محەمەد هەریری: نێرەموکی یان شڵەژانی ناسنامەی جەندەری؟. بەشی دووەم.
نێرەموکی بایەلۆژی یان هەقیقی intersex یان Hermaphrodite 2
زاراوەی intersex چاکترە بۆ بەکارهێنان لە زاراوەی Hermaphrodite کە جۆرێك لە مانای نێگەتیڤ بە خۆوە دەگرێت، ئەگەرچی هەر لەناو نێوەندە شەعبیەکان بەکادێت.
ئەوانە کەسانێکن لە زۆربەی هەرە زۆری حالەتەکان یەك ئەندامی زاوزێیان هەیە لە دەرەوە، بەڵام لە ناو پەنهانیدا ئەندامی ڕەگەزێکیتر هەیە. واتە ئەندامی ناوەوەیان سەر بە ڕەگەزی مێیە یان نێر، بەڵام لە دەرەوە ئەندامی زاوزێی مێ یان نێریان هەیە. بۆنمونە هەیە لە دەرەوە چووک و گونی هەیە لە ناوەوە ڕەحم و هێلکەدان وزێی مێیەی هەیە.
لە هەنێك حالەتی زۆر دەگمەنیشدا، لە یەك کاتدا کۆئەندامی زاوزێی مێ ونێری هەیە. لەو حالەتانەدا دکتۆر زۆر جاران نازانێت منداڵەکە لە بنەڕەتدا لە کاتی لە دایکبووندا کام ئەندامی زاوزێی پێشتر هەبووە، لەو حالەتەدا دەگەڕێنەوە بۆ پشکنینی DNA بۆ بڕیاردانی ڕاستی ڕەگەزی ئەو کەسە. ئێستا زانراوە کە لە هەر 2000 کەس یەکیك ناسنامەی بایۆلۆژی وا لێڵ و ناروون دەردەچێت. دایک و باوک دەتوانن کاتێ منداڵەکانیان لە دایک بوون پاش پشکنینەکان بڕیاری نەشتەرگەری ڕاستکردنەوەی ڕەگەزیان بدەن، یانیش چاوەڕێ کەن تا منداڵەکە گەورە دەبێت و بڕیار دەدات، چ ڕەگەزێك لەناخەوە هەست پێ دەکات و لە ڕووی دەروونی و عەقڵیەوە نێرە یان مێ.
ئەو حالەتە سەد دەرسەد جەستەییە و خۆشبەختانە چارەسەریشی ئاسانترە ئەگەر ژینگەی گونجاو بێت، و خەڵکەکە تێی بگەن. یانی پاش پشکنینی جەستەیی و دەروونیش دەزانرێت کە ئەو کەسە سەر بە چ ڕەگەزێکە، و نەشتەرگەری دەتوانێت ڕەگەزی ڕاست بکاتەوە وەك هەر پیاوێك یان ئافرەتێك بژێت. گرنگ یارمەتیدانی دایك وباوک و براو خوشك و کەسوکاریانە، ئینجا کۆمەڵگایە.
تێڕوانینی ئەو کۆمەڵگایە نیمچە سەرەتاییەی خۆمان، تێڕوانینی وڵاتێکی سەرەتایی وەحشیم بیردەهێنێتەوە بەرامبەر هەر منداڵێك بە قژ و پێستی سپی لە دایک ببێت لە ناویان، دەڵێن ئەوە نەفرەتی لێکراوە، بە تەواوی خەڵك فەرامۆشی دەکەن، ئینجا دوایی دەیکوژن دەڵێن خوێنەکەی بۆ سیحرکردن باشە!
هەڵوێستی ئیسلام لە نێرەموک
کە دەچیتە سەر سایتە ئیسلامیەکان بە دەگمەن نەبێت، یەکێك نابینی بابەتێکی هێمن و زانستیانەی نووسیبێت، هەموو بابەتەکانت بە ئەدەواتی کۆنی دینی وزمانەوانی باسکراون، بەڵام هەندێکیان لە بابەتە فیقهیەکان چاکترن، جۆرێك لە تێگەیشتن نیشان دەدەن بەرامبەر حالەتەکە. هەتا ئافرەتێکی بوێر هەیە د. هبة قطب ئەویش کە باسیان دەکات زۆر نازانستیانە باسیان دەکات، و دەڵێت: ئەوانەی جەستەیان پیاوە یان ژنە هیچ کێشەیەکیان نییە! یانی باوەڕی بە ناسنامەی جەندەری نییە، کە مرۆڤەکە وا هەست دەکات ژنە و لەناو جەستەی پیاودا زیندانی کراوە، یان پیاوە لە جەستەی ژندا زیندانی کراوە! لەسەر نێرەموکە بایۆلۆژی و جەستەییەکانیش دەڵێت: ئەوانە موستەهەقی زگ پێ سوتانەوەن، نەك تێگەیشتن و تەقدیر کردن! (٣)
زۆربە دەڵێن لە قورئاندا هیچ باسێکی نێرەموکان نەهاتووە، بەڵام هەیە پێی وایە لەو ئایەتی 31 سورەتی النور دا [أَوِ التَّابِعِينَ غَيْرِ أُولِي الْإِرْبَةِ مِنَ الرِّجَالِ] یەک لەوانەن کە دەتوانن جوانی و ڕازاوەیی ئافرەت ببینن، ئاماژەیە بۆ چەندین جۆر کەس، وەك خەساوەکان، ئەوەی توانای سێکسی نییە العنین، پیاوێکی زۆر پیر، منداڵێکی زۆر کەم تەمەن، یان ئەوەی نێرەموکە ئیشتیهای ژنی نییە با شێوەشی لە پیاو نزیك بێت!
(وَلَا يُبْدِينَ زِينَتَهُنَّ إِلَّا لِبُعُولَتِهِنَّ أَوْ آبَائِهِنَّ أَوْ آبَاءِ بُعُولَتِهِنَّ أَوْ أَبْنَائِهِنَّ أَوْ أَبْنَاءِ بُعُولَتِهِنَّ أَوْ إِخْوَانِهِنَّ أَوْ بَنِي إِخْوَانِهِنَّ أَوْ بَنِي أَخَوَاتِهِنَّ أَوْ نِسَائِهِنَّ أَوْ مَا مَلَكَتْ أَيْمَانُهُنَّ أَوِ التَّابِعِينَ غَيْرِ أُولِي الْإِرْبَةِ مِنَ الرِّجَالِ أَوِ الطِّفْلِ الَّذِينَ لَمْ يَظْهَرُوا عَلَى عَوْرَاتِ النِّسَاءِ) .النور 31
هەندێ حەدیس هاتوە لە سونەی موئەکەد و سەحیح بە پێوەری پەێڕەوانی حەدیس دەربارەی نیرەموکی جەندەری. هەندێ ئاسار و هەواڵیش هاتووە لە سنن البیهقي و سنن الدارمي وهەندێ سەرچاوەی تر دەربارەی نێرەموکی جەستەیی.
لەوە دەچێت لە حەدیسەکانی پیغەمبەر کە لە سەرەتادا جۆرێك لە لێبوردەیی هەبووە بەرامبەر نێرەموکەکان، واتە ئەوانەی پیاون بەڵام وەک ئافرەت ڕەفتاریان کردوە، هاتووچۆی ماڵی پیغەمبەریان کردوە، لە مەجلیسی ژنەکانی دانیشتوون، وەک لەو حەدیسە دەبینین لە ماڵی ام سلمە بوون، و ئەو نێرەموکە لە خۆیدا چاکە دەکات بۆ برای ام سلمە، عبد الله بن أبي أمية، پێی دەڵێت ئەگەر خودا تایفی بۆ فەتح کردن، کچی غەیلانت نیشان دەدەم، کە بە جوار بەرەو ڕووت دێت و بە هەشت پشتت لێدەکات! ئەوەش ئاستی زەوقی بەدەوی ئەو کاتە دەردەخا، چونکە کینایەیە لە قەڵەوی زۆری ژنەکە، و چوار قەدبوونی گۆشتی لە پێشەوە و هەشت قەدبوونی گۆشتی لە دواوە، کە لای ئەوان مونتەهای جوانی بووە! کە پێغەمبەر گوێی لێدەبێت، توڕە دەبێت و دەڵێت ئەوانە وەدەرنێن لە ماڵەکانتان!
حديث أم سلمة في باب (ما ينهى من دخول المتشبهين بالنساء على المرأة) ونصه: عن أم سلمة أن النبي صلى الله عليه وسلم كان عندها، وفي البيت مخنث فقال المخنث لأخي أم سلمة عبد الله بن أبي أمية: “إن فتح الله لكم الطائف غداً أدلك على ابنة غيلان فإنها تقبل بأربع وتُدبر بثمان، فقال النبي صلى الله عليه وسلم: «لا يدخلن هذا عليكم (رواه البخاري
دوایی بەپێی حەدیسێکی تری بوخاری نەفرەتی لە تەواوی ئەو نیرەمووکانە کرد کە پیاون و خۆیان بە ژن دەچوێنن، یان ژنن خۆیان بە پیاو دەچوێنن! دوایی
قال البخاري رحمه الله تعالى باب إخراج المتشبهين بالنساء من البيوت، وساق حديث ابن عباس قال: “لعن النبي صلى الله عليه وسلم المخنثين من الرجال والمترجلات من النساء، وقال: «(أخرجوهم من بيوتكم)» فأخرج النبي صلى الله عليه وسلم فلاناً وأخرج عمر فلانة” (رواه البخاري في كتاب اللباس باب:62، الفتح:10/333)
عومەریش هەمان شێوە نێرەموکی تری نەفی کردە دەرەوەی مەدینە! نەك ئەوە عومەر ئەو گەنجەی تەنها زۆر جوان وشیرین با دەری دەکردە دەرەوەی مەدینە نەوەکوو ژنانی مەدینە پێی فریو بخۆن وەك ابن الحجر لە فتح الباري ئاماژەی پێدەکات، کە نصر بن حجاج و أبو ذؤيب وکەسانیتریشی دەرکردوە لە مەدینە! (٤)
لێرەدا هیچ ئاماژەیەك نییە بۆ نێرەموکی جەستەیی زیاتر ئاماژە بۆ ئەو پیاو و ژنانە دەکات کە شڵەژان لە ناسنامەی ڕەگەزییان هەیە، و هەڵبەتە کەس هیچی دەربارە نەزانیون، ئەگەر تا ئەو سەردەمە سەدان کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی بەو چاوە سووک و پڕ گوماناوییە بڕواننە ئەو خەڵکە نێرەموکە، ئەو کاتە عوزریان هەبووە. ئینجا لەبەرئەوەی کۆمەڵگاش زۆر داخراو بووە، ئەو نێرەموکانە توانیانە بچنە مەجلیسی هەردوو ڕەگەزەکە، تەکلیفی نامەبەری و پەیام گەیاندن و ئەو شتانەیان لێکردوون، وەك چۆن لە کۆمەڵگا داخراوەکان لە منداڵانیشی دەکەن، بۆیە پیاوە بە غیرەکان ترساون کاریگەری نێگەتیڤ بکەنە سەر کچ و ژن و خوشکیان، لە کاتێکدا خەتای ئەوان نییە، دیوە نهێنیەکەی کۆمەڵگا داوای ئەو ڕۆڵەیان لێ دەکەن!