عیماد عەلی: پترۆشنبیرانی کورد لە دۆڵی حزبایەتیدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دوکتۆر عاتیف ئەلعراقی لە کتێبی ( گەران بەدوای ماقوڵدا ) دەڵێت: رۆشنبیر و رۆشنبیریی لەم کاتەدا لە چەتە و چەتەگەری دەچێت، تەنها مەبەستیان ئەوەیە شتێکیان لە بەرهەمی رۆشنبیری راستەقینە و رەسەنی تر دەستکەوێت، بۆ ئەوەی بیدزن و بیرفێنن. لای ئەوان گرنگ ئەوە نیە کەخۆیان خاوەنی راستەقینەی ئەو کارانە بن، بەڵکو گرنگی لای ئەوان لەوەدا دەبیننەوە کە تەنها مەبەستیان لە دانانی ناوەکانیانە لەسەر بەرهەمە دزراوەکان بەهەر شێوەیەک بێت، جا بەرهەمەکان کۆن بن و کەس بەلایدا نەچوبێتن یان هی سەردەمەکە بن و گۆرانکاریەکی روکەشیان تێدا کردبێت.
جا ئەمە وامان بۆ روون دەکاتەوە، ئەم جۆرە فرتوفێڵە هەر لە کوردستانی خۆماندا نیە کە بە ناوی جۆراوجرەوە دەکرێت، بەڵکو زیاتر ئەوەی لای ئێمە زیاتر زەق و باوە ئەوەیە، کە بەناوی سیاسەتەوە لافی رۆشنبیرێتی لێدەدەن، بێ ئەوەی تۆزقاڵێک لە مەیدانی رۆشنبیریەوە نزیک بن، بەو واتایەی، لە پێناو بەرژەوەندی تەسکی شەخسیدا، رۆشنبیری راستەقینەیان بە پارە و پۆست و سیاسەت گۆریوەتەوە. ئەمەش یان خەڵکێکی وا دەیکات کە فری بە رۆشنبیریەوە نیە و خۆی بە رۆشنبیر لەقەڵەم دەدات، یان حزبەکان خەڵکێکیان بە ناوی رۆشنبیرەوە لە پێناو ئامانجی حزبی و دوور لە رۆشنبیری رەسەن زل وقەبە و بەرز کردۆتەوە، کە لە بنەرەتدا لە باری رۆشنبیریدا عەقڵێکی زۆر کورتەبنەیان هەیە.
لەم چەند ساڵەی پاش پەیدابونی پارەی پترۆدۆلار وی کەنداوی عەرەبی ئاسادا لە کوردستانی خۆمان، چەندین جۆر بەناو رۆشنبیر پەیدا بوون، خەڵکانێک پێشتر زۆر رێزی تایبەتیان هەبوو لای خەڵک، دەرکەوت توانای ئەدەبیپوچەڵ و قسەلوسیان پێیە نەک رۆشنبیری رەسەن و کوردستانیان تەنیوە، بەڵام پاش دەرکەوتنی پترۆدۆلاری رۆشنبیری لە لایەن حزبە دەسەڵاتدارەکانەوە، ئەمانەی کە خۆیان بە کەڵە رۆشنبیر لەقەڵەم دەدران خزانە نێو ئەو کایەوە و، وا تا پترۆشنبیرێکی عەیار بیست و چواریادن لێدەرچوو، تەنانەت داهێنانیان لە هەڵخەڵەتاندنی خەڵکدا لەم بارەوە دەکرد نەک لە باری رۆشنبیری دروستەوە.
عەباس مەحمود ئەلعەقاد لە یەکێک لە کۆربەندەکانیدا دەڵێت: رۆشنبیری راستەقینە نەک هەر وابەستەی بەرهەمە کەلەپوریە نێگەتیفەکانی میلەتەکەی نابێت بەڵکو دەتوانێت خۆی لە تەوژمی خراپی بەناورۆشنبیریی و رۆشنبیرانی سەردەمەکەی خۆی و سیاسەت و سیاسەتمەداران قوتار بکات و بە عەقڵانیەتەوە لە سەرجەم بەرهەمەکان بنوارێت بە کۆن و نوێوە و دوور بێت لەبەرژەوەندی تەسکی شەخسی و کاریگەریە نیگەتیڤەکانی.
ئەوەی ئێمە دەمانەوێت لێرەدا گوزەری تێدا بکەین ئەوەیە کە کۆمەڵێک بەناو رۆشنبیر و هەڵتۆقیوی بارودۆخی نالەباری کوردستان و حزبەکان وحزبایەتی، تەنها کاریان تێکەڵ کردنی نێوان رابوردوو بە باش وخراپیەوەیە بەوەی ئەمرۆ هەیە، بێ ئەوەی بە وردی لە بنج و بنەوانی بروانن و دیدوبۆچونی سەردەمیانەی خۆیان هەبێت و، تەنانەت لەوبارەوە بە هیچ شێوەیەک ئەگەرەکانی سبەینێش ناخوێننەوە و فڕیان بەهیچ پێشبینیەکەوە نیە و فرچکیان بە لاساییکردنەوە و کۆنەخوازیەوە گرتووە. ئەمەش بێگومان جگە لە بارودۆخە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوریە نالەبارەکە، هۆکاری رۆشنبیری و رەفتار و عەقڵیەتی خودی رۆشنبیرانیشن کە ئەم واقعەیان فەرز کردووە.
دوکتۆر فوئاد زەکەریا لەوکاتەی سەرنوسەری گۆڤاری ( فیکری سەردەم ) بووە نوسیویەتی، دوو جۆر قسە و نوسین هەیە، یەکێکیان هەر لەبنەرەتدا کە دەست پێدەکرێت مردووە و بەکەڵکی نەک رۆشنبیری بەڵکو وتنیش نایەت، بەڵام دەتوانرێت لە بیروبۆچون و عەقڵیەتی بەناو رۆشنبیران یان رۆشنبیرانی سیاسەتمەدار یان سیاسەتمەداری رۆشنبیر مەڵاس بدرێت و لە کاری تایبەتی خۆیدا کە بەناو رۆشنبیریەوە دەردەخرێت، لە رێرەوی کاری حزبی و شەخسیدا پێیدا دەرۆن و کاری پێدەکەن و، هیچ پەیوەندیەکی بەرۆشنبیریەوە نیە و تەنها ئاماجانیان ئەوەی قازانجی لێبکەن و باش دەزانن کە زەرەر بە فکر و عەقڵی میلەت و بیری پێشکەوتنخوازی دەگەیەنن. ئەو جۆرەکەی تریشیان زیندووە و بەزیندوێتی دەمێنێتەوە و خەڵکی رۆشنبیری رەسەن قازنجی لێدەکەن، بەڵام بە هۆکارگەلێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری خەڵکانی کەم لە دەوری ئەم جۆرە رۆشنبیریە رەسەنە دەخولێنەوە.
وا ئەمرۆش لە کوردستانی خۆماندا نمونەی زۆر دەبینین، کە بە بەرهەمە مردووە کەلەپوریەکانەوە مەشغولن و تەنها مەبەستیان رازیکردنی بیری موحافزکارەکانە و، بە ئامانجی سیاسی رووتەوە خۆیان لە قەرەی رۆشنبیریەوە دەدەن. ئەمانەش ئیستیغلالی وەزعە رۆشنبیری و کۆمەلایەتیە گشتیەکە لاوازەکیان کردووە و روکەشانە باس لە رۆشنبیری وکاری لەسەر دەکەن و، بابەتە قووڵەکان دەپروزکێنن و هەموو مەبەستیان خۆدەرخستن و ناوبانگ دەرکردنە و، هەر ئەمانەن کە حزب و سیاسەتی باو وەک رۆشنبیری عەملاق دەریان دەخەن و بە تیۆریست و دانا و زانای رۆشنبیری دەیانخوێننەوە و مەبەستی تەسکی حزبی و شەخسی خۆیان بەمانە جێبەجێ دەکەن و، هەر بەم رۆشنبیرە ساختانە ململانێی حزبی دەکەن و کاریگەری نێگەتیفانە لەسەر نەوەی تازە بەجێدەهێڵن. ئەم رۆشنبیرە ساختانەش لەبەر تەماحی مادی و پارە و پول و پۆست ئەم رەفتارە دزێوانە دەکەن، ئەگەر بە خۆیشیان لە بنەرەتدا باوەریان بە خودی بۆچونەکانی خۆشیان نەبێت . هەر ئەمانەن کەلەپوری وادەبەسەرچووی ئیکسپایەری زیانبەخش بە نرخی ئەمرۆ بەخەڵک دەفرۆشنەوە و تەنهاو تەنها لە پێناو قازانجی حزبی و شەخسی خۆیان و بەس ئەم رەفتارە تا سەر قێزەونە دەکەن.
دوکتۆر عەبدولرەحمان بەدەوی لە کتێبی ( لەزەمانی بونگەریدا ) دەڵێت: رەهەندو دینامیکیەتی کاری رۆشنبیری قازانجبەخش زۆر لە بیر و فکر لە پێشترە و لەو پێناوەی رۆشنبیری راستەقینە لە بۆچونی بونیادگەرانەوە جێگەی خۆی دەگرێت و دەبێت ئەو بەرهەم رۆشنبیریە راستەقینانە بە عەقڵ و سۆز و ویست لە یەک کاتدا بەیەکەوە ببەسترێنەوە و بەرهەم بێت.
لای خۆمان هیچ بنەما و مەرجی فەلسفەی زانستیی رۆشنبیری لەسەر کار و کردەوەی هەندێک بەناو خۆهەڵواسیو بە رۆشنبیریەوە ناگونجێت و، تەنها ئەو قسەیەی دوکتۆر زەکی نەجیب مەحمود لەسەریان دەسەپێت کە دەڵێت، ئەمانە هەموویان تەنها پیاوی قسەلۆجیان نەک مەبەستیان بەرهەمی راستەقینە بێت ولە کاری رۆشنبیریاندا گرنگی بە بەرهەمی تەکنولۆجیا بدەن و ژیانی ئاسان بۆ خەڵک مەیسەر بکەن.
ئەوەی لەم چەند ساڵەی دوایی لە کوردستانی خۆماندا روویداوە، خەڵکانێک بونەتە فەیلەسوفی سەردەم کە کتومت بە خەڵکی یترۆشنبیر ناسروان و پێناسەکشیانە پر بە پێستی خۆیانە و هەر حزبەو بۆتە ئەکادیمیای رۆشنبیری وبۆ مەرامی حزبی و وەک ئامرازێکی ململانێی حزبی، بەرهەمی نارەسەن و رۆشنبیریی نادروست دێنێتە کایەوە!. واتە بەرهەمی رۆشنبیری لەسەر پترۆدۆلار بنیاتنراو و قسەی لوس و پیاهەڵدان بە دەسەڵات. لەبەرامبەردا خەڵکی سەر بە ئۆپۆزسیۆن و نارازی و زیانگەدەی دەستی ئەم و ئەو، بەناوی رۆشنبیریەوە ململانێی حزبی دەکەن و رەخنە دەگرن و بێ ئەوەی جەوهەری هەڵوێستی بیروراکانیان لەم بارەوە لە قازانجی رۆشنبیریی و رۆشنبیرانی راستەقینەی دوور لە سیاسەتی رووت بێت. تەنانەت نەک هەر قازانج بە رۆشنبیریی گشتی ناگەیەنن بەڵکو وا دەکەن نەوەی نوێش لەسەر خواروخێچی دەرۆن و راست ودرۆ لەیەک جیاناکەنەوە ، ئەگینا مەعقولە تۆیەک کە باوەرت بە رۆشنبیریی پاک و بێگەرد و راست و دروست بێت کەچی بە قسە و رەفتاریش ئیدیعای بیری کۆنەپارێزی بکەیت، تەنها لەبەر ئەوەی لە قازانجی ململانێ سیاسیەکەی تۆ و حزبەکەی تۆدا دێتەوە. بۆ ئەو مەبەستەش هەندێک وشەسازی بکەیت و بیری نەگونجاو بەناو ئۆپۆزسیۆن بونەوە دەربخەیت، یان وشەیەک بجویتەوە کە بەهەموو لایەکیەوە زیانی تا سەرئێسقان بەکۆی گشتی کایەی رۆشنبیری میلەت و تاکی ئەم کوردستانە دەگەنێت و نەخۆشی ترسناک لە عەقڵ و بیروبۆچون و زیهنی رۆشنبیرانی وڵاتەکەت بڵاودەکاتەوە.
بەڵێ لەم کوردستانەی خۆماندا، سیسەتمەداران و حزبەکان و خەڵکانی رۆشنبیری وابەستەی حزب و بەرژەوەند خواز و عاشقی پارەی پترۆدۆلار لە لایەک و خەڵکی دوور لە رۆشنبیری و هەڵواسراو بە رۆشنبیریەوە خۆیان بە زانا و فەیلەسوف و رۆشنبیری بەتوانا و تاک و دەگمەن لەقەڵەم دەدەننکەچی واخەریکە هەر هەمووان بروایان پێ بکەن. ئەم شێوازە کارە لە بواری رۆشنبیریدا بەهەمان شێوەی گەندەڵیە ئیداری و سیاسی و ئابوریی و کۆمەڵایەتیەکانی تریی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان چاڵێکی قوڵی یەکجار گەورەی بۆ نەوەی نوێ هەڵدەکەنن، کە هەر هەموومان تێیدەکەوین و لەم ژیانەدا و بەڵکو ئەمرۆ نوقم بوین تێدا و ئاسۆیەکی بچوکیشیان بۆ نەهێشتنی ئەم گیرۆدەبون و ئاڵودەبونە نەهێشتۆتەوە. ئەوەی خەتەرناکە کە گەندەڵیە رۆشنبیریەکان لە شێوەکانی تر خەتەرناکترە، لەبەر ئەوەی کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئەوانیش هەیە. بۆیە یترۆشنبیرانی ئەمرۆی کوردستان بەخۆیان بزانن یان نا، لە پێشەوەی تاوانبارانن لە وەزعی ئەمرۆی کوردستان و بگرە لە تاوانی سیاسەتمەداران زیاتریش.
* پترۆشنبیر : پترۆدۆلار + رۆشنبیر

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت