محەمەد هەریری: هەموو ژیان کوفر و بیدعەیە لای سەلەفیەت نەک هەر نەورۆز!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بۆ تێگەیشتن لە بە حەڕام زانینی نەورۆز لە عەقڵیەتی سەلەفی دەبێت بیروڕا و مەنهەجی ییرکردنەوەیان بە پێوەرە گشتیەکان بزانیت، نەك تاك بە تاکی شتەکان. دەکرێت بە سێ تەوەرە دەستنیشان بکرێت:

A- حەڕامی هەموو بۆنەکانی دەرەوەی مەنهەجی سەلەفیەت بە ئیسلامیشەوە!
B- زاڵبوونی ڕوحی عروبەت لە بەرگێکی دینیدا
C- ڕەتکردنەوەی هەموو کلتورێکی گەلان لەو شتانەش کە پەیوەندی بە بیروباوەڕ نیە

یەکەم: پێویست ناکات بپرسیت ئایە نەورۆز حەڕامە یان کوفرە، یان جەژنی دایك یان باوک یان خۆشەویستی یان درەخت یان و یان حەڕامە یا کوفرە، چونکە بۆ هەمووی یەك وەڵامیان هەیە و پیوەرەکی دینی تەسکیان هەیە لەسەر بنچینەی ئەقوالی سەلەفی ساڵح، و ڕوحی عروبەت کە هەموو شتێکی غەیرە عەرەبی دەبوغزێنێت لە زمان و کلتور و داب و نەرێت و هەتا تیروکەوانی فارسی و نەعلی سندی هیندیش بە حەڕام و مەکرو‌هـ لێی دەڕوانن.
ئیبن تەیمیە دەڵێت: بەو نەهیکردنە لە وێکچوون بە غەیری موسڵمانان چەندین زانا کردویانەتە بەڵگە، محمـد بن ابي حرب
پرسیاری لە ئەحمەد [کوڕی حەنبەل] کرد دەربارەی دەرچوون لە ماڵەوە بە نەعلی سندی. پێی مەکروه و خراپ بوو بۆ ژن و پیاو، و گووتی: ئەگەر بۆ ئاودەست و دەستنوێژگرتن بێت، بەڵام ڕقم لە صرارە. گووتی: ئەوەش پۆشاکێکی عەجەمە!
هەروەها هەمان پرسیار لە سعید بن عامر کرا لە وەڵامدا گووتی: سونەتی پێغەمبەرمان خۆشەویسترە لە سونەتی باکهون، کە پاشایەکی هیندی بوو!
وبهذا احتج غير واحد من العلماء على كراهة أشياء من زي غير المسلمين قال محمد بن أبي حرب سئل أحمد عن نعل سندي يخرج فيه. فكرهه للرجل والمرأة وقال: إن كان للكنيف والوضوء وأكره الصرار. وقال: هو من زي العجم.
وقد سئل سعيد بن عامرعنه فقال: سنة نبينا أحب إلينا من سنة باكهن. ” اقتضاء ص 222

دووەم: زاڵبوونی ڕوحی عروبەت لە بەرگێکی دینیدا
ئەگەر بە دەست سەلەفیەت بێت و بۆیان بچێتە سەر هەموو جیهان بەو تەوحیدەی کە بانگەشەی بۆ دەکەن تەوحید دەکەن لە عەرەبیدا: زمانی هەموو دنیا لە عەرەبیدا تەوحید دەکەن یانی پییان ئاساییە هەموو زمانی دنیا نەمینێت لەبەر خاتری عەرەبی! جل و بەرگی هەموو جیهان دەکەنە ئەو دیشداشە ناشیرین و کورتانە، هەتا عەتریش دەبێت بەس عەتری ترادیشناڵی ئیسلامی سعودی عەرەبی بەکار بهێنیت، دەبێت هەموو داب و نەریتی خواردن و خەوتن و هەتا چونە ئاودەستیشت بعەرەبێنی، بەو ئیعتقادەوە چونە ناو وڵاتانی تری نا عەرەبی، هەر بۆیەش هیچ دینێك پێش ئەوان و پاش ئەوانیش نەیتوانیوە زمانی دەیەها میللەتی ئاسیایی و ئەفریقیایی بگۆڕێت، عەرەب لە جەزیرەیەکی بچوکەوە بکاتە خاوەن زیاتر لە بیست دەوڵەت.
ابن تیمیە دان بەوەدا دەنێت کە ئەو جۆرە سیاسەتە عەرەبیە بۆتە هۆی بە عەرەبکردنى زۆربەى هەرە زۆری خەڵکى ئەو وڵاتانەى کە هاتنە ناو ئیسلامەوە، لەوبارەیەوە لە اقتضاء الصراط المستقيم، ص 206. دەڵێت: لێڕاهاتنى ئاخاوتن بە غەیری زمانى عەرەبی کە دروشمى ئیسلامە و زمانى قورئانە تا ئەو کاتەى دەبێتە زمانى ئەو شارە و خەڵکەکەى، و زمانى ئاخاوتنى ماڵەوە و نێوان هاوڕێیان، و زمانى خەڵکى بازاڕەکان، و فەرمانرشەوایەکان، و دیوانەکان (فەرمانگەکان) و ئەهلی فیقه، گومانى تێدا نیە کە مەکروهە وەک باسکرا، بۆیە موسڵمانەکانى بەرایی کاتێک لە خاکى شام و میسر نیشتەجێ بوون کە خەڵکەکەى رۆمی بوون، و لە عێراق و خوراسانیش کە زمانى خەڵکەکەى فارسی بوو، و لە مەغریب کە زمانى خەڵکەکەى بەربەرى بوو، خەڵکى ئەو وڵاتانەیان لەسەر ئاخاوتنى عەرەبی ڕاهێنا، هەتا زاڵ بوو بەسەر زمانى موسڵمان و کافرەکانیان.

لای سەلەفیەت و زانایانی: تەنها لە ناچاری جایزە بە غەیری عەرەبی بدوێی! لای هەموو ئیمامەکانی مەزهەبەکان نابێت بە غەیری عەرەبی بدوێیت بۆ ناچاری نەبێت! پێویستە ڕێگا لە پیسبوونی ڕەگەزی عەرەب بگیرێت! نابێت پۆشاکی غەیری عەرەبی لەبەر بکرێت! هەتا تیروکەوان و نەعلەکانی پێشیان مەکروهە!

• ڕق لێ بوونەوە لە هەموو بۆنە و کلتورێکی گەلانیتر!
هەروەها چەندین ڕیوایەتى لە سەحابەیەکى وەک عومەر و عبداللەى کوڕى و سعدى کوڕی ئەبو وەقاس دەگێڕێتەوە کە عەقڵ پێی هەرس ناکرێت ئەو ڕەگەزپەرستیە لەوانە دەرچوبێت، بۆ نمونە: (عن عطاء بن يسار – هكذا رأيته، ولعله ابن دينار – قال: قال عمر: إياكم ورطانة الأعاجم، وأن تدخلوا على المشركين يوم عيدهم في كنائسهم.) [نەکەن بە عەجەمی بدوێن، یان بچنە لای موشریکەکان لە پەرستگاکان وکلێسەکانیان.
لە ڕیوایەتێکە ترى عبداللەى کوڕى عومەر باسی نەورۆز دەکات و دەڵێت: ئەوەى لە وڵاتى عەجەمان بوو وەک ئەوان ئاهەنگى نەورۆزى کرد و خۆی پێیان چواند تا مردن لەگەڵ ئەوان حەشر دەکرێت] (و بالإسناد عن الثوري، عن عوف عن الوليد- أو أبي الوليد- عن عبد الله بن عمر قال: من بنى ببلاد الأعاجم فصنع نيروزهم ومهرجانهم و تشبه بهم حتى يموت وهو كذلك- حشر معهم يوم القيامة.)
بێگومان لەبەر بێ زانیاری و نزیکی سەردەمی خەڵکی فارس بە ئیسلام بونیان دەکرێت کوڕی عومەر ترسا بێت کە نەورۆز ڕەهەندێکی ئایینی هەبێت کە لە ڕاستیدا نەورۆز هیچ بنەمایەکى ئاینى نییە، بەڵام دەکرێت عبداللەى کوڕى عومەر هەر هێندەى زانیبێت دەربارەى نەورۆز بۆیە لەبەر نەبوونى زانیاری ئەو کاتە خەڵکى بەچاوى پڕ گومان و ترسەوە دەیانڕوانیە یەکتر، سەیر لەوەدایە سەلەفیەکانی سەدەی 21 لە عەرەب و کورد لەو ڕۆژگارە هەمان قسەکانی عبداللە کوڕی عومەر دوبارە دەکەنەوە بێ ئەوە هیچ بیانوێکیان هەبێت، تەنها دواکەوتنی نا عەقڵانیانەیە بە شوێن سەلەفی ساڵح لە ورد و درشت و چاك و خراپ و ڕاست و چەوتیاندا.!
هەر لەو کتێبی اقتضاء ی ابن تیمیەدا دەڵێت: سعدى کوڕی ئەبو وەقاس گوێی لە کەسانێک بوە بە فارسی قسەیان کردوە، پێیانى وتوە: ئەو مەجوسیەتە لە پای چی لە پاش دینى حەنیفیەت (واتە ئیسلام) (حدثنا إسماعيل بن علية، عن داود بن أبي هند أن محمد بن سعد بن أبي وقاص سمع قوماً يتكلمون بالفارسية فقال: ما بال المجوسية بعد الحنيفية.) کەوابوو تەنها قسەکردن بە فارسی هاوتای مومارەسەکردنى دینى مەجوسیەت بوە لە عەقڵیەتى سەعددا، کێ ناڵێت هەر باس باسی ئیسلام بوە بەڵام بۆ عەرەبی نەزانێکى فارس بە زمانى خۆی بۆی ڕونکراوەتەوە!!
چەندین ڕیوایەتى تر لە تابعیەکاندا دەگێڕێتەوە کە هەمووى ئەو پەڕی ڕەگەزپەرستى پێوە دیارە، بۆ نموونە موجاهید رقی لەناونانى مانگەکان بۆتەوە بە فارسی، نەک هێندە، بەڵکو رقی لەوەش بوە کە هەتا ناویشى فارسی بێت ناوى بهێنێت!!(وروى فيه عن مجاهد حديثاً أنه كره أن يقال: آذرماه، وذي ماه قلت: فإن كان اسم رجل أسميه به ؟ فكرهه)
ابن موبارەک ڕقی لەو وشەى (یەزدان) یش بوە کە بە خوا دەگوترێت بە فارسی، لە ترسی ئەوەى ئیزافە کرابێت بۆ شتێکى پەرستراو! دەکرا پرسیاری کردبا لە ماناکەى بەر لەوەى ڕقی لە ناوى خوا بێتەوە تەنها لەبەر ئەوەى بە فارسی هاتوە: (قال: وكان ابن المبارك يكره ايزدان يحلف به، وقال: لا آمن أن يكون أضيف إلى شيء يعبد)
کوڕی حەنبەل دەربارەی فارسی و زمانەکان، دەڵێت:  زمانێکی خراپە دروست نیە سوێندی پێ بخورێت و نوێژی پێ بکرێت و هیچ عیبادەتێکی تری پێ بکرێت! “وقد سُئل الإمام أحمد بن حنبل عن الدعاء في الصلاة بالفارسية؟ فكرهه. وقال: لسان سوء ولا يصح الحلف بها ولا الصلاة ولا سائر العبادات. ص 204.
ئەو هەڵوێستانە هەمووی لە ئیمان بە عروبەتچی و ئەفزەڵیەتی عەرەب هاتووە، هەندێکیانیش لەترس و لە نەبوونی زانیاریەوە هاتوە، یەکیان نازانێ نەورۆز چیە، ئەویتریان نازانێت یەزدان مانای چیە ترسی هەیە ئیزافە کرابێت بۆ شتێکى پەرستراو!
هەر میللەتێك و هەر کەسێك کە کەوتنە ژێر کاریگەری سیستمی فیکری سەلەفی پاش ماوەیەکی کەم هەموو مێژوو و کلتور و داب و نەرێت و هەتا نەعل و پۆشاکی نەتەوەیی خۆشیان دەکوڕهێنن، من سەیرم بەو سەلەفیانەی مەدخەلی و ئەوانیتریش دێت کە زۆر بە جلی کوردیدەردەکەون لە ڤیدیۆکانیاندا، کە وابزانم بۆ تەعویزی نەفسیە بەرامبەر تێڕوانینیان بۆ خۆیان وەك کورد لە ڕوانگەی سەلەفیەت، بێگومان کە تێڕوانینیکی سووکە، بۆ هەموو گەلانیتریش، دووەمیش بۆ رەتدانەوەی ئەو تۆمەتانەی ناکوردی بوونیانە. فیکر و چەمکی سەلەفیەتی دینی عروبی هێندە کاریگەری هەبووە بەسەر زاناکانی میللەتان وەک بۆ نمونە ئەبو ڕەیحانی بەیرونی ناسراو بە خەوارزمی کە رۆژهەڵاتناسێکی ئەلمانی دەربارەی دەڵێت: خاوەنی مەزنترین عەقڵیەتە لە مێژوودا زانرابێت!
هەر ئەو خەوارزمیە کە فارسیە و خەڵکی خەوارزمە و لە کۆنەوەش تەکفیر دەکرێت لەلایەن سەلەفیەتەوە، دەڵێت: ( والله لأن أهجى بالعربية خير لي من أن أمدح بالفارسية )
بەخوا بە عەرەبی دامشۆڕن و زەمم کەن پێم باشترە بە فارسی ستایشم کەن!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت