ئاکۆ برایم: سوکایەتى لەنێوان ریزى پێشەوە و پاشەوە.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئێمەى هاوڵاتى بەش مەینەتى ئەم وڵاتە، هەمیشە لەدواى دواوەین، هەموو کاتێک پەراوێز خراوین، لەهەموو بۆنە خۆش و تاڵەکاندا، کەس حسابى سفرى دواى فاریزەمان بۆناکات. لەکاتێکدا ئەو بەرپرسانە کە ئەمڕۆخۆیان بادەدەن و، پۆزمان بەسەردا لێدەدەن، بەرهەمى رەنج و خۆێن و قوربانى ئێمە یە. زۆرێک لەو بەناو بەرپرسانە بۆ رۆژێکیش سەختى و نارەحەتى وگەرما و سەرما و برسێتیان نەچێشتووە. پێم خۆش بوو کە کاک ئەدهەم بارزانى و کاکە حەمە دواى پیتر لەچارەکە سەدەیەک، درکیان بەوە کرد کە پەراوێز خستن و وەلانان چەنێک قورس و ناخۆش و تاڵە، بۆیە نەیانتوانى بۆ نیو سەعات خۆیان رابگرن،لەکاتێکدا ئێمە هەموو ژیانمان لەپاشەوەین و، لەریزى دواى دواوەش گەر بەپێشەوە جێگەمان بێتەوە شوکرى خوا ئەکەین.

کاک ئەدهەم خۆى بە نوێنەرى پارتى و دەمڕاستى بارزانى دەزانێت، چى دەبوو لەبرى بارزانى، کەبێزى نایەت و پێى نەنگە بێتە ناو میللەت، ئەو لەبرى بارزانى بۆ سەعاتێک لەنێو خەڵکى دابوایە، کە دڵنیام بۆ پاشەرۆژ و هەڵبژاردنیش سودى بۆ خۆى و حزبەکەى دەبوو، بەڵام کەسێک لاى نەنگ و شورەیى بێت بچێتە ناو میللەتەوە و ، لەگەڵ کەسانى هەژار و لێقەوماو و، لێو بەبار و شەڕوال دڕاو دابنیشێت. ئەى بۆچى و لەبەر چى و بۆچ مەبەست و مەرامێک ئەچێتە شوێنێکى واوە؟! چەند جوان و شایستە دەبوو، ئەویش شان بەشانى ئەو خەڵکە رەشۆکە دابنیشتایە. راگەیاندنەکان وێنەى گەورەو گرانیان بگرتایە و وایان نیشان بدایە کە جەنابى کەسێکى سادە و خاکى یە و، پێى خۆش نى یە بچێتە پێشەوە!!
چەند جوان دەبوو لەبرى ئەدهەم وبارزانى و کاکە حەمەو تەواوى ئەو بەرپرسانە، تاقانەکانى هەڵەبجە و بنەماڵەى شەهیدان لە پیشەوە بونایە. بۆ چەند ساتێک هەستیان بە خۆشى بکردایەو، ئارام بونایە کە بەرپرسان لەدواى ئەوانەوەن و، لەبەر ئەوەى بۆنە و یادەکە مەراسیم و پرسە و ماتەمینە، شیرینى خواردن وقاقا و پێکەنین نى یە، تا خەمى ئەوەت بێت بەشت نەمێنێت وزومى کامێراکان جوان وێنەت نەگرێت
من ئەوە بەسوکایەتى نازانم بەڵکو بەسەربەرزى و شانازى دەزانم کە بەرپرس و گەورەیەک لەنێو میللەتدا بێت، وێنەیان لەگەڵ بگرێت، کوێ بیستى خەمەکانیان بێت. رەنگبێت جەنابى شێخ ئەدهەم وەها پەروەردەکرابێت وراهێنرابێت، کە نابێت لەمیللەت و خەڵکى هەژار نزیک بێتەوە، ئێستاش بەحسابى شێخ ومسکێن سیاسەت دەکات. چونکە لەفەرهەنگى ئەواندا ئەوە سوکایەتى یە (تۆ تەماشاى سەرۆکى هەرێم ، سەرۆکى حکومەت ،کە بەساڵان لەمیللەت و جەماوەرنزیک ناکەونەوە) مادام ئەدهەم بارزانیش لەبنەماڵەى ئەوانە، کەواتە دانیشتن لەگەڵ خەڵکا و چوونە ناو میللەت لووتکەى سوکایەتى یە.
جەنابى شێخ ئەدهەم و سەرانى حزبەکەت من دەڵێم سوکایەتى ئەوە نى یە کە ریزى پێشەوەت نەدەنێ، لەسەر ئەوە بتۆرێیت، ئەمە بۆخۆى سەلمێنەرى ئەوەیە کە بەڕێزتان بۆخاترى یاد و ماتەمینەکە نەچووى، بەڵکو بۆ خۆدەرخستن و خۆ نواندن چوویت.
سوکایەتى ئەوە نى یە کەمنالێکى بەرکەوتەى هەڵەبجە پێت پیا بنێت. سوکایەتى ئەوە نى یە کە نابینایەکى هەڵەبجە شانت لێ بخشێنێت
سوکایەتى ئەوەیە کە 26 سالە پارتەکەى تۆ و تەواوى پارتەکانى دیکە، بازرگانى بەو شارەوە دەکەن، سوکایەتى ئەوەیە ئەو شارەتان کردوە بەپاریزگا کەچى لەگوند و کەلاوەیەک زیاتر هیچى تر نى یە. کەستان بێزتان نایەت تەنانەت سووکە کۆڕو کۆبونەوەیەکیشى تیا ساز بکەن.
سوکایەتى ئەوەیە کە لەم وڵاتە پرخێرو بێرەدا سەرکردەکەى خاوەنى هەزاران ملیار دۆلارى خەوتو بیت، بانکەکانى تورکیا و سویسرا ، سیخناخ بکەیت کەچى بەرکەوتویەکى چەکى کیمیاوى پارەى دوو دەرزى و دەستەیەک حەبى نەبێت و لەتاوا گیان لەدەست دەدات.
سوکایەتى ئەوەیە کە رۆژانە ئەو هەموو تانکەرە بەبەردەم ئەوشارەدا گوزەر دەکەن، کەچى خەڵکى ئەوێ بۆ دەبەیەک نەوت زەقەى چاویان دێت. لەتاو سەرما دار و نایلۆن و تەختە ومقەبا ئەسووتێنن.
سوکایەتى ئەوەیە کە بەساڵان ئەو شارە پەراوێز بخەیت، بەڵام بۆ یاد و خۆدەرخستنێک خۆت بکەیت بە پاڵەوان و وەحشى شاشە بەئوتومبیلى مۆدیل بەرز و جلى باق و بریق، منەت بەسەر خەڵک وخاک و خۆڵەکەیدا بکەیت
سوکایەتى ئەوەیە کە حکومەتەکەت رۆژانە بەرەڵا و سۆزانى لە لوبنان و ئەمریکا و میسر ئەهێنێت، بۆ کەیف و بەزمى شەوانە و بەجانتا دۆلاریان پێشکەش دەکات، پرۆژەى گەورەى وەبەرهێنانیان پێدەبەخشێت، لەولاشەوە بریندارێکى هەڵەبجە و کەمئەندامێکى ئەو شارە بە شەش مانگ چارەکە موچەیەکى نەدەیتێ.
سوکایەتى ئەوەیە کە سەرۆکى حکومەتەکەت بە دوومانگ پتر لە 90 ملیۆن دۆلار بۆ شارى دهۆکى سەربەحزبتان خەرج دەکات، کەچى سێ ساڵە قروشێک بۆ ئەوێ سەرفنەکراوە. لەهەموو خزمەتگوزاریى و پێشکەوتنێک بێ بەشە.
سوکایەتى ئەوەیە کە نفوس و دەسەڵات و پێگەت لەو شارە نەبێت، کەچى داواى پۆست و کورسى بکەیت وخۆت بەکوێخاو خاوەنى بزانیت.
سوکایەتى ئەوەیە کە خۆت لەریزى فیر عەون و بنەماڵەى پیرۆزا ببینیتەوە، خەڵکەکەشى وەک سەپان و خزمەتکار سەیر بکەیت. وابزانیت ئەوان کۆیلە و دەربار و غولامى تۆن. ئەبێت هەموو دەست لەسەر سنگ لەحزورتا بن.
ئومێد ئەکەم کەرێکخەرانى مەراسیمى ئەو یادە ساڵێکى دیکە، رێگە نەدەن بەهیچ بەرپرسێک کە بەشدارى ئەو ماتەمینینە بکات. نەکو خوا نەکردە ئەمجارە بەرپرسێکى گەورەتر بەشدار بێت، ئەویش لەریزى پێشەوە جێگەى نەبێت، ئەوکاتە بەدورى مەزانە لەسەر ئەو تاوانە جەنگى مەغڵوبە و شەرى ناوخۆبقەومێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت