دکتۆر جەبار قادر: چیرۆکی ئەردۆگان و ئەردۆگانیزم لە تورکیا. بەشی یەکەم.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دوا بە دوای پوتینیزم، ئەردۆگانیزمیش وا خەریکە وەک دەستەواژەیەکی سیاسی جێگەی خۆی لە نێو زانستە سیاسییەکاندا دەکاتەوە. لە دوای کەمالیزم، ئەردۆگانیزم وەک بەهێزترین دیاردەی سیاسی لە کۆماری تورکیا پێناسە دەکرێت. ڕەجەب تەیب ئەردۆگان پشتگیری تەواوی بەشە پارێزگارەکەی کۆمەڵگای تورکی بەدەست هێناوە.
یەکێ لە خەسڵەت و سیما سەرەکییەکانی ئەردۆگانیزم هەبوونی سەرکردەی بەهێز و بێ ڕکابەرە کە “خەڵکی” لە دەوری خۆی کۆکردۆتەوە. ئەردۆگان ئەمە بە گرنگتر ئەزانێت لە پرسی هەڵبژاردن، جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و میکانیزمی کۆنترۆڵکردنی دەزگاکانی وڵات. ئەم ڕەوتە سیاسییە لە سەر بنەمای ئایدیۆلۆژی نەتەوەپەرستی پەڕگیر و پاریزگار دامەزراوە. پیرۆزکردنی سەرکردەی فریادڕەس بەرهەمێکی تورکیی بێ ڕکابەرە. دوای دەیان ساڵ لە پیرۆزکردنی مستەفا کەمال، ئێستا هەوڵەکە بۆ ئەوەیە ئەردۆگانی لە جێگە دابنرێت. خەسڵەتێکی تری بەرچاوی ئەردۆگانیزم پەپولیزم و دیماگۆگیایە. ئەردۆگان ڕۆژانە وتارئەدا و قیڕە قیڕێتی، ڕەخنەگران و نەیارە سیاسییەکانی بە ناپاک ناو ئەبات. بە بۆچوونی ئەو دەنگنەدان بە گۆڕانکارییەکانی دەستور دەیانخاتە خانەی تیڕۆڕیستان و خیانەتکارانەوە، با پارتەکەی مستەفا کەمالیش بێت.
بابەتێکی تری هەمیشەیی دیماگۆگییەکانی ئەردۆگانیزم هەڵوێستی دوژمنکارانەی دەوڵەتانی ئەوروپایە بەرامبەر بە تورکیا. بە وتەی ئەردۆگان ئەوان حەز لە تورکیا ناکەن، ئیرەیی پێ دەبەن و دوای دەیان ساڵ چاوەڕوانی ولاتەکەی لە ڕیزەکانی یەکێتی ئەوروپا قەبوڵ ناکەن. لەمەدا ئەردۆگان هیچ گوێ بەوە نادات ئایە تورکیا مەرجەکانی ئەندامبوونی لە خۆیدا بەرجەستە کردووە یا نا. ڕەنگبێ لێرەدا هەندێک ڕاستی هەبێت، چونکە وڵاتانی ئەوروپا بیانویستایە تورکیا وەربگرن، ئەوا دەیانتوانی زۆر ئاسانکاری بۆ بکەن، وەک بۆ وڵاتانی دیکەیان کرد. لە ڕێگەی وتارە لە بننەهاتووەکانێوە ئەو بۆچوونەی لە لای لایەنگیرانی چاندووە کە ڕۆژئاوا دوژمنی گەلی تورکن و بوونەتە پەناگە بۆ دوژمنانی و گوایە ئیرەیی بە “مەزنی، دیموکراسی و پێشکەوتن”ی تورکیا ئەبەن و هەمیشە خەریکی پیلانگێڕی و کاری دوژمنکارانەن لە دژی وڵاتەکەی سوڵتان. کێشەکانی ڕژێمەکەی ئەردۆگان لە گەڵ نەمسا، ئەڵمانیا، سویسرا و هۆڵەندا…تاد بەشێکن لەو دیماگۆگی و جۆشدانەی هەستی ڕەگەزپەرستی لە لای تورکەکان.
ئەردۆگان پرسەکانی نوێنەرایەتی گەل لە ڕێگەی پاڕلەمانەوە، جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان لە یەکتری و میکانیزمەکانی چاودێریکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکار و سەروەری قانون و سیستەمی دادوەری وەلاوە دەنێت و بە گرنگیان پێ نادات. ئەو یەکسەر ڕوو لە خەڵک ئەکات و گوتاری خۆی بەوان پێشکەش ئەکات. ئەردۆگان بۆ ئەم بۆچوونەی خۆی پشت بەم فۆرمولەیە دەبەستێت، کە بە ناڕەوا بەکاری دێنێت و لە داهێنانی خۆیەتی “گەڵ سەرچاوەی هەموو دەسەڵاتەکانە. ئەم دەسەڵاتانە ناکرێت دابەش بن. ئەردۆگانیش دەسەڵاتی ڕاستەوخۆ لە خەڵکەوە وەرگرتووە، بۆیە ئامادە نیە لە ژێر هیچ مەرج و بارێکدا لە گەل کەسا دابەشی بکات”. ئەما سیمای سەرەکی سیستەمی ئەردۆگانیزمە، کە ڕەجەب تەیب ئەردۆگان دەیەوێت لە دوای ڕیفیراندەم بە پێی دەستور و قانون لە سەر لوتکەکەی شانی لێبداوەتەوە، واتا ببێتە سوڵتانێکی قانونی. بە وتەیەکی تر ئەم سیستەمە بریتییە لە شیوازی بەڕێوەبردنی وڵات و ئایدیۆلۆژیایەک، کە تێیاندا سەرکردەی تاقانە نەک هەر خاوەن هەموو دەسەڵاتەکانە، بەڵکو پیرۆزیش کراوە. هەندێ لە لایەنگرانی ئەردۆگان شتی وایان لە بارەی پیرۆزی ئەردۆگانەوە وتووە، تەنها دەروێشەکان لە بارەی شێخانی تەریقەتەکانەوە وتوویانە. چەمکی ئەردۆگانیزم داهێنانی پسپۆرانی ڕۆژائاوایە. دەستەواژەکە دەتوانێت مایەی پێکەنین و گاڵتەجاڕیش بێت.
بیر و بۆچوون و ئایدیۆلۆژیا لەم جۆرە ڕژێمانەدا خۆگونجێن و نەرمۆنۆڵن، چونکە فاکتەری هەرە گرنگ سەرکردەی بەهێزە کە دەستی بەسەر هەموو دەسەڵاتەکاندا گرتووە. ئەردۆگانیزم، پوتینیزم، ترامپیزم …تاد سیمای ئەم سەردەمەی ئێمەن. وەک باوە ئەم ڕژێمانە کۆکەرەوەی ناسیۆنالیستی پەڕگیر، پارێزگاری، هەستی ئاینی و لە هەموو حاڵەتەکاندا پەپولیستن، ڕاستەوخۆ پەیامەکانیان ئاراستەی گەل ئەکەن و بنەماکانی لێک جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان هەڵدەتەکێنن. پارتی سیاسی، ڕێکارەکانی سیستەمی دیموکراتی، میکانیزمەکانی بەڕێوەبردن پشتگوێ دەخەن، یا بەلایدا دەڕۆن و لافی ئەوە لێ ئەدەن کە تەنها ئەوان نوێنەرایەتی گەل و دەزگا و ئامرازەکانی بەڕێوەبردنی وڵات ئەکەن.
جیاوازی ڕژێمەکەی ئەردۆگان لە گەڵ ڕژێمە دیکتاتۆرییە تاک سەرکردەکاندا لەوەدایە، کە لە سێبەری ئەمدا دەزگاکانی دەسەڵات وەک پاڕلەمان، سیستەمی دادوەری، میدیاو…تاد، بە ناو هەن، بەڵام هەموو کراون بە پاشکۆ و لە ناورۆک و گەوهەری ڕاستەقینەی خۆیان بەتاڵ کراونەتەوە. ئەمە لە ڕاستیدا شێوازێکی فاشیزمی ڕەنگکراوی سەدەی بیست و یەکەمە لە تورکیا. ڕەوتی لەم جۆرە لە وڵاتانی دیکەشدا هەن کە لە ئاستی گەشەکردنی جیاوازدان.
ئەردۆگانیزم دۆزێکی (جورعەیەکی) بەهێزی ئیسلامی سیاسی بە شێوە ئیخوانییەکەی تێدایە، بەڵام ئەمە تەنها پێکهاتەی نیە، بەڵکو جۆرێکی نوێ لە ناسیۆنالیزم تا ئاستی ڕەگەزپەرستی، کە بارودۆخ دەیهێنێتە ئاراوە و بە پێی پێویست پەیڕەو دەکرێت، دەتوانێت لە کاتی گونجاودا ببێتە پێکهاتەیەکی تری سەرەکی ڕەوتەکە وەک ئەوەی لەم یەک دوو ساڵەی دواییدا لە ئەردۆگایزمدا بەدی دەکرێت. هاوپەیمانی ئەم دواییەی پارتی داد و گەشەپێدان لە گەڵ پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی ڕەگەزپەرستدا زەقترین بەرجەستەکردنی ئەم دۆخە نوێیەی ئەردۆگانیزمە. زۆر کەس ئیسلامی سیاسی ئەردۆگانیزم بە مۆدیلە عوسمانییە نوێکە پێناسە ئەکەن، بەڵام ئەمە دەقاودەق لە گەڵ ڕەوتی ئیسلامی سیاسیدا وەک ئێمە دەیزانین یەک ناگرێتەوە. پێوەری ئاسیشی دەوڵەت بەشێکی گرنگی گوتاری سیاسی ئەردۆگانیزم پێکدێنێت. ئیسلامی سیاسی فاکتەرێکی گرنگ و بنەما و چوارچێوەی ئەم ڕژێمەیە، بەڵام ئەسپی دێوەرە ئەوەندە شتی تری پێدا هەڵواسراوە، کە هەندێ جار سیما ئیسلامییە سیاسییەکەی هەر ناناسرێتەوە. ئەردۆگانیزم بە پێی باری گشتی یارێکە و پێویستی بارودۆخەکە هەموو کەرەستەکان دەخاتە گەڕ و خزمەتی ئامانجە سەرەکییەکانەوە. سیکیولاریزم لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا هەمیشە کێشە بووە بۆ ئیسلامییەکانی تورکیا، لێ پارتی داد و گەشەپێدان بە فەرمی داوای لابردنی ناکات، هەرچەندە هەندێ لە ئەندامان و سەرکردەکانی زۆر جار باسیان لەوە کردووە کە دەبێت عەلمانییەت لە تورکیا لە ناوببرێت. پێدەچێت ستراتیژی ئەردۆگانیزم لەم ئان و ساتەدا ئەوە بێت، ئەوەندەی سیکیولاریزم هەوڵیداوە گۆڕەپانی ئاین تەنگەبەر بکات، ئەمانیش هەوڵبدەن پانتایی سیکیولاریزم بەرتەسک بکەنەوە.
وەک زۆر لەو ئایدیۆلۆژیانەی دەیانویست نەتەوەی تایبەت بە خۆیان دروست بکەن و ئەنجامەکەی زۆربەی کاتەکان شکست بوو، ئەردۆگانیزمیش هەوڵی دروستکردنی نەتەوەیەکی تایبەت بە خۆی ئەدات. ئەندامانی نەتەوە نوێکەی ئەردۆگان بریتین لە تورکی باوەڕمەند و پارێزگاری سوننی. لێرەدا ئەردۆگان دەیوست کوردیش وەک پاشکۆیەک بخاتە سەر ئەم نەتەویە. ئەوەی لە تورکیا بە پرۆسەی ئاشتی، هەوڵی چارەسەرکردنی دۆزی کورد، کرانەوە بەرامبەر کورد، کرانەوەی دیموکراسی، ڕێگەدان بە ناوهێنانی کوردستان و هەموو ئەو گفتوگۆ گەرمانەی لە بارەی مافەکانی کوردەوە هاتنە کایەوە، هەموویان بەشێک بوون لەم پرۆژەیە، کە دەبوایە دواتر کوردانی دەرەوەی تورکیاشی بگرتاتەوە. هەوڵەکانی ئەردۆگان لەم بارەیەوە شکستی تەوایان هێنا. بۆیە ئێستا سەرزمان و بنزمانی ئەردۆگان و یاوەرانی گەلەکەم و نەتەوەکەمانە، کە تەنها تورک و لە نێو تورکیشدا تورکی سوننە دەگرێتە خۆ. پێدەچێت ئەو گۆڕانکارییە سیاسییە ڕادیکالانەی کە لە کۆمەڵگای کوردی تورکیادا ڕوویاندا تەواو ناکۆک بوون لە گەڵ پرۆژەکەی ئاکەپەدا. هەڵبژاردنەکانی ٧ حوزەیرانی ٢٠١٥ دیمەنێکی سیاسی جیاوازی لە خواستەکانی ئەردۆگانیزم خستە ڕوو و پرۆسەکەی پێچەوانە کردەوە. ئێستا زۆر کەس لە تورکیا دەپرسن: ئایە پارتی داد وگەشەپیدان بە ڕاستی دەیویست دۆزی کورد چارەسەر بکات؟ تۆ بڵێی ئەو چارەسەرییە دەبوایە لە چوارچیوەی یەکێتی ئیسلامیدا بوایە؟، یا دەبوایە سیستەمی سیاسی دیموکراتی تورکیا ئەو دۆزەی چارەسەر بکردبایە؟. ئەمە لە لای کەس ڕوون نیە و ئەو پارتەش باسی لێوە ناکات. ئێستا باس باسی گەلەکەی منە لە بەرامبەر ئەوی دیکە. ئەمەش دەبێتە هۆی دابەشبوونێکی نوێی دانیشتوانی تورکیا. ئەمە بۆ خۆی بەشێکە لە سروشتی گوتاری پەپولیستی دەسەڵاتخواز. ئەم گوتارە هەڵگری کۆمەڵێک کێشەیە و بەشێکە لە میراتی نەجمەدین ئەربەکان، کە هەمیشە باسی لە گەلەکەی و نەتەوەکەی ئەکرد بێ ئەوەی ناوی لێ بنێت و کەس لەوە تێبگات مەبەستی کام نەتەوە و کام گەل بوو. ئایە بە واتا ئاینییەکەی یا واتا ئەتنیکییە تورکییەکەی ئەو دەستەواژانەی بەکاردەهێنا؟. کۆبوونەوەی ئەردۆگانیزم و باخچەلیزم لە ژێر یەک چەتردا، ئەردۆگانیزم لە هەموو ئەو هەوڵانە دادەماڵی کە لە حەفتاکانەوە ئیسلامییەکانی تورکیا گوایە کاریان بۆ ئەکرد، مەبەستمان ئەوەیە خۆیان لە دەرەوەی ئایدیۆلۆژی ناسیۆنالیزمی توندڕەوی تورکی نمایش بکەن. ئەمە گەڕانەوەیە بۆ سەرچاوە سەرەکییەکانی هەردوو ڕێباز لە نێو ژیانی سیاسی تورکیدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت