شێرزاد شێخانی: مەلەی دژە تەوژم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

كێشەی یەكێتیەكان، یەكێتی ناو یەكێتیە.. هەڵبەت یەكێتی لەرۆژی دروستبونیەوە تا ئەمڕۆش ئەو كێشەیەی هەر هەبووە.. بەڵام وجودی مام جەلال و گۆچانەكەی دەستی هەمیشە رێگر بونە لەتەقینەوەی كێشەكان.. بەدەر لە هەوڵەكەی كاك نەوشیروان بۆ جیابونەوەو دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕان، كە مام جەلال نەیویست گۆچانەكەی لەدژ هەڤاڵە دێرینەكەی خۆی بەكار بێنێ، وەزعی ناوخۆی یەكێتی لەلایەن مامەوە كۆنترۆل كرابو. بەڵام دوای نەخۆشكەوتنی بەشێك لەناكۆكی و ململانێكانی ناو یەكێتی زۆر بەزەقی سەریان هەڵدایەوە، كار گەیشتە ئەوەی بەشێك لەسەركردەكانی هەوڵبدەن ناوەندی بریار لە سلێمانییەوە بگوازنەوە بۆ هەولێر.
زۆرجار وتراوە كەوا كێشەی یەكێتی سەركردایەتیەكەیەتی نەوەك بنكە جەماوەرییەكەو ئەندام و كادیرانی خوارەوە، ئەمەش قسەیەكی زۆر راستەو رۆژگار سەلماندویەتی، لەماوەی نەخۆشكەوتنی مام جەلالەوە بەشێك لەو سەركردانەی مایەی سەرئێشەبون بۆ یەكێتیەكان مەعدەنی راستەقیینەی خۆیان دەرخست، كە هەندێكیان لەغیابی مام و گۆچانەكەی كەوتنە ناو بۆسەی سەفقەو سەفقەكاری نەوت و پرۆژەوە لەگەڵ پارتیدا، بەشێكیشیان لەپێناو پۆستی باڵاو دەسەڵات و پارە كەوتنە گیانی یەكێتی، هەندێكی كەشیان بۆ خۆدەرخستن و سنگ دەرپەڕاندن و چنینی ئومێدی بەسكرتێر بون یەكێتیان لاواز كرد، داخەكەم ئەمانە بەگشتی لەوجودی مام جەلال لەژیاندا رویانداو، بونە لەمپەر لەبەردەم بەرێوەبردنی یەكێتی لەم هەلومەرجە سەختەی كوردستاندا كە پێویستی بەیەكێتی ریزەكانی یەكێتیەوە هەبو.
لەو ماوەیەداو لەگفتوگۆ سیاسیەكاندا دەركەوت كە كەسانێكی ناو یەكێتی چەنێ نامەسئولانە ویستیان ئیرادەی یەكێتی تەسلیم بە نەیارە سەرسەختەكەیان بكەنەوە كە ئەویش پارتییە.. هەوڵێكی بێوچانیان داو هەر جارەو بە مانشێت و سۆپرایزی جۆراو جۆرو، هەندێجاریش بۆ سەلماندنی كۆیلایەتی خۆیان و زەلیلبونیان بۆ پارتی بێدەنگییان لە سیاسەتەكانی پارتی كرد، زۆرجاریش بەئاشكراو لەمیدیاكانەوە پشتگییری لەو سیاسەتە ماڵوێرانكەریانەی پارتیان كرد. ئەمانە بەگشتی گومانیان خستە سەر یەكێتیبونی ئەو بەشەی سەركردایەتی. روداوەكانی ئەم دواییەو كوچە دژەكانی هەندێ لەسەركردەو كادیرانی یەكێتی ئەو گومانانەی پشتراستكردەوەو، چەند كەسێكیان ماڵئاواییان لەرێبازەكەی مام جەلال كردو چونە ناو سەنگەری نەیارەكانی یەكێتیەوە.
من ئەم كۆچەم زۆر پێخۆشە، چونكە یەكێتی وردە وردە لەو كەسە هەڵوێستفرۆش و زەلیلانە پاك ئەبێتەوە، هێدی هێدی ئەگەڕێتەوە سەر رێبازە راستەقیینەكەی یەكێتی كە ساڵانێكی دورودرێژە ئومێدی میللەتی لەسەر هەڵچنراوە وەكو هێزێكی دیموكرات و كوردپەروەر سەركردایەتی میللەتەكەمان بكات و، ببێتە بەدیلێكی واقیعیانەی حزبی عەشایەری و كۆنەپەرستەكان.
ئەوانەی شەیدای وشەی” جەنابی سەرۆك” و عەوداڵی ” مەشێخەتییەكەی بلێ و بارزان”ن، كە پێش خۆیان كەسە نزیكو دڵسۆزەكانیان خزاندبوە ناو پارتی و پاراستنەكەی، مەعدەنی راستەقیینەی خۆیان دەرخست كە چۆن لەپێناو پارەی دزراوی قووتی میللەت و پۆست و پلەو پایە ئامادەن خۆشیان بفرۆشن، وا دیارە بۆنی نەوتە دزراوەكە سەریانی گێژكردوە، بۆیە سەنگەر گواستنەوەیان پێ ئاساییە، ئەمەشیان با موبارەكی خۆیان بێ، چونكە خوای گەورە لەقورئانی پیرۆزدا فەرمویەتی” فأما الزبد فیذهب جفا‌ءً وأمّا ما ینفع الناس فیمكث فی اڵارض ” واتە كەفو كۆڵی سەرئاو ئەتوێنەوە، بەڵام ئەوەی سودی خەڵكی تیایە لەسەر ئەرزا ئەمێنێتەوە”.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت