عیماد عەلی: ئەم دۆخەی کوردستان بە حزب چارەسەر دەکرێت؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوەی ئەم دۆخە قەیراناویەی دروست کرد حزبەکانی کوردستان بوون، ئەگەر بە ناوی حکومەتەوە بێت یان بە بریاری خودی حزبەکان، لەبەر ئەوەی بە هیچ شێوەیەک حکومەت لەحزب بەدەر نەبووە، زۆرترین کات سەرجەم بریارەکانی، بە تایبەتی هەستیارەکان لە لایەن حزبەوە ئامادەکراوە، یان لە باشترین حاڵەتدا راووبۆچونی حزب وەرگیراوە و بێ حزب تێنەپەریوە. جابۆیە ئەوەی بەرپرسی یەکەمی ئەم حاڵەتەیە کە تێیداین حزبە. لەوبارەوە سەرجەم حزبەکان هەر یەکەو بە گوێرەی بەشداری خۆی دەکەوێتە بەر پرسینەوە و رەخنە و سزای میلەتەوە، لەهەر کاتێدا بێت. ئەمە لە لایەک، لە لایەکی ترەوە شتێکی بەدیهی عەقڵانیە کە بڵێین ئەوەی هۆکاری کێشەو بێشەو قەیران و تێکدان بێت و لە پێناو بەرژەوەندی حزب و خۆیدا کارێکی کردبێت کە قازانجی خۆی و زەرەری میلەتی لێکەوتبێتەوە و، یان لە هەندێک جاردا بەزیان بۆ هەردولا کەوتبێتەوە و، لەهەمان کاتدا لەپاش شکست لەسەر هەمان ستراکچۆری حزبی و بە هەمان عەقڵیەت و بیروبۆچون و بە هەمان ململانێوە کاروباری فەرمانرەوایی بەرێوە ببات و گوێ لەکەس نەگرێت، مەحاڵە کە قەت بتوانێت جێ دەستە وێرانەکەی خۆی چاک بکاتەوە. ئەگەر بە یەکێکیتر نەکرێت، کە بە هەر شێوەیەک بێت، جیاواز لە عەقڵیەت و ئاستی بیرکردنەوەی ئەو خەڵکە نەبێت کە بەم قۆناغەی گەیاندوین و، دوور نەبێت لە بەرژەوەندی تەسکی حزبی و شەخسی و هۆکارەکانی تری دروستبونی ئەم وەزعە نالەبارە، ئەگینا قەیرانەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە و چارەسەری مەحاڵ دەبێت.
بۆیە ئەگەر لە بنەرەتدا تۆیەک کە بیرت لە هەرە گرنگترین بنەمای سەرەکی بەرگری و بەرەنگاری ترسناکترین قۆناغت نەکردبێتەوە و هیچ ئەگەرێکی خراپت نەخوێندبێتەوە و تەنانەت بچوکترین یەدەکی دارایی و ئابوریت نەکردبێت، ناکرێت و نابێت و تەنانەت ناشبێت لەو وەزعەی کە خۆتدروستت کردووە و هەر بەخۆت بەرپرسیت لێی بتوانیت چاکی بکەیتەوە.
بۆیە دەتوانم بڵێم، ئەوەندە حکومەتی کوردستان بەرپرسە لەم شکستە دوو بەقەد ئەمە حزبە دەسترۆیشووەکان بەرپرسن، کە پێش لە هەر شتێک تەنانەت حکومەتیشیان خستۆتە ژێر رکێڤی بەرژەوەندیەکانی خۆیانەوە و، لە ژێر هەژمونی ئەواندا ئەم هەموو هەڵە و قەیرانەیان درسوت کردووە. کەوابێت جگە لە حکومەت بەخۆی هیچ حزبێکیش چەند لاف و گەزافی چاکسازی و پلان و بەرنامە و نەخشەرێگا و هەر شتێکی تر بە ناوی چاکسازیەوە بدات و خۆی بە پەری بزانێت، دیسان لە ژێر پەرە و دێری هەر نەخشەیەک بەو ناوەوە، بەرژەوەندی هەمەچەشنی حزبی تێدا حەشار دەدات.
ئەی کێ دەتوانێت بەرنامە و نەخشەیەکی چارەسەری ریشەیی زانستیانە بخاتە بەردەست و، کێ بەقسەیان دەکات و، چۆن بەرژەوەندیەکان وەلا دەنرێن و، کێ دەسەڵاتی ئەوەی دەبێت دوور لە حزب رێگەچارەکان بخاتە بەردەستی فەرمانرەوایان و بە شەفافیەتەوە لەبەردەم خەڵک ناچاریان بکات کە پەیمانی ئەوە بدەن پابەندی ناوەرۆکی هەر چارەسەرێک دەبن کە بە دامودەزگا و رێکخراوە مەدەنی و ئەکادیمیەکان و راگەیاندن رۆڵی گەورەیان تێدا دەبێت و هەموو ئەگەر و دەردانەکان لەبەرچاو دەگرن و رێگە راستەکە دەستنیشان دەکەن.
بۆیە دەبێت پێش لەوەی حزبەکان خۆیان بەناوی چاکسازیەوە باسی چارەسەری قەیانەکان بکەن، پێویستە دەستەیەکی عاقڵمەند لە خەڵکی شارەزای هەمەچەشن و پسپۆری هەمەرەنگ لە ئەکادیمی و خاوەن کار و رۆشنبیرانی دوور لە حزبەکان پێک بێت و، ئەوان نەخشەرێگەیەکی دوور لە بەرژەوەندی و شتی ژێر بەرە بخەنە بەردەست و چارەسەری یەگجارەکی بخەنە روو، ئەگینا جگە لەکات کوشتن و زامنکردنی بەرژەوەندی حزبی و کەسی هیچ شتێک لە بەرنامە و پێشنیاری ئەم و ئەو سەوز نابێت و، تەنانەت لەوەزیاتر لەوانەیە هەر قسەیەک لەم بارەوە لە نێو حزبەکانەوە دەربچێت لە هەناوی ململانێی نەک حزبی بەتەنها بەڵکو ململانێی نێوخۆیی شەخسیشەوە بەرهەم هاتبێت، کە قورشێلانەکە لەوێدا دەبێت. بۆیە ئەم قەیرانە بە حزب و حکومەت و کەسە حزبیەکان و سەرکردەکانی ئەم حزبانە چارەسەر ناکرێت . بەڵکو ئەگەر دەستەیەکی سەربەخۆ هەڵبژێردرێت و بە ئاشکراش لە راگەیاندنەکانەوە کارەکانیان بڵاوبکەنەوە، دەتوانرێت ئەو خەڵکە پسپۆر و بە توانا و بیرمەند و قاڵبوەی نێو ئەم جۆرە بیر و پرسانە بەشداری کاریگەریان هەبێت و، ئەوان دەتوانن ئەسپی خۆیان تاوبدەن و پلانی زانستی خۆیان بخەنە بەردەم خەڵکی کوردستان و حکومەت و حزبەکانیش، بەوەش دەتوانین بەهێمنی و لەسەرخۆ بگەینە دەرئەنجامێکی باش و لەم قەیرانە رزگارمان بێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت