عمر ئیزدخواە: نەتەوایەتی و بزاوتی نەتەوایەتی وەک یەکەم و کۆتا بژاردەی پارتە کوردیەکان.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گۆڕانکارییەکانی ناوچە و جیهان و بەتایبەتیش ئەو دۆخەی کە لە ئارادایە لەهەرکام لەو وڵاتانەی کە کوردیان بەسەر دابەشکراوە، هەروەها بەهۆی بوونی مێژوویەکی دوور و درێژی خەباتی نەتەوایەتی لە کوردستان و دامەزران و دروستبوونی چەندان پارتی کوردی کە فەلسەفەی دروستبوونیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو خواستە جەماوەری و مێژووییەی کە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە ناوچە جیاوازەکانی هەیانبووە، کە خۆی دەبینێتەوە لەو پاڵنەرە نێوخۆیی و دەرەکیانەی کە وای کردووە گەلی کورد وەکو باقی نەتەوەکانی تر لە بیری رزگاری نەتەوەییدا بێت و مافی بە دەوڵەتبوون یاخود خۆبەڕێوەبەری سیاسی- نەتەوەیی کە مافێکی مرۆیی هەر کۆمەڵیکە لە تایبەتمەندی نەتەوەییدا، بەپێی پرەنسیپە مرۆییەکان و بنەمای یاسایی پێکهاتەی جیهانی. بە رەوای خۆی بزانێ و لەو رێگایەدا خەبات بکات، مێژووی چالاکی پارتە کوردیەکان ئەو قۆناغەش تێ دەپەڕێنێت کە خۆی دەبینێتەوە لە هاتنە ئارا و سەرهەڵدانی ئەو پارتانەی کە پرسی نەتەوەیی کورد بەدەر لە ئامانج و ستراتیژیان بێت یان بە جۆرێک بە لاوەکی و بەکەم زانینی ئەو پرسە، بەڵکو پێشخستن و بانگەشەکردنی بۆ وێناکردنی جیهانێکی وێڵکراو لە پرسی نەتەوایەتی و بە کێشەزانینی هەمان ئەو گرفتە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریانەی کە لە ژیانی کۆمەڵگاکانی تری ناوچە جیاوازەکانی جیهان و بە ئامانج زانینی هەمان ئەو پرسانە و هەروەها گرتنەبەری هەمان سیاسەت و دروشم و ستراتیێک کە لە بزاوتەکانی تری کۆمەڵگاکانی تری جیهاندا هەیە، بەڵام پاش تێپەڕینی نزیکەی سەدەیەک لە چالاکی پارتە سیاسیەکانی کوردستان، ئێستا و هەنوکە واقعێکی سیاسی لە پرس و کێشەکانی کۆمەڵگای کوردستان هاتۆتە ئاراوە کە ئەویش خۆی دەبینێتەوە لەو دەرەنجامە هزریەی کە لە تێڕوانینی سەرجەمی ئەو پارتە سیاسیانەی کە تەنانەت رۆژانێک دژایەتی توندی پرسی نەتەوەییان کردووە و بەشێکی زۆری خەباتیان بۆ دژایەتی ئەم پرسە تەرخانکرابوو ، ئەوا ئەمڕۆ زۆربەیان بە راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ پرسی نەتەوەیی بۆتە ئامانج و بانگەشە و سیاسەتیان ، هەرچەند نیازی بەشێک لە نوخبەی سیاسی کوردستان کە وەزیفەی باڵایان هەیە لە رێبەرایەتی بەشێک لە پارتەکان بە ئاراستەیەکە کە جۆرێک لە ئەنجامدانی معمالە و سو استفادەیە لەو واقعەکە و لە بنەڕەتدا دژایەتی ئەم پرسە لە ئارادا هەیە ، هەروەها بوونی جۆرێکی تر لەو بیرکردنەوانەی کە روانگەیەکی روون و جێگیریان بۆ هیچ پرس و ئامانجێکی دیاری کراوی ئەوتۆ نییە ، بەڵکو دوای جڵەوی بەرژەوەندی و دەسەڵاتخوازی نادیار دەکەون و بە ئاسانی لەلایەن دەستی دەرەکی و دوژمنانی ئەو بزاوتە دەکڕدرێن و ئامادەن بۆ بەکارهێنان و لێدان لە بزاوتی نەتەوایەتی و ناسیۆنالیزمی کورد.
هەرچی سەبارەت بە تێڕوانینی هزری و ستراتیژی نێودەوڵەتیشە، ئەوا گۆڕان و هاتنەدەرەنجامێکی ئەرێنی لەم لایەنەوە بەروونی و بە کردەیی بەدی دەکرێ، پێچەوانەی تێڕوانینی ئەو تەرزە هزریەی کە پێیان وابو پرسی نەتەوە و ناسیۆنالیزم لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا بەجۆری سەنگی خۆی لەدەست داوە و سەردەم تێپەڕاندنی ئەم قۆناغەیە و پرسگەلی تر جێگا دەگرنەوە و کیانی دەوڵەت- نەتەوەش لە ژێر کاریگەری هاتنی ئەلتەرناتیڤە ، ئەوا پێویستە ئاماژە بەوە بدرێ کە پاشەکشێیەک لەو دیدە بەجۆرێ بەدی دەکرێ و لە سیاسەتی ئانی زلهێزەکانیشدا ئەم پرسگەلە بۆتە ئەولەویاتی پرسەکانی دیکە، بە تایبەتیش ئەگەر سەرنج بدەینە واقعی سیاسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەنێویشیاندا ئەو وڵاتانەی کە نەتەوەی کوردیان بەسەردا دابەشکراوە، تێڕوانین و لێکۆڵینەوە لە ئاڵۆزی و کێشە سیاسیەکانی ئەم وڵاتانە لە مێژووی دروستبوون و دامەزرانیانەوە، ئەم پرسە سەرچاوەی گەورەترین ئاڵۆزیە ناوخۆییەکانیان بووە و لەهەمان کاتتدا فەرامۆش بوون و نالەباری باری ژیان و بنپێکردنی ماف و ئازادی و کەرامەتی تاکی ناوچە کوردنشینەکانی لێکەوتۆتەوە، ئەمە راستیەکە کە لەمێژە لەلایەن حکومەتی وڵاتە زلهێزەکانەوە زانراوە، بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە کە ئەمڕۆ کورد و بزاوتەکەی، پارتە سیاسیەکانی. لە ناوچەکە بە کردەوە خاوەنی هێزگەلێکی سەربازی و مرۆیی و سیاسی و ئابووری و کەلتوری و فەرهەنگی و میدیایی ئەوتۆن کە ناکرێت بەدەر بن لە ستراتیژەکانیان بۆ تەرحی دارشتنەوەی سنوری دەوڵەتەکانی ئەم ناوچەیە و بەوەش پێداچونەوەیەکی ئەرێنی لە تێڕوانین و ستراتیژیان لەم بارەدا بەدی دەکرێ.
یەکەم و کۆتا بژاردە بە واتای چی؟
هەروەک ئاماژەیەک درا بە زەرفیەت و زەروریاتی سەرهەڵدانی پارتی سیاسی کوردستانی لە سەرەتاوە تا هەنوکە یەکەمجار و خاڵی دەستپێک خۆی لە فەلسەفەیەکدا دەبینێتەوە کە هەنوکەش گەڕانەوەیە بۆ هەمان فەلسەفە، واتە پرسی نەتەوایەتی و ناسیۆنالیزم کە خەباتی سیاسی و چالاکی پارتی رامیاری کوردستانی لە پەرەگرتنیەوە لەسەر دامەزراوە، دەبێتە پرس و ستراتیژ و ئەولەویاتی پارتگەلێکی کوردی کە لە رابردوویەکی نزیکدا دیدێکی تەواو پێچەوانەیان هەبوو، وە کارکردنێکی دژئامێزانەشیان هەبوو.
لە دەرەنجامیشدا هەنگاوە کردەییەکانی ئەم تێڕوانینە و پێداویستیە راستەقینەکانی خۆی دەبینێتەوە لە لێکنزیکبوونەوەی پارتە کوردیەکان و پەرەدانی زیاترە بە یەکڕیزی و یەکگرتووی و هاوکاری و هەمانگی کۆمەڵگای سیاسی کوردستان، تەواوکاری پرۆسەکانی کۆنگرەی نەتەوەیی و کارکردن بۆ دامەزراندنی دام و دەزگایی نەتەوەیی باڵا و داڕشتن و ساغبوونەوە لەسەر ستراتیژی نەتەوەیی هاوبەش لە هاوکێشەی سیاسی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی، کە خاڵیکی هەستیاری پەیوەست بەم باسە بریتییە لە دروستبوونی ناکۆکی و یەکتر قبوڵنەکردنی نێوان بەشێک لە پارتە کوردیەکان و روودانی شەڕ و ململانێی نێوانیان کە ئەوەش بێگومان زیانێکی گەورەیە لە پرسی نەتەوایەتی کوردی و مەترسی دروستکردنی لەمپەری گەورەی لێدەکەوێتەوە لەبەردەمیدا کە دەبێتە بەڕوشاخانێکی ئەوتۆ، بۆیە چارەسەرکردن و پێشگرتن بەم دۆخە ئەرک و پێداویستی یەکەمی پرۆسەی فیدراسیۆنی پارتە سیاسیەکانە لە سەرانسەری کوردستان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت