پەیمان عیزەدین: دکتۆر یوسف نەک کەم تەجربە بو بەڵکو هەر بێ تەجربە بوو.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە بەشێک لە لێدوانی سیاسەتمەدارانی کورد و بەرپرسی حزبەکان سەبارەت بە قەیرانە سیاسیەکان و پەککەوتنی پەرلەمان، بەشێک لە ئۆباڵی ئەو قەیرانانە ئەخەنە ئەستۆی کەم ئەزمونی دکتۆر یوسف. گوایە بەڕێزیان بەهۆی نەبونی ئەزمونی کاری پەرلەمانیەوە نەیتوانیوە ململانێکان ڕابگرێت.

ئەم قسەیە زۆر ڕاستە و ئەو سیاسیانە باش و بە قوڵی ڕۆچونەتە ناو بارودۆخە سیاسیەکانی هەرێم. بۆ ئەوەی بزانین کەم ئەزمونی دکتۆر یوسف بە وردی لە کوێدا بو، ئەبێت بگەڕێینەوە سەر ئەزمونی دامەزراوەی پەرلەمان و سەرۆکەکانی پێشتری بۆ ئەوەی بە بەراورد بە ئەزمونی ئەوان، کەم ئەزمونی دکتۆر یوسف ئاسانتر دەرکەوێت.
پەرلەمانی کوردستان لە سەرەتای دروستبونیەوە واتا لە ساڵی 1992 وە بە تەوافوق لەسەر وەلانانی دەنگی هاوڵاتیان دروست بو، یەکێتی ئەنجامی دەنگەکانی بەدڵ نەبو و پارتیش بۆ بێدەنگکردنی یەکێتی و لە پێناو لەدەستنەدانی دەستکەوتی داهاتوی قەبەتر، بە نیوە بە نیوە ڕازی بو، ئەوەی لە سندوقی دەنگدانیشدا بو لە ماندوبونی سەرەی دەنگدانی هاوڵاتیان بەولاوە هیچیتر نەبو، ئا لەو کاتەوە سەرۆکی یەکەم خولی پەرلەمان و ئەندامانی پەرلەمان چاویان لە ڕاستی ئەنجامەکانی دەنگدان داخست و وەک ئەکتەری لێهاتوی حیزبەکانیان سیناریۆی پەرلەمانیان بەڕێوەدەبرد.
کە حیزبەکانیان شەڕی ناوخۆیان هەڵگیرساند، ئەمانیش بونە دوژمنی یەکتر و ئامادەبون هۆڵی پەرلەمان بکەنە مەیدانی جەنگ، یەکێکیان دەبابەی بەعسی ئەهێنایە ناو پەرلەمان و ئەوی تر هەوڵی دروستکردنی پەرلەمانی خۆی دەدا و بەم شێوەیە. جێبەجێکاری سەرەکیش سەرۆکەکانی پەرلەمان و ئەندامانی بوون، نە ڕۆژێک یەکێکیان وتیان ئەمە پێچەوانەی پەیڕەو و یاسایە و نە حیزبەکانیان سزا دا لەبەر هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ.
لە دوای جەولەی شەڕیش، جارێکی تر پەرلەمان هەڵبژێردرایەوە، ئەم جارە سەردەمی ئاشتی نێوان یەکێتی و پارتی بو، ئاشتیەک کە بنەمای بەرقەراربونی دابەشکردنی سەروەت و سامانی هەرێم بو لە نێوان ئەو دوو حیزبەدا، دیسانەوە بە پشتیوانی پەرلەمان و لەو خولەشدا سەرۆکایەتی پەرلەمانی هاوبەشی یەکێتی و پارتی بونەوە، هەمان ئەکتەری بە توانای حیزب و بەرژەوەندی و بڕیارەکانی حیزبیان ئەکرد بە قانون، هەر بە قانون هەمو دزی و جەردەییەکانیان ڕێکخست. بە قانون بۆ دەیان ساڵی داهاتو زەمانەتی بەرژەوەندیەکانیان کرد، بە قانون حیزب و ئەندامانی حیزبیان کردە خاوەن کۆمپانیای گەورە گەورە،بونە خاوەن ئەزمون لە دورینی یاسا و بە قانونی کردنی گەندەڵی و ژێرپێخستنی پەیڕەوی ناخۆ.
جا کاتێک دکتۆر یوسف دێت و دەست لەسەر ناقانونیەکان دادەنێت، دەستدەگرێت بە پەیڕەوی ناوخۆوە و جێبەجێی دەکات، کاتێک کە نە پێشتر و نە کاتی پەرلەمان کۆمپانیای دروستکردبێ و نە بوبێتە شەریکی ئەم مەکتەب سیاسی پارتی و ئەوی یەکێتی، کاتێک نە باڵەخانەی گەورەی هەبێت یاسای بۆ بگۆڕێت و نە کۆمپانیای دەرمان دەستکاری تەندەرەکانی بۆ بکات، چۆن کەم ئەزمون نابێت؟!
پەرلەمان لە هەرێمی کوردستاندا بۆ پێشێلکاری یاسا و بە قانونی کردنی گەندەڵیە بۆیە هەر کەسێک لەو بوارەدا پسپۆڕی و ئەزمونی پێشتری نەبێت نەک کەم ئەزمونە بەڵکو هەر بێ ئەزمون و لێنەزانیشە.
لە ئێستای قەیرانەکان و پەککەوتنی پەرلەمانیشدا و، لەگەڵ شاهیدی زۆرینەی خەڵک لەسەر ئەو ڕاستیانە، هەق نیە ئەوانەی لە دڵیشیاندا مونکەریان پێناگۆڕێت، بە دەم پشتیوانی ئەو هەمو مونکەرەی دەسەڵاتدارانی هەرێم بکەن و چاویان لە ئاست ئەم تەجروبە نوێیە بنوقێنن و ویژدانیان بخەوێنن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت