خالید رەزا: شوعلە چرایەک لە تاریکی دا!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

خاتو شوعلە کچی خێزانێکی کورد پەروەرو نیشتمان پەروەرە، ئەو لەباوەشی پڕ لە میهرەبانی کاک عەلی و حەپسەخانی دایکی دا، فرچکی کوردایەتی هەڵدرابوەوە. شوعلە لەگەڵ هەر سێ براو خوشکەکەیدا، خێزانێکی حەوت کەسی یان پێکهێنا.

بنەماڵەکەیان هەم لەسەری خاڵوان و هەم لەسەری باوکیەوە، قوتابخانەیەک بو، بۆ وتنەوەی وانەی کوردایەتی. هەر بۆیە لەسەرەتای دروستبونی کۆمەڵەی مارکسی لینینی کوردستانەوە، لەرێی کاکە شوانی برایەوە تۆوی خەباتی چینایەتی و نەتەوایەتی لەناو خێزانەکەیاندا، چێنرا !
شوعلە کاتێک لە پۆلی سێهەمی زانکۆ دەبێ، کاکە شوانی برای لە شەڕێکی سەخت دا لە گوندی قازانقایە شەهید دەبێ، شەهیدبونی براکەی دەبێتە پەیامێک بۆ شوعلە و لەهەمان ساڵی شەهیدبونی براکەیدا، ساڵی 977 ناهێڵێ سەنگەری برا جوانەمەرگەکەی چۆڵ ببێ و، پەیوەندەی بە ریزەکانی کۆمەڵەوە دەکات. سەرباری ئەم کۆستە گەورەیە لەو ساڵەدا شوعلە بە ریزبەندی سێیەم لە دەهەمین یەکەمەکان ی پۆلەکەی دەبێ.
لەدوای تەواوکردنی زانکۆ و، لەساڵی 981 دا، شار بەجێ دێڵێ و، دەبێتە هاوسەری کاک نەوشیروان مستەفا. لەوساوە شوعلەخان شان بەشانی کاک نەوشیروان وەک ژنێکی شۆڕشگێڕو میهرەبان درێژە بەخەبات و قوربانی دان ئەدات.
لەساڵی 986 دا بەهەندێک کاروباری تایبەت، بەئیختفا و دور لەچاوی داودەزگا جاسوسیەکانی بەعس، بەبێ ئەوەی بهێڵێ ماڵی باوکی بزانن، دێتەوە ناوشاری سلێمانی. ئەو لەبەر پاراستنی گیانی خۆی و ئەو ماڵانەی لێێ دەمێنیتەوە، پەیوەندیە خزمایەتیەکان فەرامۆش دەکات.
لەو کاتەی لەشار دەبێ، بەعسیەکان کاکە شێرکۆی برای کە خوێندکاری زانکۆ دەبێ، شەهید دەکەن.
هاوڕێیانی شار شەهیدکردنی براکەی لێ دەشارنەوەو، پێی ناڵێن. کاتێک ئیشەکانی تەواو دەکات، لەگەڵ نمای کۆرپەلەدا لەگەڵ دو هاوڕێی تردا بەرەو بەرگەڵو دەگەڕێتەوە، لەکاتی گەڕانەوەیاندا و لەسەر جادەی سلێمانی-دوکان توشی روداوی هاتۆچۆ دەبن، بەداخەوە یەکێ لەهاوڕێکانی بەناوی کاک شێخ عەبدول دەبێتە قوربانی، شوعلە خان یش لە سەیارەکە دەپەڕێت و، بەسەختی بریندار ئەبێ. رێکەوتێکی سەیر دەبێ کاتێ یەکێ لە هاوڕێیانی رێکخستن بەسەر روداوەکە دەچێ و، شوعلە خان دەناسێتەوە، بەپەلە دەی گەیەننە نەخۆشخانە و، لەوێ سپڵی دەردەهێنن و بەشێک لەجگەریشی لێ دەکەنەوە. کاتێک رێکخستن بەمە دەزانن، دوای ئەو نەشتەرگەریە گەورەیە، لەترسی بڵاوبونەوەی هەواڵەکە و کەشف نەبونی، بۆ رۆژی دوایی لە خەستەخانە دەری ئەکەن و، ماڵەو ماڵ ئەیشارنەوە.
خاتو شەمام شەوقی هاوڕێێ قۆناغەکانی خوێندن و زانکۆی شوعلە خان لە نوسینێکی دا کە بەبۆنەی مەرگی شوعلەوە بڵاوی کردوەتەوە، نەک هەر روداوی کارەساتی هاتوچۆکە و، مردنی کاک شێخ عەبدول و برینداری کاک عەبدولرەزاقی فیتک و، سودفەی بەسەردا هاتنی ئەو هاوڕێیەمان بۆ دەگێڕێتەوە، بەڵکە چەندین مەشهەدی ترمان بۆ دەگێڕێتەوە کە دەشێ ببێتە هەوێنی چەندین چیرۆک وفیلمی ئازایەتی.
خاتو شەمام شەوقی دەڵێ: ئای لەو رۆژەی کە شەهید جەبار شوعلەی هێنا بۆ ماڵی خۆمان، شوعلە عەبایەکی دابو بەسەریدا و، دارشەقێکی لەبن هەنگڵ دا بو، کاتێک بە لارە لار خۆی کرد بەژوردا مەشهەدێکی کارەساتبار بو!
بۆ ماوەی مانگێک لەماڵی خۆمان هێشتمانەوە، بەشی پشتەوەی ماڵەکەمان بۆ تەرخانکرد ، ئەو لەبارێکی تەندروستی خراپ دابو، بەڵام من و شەهید جەبار بە پرۆسێسێکی تەندروست و چاک، تەندروستی ئەومان وردە وردە بەرەو باشیبرد. رۆژێکیان د. فواد جەلال كه مێردی ناجیه خانی دشی بو نامەیەكی مولازم عومەری بۆ هێنا بو كه نامەی سەرەخۆشی بو بۆ دڵنەوایی شەهیدبونی كاكه شێرکۆ!
ئێمە پێشتر هەمو هەوڵێکمان دابو، کە نابێ بەهیچ جۆرێک خەبەری شەهیدبونی براکەی بزانێ! بەڵام لە مەشغەڵەتی ئێمە سەرباری ئەوەی کە پێمان وتبو نابێ بەو هەواڵە بزانێ، ئەو نامەکەی دابو بە شوعلە، لەگەڵ خوێندنەوەی نامەکەدا شوعلەی ئەزیز سڕ سڕ بو، رویتێکردین و بەنەرمونیانیەکەی خۆیەوە وتی ئەم هەواڵە چیە؟! من و شەهید جەبار زۆر بەسەریدا هاتین وتمان ئەو هەواڵە راست نیە، شەهید نەبوە، بەڵکە گیراوە.
دکتۆر فوئاد رۆیشت بەڵام شوعلە بە سەبروتەحەمولێکی زۆرەوە بە ژورەکەدا هاتوچۆی دەکرد. شەهید جەبار بۆ ئەوەی هەواڵەکە بەدرۆ بخاتەوە و تەبیعی بکاتەوە، چو گۆشت ببرژێنێ و، شوعلەمان بۆ جەو گۆڕینێک هێنایە هەیوانی سەر باخچەکە!
من و شەهید جەبار حەپەسابوین، وامان ئەزانی ئێستا دەست دەکات بەهاوارو گریان و، وەزعەکەمان لێ ئەشێوێنێ.
شەهید جەبار سەرسام بو بە نەفەس درێژی و بەجەرگی و بەهێزی ئەم ژنە. شوعلە وەک سندوقێکی پڕ لە نهێنی کاک نەوشیروان وابو، زۆر بە دەگمەن هەواڵ و خەبەرت لێ ئەبیست.

شەمام خان لەسەر نوسینەکەی بەردەوام ئەبێ و ئەڵێ:
ئەو کاتەی شوعلە بە نهێنی لەماڵی ئێمەبو، بەداخەوە لەو کاتەدا شەماڵی خاڵە فەرەج کە کوڕی خاڵی جەبار بو شەهید کرا. پیاوان دەهاتنەوە ماڵی ئێمە و دەبوایە خواردنمان بۆ ئامادە بکردنایە، بەڵام دەبوایە بۆ شوعلە هەردو سەعات جارێک خواردنی تایبەتیم بۆ دروستبکردایە. بە ناسک ی براژنی شەهید جەبارم وت، ئەوە ژنی حەرەسی دەواجنەکەی جەبارە و، نەخۆشەو لای ئێمەیە.
دیاربو ناسک لە ناوەندی کوردستان شوعلەی دی بو، کە خواردنی بۆ بردبو، ناسک پێێ وتبو من تۆم لە ناوەندی کوردستان دیوە، شوعلەی ئازیزیش بە ژیریەکەی خۆی وتبوی من نەخوێندەوارم و مەکتەبم نەدیوە!

شوعلە خان ژنێک بو بەتامی دارسێو، ژنێک بو خۆ نەوسیت و خۆڕاگرو دڵپاک و خاکی.
کەمن ئەوانەی بتوانن وەک شوعلەخان، وەک ئەوێ کە بۆ خۆی خاوەنی مێژویەک لە خەبات وقوربانی دان بێ، بژی و، بمرێ!
شوعلە هەر جۆن ژیانی لێوان لێو بو لە جوانی ژنی کورد، مردنەکەشی پڕ پڕە لە جوانی و حیکمەت. رەوانی شاد و سەبوری بۆ هەمولایەک.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت