ئامانج کەریم: پارتی لە نێو حیزبەکانی کوردستاندا.

هەمو لایەنە سیاسیەکان دروشمی کوردستانی و هەوڵ و کۆشش بۆ کورد و بەرژەوەندی نیشتیمانیان هەڵگرتووە لە ناو حیزبەکاندا پارتی دروشمی قەبارە گەورەتری لە هەگبەکەی ناوە بە ناوەرۆکێکی پوچەوە. دەوڵەتی سەربەخۆو ڕیفراندۆم یەکێکن لەو دروشمانەی کە پارتی و سەرۆکەکەی دیدارو گفتوگۆو کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی نییە لەبزێکیان لەم دۆسیە قەبارە گەورەو ناوەرۆک پوچە نەدابێت کە لە بنەڕەتدا نەک پێشینەیەکیان بۆ ئەم هەنگاوە پیرۆزە دا نەڕشتووە، بەڵکو گەر لایەنە کوردستانیەکانی تر هەنگاوێکیان بۆ ئەم کەیسە نابێت پارتی لە پێناو بەرژەوەندی سەرۆکەکەی و بنەماڵەی سەرۆکەکەی و چەند کەسێک کە بە پەنجەکانی دەست دەژمێردرێن لە ناو ڕیزەکانی پارتیدا هەر زوو کەوتونەتە دژایەتی کردنی و ئەو هەنگاوانەیان لەبار بردووە.

لە میدیاو ڕاگەیاندنەکانەوە هەمیشە هاژو هوژو لافی هەڵگری دروشمی دەوڵەتی سەربەخۆ لێ ئەدات، کە لە واقیعدا جگە لەگەوجاندنی هەوادارن و لایەن گرانی پارتی هیچی تر نییە، چونکە تەواوی خەڵکی کوردستان جگە لە پارتیەکان دەزانن، کە پارتی شتێکی نەماوە سەبارەت بە کوردستانی بون و نیشتیمانی بون جگە لە دادۆشین و بەتاڵان بردنی سەروەت و سامانی کوردستان.

لایەنەکانی تری کوردستانی پارتی لێ دەربکەیت هەر کامێکیان بگریت لە گەورە تا بچوکیان هەر هیچ نەبێت هەوڵێکیان داوە کە کیانێک دروست ببێت بۆ ئەو مەبەستە پیرۆزە کە پێی دەوترێت دەوڵەتی کوردستان وە لەو پێناوەیشدا زۆر جار باجی قورسیشیان داوە بۆ نمونە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و هەندێک لە مەکتەب سیاسییەکانی و تەواوی ئۆرگانەکانی لە هەموان باشتر دەزانن، کە پارتی نەک هەر خەریکی بنەمایەک نییە بۆ سەر بەخۆی و وە گەر بۆیشی بڕەخسێت پارتی لە پێش هەمواندا یەکێتی قوت دەدات چونکە پارتیش دەزانێت کە گەر هێزێک هەبێت لە کوردستان بتوانێت بەچەک بەربەست لەبەردەم دزی و تاڵانچێتی پارتیدا بکات ئەوا یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە. بەڵام یەکێتی ڕاستە شەریکە لەگەڵ پارتیدا ئەما شەراکەتەکەیان لە بردنی داهاتدا نەک نیو بە نیو نیە، بەڵکو گەر یەک لەسەر چوار نەبێت ئەوا بە دڵنیاییەوە لە سێ بەش بەشێکە کاتێک یەکێتی نیشتیمانی لەم نا هاوسەنگییە بێ دەنگە مەبەستە سەرەکیەکەی پێک هەڵنەپڕژان و دروست نەبونەوەی شەڕی ناوخۆو دوئیدارەییە کە ئەوانە گەر خوا نەخواستە ڕو بدەن بێ گومان کیانی کورد و خەونی بەدەوڵەت بون بە سەدە دەگێڕنەوە دواوە.

کەواتە خەڵکی کوردستان بە پارتیەکانیشەوە دەبێت ئەم هەڵوێستەی یەکێتی نیشتیمانی بە هەنگاوی ئیجابی و کوردستانیانە بخەمڵێنن کە ئەمە حەقیقەتێکه ڕەنگە هەزم کردن و لێ تێگەیشتنی بۆ هەندێک کەس و لایەن قورس بێت، بزوتنەوەی گۆڕان کە بزوتنەوەیەکی جەماوەری و هێزێکی سیاسی گەورەیە لە هەرێمی کوردستان جیاواز لە پارتی و لە یەکێتی نیشتیمانی کار لەسەر ستراتیجی گشتی بنەما نەتەوەی و نیشتیمانیەکان دەکات و لە کەمترین ماوەی دروست بونیدا کە نوێ ترین حیزبی کوردستانیە قورسترین باجی سیاسی داوە لە کوردستاندا لە پێناو بنەما گشتیە پتەوەکانی نیشتیمانی بونیدا کە بە ئیستیحقاقی ئینتیخابی لە کۆی سێ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان سەرۆکایەتی پەڕلەمانی هەڵبژاردووە تا لەڕێگای پەڕلەمانەوەو بە یاسا کار بۆ بەدامەزراوەی نیشتیمان بکات کە ئەمە خۆی لە خۆیدا گەورەترین هەنگاوی سیاسیە بۆ داڕشتنی بناغەیەکی دەوڵەتێکی پتەوو خاوەن ژێرخانێکی ئابوری بەهێز.

پارتی کاتێک دەزانێت ئەم هەنگاوانە بە بەرژەوەندی کوردستان و گەلە ماندوو ستەم دیدەکەی کوردستانە بێ گوێدانە بنەما نەتەوەییەکان و بێ گوێدانە پڕەنسیپی دیموکراتی و دەنگی هاوڵاتیانی کوردستان دەرگای پەڕلەمانی کوردستانی لەسەر سەرۆکێکی شەرعی و هەڵبژێردراو داخست و بەم هەنگاوەیش چەندین هەنگاو دەوڵەتە کوردستانیەکەی گێڕایەوە دواوە.

لە کۆتادا دەوڵەتی کوردستان و کیانی سەربەخۆی لە پەڕلەمانی کوردستانەوە دەبێت ببێت نەک لە سەری ڕەش و لە ماڵی مەسعودی کوڕی مستەفا بارزانی.