە.

زمان و خەراباتی فیکری سیاسیی
بە دیدە باوەکەی ئۆروێل( G. Orwel)یش بێت، زمانی سیاسیی، دەبێ مەعقولییەت و وردەکاریی(scrupulous ) تێدا بێت. ناکرێ بە مێنتاڵیتیی کوردایەتیی و شاعیرە بێسەوادە نەژادییەکانی کورد، تەعبیر لە کەلێنە سیاسییەکانی مەسەلەیەکی ئاڵۆزی وەکو لۆبییکردن بکرێت. لۆبی Lobby ، ناکرێ بە لۆب بنووسرێ، مەگەر بە پێوەری کوردایەتیی، نەزانییەکی وا بکرێت. لە هەموو ئەدەبی سیاسیی جیهاندا و لە هیچ زمانێکدا شتێک بەناوی “لۆب” و دەسەڵاتی “لۆب”ەوە، بۆ لۆبییکردن، نییە. ئەمە، تەنیا لە ئەدەبی بێمەعریفەی کوردایەتییدا، شتی بێسەروبەری وا، بوونی هەیە. ئەم بێمەعریفەییەش، بەسەر ژووری توێژینەوەی ئەکادیمیست و سیاسییەکانی گۆڕاندا، بە ئاسانیی تێدەپەڕێت. ئەم پێودانگانە، نیشانەی خەراباتی فیکری سیاسییە لە پێوەند بە زمانی سیاسیی، داڕشتنی سیاسیی و فیکری سیاسییەوە.
گۆڕان کە خۆی وەکو هێزێکی سیاسیی لە کوردستانی عێراقدا، بەشدارە لە پرۆسێسی سیاسییدا، وێڕای ئەوەی بە زەبری میلیشیاکانی کوردایەتیی، لە هەولێریش دەرکراوە، بەڵام کوردەناموسیی و حەماسی کوردایەتیی، هێشتا رێگەیان پێنادات لە حکومەتە فاشیلەکەی پارتیی بکشێنەوە. گوڕان، بێگوێدان بە هیچ پرەنسیپێکی سیاسیی و قانونیی، بە نەفەسێکی نەتەوەپەرستیی و کەفوکوڵی نەژادییەوە، تەرویج بەم شێوازە لە سیاسەتکردن، تا رادەی پۆپۆلیزمی سیاسیی دەدات. لە سەردەمی نوێدا، ئەم شێوازە لە ئەدەبییاتی سیاسیی (شه‌ڕی مانه‌وه‌ی کورد به‌رامبه‌ر تورک، فارس، عه‌ره‌ب و عەجەم )، تەنانەت لە نێوەندە سیاسییە عوروبیی، پانئێرانیی و پانتورکییەکانیشدا، بەو بێچاوڕووییە نەژادییەوە، بەو رادەیە، بێپەردە و بێئەدەبانە، زۆر زۆر دەگمەنن.
لەبەرامبەردا، ئەم دوو گەنجە و ژووری توێژینەوەی سیاسیی، رێگە بەخۆیان دەدەن، فاشیزم، راسیزم و نەژادپەرستییەکەیان، تا سەر ئێسقان بەرن. لەکاتێکدا، مەلاموصطەفای بارزانییش، رێگەی بەخۆی نەدەدا، بەو شێوەیە فاشییانە و بەو کۆدە نەژادییانەوە، دەغدەغەی ناسیۆنالیزمی نەژادیی، بدات. هێزێک کە ئیلتیزامێکی دەستوریی لە عێراقدا،هەیە، پابەندە بە قانونە نێونەتەوەییەکانەوە، راستییەکانی پشت پەردەی سیاسەتی جیهانیی، بەوردیی دەناسێت، کەچیی لەملاشەوە بۆ بەدەمەوەگرتنی هەزاران کەسی دەنگدەر ، فوو بە كەڕەنای بوغز ، قین، رق و نەفرەتی نەژادپەرستیی و نەتەوەپەرستییدا، دەکات!
ناکرێ سەرکردایەتیی گۆڕان، لەناواقیعیبوونی ئەم جۆرە پێشنیار، بیرکردنەوە سیاسییانە و شەرمەزارییەک کە لەناوەندە سیاسییەکاندا بەدوای خۆیاندا دەیهێنێت، خۆی نەبان بکات. ئەوان، بەناوی ژووری توێژینەوەی سیاسییەوە ئەم باڵۆنە نەژادییانە هەڵدەدەن، بۆ ڕاوکردنی هەستی کوردایەتیی و پێشبڕکێ لەگەڵ پارتییدا، بۆ ئەوەی دەنگدەران و لایەنگرانی رێبازی بەتاڵی کوردایەتیی، لە خۆیان کۆبکەنەوە. تەنانەت ئەگەر بە ڤێرژنێکی ڕاسیستانە و شۆڤینییانەش، بێت.
لە کاتێکدا خوێندەوارێکی سادەش، لەوە تێدەگات کە واقیعییەتی سیاسیی ئەوەمان پێدەڵێت:- عێراق، سوریا ، تورکیا و ئێران، زۆر هەلومەجەرج و دۆخی سیاسیییان جیاوازە. مێژوو، تاقیکردنەوە ، بونیادی سیاسیی و قانونیی، هەروەها، جێگەوڕێگەیان لە هاوکێشە ناوچەیی وجیهانییەکاندا، کولتووری سیاسیی ، ریزبەستنی هێزە سیاسییەکان و دەیان فاکتەری ئابووریی، جیۆگرافیی، کۆمەڵایەتیی ، سیاسیی، کولتووریی و تەنانەت سەربازیی جودایان هەیە. ناکرێ، تەنیا بەهۆی ئەوەی کە جێوگرافیای سیاسیی کوردستان و بوونی کورد لەناو جیۆگرافیای ئێستای ئەو وڵاتانەدا، کورد، وا بکات ، بە دەمارگیریی نەژادیی، بە خورافاتی نەتەوەیی، لە ئاست هەر چوار پارچەکەی کوردستان، هەوڵی ستراتیژییەتێکی هاوبەش و چوونیەک، بدات.
ناکرێ هەوڵی ئەوە بدرێت، لەسەر جۆرێک لە خورافاتی نەژادیی، لۆبییکردن بۆ هەموو گەلی کورد، بەیەک دەنگ، بەیەک ئاواز و بەیەک رەنگ بکرێت. گۆڕان، باش لەو جیاوازیانە تێگەیشتووە بەڵام بۆ بازاڕ گەرمیی سیاسیی و سوودوەرگرتن لەدەمارئەستووریی کوردایەتیی کە مۆدێکی گەورەیە لە ناو کوردانی تاراوگە و کوردستانی عێراق و ئێراندا، و بۆ کەڵکوەرگرتن لەو کارتە بۆ ( کاراکردنەوەی پەرلەمان )ی مردارەوەبووی کوردستان و دوانەکەوتن لە وتنەوەی خەڕەکی یەکپارچەیی ماڵی کورد، پەنا بۆ هەر ناعەقڵانییەتێک دەبات.
ئاخر، چۆن دەکرێ لۆبییەکی یەکگرتوو بۆ چوار واقیعییەتی سیاسیی ، دەستوریی و قانونیی، جیاواز پێک بهێنرێت؟ گەر خاڵی هاوبەش، بوونی ستەمی نەتەوایەتییە لەسەر کورد ، هەر ئەو ستەمە ، بە بەڵگەی زۆر و دۆکیومێنتی واقیعیی، بەرەیەکی فراوان لە بزوتنەوە، رەوتی سیاسیی و ئاراییشی جیاواز ، تەنانەت دژبەیەکی وەکو پارتیی و پەکەکەی دروستکردووە. لە کوردستانی عێراقدا، شتێک نەماوە بەناوی ستەمی میللیی لەلایەن گەلی عەرەب و دەسەڵاتی ناوەندەوە( بەغداد) دەرهەق بە کورد بکرێ، ئەوە دەسەڵاتی لۆکاڵیی کوردییە، ئەوە کوردایەتییە، گەورەترین ستەمی سیاسیی لە کێشەی سیاسیی کورد دەکات و گەورەترین ناعەدالەتیی کۆمەڵایەتیی لە کوردستاندا بڵاوکردووەتەوە کە لەمێژووی سیاسیی کوردستانی عێراقدا، بوونی نەبووە.
ئەگەر لۆبییکردن پێویست بێت، ئەوە پێش هەر شتێک، دەبێت بۆ ریسواکردنی پارتیی، یەکێتیی و میلیاردێرەکانی کوردایەتیی، بۆ ریسواکردنی حکومەتی چەتەگەریی هەرێمی کوردستان، بکرێت. بۆ ئەوە دەبێ بکرێت کە میلیشیاکانی کوردایەتیی( ئەنەکەسە)، بە مەئمورییەتی بارزانیی، هاوکاریی فاشیزمی تورکیی، تێرۆریستەکانی جەبهەتولنەصرە و ئەحرارلشام، دژی ئیرادەی سیاسیی گەلی کورد، لە کانتۆنەکانی کوردستانی سوریا، دەکەن. لۆبیسازیی، دەبێ دژی ئەو هەوڵانەی چەتەکانی کوردایەتیی بکرێت کە کار بۆ ئەوە دەکەن، پەیەدە و جەنگاوەرە کچ و کوڕەکانی کانتۆنەکان، بەهۆی لۆبییەکانی خۆیانەوە( لۆبییەکانی نەوتی تاڵانیی) بە تێرۆریست بناسێنن.
دەبێت دژی ئەو دەسەڵاتە کوردییە بکرێت کە لە حکومەتەکەی ئاکەپە، توندتر گەمارۆی ئابوورییان لەسەر ئەو بەشەی کوردستان، داناوە. دەبێ دژی ئەو ئیجماعەی مافیاکانی کوردایەتیی بکرێت کە خەونیان بە کەوتنی “کۆبانێ”وە دەبینی. هەروەها، دژی ئەوە بکرێت کە رابەرانی دەوڵەتی کوردیی، چۆن شەنگالیان تەسلیم بە داعش کرد و هاوکاریی ئەجێنداکانی تورکیایان کرد. لەسەروو هەموویشیانەوە، پێویستە تا رادەی راپێچکردن، بۆ بەردەم داداگا نێودەوڵەتییەکان، لۆبییان لە هەمبەر بکرێت. بەتایبەتیی، سەبارەت بەو هەموو چەتەگەریی و تاوانانەی دەرهەق بە خەڵکی کوردستان و برسییکردنی بە ئەنقەستی خەڵک، ئەنجامیان داوە.
شاراوە نییە، ئەمڕۆ هێزی سیاسیی باڵادەستی کوردایەتیی، ئەندازیاری کوردایەتیی، بیزنسی (سەربەخۆیی ئابووریی و دەوڵەتی کوردیی) تەنیا و تەنیا، پارتییە و ئەم جۆرە کەمپەینکردنە بەناوی لۆبییەوە ، راستەوخۆ و مفت دەچێتە گیرفانی ئەوانەوە. ئێمە، بە واقیعیی و بە کردەوە، لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا، بینیمان، بەشێکی زۆر لەو کەسانەی کە دواتر، بۆ بوون بە کاندیدی گۆڕان بۆ پارلەمانتاریی و ئەندامی جڤات( بەتایبەت ئەوانەی تاراوگە) تەکانیان دەدا، بەهۆی ئەو مەغزە نەژادیی و ئەو دیدە نەتەوەپەرستییەی هەیانبوو، لۆبییان بۆ پارتیی دەکرد کە نەوتی کوردستان، بفرۆشێ و لەو رێگەیەشەوە، کوردستان، سەربەخۆیی ئابووریی بەدەستبهێنێت.
هەر ئێستاش، لە چەندین وڵات، لەوانەی کوردی پەڕیوە و تاراوگەنشینی لێیە، لە ئەوروپا، ئەمێریکا، کانەدا و ئوسترالیا…تاد، کۆمەڵە و گرووپی بچووک بچووک، بەناوی گەنجانی کورد و لۆبیی کوردییەوە، دروست دەکرێن، بەشی هەرە زۆریان، بە زەبری ئەو پارەیەی پارتیی لە نەوتی کوردستان، دەیدزێ، هەڵسوڕاوەکانی ئەم گرووپانە، دەڵەمە دەکەن و تەجنیدیان دەکەن. دەکرێ بگوترێ ئەم لێکدانەوە نەژادییە و ئەم لۆبییە نەتەوەپەرستانەیەی لەناو گۆڕاندا هەیە، بە راستەوخۆ و بە ناڕاستەوخۆ، بە ئاگایی خۆیان بێت یان بەهۆی جەهلی ناسیۆنالیزمی نەژادییەوە بێت، هەموویان خزمەت بە سیاسەتەکانی پارتیی و پرۆژەکانی پارتیی دەکەن. ئەم پرۆژەیەی کە ژووری توێژینەوە گۆڕانیش، کرێدتی داوەتێ، سەرەنجام ئاو بە ئاشی کوردایەتییەکەی پارتییدا دەکات هاوکاریی سیاسەت و تاوانەکانی پارتیی، دەکات.
خۆڵکردنە چاوی خەڵک و شاردنەوەی تاوانی رائیدەکانی کوردایەتیی، لەژێر ناوی ئەوەی گەلی کورد، چەوساوەیەو دەبێ لۆبی بۆ بکرێت، ستراتیژیەتێکی فاشیلە و نابێ بێ وەڵامی دانشکێن تێپەڕێت. گۆڕان، بەمجۆرە کارانەی، رۆڵی دەڵاڵ و سەرچۆپییکێشی بزوتنەوەی فاشیلی کوردایەتیی دەگێڕێت. بزوتنەوەیەک کە لە سایەی ( هەلە زێڕینەکانی خەیاڵدانی کوردایەتییدا !!)، لە هەموو رژێمە دیکتاتۆرییەکانی عێراق، زیاتر تاڵاوی بە قوڕگی نەژادی” کورد “دا کردووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە نووسەرانی ئەم موناجاتە نەژادییە بۆ لۆبییکردن و موناجاتی ژووری شاعیرانی گۆڕان( ژووری توێژینەوەی سیاسیی) لە هەموو تاوانەکانی کوردایەتیی بێدەنگ دەبن و بەڕێزەوە داوای گێڕانی رۆڵی رێبەرییکردنی خەونی شاعیرانەی تاجیرەکانی کوردایەتیی و دەوڵەتی کوردیی، لە رای گشتیی، دەکەن.
سەرەنجامیش، بەناوی ئیجماعی کوردیی و نەتەوەییەوە، بەناوی یەکدەنگیی حیزبە کوردییەکانەوە، لە دژی نەتەوە و نەژادەکانی تر، لۆبیی نەژادیی پێکدەهێنن و جاڕی شەڕی کورد لەگەڵ عەرەب ، تورک و فارس دەدەن. ژووری راسیست و نەژادپەرستەکانی توێژینەوەی سیاسییش، موبارەکەی ئەم شەڕ و نەعرەتە، نەژادییانە دەکات. رەوەندی کوردیی لە هەندەران، پێکهاتەکەی زیاتر کرێکار و بیزنسی زۆر بچووکە، لای لۆبییسازەکانی کوردایەتیی ئەوەندەش حورمەتیان نییە تەنانەت کە دەشکرێن بە سوتەمەنیی رانتخۆرو نەوتفرۆشەکانی کوردایەتیی ، لە پێکهێنانی ئەو لۆبییە نەژادییەدا، رۆڵێکیان پێنادرێت، بەڵکو ئەوە ئەوسەرمایەدارانەی کوردن کە دۆست، هاوکڵاس و وێڵاشی حیزبە کوردییەکانن، ئەوانەی نوێنەرایەتیی بۆ بیزنسی میلیاردێرانی کوردایەتیی دەکەن، لەگەڵ هەندێ ئەکادیمیستی نەژادپەرستدا، لە پێشەوەی پرۆسێسی لۆبییسازی نەژادیی بۆکورد، دادەنرێن.
ئەمانەش بۆ ئەوە دەکرێن، بۆ ئەوەی لەم پرۆژە عیملاقەی کوردایەتییدا، فریای گەلی کورد بکەون! بۆ ئەوەی، بە پسپۆریی و لێهاتوویی خۆیان و مەغزی پڕ مەعریفەیان، ئەم لۆبییسازییە، بەسەرکەوتن بگەیەنن. هاوزەمان، بۆچی لەم کاتەدا؟ تەوقیتی ئەم ” پرۆژەیە “، لە کاتێکدایە کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نزیک دەبێتەوە و دیسکۆرسی کوردایەتیی، پێویستی بە گەرمکردنەوەیە و ئەو هەموو چاوە بڕدراوەتە سەر پارتیی، یەکێتیی و حکومەتە هاوبەشە فاشیلەکەیان. لێرەوەیە کە ئەم جۆرە نەڕەنەڕە نەتەوەییە، دیارییەکی مفتە بۆ پارتیی، بەتایبەتیی کە تانوپۆکەی، زمانەکەی و داڕشتنەکەی، رێک لە ئەدەبی سیاسیی رۆژنامەی ” خەبات ” و “هەولێر” دەچێت، بەدەرلەوەی نیازی نووسەرەکانی و ژووری توێژینەوەی سیاسیی، هەرچییەک بووبێت.
ئەمڕۆ لای کەم لەدوای ئەزموونی فاشیلی کوردستانی عێراقەوە، هیچ ئاییندەیەک، بۆ خەباتی خەڵکی کوردستان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ، چانسی سەرکەوتنی نییە بەبێ کوتان و لێدانی بێئەمانی هەموو نوسخەکانی بزوتنەوەی کوردایەتیی، هەروەها،بەبێ رێکخستنەوەی ناو ماڵی خەڵکی کوردستان و خستنەوەسەرپێی خەباتیان لە چوارچێوەی دیسکۆرس و بەرنامەیەکی ئەنتی ناسیونالیستییدا کە ناوەڕۆکەکەی لەسەر دیموکراتیی، لای کەمی دادپەوەریی، پێکەوەژیان و لەگۆڕنانی رابوردووی پڕ لە ستەمی نەتەوەیی بنیاتنرابێت.
هەرکەسێکیش، لەناو رەوەندی کوردیی و حیزبی کوردییدا، غەمخۆری خەبات و ئامانجەکانی خەڵکی کوردستان بێت، دەبێ سەرەتا لە رەتکردنەوەی هەژموونی نەتەوەپەرستەکانی ناوخۆیانەوە دەستپێبکەن تا باوەڕ بەوەیان بکرێت کە لە دژی نەتەوەپەرستیین( نەتەوەی سەردەستن) و لایەنگری ئازادیی، مافی مرۆڤ و مافی چارەی خۆنووسی گەلی کوردن. لۆبیی کوردستانیش گەر زەمینەی بۆ پەیدا بوو، دەبێ دەستپێکەکەی بەم پێودانگانە بێت، نەک بە لێدانی کەڕەنای شەڕی نێوان نەتەوە و نەژادە جیاوازەکان، نەک بە راگرتنی گەلی کورد، لەبەرامبەر گەلانی دەوروبەردا و و دووبارەکردنەوەی قەصابخانەکانی صەد ساڵی ڕابووردووی نێوان ناسیۆنالیزمی کورد لە هەمبەر ناسیونالیزمی تورک، عەرەب و پانئێرانیزمدا.

درۆکردنەکانی کوردایەتیی، بەدەم لۆبییەکانی جوولەکەوە
ئەم لۆبیینامەیە، باسی ئەوە دەکات کە” جووله‌که‌و ئه‌رمه‌نییه‌کان چه‌نده له‌ناو خۆیاندا ناکۆکبوون، به‌ڵام له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی لۆبی ‌و نه‌ته‌وایه‌تیی، یه‌کڕیز و یه‌کده‌نگ بوون”. ئەم درۆ و بوختانە گەورەیە، بەس بە عەقڵی رانتخۆر و جاهیلەکانی کوردایەتییدا دەچێت. لە راستییدا، ئەوەندەی جوولەکەکان، لۆبیی دژی دەوڵەتی ئیسرائیل و دژی هەژموونی پاوانخوازانەی زایۆنیزم دەکەن، دژی ستەم و چەوساندنەوە، دەیکەن، هیچ نەژاد، نەتەوە، دین و کولتوورێکی تر، ئەوەندەی جوولەکەکان، بەمکارە هەڵناسن. باشترین ( زاناکانی جیهان، ئەکادیمیستە پڕ تێکستەکانی دونیا، نووسەرە ناودارەکان، کەسایەتییە مرۆیی و دادپەروەرەکان) لە سەرانسەری دونیا بە گشتیی و لە ئیسرائیل و ئەمێریکا بە تایبەتیی، ئاکار، کارکرد، ریکۆرد و پرۆفایلی ژیانیان، پێچەوانەی ئەم بوختانەی مۆبەکانی کوردایەتییە.
صەدانی وەکو( ئاینشتاین، فرۆید، ئەسیمۆڤ Asimov، ئارێنت، ئێدڵمان Edelman، پیتەر سینجەر Singer، ئەندرو بەنیامین، ئێریک فرۆم، جەبریل کۆلکۆ Kolko، مەریەم مارگۆڵیس Margolyes ، لوینستاین Loewenstein، سیدنی لێڤی Levy، چۆمسکی، دەیڤید ئارۆن هەریس David Aaron Harris …تاد) دوژمنایەتییەکی سەرسەختانەی زایۆنیزم و سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل بوون و هەن. بە پێچەوانەوە، بەشێکی زۆریان، لۆبییان، دژی زایۆنیزم و سامییگەریی( سێمتیزم Semitism ) و کردووە و بە ئەنتی زایۆنیزم و لایەنگری مافە سیاسییەکانی خەڵکی فەڵەسطین، ناسراون.
ئەو ئەنتی زایۆنیزمەی لەناو سکۆلارە جوولەکە و کەسایەتییە ئیسرائیلییەکاندا هەیە، ئەوانەی، هاودەنگییان لەگەڵ فەڵەسطینییەکاندا هەیە، بۆ تۆلێرانس و عەقڵی کراوەی ئەوان دەگەڕێتەوە کە دژایەتیی زایۆنیزم و ناسیۆنالیزمی نەژادیی دەوڵەتی ئیسرائیل دەکەن. ئەم فەتوا کوردایەتییەی ژووری توێژینەوەی گۆڕان، تەنیا ئەوەی لێدەخوێندرێتەوە، با هەموو شتێک لە پێناوی کوردایەتیی و دەوڵەتی کوردییدا بەلاوە بنێین و لۆبی بۆ قائیدی ضەرورەی کوردایەتیی، بۆ کەمپەینە تیجاڕیی و نەژادییەکانی بکەین و وەکو جوولەکە ئەرثەدۆکسەکانیش، هەموومان بڵێین لە پێناو ئامانجی عولیای ویلایەتە کوردییە پرۆکسییە ئەردۆغانییەکەدا، با کێشە سیاسیی و قانونییەکان، با برسییکردنی خەڵکی کوردستان و دزیینی دەیان میلیارد دۆلاری خەڵک، لێبگەڕێین و لە پێناوی ئەو دەوڵەتە قوبرصییە ئەردۆغانییەی بارزانییدا، خەریکی لۆبییکردن بین.
لە کۆتاییدا، دەبێ بگوترێ، بۆ هەر حیزبێکی سیاسیی کە خاوەنی فیکری سیاسیی بێت، تا تەجاوزی کوردایەتیی نەکات، لە واقیعی سیاسیی و ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانیش تێناگات. هەرچەند ئەنتی پارتیی و ئەنتی بارزانییش بێت، هەر سەربازی ونی رێگەی کوردایەتییە رەسەنەکەی پارتیی، بارزانیی و بیزنسی دەوڵەتسازییەکەیانە. بەمجۆرەش، دەکرێ بگوترێ” گوڵ لێرەیە، وەرە لێرە سەما بکە”.

————————————-
لینکی فەتوانامەکەی ژووری سیاسیی بزوتنەوەی گۆڕان  : گۆڕان نێت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت