زەبەنگ بەهادین: رۆشنبیران لەكوێی رووداوەكان وەستاون.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە شۆرشی فەرەنسادا ئەوانەی كە سەرقافڵەی شۆرشگێران و فەقیرو هەژاران بوون رۆشنبیرانی فەرەنسی بوون . بە هەمان شێوە لە ئەڵمانیا و لە بەریتانیا، كاتێك شۆرشی فەرەنسی لە ساڵی 1789 بەرپا بوو، وە ئەم شۆرشە بەردەوامی هەبوو تا ساڵانی 1799 بە جۆرێك ئەم شۆرشە كاریگەری و كاردانەوەی زۆری لەسەر كۆی ئەورپاش هەبوو, زۆرێك لە مێژوونوسان ئەیگێرنەوە بۆ بزوتنەوەیەكی عەقڵانی كە دروست بوو لەسەر دەستی بزوتنەوەی ( تەنویر ) لە سەدەی هەژدەدا, كە بە بزوتنەوەیەك یان بە جوڵەیەكی رۆشنبیران دا ئەنرا لەو كاتەدا ئەم رۆشنبیرانەوە چەندەهای تریش ‌ سەرەتای پریشكی دروست بوونی شۆرشی فەرەنسی بوون, وە سەرەنجام فەرەنسایان گەیاندە ئەم ئازادی و دیموكراسی یە راستەقینەیەی ئەم وڵاتە هەیەتی لە جیهاندا.

رۆشنبیر هەمیشە ئەبێت ویژدانی جەماوەر و میللەتكەی بێت, نابێت رۆشنبیر ببێتـە داردەستێك بۆ شاردنەوەی راستی یەكان وە دەبێترۆشنبیر بارهەڵگری سیاسی یە كان نەبێـت. مەخابن رۆشنبیران خۆیان زۆر جار ئامێری جێبەجێكردنی ستەم و زۆرداری دەسەڵاتدارانن و تەنانەت روبەرووی رۆشنبیرانی هاوپیشەشیان دەبنەوە لە پێناو ویستی دەسەڵات دا و لە پێناوی پارەو پۆست. ئەم جۆرە رۆشنبیرانە هەرگیز بەخیلی ناكەن لە باسكردنی دادپەروەری و دیموكراسی ‌ و مافی مرۆڤ و ئازادی بیرو را بە دروشمە درۆینەكانیان, ئەیانەوێت هەمیشە پەردە پۆشی ئەو دوو رووی یانەیان بكەن و ببنە شارەوەی گەندەڵی یەكانی دەسەڵاتە زاڵمەكان, ئەمانە هەڵگری كۆمەڵێك دروشمن لەروی بیردۆزی یەوە وە جیبەجێكەری كۆمەڵێكی تر دروشمی جیان لەسەر زەوی راستەقینەیە. ئەمە دەگەرێتەوە بۆ پەروەردەی تێكدەرانەو و نا كامڵی ئەم تاكانە لە خودی خۆیاندا, كە ئەم جۆرە مرۆڤانە خاوەن بیرو باوەری جێگیری خۆیان نین, هەمیشە ئامادەی چۆك دانان و خۆفرۆشی تێیاندا بەدی دەكرێت, تەنانەت ئەگەر ئەمەش ببێتە هۆی لە ناو چوونی میللەت و كۆمەڵگا كەی ئەو بێ گوێدانە ئەو نەهامەتی یەی دروستی ئەكات پێچەوانە بە خواستی میللەتەكەی هەنگاو دەنێت. لەم جۆرە رۆشنبیرانە ئامادەباشی تێدایە كە خیانەت لە میللەتەكەشی بكات لە پێناوی چەند بەرژەوەندی تایبەتی خۆی, بۆیە گەر بە ووردی سەیری كاری دەسەڵاتە زۆردار و درندەكان بكەین زۆر جار ئەم جۆرە لە سیاسەتی كرینەوەی وەلائی رۆشنبیران بە كار دەهێنن بۆ بە گەوجاندنی كۆمەڵگە.
لە شۆرشی فەرەنسادا رۆشنبیران‌ بەتەنیشت دەسەڵات و بەرژەوەندی یەكانی دەسەڵاتەوە نەوەستا بوون, بەڵكو ئەمان لە بەرەی خەڵكی هەژار و برسی بوون كە داوای مافەكانی تاكیان ئەكرد و هەوڵیان ئەدا بۆ بە دیهێنانی یەكسانی لە ناو كۆمەڵگای فەرەنسی دا كە پر بوو لە زوڵم وستەم و جیاوازی چینایەتی , كۆمەڵێك لەو رۆشنبیرانە ‌ هەمیشە لە مێژوودا زیندون و ناویان ناسرێتەوە وەك ( فولتیر ) كە داوای دەكرد كۆتایی بە سیستەمی زۆرداری بهێنرێت, وە (مونیسیكو) كە داوای جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكانی دەكرد لە ناو سیستەمی دەسەڵاتداری فەرەنسا دا, وە (جان جاك روسو ) كە داوای ئازادی و یەكسانی دەكرد بۆ كۆمەڵگا.
ئەوەی كە زۆر گرنگە لێرەدا ئاماژەی پێ بدەم خۆفرۆشی بەشێك لە رۆشنبیرانی لای خۆمانە بە دەسەڵات و بە حیزب, گۆێرایەڵ بوونی ئەم رۆشنبیرانەیە بۆ ویست و خواستەكانی حیزبەكان, بە بۆچونی من قەڵەم فرۆشی یان بیرو باوەر فرۆشی رۆشنبیر و كرینەوەی وە لە لایەن حیزب و دەسەلاتەوە زۆر ترسناكترە لە فرۆشتنی جەستە, چونكە خۆفرشتنی رۆشنبیر كارەساتەو ئەبێـتە هۆی نەهامەتی و جاهیلكردنی كۆمەڵگا, بە تایبەت لەو كۆمەڵگایەی كە دەسەڵاتێكی دیكتاتۆر ی هەبێـت یان دەسەڵاتێكی بێ یاسا و دوور بێت لە بنەماكانی دیموكراسی, كێشەكە لەوێدایە كاتێك رۆشنبیر دێـت و دەبێتە داردەستی ئەم حیزبانە دەبێت كار بكات بۆ جوانكردنی دەسەڵاتی گەندەڵ كار بكات بۆ شاردنەوەی راستی یەكان.‌ كاتێك رۆشنبیران دەكەونە رازاندنەوەی ناشرینی یەكانی دەسەڵات و دەكەونە ماكیاژ كردنی ئەو نەگبەتی یانەی ئەو دەسەڵاتە بەخشیویەتی بە‌ كۆمەڵگا, پێگەیەك نامێنێتەوە بۆ دەركەوتنی راستی وە لێرە بە دوا كۆمەڵگاش و تاكە كانیش ئیتر بەرەو تاریكی و نەهامەتی زیاتر بەرەو دواكەوتن هەنگاو ئەنێن نیشتیمان ئەبێت گۆرستانی فیكر و بیرمەندی, ئەمەی كە روو ئەدات بە هۆی خۆ بەدەستەوەدان و ملكەچ بوونی ئەو رۆشنبیرە خۆفرۆشانەیە بەو حیزبانە.
هەركات رۆشنبیر بێلایەن بوو ئەتوانێت بە ئاراستەی فراوانتر دونیا دیدەی هەبێـت و ئەتوانێت باشتر بنوسێت و زیاتر رێگاكانی بەرو پێش چوون و بە دێهێنانی ئازادی و سەربەستی رووناك بكاتەوە, ئەمەئەركی سەر شانی رۆشنبیرە ئەبێت ئەو دیوارەی كە ئەم حیزبانە ساڵانێكی زۆرە رەشی ئەكەنەوە بەرەو دواكەوتن و داروخانی ئەبەن, رۆشنبیران سەر لەنوێ ئەو رەشی یە بسرنەوە بە هێماو وێنەی تازە نیگاری داهاتویەكی رۆشن بنەخشێنن, وە سەر لەنوێ ئاراستەكان دیاری بكەنەوە بۆ كۆمەڵگایەكی ووشیار تا بەروە پێشتر هەنگاو بنێن, چونكە ئەبێت رۆشنبیر باش ئەوە بزانێت كاتێك دەچێتە دەزگایەكی حیزبی ئەوە بە دڵنیای ئیتر سەربەخۆی خۆی لە دەست ئەدات و ئەبێتە داردەستی ئەو حیزبە و وەك ئەڵقە لە گوێ یەكی حیزبەكە كار دەكات, نابێت لە سیاسەت و مەنهەجی ئەو حیزبە لا بدات , هەرچەندە مەنهەجیەتی حیزبەكە بە پێچەوانەی دنیا دیدەنی ئەم رۆشنبیرەشەوە بێت و لەگەڵ بیرو بۆچونەكانیشیدا نەگونجێت ئەوا لەبەر ئەوەی ئەو رۆشنبیرە چۆتە ناو ئەو حیزبە یان میدیای ئەو حیزبە ئەوا باری نوسینی ئەو رۆشنبیرە تەنها باری حیزبەكەیەتی لەوە زیاتر بەو هەڵناگیرێ و رێگەی پێنادرێت لەوە زیاترهەڵبگرێت, هەڵبەت ئەمانە هەمووی بۆ بەدەستهێنانی پارەو سامانەو سەرەنجامەكەشی دەبێت باجەكەی نیشتیمان و تاكەكانی سەر خاكەكەی بیدەن كە لە دەستدانی ئازادی و سەربەستی و مافی تاكە كەسە و نەمانی یاسا و دیموكراسی دەبێـت. بەشێكی زۆری ئەم نەهامەتی یە ئەكەوێتە سەر شانی ئەو رۆشنبیرانەی كە خۆیان فرۆشت و ویژدانیان لەو دیوو كتێبخانەكانیانەوە فرێدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت