ئاکۆ برایم: کورسى و قەیران, جەرگمیان بڕان.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەسەر ئەم کوڕەى عەرزە هەر قەیران و نەگبەتیەک کە بەرۆکى میللەتان دەگرێت، عەلەل عەجەلە رەئیس و کەسانى موختەس خۆیان بەموقەسیر و موهمیل ئەزانن، بێ چەن و چون بەدەستە جەمعى ئیستیقالە ئەفەرموون.

کەچى باوانێکتە لەم وڵاتە قنگە جنۆکەیەى خۆمان، کەقەیران و نەهامەتى وەک لێزمە بارانى بەهار بەسەرمانا ئەبارێت، هەمووشمان وەک ناوى سولاسى خۆمان، لێمان مەعلومە و ئەزانین کێ سەبەبکار و خوڵقێنەرێتى. کەچى باوانێکتە ئەو زاتە بۆخۆى مێش میوانى نى یە, و بەباى خەیاڵیا نایەت. هەموو ئەو دەردی سەرى و قوڕبەسەریانەى قۆستۆتەوە ئەیکاتە بەهانە و بیانوو بۆ مانەوەى لەسەر کورسى.
ئاخر برام موودە و دەورى خۆت بەزیادەوە تەواو کردووە، وەقتى ئیزافیشمان یاویتەتێ، فڕڕەیەکیش خاترمان گرتویت، کەچى هەر لاناچیت، و ناڕۆیت.
ئەرێ تۆ بڵێت کەسێ. موسڵمانێ، ژیرێک، خوێنەوارێک، سیاسیەک لەم مەلەکەتەدا نەبێت؟! بەگوێیا بچرپێنێت بڵێت ئاغا گیان، تەماشایەکى تەئریخى ئێکسپایەرت بکە، لەمێژە مودەت بەسەر چووە و، مۆدیلت نەماوە. مەعلومیشە شتى خراپ و بەسەر چوو ئەخرێتە کوێ وە؟!
زۆرم پێ سەیرە جەنابى لەسەر تیڤى و لەکۆڕو کۆبونەوەکان، باسى سیستەمى دیموکراسى و دەستاو دەستکردنى دەسەڵات ئەکات، بەشەفەهى قەول و وەعدمان پێ ئەیات، کە ئیدى بۆ ئەبەد توخنى کورسى سوڵتە ناکەوێت و، بۆخۆى بەعاقڵى لێى دائەنیشێت و تەداخولى هیچ ناکات، کەچى لە ژێر یشەوە بەحزب و خزمەکانى ئەفەرموێت: کە نزیکبوونەوە لە کورسیەکەى بڤەیە. تا رۆژى قال و بەلا ئەو مەنێەبە مەحجوزە مەحجوز.
جا نازانم ئێمەى هاوڵاتى نەگبەت و خێر لەخۆ نەدیو،چ خێر و خۆشى و دەستکەوت و فەرەحییەکمان لەسایەى سەرى بینیوە؟! کە رۆژ بەرۆژ بەرەو میحنەت و زوڵمەت و نەفامى و جەهالەت ئەڕۆین، ئەوەتا لەسایەو فەزلى ئەوەوە، بەگمان داناوە قەڕنێک پاش کەوتوین، ئاو نى یە، کارەبا نى یە، سووتەمەنى نى یە، موچە نى یە، خزمەتگوزارى تەندروستى نى یە، ئەمن و ئاسایش نى یە، عەدالەت سەرى خۆى هەڵگرتووە، زانست و عیلم ومەعریفەت وەک میزى حوشتر گەڕاونەتە دواوە. بەهەزاران تاڵى و میحنەت و دزى و تیرۆر و گەندەڵى بۆکردوینەتە دیارى. لەوە ئەچێت ئەو زاتە هیچ ئیش و کارێکى نەبێت، شەوان تا بەیانى بیر لەوە بکاتەوە کە سبەینێ چ قەیران و بارگرانییەکمان بۆ بکات بەدیارى،!! رەنگبێت بۆ ئەو مەبەستەش لیژنە یان راوێژکارو کەسانى بەئەزموون و شارەزاى وەک ئاغاى هەورامى هەبێت. کە بەجوملە و تۆپەڵ ئیقتراحى بۆ تەقدیم بکەن.
لام مەعلومە کە تا رۆژى نەفخى سور، ئەو کابرایە لە کەلى شەیتان ببورن لەکورسى دەسەڵات نایەتە خوارێ، بەڵام یەک تەکلیفم لەخۆى و دارو دەستەکەى هەیە، بەڵکو لوتف بفەرموون، پێى بڵێن کە پیاوى چاک بێت، ئەو هەموو قەیرانەمان بەسەر یەکەوە نەخاتە سەرشان، تەحەمولى ناکەین. عەیب نەبێ گشتیمان بۆ هەڵناگیرێت، یان وەک مووچەکە باوەرزى بێت، یان وەکو ئاو کارەباکە بیکات بەحەفتانە، یان عەزیەت بفەرموێت بەچکە چک و قیست تەقدیم مان بکات. مەمنونى لوتف و کەرەمى ئەبین

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت