erdogan

بورهان شێخ ڕەئوف: هەڕەشەکانى تورکیا لە کۆمەڵگاى نێو دەوڵەتى.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوەى جێگەى سەرسووڕمان و هەڵوێستە لە سەرکردنە، لێدوان و هەڕەشەکانى وەزیرو کاربەدەستەکانى حکومەتى تورکیایە لە ماوەى ڕابردوودا و بە دیاریکراویى لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا بە تایبەتى، کە وردە وردە لە ڕۆژى ڕیفراندۆم لە سەر دەستوورى ئەو وڵاتە لە 16/4/ 2017 نزیک دەبینەوە، کە ئەمە لە لایەک دەکرێت وەکو بانگەشە بۆ گۆڕانکارییەکانى دەستووریى بەکاربهێنێت بە هەوادارانى بڵێت: کە ئێمە لە کەس ناترسین و هێرش دەکەینە سەر هەموو وڵاتە گەورەکانى جیهان.
تۆمەت و پلارو سووکایەتى کردن هەر لە رەجەب تەیب ئەردۆگانەوە سەرۆکى هەرەمى دەستەڵات دەست پێدەکات کە دەڵێت: هەموو ڕۆژئاوا قەحبەن کە یارمەتى تیرۆرى پەکەکە و پەیەدە دەدەن و دەخوازن تورکیا لەت لەت بکەن. دواتر دێتە سەر ئەنگیلا مێرکلى ڕاوێژکار ئەڵمانیا کە بە هتلەرو نازى وەسفى کرد لە کاتێکدا ئەو ژنە کە لە ماوەى ڕابردوودا زۆرترین ڕەخنەو گلەیى ڕاستڕەوەکانى وڵاتەکەى لە سەرە، لە بەرئەوەى زۆرترین ژمارەى ئاوارەى سورى و عێراقى وەرگرتووە. ئەوە مێرگل بوو وتى: خەڵک لە ڕۆژهەڵاتى ناوینەوە پەنا بۆ ئێمە دێنن چۆن دەرگایان لێ نەکەینەوە. خەڵک ناچن بۆ مەککەو مەدینە دێن بۆ لاى ئێمە بە ئەڵمانەکانى وت: ئەمە بۆ مێژوو بۆ مناڵەکانتان باسی بکەن. مێرگل زیندانیەکى سیاسى لە وڵاتەکەیدا نیە ئەردۆگانیش تورکیاى کردۆتە زیندانێکى گەورەو دەیان پەرلەمانتارو سەرۆکى شارەوانى هەڵبژێراو لەکونجى زیندانەکاندایە. دەکرێت بپرسین کێ نازی و فاشیە جەنابى سووڵتان؟
لە تازەترین لێدوانیدا ئەردۆگان لە ڕۆژى چوارشەمەى ڕابردوو وتى: هەموو جیهان چاودێرى ئەم قەیرانەى نێوان ئێمەو ئەوروپا دەکات، بەڵام ئەگەر ئەم بارودۆخە بەم شێوە بەردەوام بێت ئەوا ناتوانن بە سەلامەتى و پارێزراوى بڕۆن بەڕێوە لە هیچ شوێنێک لە جیهاندا. سەرنج بدەن، چ هەڕشەیەکە هەر سەبارەت بەم لێدوانە پەرلەمانى ئەوروپا باڵوێزى تورکیاى بانگهێشت کرد تاوەکو نیگەرانییەکانى خۆیانى پێڕابگەیەنن .
هەر ئەو لێدوانانەى ئەردۆگانە کە وایکردووە زۆر هاوڵاتى ئەوروپى لەم ڕۆژانەدا بپرسن کە ئەگەر ئەمەى ئەردۆگان بە ناوى ئیسلامى میانڕەوەو دەیکات و دەیڵێت، وابێت. ئەى ئیسلامى توندڕەو دەبێت چۆن بێت؟
لێدوانەکانى مەولودچاویش ئۆغلوى وەزیرى دەرەوەى تورکیا یەکێکى ترە لەو هەڕەشەو ئاماژە سامناکانەى کە حکومەتى ئاکەپە ئاڕاستەى جیهان و ئەوروپا و ئەمریکاى دەکات کە دەڵێت: ئێمە سەرکردایەتى دوو ملیار موسڵمان دەکەین، کە ئەم لێدوانانە نەک هەر خزمەت بە ئاشتى و پێکەوە ژیانى گەلان ناکات، بەڵکو هەڕەشەو ڕێ خۆشکردنە بۆ شەڕو ململانێى ئتنیکى و تائیفى زیاتر لە ناوچەکەو جیها.ن
دواترین و تازەترین لێدوانى کاربەدەستانى حکومەتى ئەکەپە لێدوانى گەورە ڕاوێژکارى ئەردۆگان یغیت بۆلوت کە بۆ کەناڵى تەلەفزیۆنى TRT فەرمى لە میانى بەرنامەى لێکدانەوەى قووڵ دەربارەى قەدەغەى هاتۆچۆى هەندێک لە کاربەدەستانى حکومەتى تورکیا و نوێنەرەکانیەوە لە لایەن هەندێک لە حکومەتەکانى ئەوروپاوە، ئەو هەڕشە مەترسیدارو سەرسوڕهێنەرە بوو کەوتى: هەموو جیهان لە مەترسیدایە ئەگەر هەر شتێک تووشى ئەردۆگان بێت. زیاتر وتى: هیچ کەسێک ناتوانێت قاوەڵتى بەیانیان بکات لە ئەوروپا و ئەمریکا و هەموو شوێنێکى جیهان ئەگەر تەڵێک لە قژى ئەردۆگان شتێکى بەر بکەوێت.
ئەم لێدوانانەى ئەردۆگان و دەست و دایەرەکەى هیچ خزمەتێک بە تورکیاو ئایندەى ئەو وڵاتە ناکات، هەروەکو جۆرێک لە بانگەشە بۆ ڕاپرسى لە سەر دەستوورەکەى بەکاریدەهێنێت و، لەلایەکى ترەوە دەبێتە هۆى بەرزبوونەوەى ڕق و کینەى هێزو گروهە ڕاستڕەو نەتەوە پەرستەکانى ئەوروپا دژ بە ڕەوەندى موسڵمانان بەگشتى لە ئەوروپاو ڕەوەندى تورکى بە تایبەتى.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت