بورهان شێخ رەئوف: ناوچەى ئارام لە سوریا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مەبەست و ئامانج لە بنیاتنانى ناوچەى ئارام لە سوریا یان لە هەر شوێنێکى دى، پاراستن و پارێزگارییە لە خەڵکى سڤیل و ئاوارەو لێقەوماوە. هەروەها بڕیاریى دامەزراندنەکەى، پشت بە بەڵگەنامەکانى نەتەوە یەکگرتووەکان دەبەستێت بە دیاریکراویى، بەشى حەوتەم لەو بەیاننامەیە کە دەسەڵات دەدات بە ئەنجوومەنى ئاسایشى نێوەدەوڵەتى کە هێز بەکاربهێنێت بۆ دابینکردنى ئاسایش و ئاشتى جیهانى هەروەکو چۆن لە ساڵى 1991 ناوچەى دژەفڕینى بۆ کوردستانى باشوور دامەزراند بە بڕیارى 688 ى ئەنجوومەنى ئاسایش.

بیرۆکەى بنیاتنانى ناوچەى ئارام لە سوریا شتێکى تازە نیەوە لە چەند ساڵى ڕابردووى قەیرانى سوریادا زۆر جار خراوەتە بەرباس بەڵام ئیدارەى سەرۆکى پێشووى ئەمریکا ئۆباما بە هەموو شێوەیەک دژى دەوەستا لەبەر چەند فاکتەرێک لەوانە تێچووى زۆرى ئەو پرۆسەیە و پێویستى ناردنى هێزى سەربازى زۆرو سەپاندنى ناوچەى دژە فڕین کە ئەمەش بوار بە فڕینى هیچ فڕۆکەیەکى ڕوسى و ئێرانى نائەدا کە ئەمەش ئەگەرى ئەوەى هەبوو ببێتە هۆى پێکادان لە گەڵ فڕۆکەکانى ئەو وڵاتانەدا تێوەگلانى ئەمریکا لە قوڕو لیتاوى سوریا کە ئۆباما خۆى لێ لادەدا.

گەڕانەوەى ئەمریکا بۆ گۆڕەپانى سوریا
لە دواى ئەوەى لە چەند ساڵى ڕابردوودا ئەمریکا لە ناوچەکەدا بەجۆرێک لە جۆرەکان پاشەکشەى کردبوو بە گشتى و لە سوریا بەتایبەتى هاوپەیمانى ڕوسى و تورکى ئێرانى ببوون بە کارەکتەرى ڕاستەوخۆى ڕوداوەکانى سەر گۆڕەپانى سوریا کە دواترینیان کۆنگرەى (ئەستانە )بوو بۆ ئاگربەس و دواتر چارەسەرى قەیرانەکانى سوریا، بۆیە ئیدارەى نوێ ى سەرۆک دۆناڵد ترامپ لە هەوڵى وەرگرتنەوەى ڕۆڵى کاراو پێشەنگى ئەمریکایە لە ڕووداوەکانى ئەو وڵاتە لە چەند ڕیگایەکەوە یەکێک لەوانە بنیاتنانى ناوچەو پەناگەى ئارامە بۆ ئاوارە و قوربانیەکانى دەستى تیرۆرو شەڕو ململانێکانى سوریا لە ناو خاکى سوریادا هەر چۆ ن لەکاتى هەڵمەتى بانگەشەى هەڵبژاردنەکاندا بەڵێنى دابوو.

ناوچەو پەناگەى ئارام
لە دواى دەست بەکاربوونى لە 20 کانوونى دووەم 2017 دۆناڵد ترامپ یەکێک لەو بابەتانەى کە مەبەستى بوو جێبەجێى بکا ناوچەى ئارام بوو لە سوریا بۆیە فەرمانى بە وەزارەتەکانى بەرگرى و دەرەوە کرد کە لە ماوەى 90 ڕۆژدا پلان و بەرنامەى پێویست دابنێن بۆ بنیاتنانى ئەو ناوچانە لە سوریا ووڵاتانى دراوسێى کە هەموو ئەو ئاوارەو لێقەوماوانە بگرێتە خۆ بەڵام هیچ باسێکى لە شوێن و جێگەو کێ سەرپەرشتى و بەڕێوەى دەبا ناکا لە لایەکى ترەوە سەرۆک ترامپ لەو بڕوایەدایە کە ئەوروپاهەڵەیەکى گەورەى کرد کە بوارى دا کە ملیۆنەها ئاوارەى سوریا بچنە ئەڵمانیاو وڵاتانى ترى ئەوروپاوە لە لایەکى تریشەوە ئەو کارتى فشارەى لە دەستى تورکیا دەردەهێنا کە هەڕەشەى ئەوروپاى پێدەکات هەمیشە کە ڕێگرى ناکات لە شاڵاوى ئاوارەکان بەرەو ئەوروپا کە لە بەرامبەردا داواکارى ماڵى و کردنەوەى دەرگاى وڵاتانى یەکێتى ئەوروپا بە ڕووى هاوڵاتیانى تورکیادا.

بڕیارى ئەمریکاو پارەى سعوودیە و ئیمارات
دواى ئەنجامدانى ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەى کە لە نێوان پادشاى عەرەبستانى سعودیە مەلیک سەلمان و سەرۆکى ئەمریکا ترامپ کرا، هەرچەندە لەکاتى هەڵمەتى بانگەشەى هەڵبژاردنەکاندا ترامپ زۆر لێدوانى زبرو نیگەرانکەرى ئاراستەى عەرەبستان کردبوو، بەڵام وەکو دەرکەوت ترامپى کاتى بانگەشە ترامپى ناو کۆشکى سپى نەبوو، بۆیە هەر زوو زۆرێک لە تێڕوانینەکانیان لە سەر ڕوداوەکانى ناوچەکە جووت و تەبا بوون بە تایبەتى هەڵوێستیان لە سەر هەژموون و دەستێوەردانەکانى ئێران لە وڵاتانى ناوچەکە بە تایبەتى لە عێراق و سوریاو لوبنان و یەمەن بۆیە هەرخێرا عەرەبستان و دواتر ئیماراتیش قایل بوون بە پێدانى فاتوورەى ناوچەى ئارام.

هەڵوێستى ڕوسیا و ئێران و تورکیا وڕژێمى سوریا
ڕاگەیاندنى فەرمانەکەى ترامپ بۆ وەزارەتەکانى بەرگرى و دەرەوە بۆ ناوچەى ئارام لە سوریا هەروەکو وتەبێژى کرملین وتى: بۆ ئێمە مایەى حەپەسان و سەرسووڕمان بوو چونکە لە کاتى پەیوەندى تەلەفۆنى هەردووسەرۆکدا واتە پۆتین و ترامپ هیچ ئاماژەیەک بە ناوچەى ئارام نەدراوە، تەنها باسى پەیوەندى هەردوو وڵات و لەناوبردنى توند ڕەوى تیرۆرى داعش کراوە هیچ هەماهەنگیەک نەکراوە بۆ دامەزراندنى ناوچەى ئارام و کاردانەوەو لێکەوتەکانى.
ئەوەندەى پەیوەندى بە ئێرانیشەوە هەیە هەندێ لە چاودێران لەو بڕوایەدان کە ئێران زەرەرمەندێکى گەورەى ئەم کردەوە دەبێت بەوەى کە دەبێت هێزەکانى خۆى و حزبوڵایش دەبێت لە سوریا پاشەکشە بکەن.
تورکیا تەنها وڵات بوو لە چەند ساڵى ڕابردوودا خوازیارى ناوچەى ئارام بوو لە ناوخاکى سوریادا، بەڵام لە ئێستادا بە هۆى گۆڕانکارى لە یارییەکەدا ئەو جدییەتەى جارانى پێوەدیار نەماوە و چاوەڕوان و چاودێرى میکانیزمى جێبەجێ کردنی دەکات.
حکومەتى سوریاش ئەم هەنگاوە دژ بە یەکپارچەیى خاکى وڵاتەکەى و بە پەناگەیەک بۆ گروپە تیرۆریستەکان دەزانێت. هەرچەندە جارێ فۆرم و میکانیزمى ئەو ناوچانە بەدەر نەکەوتووە و تا 90 ڕۆژەکە تەواو نەبێت نازانرێت ئەو ناوچانە لە چ شوێنێکى سوریا یان وڵاتانى دراوسێ ى سوریا دادەمەزرێن، بەڵام بۆ کورد بە بڕواى من گرنگیەکى تایبەتى دەبێت و وەکو چۆن لە باشورى کوردستان ناوچەى ئارام و دژە فڕین بووە هەرێمى فیدراڵى کوردستان لە عێراقدا، پێدەچێت لە سوریاش بە هەمان ئاکاردا بڕوات و کوردى ڕۆژاوا لە هەڕەشەى وڵاتانى ناوچەکە بپارێزێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت