دکتۆر محەمەدئەمین عەلی: کەلاوەیەک پڕ لەجەهل و گومان، پیشەسازى نەزانى. بەشى چوارەم.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کاریگەرى پرۆسەى پیشەسازى و بازرگانیکردن بەجەهل و گومان لەسەر کەسایەتى و دەروونى خەڵکى و ڕایەڵەى نێوان چین و پیشە جیاوازەکانى زۆر لەوە ترسناک و هەستیارترە کەشارەزایانى زانستى کۆمەڵناسى درکیان پێ کردووە، بەشێوەیەکى گشتى کەسایەتى مرۆڤ لەرزۆک و لاواز ئەکات دەرئەنجام هاوڵاتى ئەکات بەپێنج گروپى جیاوازەوە بەپێى ئاستى کاریگەرى ئەو پرۆسەیە لەسەر عەقڵیەت و بیروبۆچون و هەڵسوکەوتى لەناو کۆمەڵگا بەرامبەر بەچەمکەکانى ژیان و ژین و ژینگە.

گروپى یەکەم: گروپى خاوەن دەمامکە ڕەنگاوڕەنگەکان
گروپى خاوەن دەمامکە ڕەنگاوڕەنگەکان ئەو کەسایەتیە دوو و سێ و چوار ڕووانەن کەخۆیان لەپشت دەمامکى ڕاستگۆیى و ژیرى عەقلانیەت شاردۆتەوە، ئەم گروپە کەسانێکى چاوچنۆک و خۆپەرستن، لەڕاستیدا ڕاستگۆیى و دڵسۆزى و نیشتمان پەروەرى ڕاستەقینە لایان تەگەرەیەکى گەورەیەو هیچ کات بڕوایان پێى نەبووە وە تا لەژانیشدا مابن بڕوایان پێى نابێت، ناپاکى و درۆکردن و هەلپەرستى ستراتیجى سەرەکى کارکردن و سەرکەوتنیانە.
هەموو جۆرە توانایەک ئەخەنەگەڕ بەیاریکردن لەسەر پەتى ئەم و ئەو، واتاپەتى حیزب یاخود پەتى خێزان و بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان، خاوەنى هیچ جۆرە عەقیدەو روئیایەکى ڕۆشنبیرى و مرۆڤدۆستى نین، وەک ئاماژەمان پێدا لەبنەڕەتدا چاوچنۆک و برسى و خۆپەرستن، تەنیا بیرلەخۆیان و بەرژەوەندیە تایبەتیەکان ئەکەنەوە، ئامادەن لەڕێگاى کردەوەى قێزەوەن و بەکارهێنانى فێڵ و تەڵەکە لەدەسەڵات نزیک ببنەوە بەئامانجى تێکدانى پەیوەندى نێوان حیزب و سەرکردەوجەماوەر، ئامانجى سەرەکیان لەژیاندا نزیک بوونەوەیە لەسەرچاوەى بڕیار، تەنانەت یارى بەسەرکردەوحیزب و سەروەرى نەتەوەو وڵات و سەرچاوە داراییەکانى ئەکەن بۆ گەیشتن بەئامانجە گڵاوەکانیان.
ئەمانە بەژمارە زۆر نین، بەڵام لەگەڵ کەمى ژمارەیان کایگەرن لەسەر گۆڕینى هاوکیشەکان بێگومان بەرەو خراپتر، ئەم دەمامکە ڕەنگاوڕەنگانە واتا ئەم دوو و سێ و چوار ڕووانە بەکەسە نزیکەکانى دیکتاتۆر و حیزب و دەسەڵاتدارە دەستڕۆیشتووەکانى خێزان و بنەماڵە ئەژمێردرێن، خاوەن پۆستى حیزبى و حکومى هەستیارن وە لەهەمانکات کۆیلەى خیزان و بنەماڵەى سەرکردەکانن لەبەر ئەوەى خاوەن عەقیدەو ڕوئیایەکى ڕۆشنبیرى ومرۆڤدۆستى نین لەژیان و ژین وژینگە، ئەگەر دوێنى لەگەڵ حیزبى بەعس و سەرکردە تاکڕەوەکەى بووبن ئاساییە ئەمڕۆ لەگەڵ دەسەڵاتدارەکانى پارتى یاخود یەکێتى بن بەنزیکبوونەوە لەخیزان و بنەماڵە دەستڕویشتووە موقەدەسەکان و پاراستنى بەرژەوەندی و زاڵبوونیان بەسەر حیزب و دامەزراوە بەناو حکومیەکاندا، بێگومان ئامادەن سبەینى لەگەڵ شەیتان بن و بەرگرى لێ بکەن، لاى ئەم بەڕێزانە شەیتانیش موقەدەسەو خزمەتى ئەکەن تابەرژەوەندیان لەگەڵى بێت دواتر نایناسن.
کێ لەسەر تەختى دەسەڵات بێت و زیاتر بدات پیرۆزى ئەکەن، لەهەموو بچوک و گەورەیەکى تاوانەکان بەشدارن، بەڵام کاتیک دەسەڵاتدارەکان ئەکەونە بازنەى تاوانەوە، وەک ئەوەى بەچاوى خۆمان بینیمان کاتێک سەدام حوسینى دیکتاتۆر دەستگیرکرا لەڕێگاى ئەم دەمامکە ڕەنگاوڕنگانە هەموو تاوانەکان بەتەنیا خرانەئەستۆى، وەک ئەوەى خۆیان فریشتە بووبن و بەزۆر ئەم کارە قیزەوانەیان پێ کرابێت، هەردەم لەکاتى تەنگانەدا وەک زوڵم لێکراوێک خۆیان پشان ئەدەن دواجار پەتى قەنارەکە ئەکەنە سەر سەرگەورەکانیان و خۆشیان وەک بەرزەکى بانان بۆى دەرئەچن.
لەگەڵ ئەوەى ئەم جۆرە کەسانە خاوەنى شکۆ و ڕێزو حورمەت و سەروەرى و سەربەرزى خۆیان نین، بەڵام ئەگەر لەدیکتاتۆرەکان گوناهبارتر نەبن لەوان کەمتر نین، لەوەش سەیروسەمەرەتر ئەمانە زۆر بەزوویى ڕەنگى دەمامکەکانیان ئەگۆڕن و ئەبنە نۆکەى دیکتاتۆر و خیزان و بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانى داهاتوو.
وەک نموونە: برادەرێکى نزیکى خۆم کەلەهەشتاکان لەکۆلیژ بووین، پێچەوانەى ئێمە بەعسى بوو ! هیچ کات هاوهەڵوێستمان نەبوو ، دواجار دواى ڕاپەرین بوو بەبەرپرسێکى دیارى یەکێتى نیشتمانى کوردستان، هەموو کات ئامۆژگارى ئەکردین و ئەیووت گرنگ نى یە تۆ ئەوسا چى بوویت یاخود ئیستا بەبیروباوەر یەکێتى بیت یان نا، گرنگ ئەوەیە مام جەلال لەپشتت بێ ، تا مام جەلال پشتت بێت سەرکەوتوو ئەبیت ئەگەر هەموو مەکتەب سیاسى و خەڵکى دژایەتیشت بکەن ! ئائەمەیە عەقڵیەتى دەمامکە ڕەنگاوڕەنگەکان ئامانجیان ڕازیکردنى کەسى یەکەمەو بەس ئامادەن لەپێناو ڕازیکردنى کەسى یەکەم دژایەتى گشت کۆمەڵگا بکەن.

گروپى دووەم : گروپى کوێرە گونجاوەکان
گروپى کوێرە گونجاوەکان ئەو کەسانە دەگرێتەوە کەهەست بەکەمى و ژێردەستەیى ( Inferiority feeling ) و نەمانى شکۆو حورمەت و ڕێزو سەربەرزى ئەکەن وەک گروپى خاوەن دەمامکە ڕەنگاوڕەنگەکان، لەبنەڕتدا خۆپەرستن تەنیا بیرلە بەرژەوەندى خۆیان دەکەنەوە، بەڵام پێچەوانەى خاوەن دەمامکە ڕەنگاوڕەنگەکان بەخۆڕایى ئەبنە کۆیلەى دەسەڵات، نەک لەبەر ئەوەى بڕوایان بەو جۆرە دەسەڵاتەیە بەڵکو لەبەر ئەوەى خۆیان بگونجێنن و بەرژەوەندیەکانیان نەکەوێتە مەترسیەوە، خۆیان لەڕاستیەکان کوێرئەکەن بەلایانەوە گرنگ نى یە کێ دەسەڵاتدارەو چ جۆرە سیستمێکى سیاسى ئابوورى کۆمەڵایەتى زانستى دەستەبەر ئەکات، ئەوسا لایەنگرى ڕژێمى بەعس و دیکتاتۆرەکەى بوون، دواتر لایەنگرى یەکێتى نیشتمانى و ئێستا پارتى دیموکراتى کوردستان، دواى ئەوانیش کێ دێت بەلایانەوە گرنگ نی یە، گرنگ ئەوەیە لەگەل دەسەڵات لەیەک شەمەندەفەردابن، لەم پرۆسەیەدا واتا پرۆسەى لایەنگیرى دەسەڵات بەدەر لە بیروبۆچوون و سیستمى سیاسى و حکومڕانى بۆرجوازە بچوکەکان بەشێکى ئەکتیڤ و کاریگەرى ئەم گروپەن و پێشڕەوایەتیان ئەکەن.
شوێن و کاتیان بەلاوە گرنگ نی یە، بەهیچ شێوەیەک گوێ نادەنە زۆردارى دەسەڵات بۆیە ملکەچى فەرمانەکانین بێ ئەوەى بیربکەنەوە بۆ چرکەیەک تەنانەت ئەگەر دەسەڵاتەکە دەسەڵاتێکى خێزانى و بنەماڵەیى ئەرستۆکراتى بەکرێگیراو بێت یاخود دەسەڵاتێکى خێڵەکى دواکەوتوو یاخود دەسەڵاتێکى دەرەکى داگیرکەر!.
ئەمانە کەسانێکى نەزۆکن هیچ جۆرە گۆڕانکارى و تازەگەرى مرۆڤایەتیان لێ بەدى ناکرێت، لەماهیەتى ژیان و ژین و ژینگە نەگەیشتوون، لەچواردەورى هەندێک پلەوپایەى زۆر قەزم و بچوک ئەسوڕێنەوە، ئامادەن لەپێناو دەسکەوتى دارایى زۆر کەم کارە ناشرینەکانى دەسەڵات جوان بکەن، ڕەش بکەن بەسپى، دەبەنگ بکەن بەزیرەک، نادادپەروەر بکەن بەداد پەروەر، عەقڵیەت و هزرى کۆن دواکەوتوو بکەن عەقڵیەتیکى نوێ سەردەم، حکومەتێکى سەرنەکەوتووى ڕوخاوى شکست خواردوو بکەن بە حکومەتێکى بلیمەتى لێهاتووى سەرکەوتوو .
ئامانجى ئەم گروپە خۆگونجاندنە لەگەڵ دەسەڵاتى سیاسى و ئابوورى و کۆمەڵایەتى لەپێناو مانەوە، خۆیان بەدوور دەگرن لەبەرەنگاربوونەوەى دەسەڵات، لەهەمانکات بەرگریەکى ئەتۆناکەن لەدەسەڵات و ناشبنە ئامرازیک بەدەست دەسەڵاتەوە بۆ چەوساندنەوەى جەماوەر بەو مانایەى نابنە سوتەمەنى لەپێناو مانەوەى دەسەڵات، سەرزارەکى سەربەحیزبى دەسەڵات و تاکە سەرکردەى زەرورەتن.
ترسناکى کاریگەرى ئەم گروپە گروپى کوێرە گونجاوەکان لەسەر کۆمەڵگاو پرۆسەى سیاسى و حکومدارى کاریگەریەکى ئەکتیڤ و کوشندیە چونکە بەژمارە زۆرن وە لە هەمانکاتدا دەسەڵات لە ژێر ناوى دیموکراسیەت و پیرۆزى سندوقى هەڵبژاردن لەڕێگاى ئەم گروپەوە هاوکێشەى تەرازووەکە بەلاى خۆیدا ڕادەکێشیت و بەرگى شەرعیەت ئەکات بەبەرى خۆیدا بۆ قۆرغکردن ومانەوەى لەدەسەڵات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت