هاوکار حوسەین: ڕەمیکردنی سەگ لەحەرەمی زانکۆدا.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەرپرسانی زانکۆی سەڵاحەدین، بۆ دورخستنەوەی ئەو سەگانەی، کە لەتاو قەهری کۆمەڵگە پەنایان بۆ ناو زانکۆ بردووە، هەستاون بەتۆمارکردنی ئەم چالاکییە. بەڕاستی جێگەی شەرمێکی گەورەیە، لەبەرزترین شوێنی بەحساب مەعریفەتی کۆمەڵگە، فیشەک بنرێت بەسەری ئاژەڵانەوە.

نزیکەی 2580 ساڵ لەمەوبەر، کاتێک فیساگۆرس قوتابخانەکەی لە کروتونا دامەزراند، یەکێک لەمەرجە بنەڕەتیەکانی بۆ چونەناو ئەم قوتابخانەیەوە، ئازارنەدان و نەکوشتنی ئاژەڵان بووە. کەچی لەسەدەی 21 و لەسەردەمی باڵغبوونی تەکنەلۆژیادا، ئوستادەکانی زانکۆی کورد، رێگەبدەن سەگ لەناو حەرەمی زانکۆدا، رەمیبکرێت.
لەراستیدا هیچ توشی شۆک نەبوم کاتێک بیستم نزیکەی 24 سەگ، لەناو کۆلێژی ئەندازیاری زاکۆی سەڵاحەدین لەهەولێر، فەرمانی رەمیکردنیان بۆ دەرچوە. چونکە زانکۆیەک نزیکەی پەنجا رۆژ بەفەرمانی بەچکەیەکی بنەماڵەی حزبی، قفڵ لەدەرگاکەی بدرێت و خوێندکارەکانی بەسواری پاس سنورداشی سلێمانی بکرێنەوە، زانکۆیەک سەرۆکەکەی لەساڵی 2012 بڵێت: “ئێمە پێویستمان بەبەشی فەلسەفە نیەو دەتوانین هەر لایبەرین”. زانکۆیەک خوێندکارێکی بەڕۆژی روناک بڕفێنرێت و فیشەک بنرێت بەناوی دەمیەوە، لەبەرئەوەی شیعرێکی لەبارەی “میری میران” نوسیوە. دەبێت چی تێگەیشتنێکی هەبێت بۆ ئاژەڵان؟
ئەگەر پاساوی زانکۆ بۆ کوشتنی ئەو سەگانە، دورخستنەوەی مەترسی بوە لەسەر خوێندکاران، دیارە جگە لەفیشەک هیچ ئۆپشنێکی تریان نیە بۆ هەرشتێک بێزاریان بکات. لەوەدەچێت سەگەکان بەوە فریویان خواردبێت، کە زانکۆ شوێنی مرۆڤە میهرەبانەکانەو کەس دڵی نایەت ئازاریان بدات، نازانن ئەگەر لەکۆڵان و دەشتودەر بەخڕکە بەرد راوبنرێن، ئەوا لەناو زانکۆدا بەمەرسومی ئیداریی، فەرمانی ڕەمیکردنیان بۆ دەردەچێت و تەڵقەی ڕەحم دەنرێت بەسەریانەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت