دڵشاد شێخان حوسێن: توندوتیژى و… شەرەف لە ناوگەڵ نییە، بەڵکو لە چۆنیەتى فیکر و ڕامانە.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

توانا شاراوەکانى مرۆڤ وێنا دەکەم و ناو بە ناو بە نموونەیەک ناوەڕۆکى بابەتەکە زیاتر ڕوون دەکەمەوە و هەوڵدەدەم بە شێوازێکى سادە و زمانێکى ئاسان لەبارەیەوە بدوێم و چەند تەوەرێک بورووژێنم و تێکهەڵکێشیان بکەم. با هەر یەکەمان بیرکۆ بخەینە سەر خودى خۆمان و لە ڕووى تواناى جەستەییەوە خۆمان بخەمڵێنین، یەکبینە بیرمان بۆ ئەو ڕاستییە دەچێ کە تواناکانى مرۆڤ سنووردارن، بۆ نموونە؛ ئەگەر واى دابنێین کە ناوەندى ژمێرەیى هێز لە تاکەکانى مرۆڤدا بریتییە لە تواناى بەرزکردنەوەى (50کگم) ئەوا بە پێى ڕێژەیى بوونى ڕاستییەکان دەتوانم بڵێم ئەو ڕاستییە ڕێژەیی یە، جەستەى مرۆڤ لە حاڵەتى نائاساییدا توانایەکى ئەوتۆ نیشان دەدات کە عەقڵ لێى تێ ناگات، ڕەنگە مرۆڤ لە تەنگەتاویدا تواناى بەرزکردنەوەى (500کگم)ـى هەبێ، کەواتە؛ تواناى بەرگرى جەستەیى مرۆڤ بە پێى بارودۆخەکان دەگۆڕێ، هەروەک چۆن پەڕینى نینۆک ئازارى کەمترە لە پەڕینى دەست، هاوکات هێزى بەگرى و بەرگەگرتنى ئازارى پەڕینى دەست زۆر زیاترە لە هێزى بەرگرى و بەرگەگرتنى ئازارى پەڕینى نینۆک، جا من بەو هێزە نائاساییانە دەڵێم “توانا شاراوەکان”، ئەوەى سەرەوە ئاماژەیە بۆ توانا شاراوەکانى ئۆرگانەکانى جەستەى مرۆڤ، واتە؛ ڕوانینێکى درشت و ئاسۆیى بایۆلۆژییە..
جۆرێکى مەعریفە هەیە کە پێى دەڵێن “مەعریفەى ڕۆحى”، بە تێگەیشتنى من ئەوەش توانایەکى شاراوەیى رۆحییە و لە هەندێ کاتدا خۆى نیشان دەدات، بۆ نموونە؛ کاتێ بۆ یەکەم جار چاومان بە شوێنێ دەکەوێ کە هەرگیز پێشتر ئەو شوێنەمان لە ڕاستیدا نەبینیوە، کەچى وا هەست دەکەین پێشتر ئەو شوێنەمان بینیوە و ئەو وێنەیەى کە لە خەیاڵماندا هەیە ڕێک هەر ئەم شوێنەیە کە هەنووکە بە واقعى لەو جێگایەداین، من چەندین جار هەستم بەو جۆرە مەعریفەیە کردووە و باوەڕى تەواویشم بە بوونى ئەو توانا رۆحییە شاراوەیە هەیە.
لەوە زیاتر، لەو باوەڕەم کە توانای “کۆمەڵایەتى شاراوە”ش بوونى هەبێ، بۆیە باشتر وایە چەمکى کۆمەڵناسى بگەڕێنینەوە بۆ چاوگەکەى خۆى کە بریتییە لە “فیزیاى کۆمەڵایەتی”، واى لێکدەدەمەوە کە بەکارهێنانى چەمکى فیزیاى کۆمەڵایەتى ڕاستترە لە چەمکى کۆمەڵناسى..
ئەو پرسیارەى ڕووبەڕوومان دەبێتەوە و دەبێ خۆمان بە باشى ئامادە بکەین بۆ ئەوەى بتوانین وەڵامى بدەینەوە ئەوەیە کە، ئایا دەکرێ توانا شاراوەکان بدۆزینەوە و بیانخەینە ژێر ڕکێفى خۆمان و بە پێى پێویست لە کات و شوێنى دیاریکراودا بەکاریان بهێنین؟ بۆ ئەوەى مەسەلەى توانا شاراوەکان زیاتر واقعى و کردارى بێنە بەرچاو و خۆمان لە بابەتى تیۆرى بە دوور بگرین، فۆکۆس دەخەمە سەر توانا شاراوەییە کۆمەڵایەتییەکان و چۆنیەتى گەیشتن بە چاڤکانى ئەو توانایە و دواتر باس لە ئامانجى بەکارهێنانى ئەو توانایە دەکەم..
کۆمەڵگا، دەتوانم کۆمەڵگا تەرجەمە بکەم بۆ ژیانى کۆمەڵایەتى، تۆڕى پەیوەندى کۆمەڵایەتى نێوان تاکەکانى کۆمەڵگا-ش بریتییە لە “فیزیاى کۆمەڵایەتى” کە ئەرکى ڕێکخستنى کار و چالاکییەکانى ئۆرگانە کۆمەڵایەتییەکانە، کاتێ لە ڕووى بایۆلۆژییەوە لە تاک ورد دەبینەوە، دەبینین ئۆرگانەکانى پێکهاتەى جەستە بە جۆرێکى سیستماتیک بە ئەرک و فەرمانەکانیان هەڵدەستن و هەر یەکەیان بەرپرسیارە لە ئەرکگەلێکى تایبەت بە خۆى و هەماهەنگى کردن لەگەڵ ئۆرگانەکانى دیکە بۆ گەیشتن بە ئەرکى تەواوکارى لە پێناو جەستە و دەروونێکى تەندرووست و هاوسەنگ بوونى “بوون”، دەشێ ئەو پرۆسەیەش تەرجەمە بکەم بۆ سەر کار و چالاکییەکانى تاکەکانى کۆمەڵگا لە ژیانى کۆمەڵایەتیاندا کە دەبێ بە جۆرێکى ڕێکوپێک ئەرکە سەرەکى و لاوەکییەکانیان پێشکەش بکەن لە پێناو بونیاتنانى کۆمەڵگایەکى تەندرووست، واتە؛ دوور لە توندوتیژى و گەیشتن بە هزرى ناتوندوتیژى لە کۆمەڵگا.
دەمەوێ باس لە چۆنیەتى پێشگیرى کردن لە زیانە کۆمەڵایەتییەکان بە گشتى و توندوتیژى کۆمەڵگا بە تایبەتى بکەم و لەگەڵ باسەکە تێکهەڵکێشى بکەم، هەر وەک ئاشکرایە کە توندوتیژى قاسیدى مەرگى کۆمەڵگایە، چونکە کێشەیەکى بونیادى فیکرییە و دەردێکى پیس و بکوژە لە (سەر)ـى کۆمەڵگا سەرهەڵدەدات، بێ دەنگ بوون و پشتگوێخستنى ئەو دەردە کوشندەیە دەبێتە هۆى تەنینەوەى تەواوى پێکهاتەکانى دیکەى کۆمەڵگا و ژەهراوى کردنیان، بۆیە پێشگیرى کردن لە توندوتیژى ئەرکى هەموانە، بۆ ئەوەى لە ناوەڕِۆکى باسەکە دەرنەچم و بیرکۆ بخەمەوە سەر بابەتى “توانا شاراوەکان” و چۆنیەتى بەرجەستە کردنى توانا کۆمەڵایەتییە شاراوەکان و لە ڕێگەى گەیشتن بە سەرچاوەى ئەو توانایە، بە تێگەیشتنى من “هەماهەنگى” تاکە سەرچاوەیە بۆ گەیشتن بە توانا شاراوەییە کۆمەڵایەتییەکان و بەرجەستە کردن و چۆنیەتى سوود لێ وەرگرتنیان بۆ ڕێزگرتن لە مرۆڤ و پاراستنى زەوى. وەهاى لێکدەدەمەوە کە مرۆڤى باڵا خۆى بە هیچ شتێکەوە نابەستێتەوە بێجگە لە مرۆڤبوونى خۆى، نەتەوە و ئایین و خاک هیچ کات ناتوانن لە مرۆڤ و زەوى دایببڕن و بیکەنە کۆیلەى ئینتیمایەکى وەهمى، هەر کاتێ مرۆڤ بوو بە پارسەنگ و ناوەندى بەها بۆ ژیان، بۆ نموونە؛ هەر وەک چۆن لە گوێگرتنى ورد هەموو ئەندامەکانى جەستەى مرۆڤ بەشدار دەبن بە هەمان شێوە لە پاراستنى تاکى مرۆڤ دەبێ مرۆڤایەتى بەشدار بێ، هاوکات دەتوانم بڵێم هەماهەنگ بوون بە ئاستى پێویست گەیشتووە.
ئامارى خۆکوشتن ڕۆژ بە ڕۆژ لە هەڵکشاندایە، ڕێگاکانى خۆکوشتن-یش لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکى تر دەگۆڕێن، لێرە “ئاگر” ڕێگایەکى باوە بۆ خۆکوشتن لە نێو ئافرەتان و خۆهەڵواسین-یش لە نێو پیاواندا، وەلێ هۆکارى سەرجەم خۆکوژییەکان “مرۆڤە”، بە تێڕوانینێکى درشت خۆکوشتنى تاک ئازارێکە بۆ ئاگردانى ئەو خۆکوژە و تەنها کەسوکارەکەى ئەشکەنجە دەدات، ئەو دەرد و ئازارەى کە هەموان دەگرێتەوە بریتییە لە خۆکوشتنى مرۆڤایەتى لە ڕێگەى تیرۆرى فیکرییەوە (ڕق و کینە)، بۆ نموونە؛ ئەو باوکەى کە بەسەر منداڵەکەیدا هاوار دەکات، ئەو داب و نەریتەى کە بەشێ لە هەستیارترین بەشى جەستەى مێیینە دەبڕێ (خەتەنە کردن) لە ڕاستیدا ئەو کردارە بێجگە لە کەمئەندام کردنى ئەو مرۆڤە هیچى تر نییە کەچى بە ناوى پاراستنى شەرەف و کەرامەت ئەو مرۆڤە ئەتک دەکەن، ئەگەر ئەخلاق و شەرەف لە (ناوگەڵ)ـە ئەى عەقڵ و ئینسانیەت لە کوێیە..، خەتەنە کردن ترسناکترین و قێزەوەنترین جۆرى توندوتیژییە کە لە دژى مرۆڤ ئەنجام دەدرێ، لەوە ڕوونتر ئەو کردارە توندوتیژییەکى فیکرییە و دەردێکە لە کەللەسەرى ئێمەماناندا کە بە ناوى شەرەف و پاراستنى مێیینە لە سێکسى ناشەرعى، ئەى باشە عەقڵ لە کوێى شەرعییەتدایە لە کاتێکدا ئەو باوەڕبوونە کوشندەیە ژیرى مرۆڤ دەخاتە ژێر گومان و پرسیارێکى گەورەوە کە شەرەف و کەرامەتى خۆیان لە بڕینى ئەندامى زاوزێى مێیینە دروست دەکەن! شەرەف لە “ناوگەڵ” نییە، بەڵکو لە چۆنیەتى فیکر و ڕامانە..
واوەتر دەڕۆم و باس لە پرسى ژینگە دەکەم کە مرۆڤ چۆن ئەم ژینگەیە تێکدەدات و ڕەوشى ژیان دەشێوێنێ و لە بەرد تا مرۆڤ دەخاتە مەترسییەکى ئێجگار مەزن، پلەى گەرمى زەوى لە بەرزبوونەوەیەکى بەرچاودایە و خۆشمان بە بەرپرسیارى دروست کردنى ئەو مەترسییە نازانین، لە ڕاستیدا ئەو ئاگرەى کە مرۆڤ لە زەوى بەرداوە مرۆڤایەتى دەتوێنێتەوە هەروەک چۆن تینى خۆر بەفر دەکا بە سێڵاو..، وەلێ پرسیار ئەوەیە کە بۆچى هەر یەک لە تاکەکان هاوارى ئەو ئازارە ناکەن و وردە وردە لەگەڵى ڕاهاتوون؟ لە وەڵامدا زۆر بە سادەیى دەتوانم بڵێم ئەو دەردە بەبێ جیاوازى هەموومانى گرتۆتەوە و هیچ زیندەوەرێ لەم زەوییە لێى ڕزگار نەبووە و نابێ، ئەنجامە ترسناکەکانى پیس بوونى ژینگە بە هەماهەنگى لە لایەن مرۆڤایەتى قەبووڵ کراوە بە بێ ئەوەى خاوەندارى لە پێشەکییەکانى ئەو توندوتیژییە خۆکوژییە بکەین کە بریتییە لە پیس کردن و تێکدانى ژینگە، ئەوەش نموونەیەک بوو لە خۆکوشتنى مرۆڤایەتى لە بەرکەوت و بەرەنجامى نەخۆش کەوتنى فیکرى گەردوونە، وەک دەزانین هەر تاکێک لە مرۆڤ توانایەکى تایبەت بە خۆى هەیە و دەکرێ ئەو توانایە گەشەى پێبدرێ و پێشبخرێت، توانا کەسییەکان بە بێ زەمینەسازى و بوار ڕەخساندن زۆر ئەستەمە بەدیار بکەون و بدۆزرێنەوە، واتە؛ بە بێ بوونى هەماهەنگى ژینگەى دەوروبەر لەگەڵ تاکى مرۆڤ ناتوانرێ توانا کەسییەکەى بدۆزرێتەوە و پەرەى پێبدرێ، بە دەربڕینێکى تر هەماهەنگى هەوێنى دۆزینەوەى توانا شاراوەکان و بەکارهێنانیانە بە پێى پێویستى درووستى ژیان، هەرگیز باوەڕ بەو جۆرە وەسفکردنانە ناکەم کە بە کەسەکان دەڵێن: (تۆ، بەهێزترینى و نەک هەر خۆت، بەڵکو دەتوانى دنیاش بگۆڕى..)، لە ڕاستیدا گۆڕینى دنیا و خۆشکردنى ژیان و.. بە هەموان دەکرێ، نەک تاکە مرۆڤێ، بۆیە دەبێ تاک وەک خۆى وەسف بکرێ بۆ ئەوەى نەکەوێتە هەڵەیەکى چارەنووسساز، هەر ئەوەشە کە لەگەڵ لۆژیکدا دێتەوە و ژیرى قەبووڵى دەکات.
خۆشبەختى و ئاسوودەیى لە گیرفانی مرۆڤ-دا بوونى نییە، بەڵکو بوونى لە فیکریدا هەیە. فەلسەفەى ژیان بێجگە لە وشەى خۆشەویستى پیتێکى دیکەى لێ نەنووسراوە، وەلێ هەر ئەو وشەیە چەمک و واژەگەلێکى لێ درووست کراوە کە فەلسەفەکەى ڕازاندۆتەوە بۆ ئەوەى لە دووبارە بوونەوەى وشەکە لە ڕووى ڕوخسارەوە بێزار و ماندوو نەبین، گەرچى چاوگى هەر هەموویان بریتییە لە خۆشەویستى، بۆ نموونە؛ جوانى، پاکى، ڕاستگۆیى، دڵسۆزى، نەرمونیانى، لێبووردەیى، هاوکارى و بەخشندەیى..، کەواتە؛ خۆشەویستى پەینى خاکى توندوتیژى لەبەین دەبات و پێکەوە ژیانى ئاشتیانە بونیات دەنێ، بێ گومان مرۆڤایەتى لە ڕێگەى هەماهەنگى دەتوانێ زەوى ئارام و ئاو و هەوا پاک بکاتەوە و مرۆڤ و هەرچى هەیە لە زیانەکان بپارێزێ.