محەمەد هەریری: هەر ئەوەی بە پەشێو کرا سوکایەتی نەبوو‎!‎ کوردستان یەك پارچە سووکایەتییە.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

خەڵك وادەزانێت سوکایەتی بەس ئەوەیە یەك دوو چەکداری نەزان بێت و دەستدرێژیت بکاتە سەر! خەڵک وادەزانێت هەر ‏ئەوە سوکایەتییە کە کرا بەرامبەر عبدالله پەشێو. بەرلەوەی ئەوە بە سوکایەتی بزانرێت دەبێت بزانن ژیانتان پڕاوپڕە لە ‏سوکایەتی.‎
سوکایەتی ئەوەیە ماڵی سەرۆك وەزیران ئەو هەموو ڕووبەرە داگیر بکات، بەخۆڕایی و سنوری بگاتە ناو گوندی باو ‏وباپیری پەشێو و هەتا گۆڕستانیشیان لێ بکاتە ناوچەی قەدەغەکراو و بە خاوەن مردووی نوێ بڵێن، بە پێنج دەقە ‏مەیتەکەت بنێژە و ئەوێ چۆڵ کەن، دەنا تووشی ڕێکاری یاسایی دەبنەوە‎!‎
سووکایەتی ئەوەیە چەکداری گەنج هێندە نەخوێندەوار بێت لە سایەی ئەو وڵاتە مافیاوییە، نەزانێت عەبدوڵلا پەشێو کێیە، ‏کاتێ خۆی ناساند تەقەی سەری بێت‎!‎
لە هەر وڵاتێکی جیهان با لە گوندێك شاعیرێکی وا مەزن هەڵکەوتبا، ئێستا گوندەکەش و چەندین دەزگا و قوتابخانە و ‏ڕێگای دەوروبەریش بە پەیکەر وناوی ئەو شاعیرە دەڕازێنرایەوە، نەك گوندەکەشی بکەوێتە ناو قەڵەمڕەوی ماڵی یەك ‏کەس‎!‎
سوکایەتی ئەوەیە لەو وڵاتەی کە نە لە ئەرز ونە لە ئاو و نە لە ژینگەی لەباری کەم نییە، تۆ شیری کوێتی و میسری ‏و سعودی بخۆیتەوە، و تەماتە و خیاری ئێرانی بکڕیت، وکەرە و ڕۆن و ماستی تورکیایی بەکار بهێنیت‎!‎
سوکایەتی ئەوەیە کورد لەو شۆپینگ سەنتەرانە کاتێ بە کوردی قسە بکات کەس نەبێت تێی بگات، و گەنجی کورد خۆی بە ‏نامۆ بزانێت تیایدا، چونکە بەڕێوەبەرانی هەموو شتێکی تێدا بێت، تەنها کوردی تێدا نەبێت‎.‎
شورەیی و سوکایەتی ئەوەیە ناوی شەقامت بنێیت بە تۆکیۆ و فلۆریدا و ئەی بی سی سیتی و نازانم چی، کەچی هەزاران ‏مرۆڤی گەورە و ناوی جوانی کوردیت هەبێت‎!‎
سوکایەتی ئەوەیە ئەو دەسەڵاتە نەخوێندەوارە بێ ئەسڵ و فەسڵە بۆ بێژەرێکی کچی شۆخ و شەنگ شین و شەپۆڕ بکات ‏لەسەر ئاستی سیاسی و میدیایی، بەڵام بۆ وەفاتی کەڵە ڕۆشنبیر ونووسەر وئەدیبێکی گەورەی وەك محەمەدی مەلا ‏عەبدولکەریم وا بێ دەنگ و بێ باك بیت‎!‎
سوکایەتی ئەوەیە وڵات لەو تەنگژە گەورانەی ئابووری دابێت، وخەڵکەکەی برسی بکەیت، وشەو وڕۆژ نەخەیتە سەر ‏یەك بۆ دۆزینەوەی چارەسەر، چونکە خەڵك بە هیچ نەزانیت، لە جیاتی ئەوە هەر خەریکی کۆڕ وکۆبوونەوە و فۆریۆم و ‏پانێڵی بێ کەڵك بیت، کە دار ناخاتە سەر بەرد‎.
سوکایەتی ئەوەیە خەڵکەی نیشتیمان پاڵ پێوەنێیت بۆ دەرەوە و کۆچ کردن و ڕاکردن لە ترسان ولە برسان، وڵاتیش بکەیتە ‏هوتێڵێکی بازرگانانی بیانی کاڵای ساختە وشەریکە دز و مۆڵگەی بێ بەهایی وبێ ڕەوشتی‎.
ئەوەی ئەو دەسەڵاتە بێ ڕەوشتە بەناوی کوردایەتیەوە بەو خەڵکەی دەکات، سەدام لە چاو ئەواندا سەرەڕای دڕندەییەکەی، ‏فریشتە بوو، فریشتە‎.‎

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت