عەدنان ئەمین: هۆیەکانى پشت توندوتیژبوونى مەغۆلەکان. بەشى دووەم.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

باسى یەکەم/ دابەشبونى هۆزەکان و گرنگترینیان و هۆزە تورکیەکان.

باسى دووەم/هۆزە ناتورکەکان(خەتا، تەتار، کرایت، نایمان، بەرجقینى.

دەرئەنجام:
باسى یەکەم/ دابەشبونى هۆزەکان و گرنگترینیان و هۆزە تورکیەکان:
دابەشبونى مەغۆلەکان لەڕوى چینایەتیەوە:
سیستەمى کۆمەڵایەتى ( مەغۆل) لەسەر بنەماى چینایەتى دامەزرابوو. هۆز بۆ سێ چین دابەش دەبوو:
* چینى یەکەم: نەجیب و پیاوماقوڵان: ئەم چینە سێ نازناویان هەبوو.
(بەهادور): واتە ئازا و نەبەرد و چەلەنگ.
(توبان)واتە پیاوماقوڵان.
(ستسن)واتە دانا و زانا و حەکیم.
* چینى دووەم: (نوکور) واتە ئازادەکان. سیستەمى سەربازى و سیاسى مەنغۆلیا لەسەردەمى جەنگیزخاندا لەسەرشانى ئەو خەڵکانە بەڕێوەدەچوو. ئەم چینە لە خەڵکى جەنگاوە و شوێنکەوتوانیان پێکهاتبوو.
* چینى سێیەم: چینى (عەوام) گشتى و کۆیلەکان. هەر تاقمە و تیرەیەکى مەغۆل سەرۆکێکى هەبوو. ئەگەر شا بوایە پێیان دەوت(خان= قان) یان سەرکردە بوایە پێیان دەوت(باکى= بەکى)سەرۆکى هۆزە دارستانیەکانیان بەم نازناوانە ناوبانگیان دەرکردبوو(1).

لە گرنگترین هۆزەکان
بەهۆى زۆرى و چڕ و پڕى هۆزەکان پێویستە دابەش بکرێن بەگوێرەى جیاوازى زمان و ڕەگەزیان. هۆزەکان بەشێوەیەکى گشتى دابەش دەکرێن بەسەر دوو بەشدا: ئەوانیش
هۆزە تورکیەکان: (تورکش قرقیز. ئۆغیور(الغز)، قارلوق)
هۆزە ناتورکیەکان: (خەتا، تەتار، کرایت، نایمان، برجقین).

هۆزە تورکیەکان
تورکش: یەکێکە لە هۆزە تورکیە بەناوبانگەکانى ڕۆژئاوا، سەرۆکەکانیان نازناوى (خان) یان هەبوو. ماوەیەکى زۆر پارێزگاریان لەسەربەخۆیی خۆیان کردووە. تا ئەوەى کە موسوڵمانە عەرەبەکان بەسەرکردایەتى (نەسرى کوڕى یاسر) بەسەریاندا سەرکەوت. لەسەردەمى فەرمانڕەواى ئومەوى (هیشامى کوڕى عەبدولمەلیک) ساڵى (121)کۆچى.
قرقیز: ئەمانەش تورکن و لەبەرزاییەکانى ڕوباڕى (ینسى) نیشتەجێبون. سەرزەکەکانیان نازناوى (خاقان) یان وەرگرتووە. لەلایەنى سیاسیەوە تاوەکو ساڵى (226)کۆچى نەناسراوبوون. زۆربەى ناوچەى (ئۆغیوریەکان)یان داگیر کردووە. بەڵام ئەوەندەى نەبرد کە قرەخەتاییەکانیان لە مەنغۆلیا دەریانکردن. بەکارى کشتوکاڵیەوە خەریکبوون. لەبەرزاییەکانى (ینسى). تاوەکو دەرکەوتنى (جەنگیزخان) و دواتر دەچنە ژێر ڕکێفى و ملکەچى بۆ دەردەبڕن. لەساڵى (615ک/1218ز).

ئۆغیوریەکان:
لەناوچەکانى باکورى ڕۆژهەڵاتى تورکستانى ئەمڕۆدا نیشتەجێبون. ئەمانەش تورک بوون. بەپێى ئەوەى کە لە (نەخشى ئەرەخۆن) هاتووە، ناوەکەیان لە (التغزغز) هاتووە. واتە لە (10)تیرە سەرچاوەى گرتووە. ئەوەى لەبارەیانەوە دەزانرێت ئەوەیە کە ئەوان بۆ ماوەیەکى زۆر بەبێ سەرکردە ژیانیان دەبردەسەر. سەردەمیشیان وابوو کە هەرکات لەناو خێڵەکەیاندا کەسێکى بەهێز دەربکەوتایە دەبویە سەرەکردەیان. جا کاتێک ئەو تیرانە ڕاوێژیان لەسەر بارودۆخە نالەبار و سەختەکەیان کرد، وتیان:هیچ چارەیەکمان نیە جگە لەوەى پادشایەکى خاوەن ڕا کە هەموو بچینە ژێر دەسەڵاتى.
ئیتر هەموو ئارەزومەندى کەسێک بوون کە بە ناوى (منگوباى) بانگ دەکرا. پاشان کەسێکى دیکەیان هەڵبژارد کە بەتوانا و لێهاتوییەکەى دەناسرا لەهۆزى(ئور قندر) و نازناوى(کول ایرکین) یان لێنا. ئەو دوو پادشایەیان بەسەر هەموو گەلەکانى خۆیاندا سەپاند. لەپاش ئەوانەوە ماوەى سەدساڵ بەردەوام بوو. ئەوەى لە ئوغیوریەکان زانراوە لەهەموو گەلە تورکیەکانى تر خاوەن شارستانى بوون و ئاینیشیان مانەوى و مەسیحى بووە. لە کۆتاییەکانى سەدەى چوارەمى کۆچیەوە هاتونەتە وڵاتانى ئیسلامیەوە و سەلجوقیەکان دەگەڕێنەوە سەر ئەمان. کە دواتر ئیمپراتۆریەتێکیان دامەزراند لە تورکستانەوە تاوەکو سنورى میسر.

قارلوق:
وڵاتەکەیان دەکەوێتە باکورى خاکى (ئوغیوریەکان)ەوە. بەهۆى نزیکیان لە وڵاتانى ئیسلامیەوە کاریگەرى شارستانیەتى ئیسلامیان لەسەربووە. لەوانە شارستانى فارسى. لە شیعرى فارسیدا ناویان براوە بە (خەللوخ) کە کەڵەگەت و جوان بوون. بەکارى کشتوکاڵەوە خەریک بوون و سەرکردەکانیشیان نازناوى (خاقان)یان نەبووە(2).

هۆزە ناتورکیەکان:
خەتا (قەرە خەتایی)
بنەڕەتى ئەم (قەرە خەتاییان)ە لەهۆزى خەتایە لەباکورى چینەوە هاتوون. ناوى ئەم هۆزانە لەسەرچاوە چینیەکاندا هاتووە. لەسەرەتاى سەدەى چوارى کۆچى(سەدەى دەى زاینى). وا ڕویداوە کە لە نێوانیاندا سەرکردەیەکى بەهێز دەرکەوت کە ئەو هۆزانەى ملکەچى دەسەڵاتى خۆى کرد و خۆى وەک ئیمپراتۆر ناساند بەسەریاندا. لەساڵى (304ک/916ز- 315ک/927ز) ناوى خۆى نا (تاى تسو). هەوڵى دەدا کە سنورەکەى فراوان بکات و دواتر توانى باکورى وڵاتى چین داگیر بکات. سنوریان بەشێوەیەک فراوان بوو کە لە ڕۆژئاواوە دەگەیشتە وڵاتى (خوارەزم) و لە ڕۆژهەڵاتیشەوە تاوەکو شوێنى نشینگەى مەغۆلەکان لە (سیحون و جیحون) و باکورى چین. ئەم بنەماڵەیە بەردەوام بۆ ماووى دوو سەدە فەرمانڕەوایی کردووە و نازناوى (لیاۆۆ)یان داوە بە فەرمانڕەواییەکەیان بەناوى هەرێمەکەیانەوە. هۆکارى کۆچى ئەم هۆزانە لە نیشتیمانى سەرەکیانەوە لەباکورى چین دەگەڕێتەوە بۆ پێکدادان و نالەبارى ئەو بارودۆخە سیاسیەى کە ڕویدەدا. چونکە ناوچەکانى باکورى چین لەوکاتەدا بەرەو شەپۆلێکى پێکدادان و ناسەقامگیرى بوبویەوە بەجۆرێک چەند بنەماڵەیەک یەک لەدواى یەک حوکمڕانیان دەکرد لەنێونیاندا کۆمەڵێک کاربەدەستى بێتوانا و لاواز هاتنەسەر دەسەڵات لە چین. بۆ نمونە دەسەڵاتدارێتى بنەماڵەى (سۆنگ) کە زۆر لاواز بوون بەجۆرێک کە (خەتاییەکان) باج و سەرانەیان سەپاندووە بەسەریاندا و ئەمانیش بەناچارى دەیاندا. ئەوەى گرنگە ئەوەیە کە ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کە ئەوەى توشى هێزێکى جەنگاوەر دێت ئەوەیە کە دەکەوێتە خۆشییەوە و دواتر سەرسام دەبێت بە شارستانیەتێک. ئەمە دوچارى خەتاییەکان هات بەوەى کە زۆر سەرسامى چینیەکان بوون لەڕووى شارستانیەتەوە. تاوەکو بەشێکیان تیایدا توانەوە و ئەوەشى کە مابویەوە بەشێویەکى جەنگاوەرى دەژیان و کەم بوون. دواتر بنەماڵەیەک هاتنەسەر دەسەڵات بەناوى (کین) و ئەم لاوازیەى خەتاییەکانیان وە هەلێک قۆستەوە و کەوتنەجەنگ لەدژى گەورەکانیان کە تەواو لاواز ببوون و تواناى بەرگریان نەمابوو. بەمەش لە نیوەى یەکەمى سەدەى شەشەمى کۆچى(509ک/1125ز) دەوڵەتەکەیان لەباکورى چین ڕوخا. بۆیە کەوتنەڕێ و تاوەکو لەهەرێمى تورکستان گیرسانەوە.

تاتارەکان:
ئەوانە لەو ناوچەیەدا نیشتەجێبوون کە لە باکوریەوە بە دوو ڕوبارى (ئارقۆن و سلنجاو) و دەسەڵاتدارێتى قرقیزەکانە. لە ڕۆژهەڵاتیشەوە بە هەرێمى خەتا(چینى باکور). لە دەسەڵاتداریەتى لە ڕۆژئاواوە و هەرێمى (تبت) و دەسەڵاتى تانجوت لەباشورەوە(3). ئەمانە کۆمەڵیچک هۆزبوون کە بەشێوەیەکى فراوان دابەشبوون و لق و پۆیەکى زۆریان لێبویەوە. ئەمانە لە هەموو هۆزەکانى دیکە خۆشگوزەرانتر و دەولەمەندتر بوون. تەتارەکان لەسەدەى دووەمى کۆچى(هەشتەمى زاینیی) دابەش دەکرێن بۆ دوو بەش:
یەکەمیان لە (9) هۆز پێکهاتوون و دووەمیان لە (30) هۆز پێکهاتوون. تەتارەکان بەپێى ئەو سنورەى کە تیایدا ژیاون و شێوازى ژیانیان، دابەشکراون بۆ (3) بەش:
تەتارى سپى: ئەمانە لە دەرەوەى دیوارى چین دەژیان.
تەتارى ڕەش: ئەم جۆرەیان لە ڕەوەندى بوون. واتە کۆچەرى بوون و لەباکورى بیابانى (جوبى) نیشتەجێبوون.
تەتارى دارستان: ئەم بەشەیان بەشێویەکى گشتى لەقەراغ بەرزاییەکان و لە نزیک ڕوبار و دارستان دەژیان و بە پیشەى ڕاو و شکارەوە خەریکبوون و بژێوى خۆیان لەوەوە دابین دەکرد و تارڕدەیەکى زۆر خۆگوزەران بوون(4).
تەتارەکان بەشێوەیەکى گشتى بە توند و تیژ و خۆسەپێن ناسرابوون. لەزۆربەى کاتەکاندا لە ململانێدابوون لەگەڵ (خەتاییەکان)دا. جەنگەکانیان لەبەر سوکترین هۆ هەڵدەگیرسا. هەندێک جار ئەو جەنگانە چەندین ساڵى دەخایاند و بەردەوام دەبوو. ئەوان بە شەڕە قسەو دەستەو یەخە ناسراوبوون. هیچ یاسایەکیان نەبوو فەرمانڕەواییان بکات یان شەریعەت و بەرنامەیەک کەلەسەرى بڕۆن. بەهۆى ئەوەى کە ئارەزوى خۆسەپێنى و توندوتیژیان هەبوو توانیان زۆربەى هۆزەکان ملکەچ بکەن و ناوبانگێکى بڵاو و سامێکى گەورەیان هەبێت. بەشێوەیەک کە هۆزەکانى دیکە بە جیاوازى پلە و چینەکانیانەوە بەناوى ئەوانەوە ناودەبران. ناوى (تاتار)یان (تەتەر)بەسەر هەمویاندا بڕا.
بەو هۆیەشەوە کە زۆربەى مێژوونوسان ناوى(تاتار)بەسەر ئەو گەلانەدا دادەبڕن. ململانێى نێوان تاتارەکان هێور نەبویەوە تاوەکو ئەوکاتەى کە(جەنگیزخان)دەرکەوت و زاڵبوو بەسەریاندا. تەتارەکان کۆمەڵە هۆزێکى جیابوون لە مەغۆلەکان(5).
بەڵام ئەوەى سەیرە ناوى تاتار بەسەر خۆى و شوێنکەوتوانیدا بڕا. دەتوانرێت بەشێویەکى زۆر ڕوون ئەوە بخەینەڕوو لە جیاوازى ئەو دوو ناوە بەوەى کە (مەغۆل بەشێکە لە تەتار، بەڵام تاتار بەشێک نیە لە مەغۆل).

کریت:
نشینگەیان زۆرنگاوە ڕۆژهەڵاتییە ناوخۆییەکانى ناو بیابانى (جوبى) و باشورى دەریاچەى (بایکاڵ)ـە تاوەکو شوراکانى چین. تا ئێستەش بەتەواوى ڕوون نەبۆتەوە داخۆ تورکن یان لە مەغۆلەکانن. بەڵام ئەوە دەزانرێت کە زۆربەى سەرکردەکانیان تورکن. ئەم گەلە پاش ئەوە کە ئوسقوفێکى نەستورى مەسیحى بانگەشەى مەسیحیەتى دەکرد، ئەوەبوو سەرکردەکەیان لەساڵى(398ک/1007ز)مەسیحیەتى وەرگرت و گەلەکەى چویە سەر ئاینى مەسیحى و مەزهەبى نەستورى. دواتر مەسیحییان لەخۆیان دەنا. گەلى کرایت لە دوو سەدەى پێنج و شەشى کۆچى لە بەهێزترین نەتەوەکانى مەغۆل بوون. توانیان لەزۆربەى لاکانەوە زۆرینەى تیرە و هۆزەکان ملکەچ و ناچار بکەن. خستیاننە ژێر قەڵەمڕەوى خۆیان. زۆرجار بەشەڕهاتوون لەگەڵ هۆزى(نایمان)ەکان. بەناوبانگترین پادشایان ناوى (توغرول)بوو. توانى بە پشتیوانى سەرکردەیەکى مەغۆلى بەناوى (یسوگاى)کە دەکاتە باوکى (جەنگیزخان)، بەسەر گوڕخانى مامیدا زاڵبێت و لەسەر تەختى حوکمڕانى لایبدات. هەروەها توانى بە جێبەجێکردنى خواستى چین، تاتارەکان شکست پێبهێنێت. بەمەش (توغرول) بوو بە بەهێزترین پادشا لە (مەنغۆلیا). ئیمپراتۆرى چین وەک ڕێزێک نازناوى چینى (وانگ)ى بەخشى بە (توغرول) و ناوبانگى بە (وانگ خان)دەرکرد. دواى خۆى کوڕەکەى دێتەسەر دەسەلات بەناوى (ئونگ خان) کە لە سەرەتادا پەیوەندیەکى بتەوى دۆستایەتى و هاوڕێیەیتان لەگەڵ (جەنگیزخان)دا هەبوو. بەڵام دواتر شەڕ لە نێوانیان هەڵدەگیرسێت و بەناچار (ئونگ خان)دەکوژرێت، بەمەش دەبنە بەشێک لە دسەڵاتى (جەنگیزخان) (6).

نایمان:
بە ناوەکەیانەوە دیارە کە ئەمانە (مەغۆلى)بن. نایمان واتە هەشت. بەلِام نازناوى کەسەکانیان تورکیە. بۆیە دەکرێت لەسەر تورکى مەغۆلى هەژماریان بکەین. لە حەوزى سەروى ڕووبارى (ئەرخن) و نزماییەکانى شاخەکانى(ئەلتاى) و دەوروبەرى دەریاچەکانى ئەو ناوچانە نیشتەجێبوون. دەکەوێتە بەشى ڕۆژئاواى نیشتیمانى هۆزى (کرایت). بەڵام ئەوان لە ناکۆکى و دوبەرەکیدا بوون لەگەل ئەو هۆزەدا. ڕێبازى ڕۆشنبیریان لە ئوغیوریەکانەوە وەرگرتبوو. کە دەکەتنە باشوریانەوە. نایمانەکان خێڵێکى کۆچەرى بوون کە هەندێکیان لە ناوچە شاخاوییە سەختەکاندا نیشتەجێبوون و هەندێکیشیان لە بیابانەکان. لەسەرەتادا ئاینیان (شامان)ى بوو. پاشان هاتنەسەر مەزهەبى نەستورى مەسیحى. نایمانەکان چەند پادشایەکی ناودارو بەهێز و چەند سوپایەکیان هەبووە. داب و نەریتیشیان لە داب و نەریتى مەغۆل دەچوو. لەسەردەمى کۆندا ناوى (کوسلوک خان) یان (بویرق خان) بەسەر پادشاکەیاندا دەبڕا.
کوسلوک پادشاى گەورە و بەهێز، بویرقیش بەواتاى کاربەدەستە. لەگەڵ ئەمەشدا هەموو پادشایەک ناوێکى دیکەى سەرەکى هەبوو، کە دایک و باوکى بۆیان هەڵبژاردبوو. لەسەردەمى (جەنگیزخان) پادشاکەیان بە (تایانگ خان) بانگ دەکرا، کاتێک بەنیازى خراپى ئەوى زانى جەنگى لەگەڵدا هەڵگیرساندن.

بەرجقینى مەغۆلى:
لە دەوروبەرى ڕوبارى (تولا – ئەنۆن – کیرۆلین) نیشتەجێبوون. بنەچەکەى (جەنگیزخان) دەگەڕێتەوە بۆ بنەچەى ئەم هۆزە. داوبەدواى ئەم هۆزە هۆزەکانى دیکەى مەغۆلى لە دەوروبەرى ئەم ڕوبارانە لە نزیک ئەم هۆزە نیشتەجێبوون. سنورى ئەم هۆزانە لەبەشى ڕۆژهەڵات بەڕوبارى (کیرۆلین) دەست پێدەکات و لە ڕۆژئاوا بە دەریاچەى (بایکاڵ) کۆتایی دێت. باپیرانى (جەنگیزخان) بەحوکمى ئەوەى لەنێوان دەشت و جەنگەڵستاندا نیشتەجێبوون، خۆیان بە ئاژەڵدارى خەریک کردبوو. ژیانێکیشیان بە ڕاو و شکارەوە بەندبوو. ئەمانە لەسەر داب و نەریت و ئاینى خۆیان مانەوە وەک(بت پەرستى و بوازیی و نەستورى و مەسیحى). شارستانیەتى چین گەورەترین کاریگەرى هەبوو لەسەر ئەم هۆزانە. ئەم هۆزانە بەهۆى بوونى ڕوبارى (سیحون) کە جیهانى مەغۆلى و جیهانى ئیسلامى لەیەک جودا کردبویەوە، بۆیە دەکرێت بڵێین کەمتر یان هەر هیچ کاریگەریەکى جیهانى ئیسلامیان لەسەر نەبوو لەچاو شارستانیەتى چینیدا(7).

دەرئەنجام:
• ئەم توێژینەوە گرنگیدا بە دیوە شاراوەکانى ژیانى مەغۆلەکان و لەو هۆیان کۆڵیەوە کە لەپشت توندوتیژبوون و دڕندەبوونیانەوەیە.
• مەغۆلەکان ژینگەکەیان زۆر کاریگەرى لەسەریان هەبوو، لەڕووى دەرونیەوە وەک ژینگە و کەش و هەوایان ناسەقامگیر و ناهاوسەنگ پەروەردەبوون.
• ژیانى سەختى مەغۆلەکان وایکردووە کە هەمیشە لە جوڵەدابن و هەمیشە ئامادەبن بۆ جەنگ و ڕوبەڕوو بونەوە.
• ژیانى سەختى خیزانى و خواردن و هاوسەرگیرى و خانوى نائارام، هۆیەکى دیکەیە.
• ئەم هۆزانە دابەش بونەتە سەر دوو بەشى سەرەکى (تورکەکان و ناتورکەکان) هەریەک دژى ئەوى دیکە بووە و بە کورتى لەگەڵ ململانێدا پەروەردەبوون.
• ئەم هۆزانە داواجار یەکخران لەسەردەستى (جەنگیزخان) و توانى وەک هێزێکى ڕێکخراوى دڕندە بەکاریان بهێنێت و هێرش ببەنە سەر دەرەوەى ناوچەکانى خۆیان و لەماوەیەکى کەمدا ئیمپراتۆریەتێکى گەورە ربگەیەنن.

سەرچاوە و پەراوێزەکان:
1- محمد على الێلابى: مێژووى مەغۆەکان، ل37. د.سید الباز العرینى:مێژووى مەغۆل، ل48-49.
2- محمد على الێلابى:ه.س، ل29-30، د.فواد عبدالمعگى السیادی: میژووى مەغۆلەکان،ل21-31.
3- د.فواد عبدالمعگى السیادی: میژووى مەغۆلەکان،ل26-27.
4- محمد على الێلابى: مێژووى مەغۆەکان، ل35-36.
5- د.فواد عبدالمعگى السیادی،س.پ،26.
6- ه.س،ل27.
7- د.حسن ابراهیم حسن: تاریخ الاسلام، ج4/ێ215.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت