ئاسۆ محەمەد کوردستانی: با مێژوو وەک خۆی بنوسڕێتەوە!

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ساڵی 1991، 26ساڵ بەر لە ئێستا لە فلکەی کاوەی ئاسنگەر لە شاری سلێمانی بەشداریی جەژنی نەورۆز و ئازادکردنی کەرکوم کرد، پاش 5 ساڵ دابران لە شاری سلێمانی ئاشنا بوومەوە بە شار و کەسوکار.

ئێستا 26 ساڵ تێئەپەرێ بەسەر ئەو یادەدا، هەر هەمان چاوەڕوانیم هەیە کەباشوڕی کوردستان رزگاری یەکجاری بەدەست بهێنێ و ڕەش و سپی، شۆڕشگێر و خائین، کۆیلە و ئازاد، گەندەڵ و مافخوراو، زاڵم و ستەملێکراو جیا بکرێتەوە.

هەفتەیەک پێش نەورۆزی ڕاپەرینی 91، وەک پێشمەرگەیەک لەدەزگای راگەیاندنی (ی ن ک) یەکێتی بووم و، کە بارەگایەکمان لە شاری سەقز بوو. ئەو کاتە کاک قادری حاجی عەلی بەرپرسی دەزگای راگەیاندن بوو، منی راسپارد شەوێکیان لە شاری سەقزەوە بەپەلە بچم بۆ کرمانشان بۆ لای کاک دانای ئەحمەد مەجید بۆ ئەوەی لە ڕێگەی پەیەوەندییەکانی یەکێتی، بەڵگەیەکی هاتوچۆ و پەرینەوەمان بۆدروست بکات بۆ ئەوەی پێشمەرگەکانی راگەیاندن بەچەک و ئازوقەوە، لەگەڵ دەزگای ڕادیۆکەی دەنگی گەلی کوردستان ( 75 مەتری یەکە) لە سنورەوە ئاودیوی باشوری کوردستان بین.
هەر ئەو شەوە لە سەنتەری شاری سەقزبووم کە وشکە سەرمایەکی مابوو لە نزیک رستۆرانتی پرشنگ چاوەڕێم ئەکرد کە ئۆتۆمبیلێک بەرەو کرمانشان یان سنە بروات و منیش لەگەڵ خۆی ببات بۆ ئەوەی بەیانی زوو کارەکە جێبەجێ بکەم و بگەڕێمەوە.
سەیری ناو ڕستۆرانتەکانم کرد قەرەباڵغێکی زۆرەو، پرە لە چەکداری جامانە سور، خەریکی مریشک و برنج و خۆڕشت سەوزی خواردنن لەگەڵ چەند چەکدارێکی فارس، باسی ڕاپەریان دەکرد و سەیری کەناڵە تیڤییەکانی ئێرانیان دەکرد.
پرسیارم کردو وتم: ئێوە کێن؟ وتیان: ئیمە پێشمەرگەی پارتی و بارزانین، سەرۆک بارزانی و هەڤاڵانمان لە شارەکانی کوردستان ڕاپەرینیان کردووەو، ئێمەش ئەچین بە دەمیانەوە بۆ ئەوەی هاوڵاتییان نەکەونە بەر شاڵاوی ئەنفال و قرکردن، پاڕێزگاری هاوڵاتییان بکەین لە دەستی بەعسییەکان و ئەمن و ئیستیخباراتی شارەکان ڕزگاریان کەین!
منیش وتم زۆربەی شارەکان رزگار بووە هەر دهۆک و کەرکوک ماوە، ئێوە چۆن ئەتوانن وا زوو فڕیا بکەون بگەنە ئەو ناوچانە، بەرپرسە ورگ زلەکەیان بەدەم دان پاککردنەوە وتی: تۆکێی بۆ پرسیار ئەکەی، دیارە تۆ موخابەراتی ئیڕاقیت و چاودێری هێزەکانمان ئەکەیت.
لای پاسدارەکان شکاتی لێکردم و منیان خستە ناو سەیارەیەک خەریک بوو سەرم تیا بەرن و ونم بکەن. دوایی بەرگەی هاتوچۆم نیشاندان و وتم: من پێشمەرگەی مەکتەبی سیاسی یەکێتیم، دوای چەند تەلەفونێک لەگەڵ قەرارگەی رەمەزان و ئاغای رەنجبەری کە منی ئەناسی و ناو و وێنەم هەبوو ڕزگارم بوو.
ئێستا دوای 26 ساڵە بیری لێ دەکەمەوە ئەو درۆیەی کە چەکدارەکانی پارتی کردیان لە سەقز، بووەتە واقع و ئێمە بوینەتە ئەفسانە، ئەمڕۆ مێژوو بە دەستی مشەخۆرو قەڵەم فرۆشەکانەو، بە دڵی ئەوان ئەنوسرێتەوە. بۆیە تا ئەم مێژووە ڕاست نەبێتەوە و رەش و سپی جیانەکرێتەوە، نە ڕاپەرینمان کردووەو نە کورد لەو بەشەی باشوری کوردستان ڕزگاریی بووە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت