Sadi-Iran

بورهان شێخ ڕەئوف: ناکۆکیەکانى عێراقى دواى داعش، تایبەت بە گۆشەى دەرودراوسێ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە ئێستادا کە شەڕى ماڵوێرانکەرى داعش بەرەو کۆتاییەکەى دەڕوات و لە دواى پاککردنەوەى زۆرى ئەو ڕووبەرە فراوانەى کە بە سێ یەکى خاکى عێراق مەزەندە دەکرا لە دەستى تیرۆریستانى ڕێکخراوى دەوڵەتى ئیسلامى (داعش) کە وێرانە خاکێکیان بە جێهێشتووە کە بنیاتنانەوەکەى زۆر لە وێرانکردنەکەى قورسترە تەنانەت حکومەتى عێراق و هەندێ ناوەندى دیش باس لە پێویستى سەرووى (50) ملیار دۆلار دەکەن.
ئەگەر لە دواى پرۆسەى ئازادى عێراقەوەو لە ساڵى 2003 ەوە پێکهاتەى شیعەى عێراق کە بە درێژاى مێژوویان بندەست بوون و باسى مەزڵوومیەتى خۆیان دەکرد هەمیشە و گۆڕەبە کۆمەڵەکانیش گەواهى دەرى ئەوەبن و دکتاتۆریەتى حوکمى سوونەى عەرەبى عێراق کە لە دواى دامەزراندنى دەوڵەتى عێراقەوە خواست و هەژموونى خۆى بە سەر کوردو شیعەدا سەپاندبێت کە بە حوکمڕانى حزبى بەعس و سەدام حوسینى سەرۆکى تەواو ئەمە بەرجەستە بووبێت ،ئەوا حوکمى تائیفى شیعەش سەرەڕاى نووسینى دەستوورى نوێ بۆ عێراق و ڕاپرسى و چەسپاندنى هەرێمى فیدراڵى بۆ کوردستان بەڵام بە پراکتیک نەیانتوانى تاسەر و تامەنزڵ ئەم کاروانە سەرۆکایەتى بکەن و لە نیوەى ڕیگادا جارێکى تر هزرو لۆجیک جێگەیان بۆ مەیل و سۆزى تائیفى چۆڵکرد.
ئێستا ئەگەرچى هاوپەیمانى نیشتمانى شیعە خۆیان حوکمڕانى یەکەمى وڵات بوون لە 14 ساڵى ڕابردوو پڕۆژەیان هەیە بۆ دواى داعش و سەردانى لایەنەکانى ترى عێراقیان کردووەو وڵاتانى دراوسێى عێراقیشیان لێ ئاگادار کردۆتەوە هەرچەندە پرۆژەیەکى درێژ و پڕ لە خاڵ و لق و پۆیە پێداگیرى لە عێراقێکى یەکگرتوو سێنتراڵ دەکاتەوە شتێکى تازەى تێدا نیە کە لە دەستوورەکەدا نەبێت کەچى وەکو یەکێک ڕێگرى لێکردبن ئەو هەموو ساڵە جێبە جێ ى بکەن وا ئێستا بە پرۆژەى نوێەوە دێنەوە خزمەتى عێراقیەکان لە هەموو ئەمانەش شەرمهێنەرتر یاساى حشدى شەعبیان لە پەرلەمان بە بێ کۆدەنگى نیشتمانى تێپەڕاند کە ئەمەش ئاماژەیەکى ترى ترسناکە بە تایبەتى بەلایەنى سوونەکانەوە لە هەمانکاتدا ئەوەى زیاتر عێراقى بەو ئاقارەدابرد ئەو بۆچوونەى هاوپەیمانى شیعە بوو ئەوەى ڕاى جیاواز ى لە خواست و ئامانجەکانى ئەوان هەبێت ئەو بەعسى و داعشى و قاعیدەو جووداخوازو تیرۆریستە ئەمە زمانى گفتوگۆ و پێکەوەژیانى هەڵۆ توندڕەوەکانى هاوپەیمانى شیعە بوو. لەلایەکى ترەوە هاوپەیمانى نیشتمانى شیعە ئێران بە دۆست و دراوسێ ى باش و بە هاناوەهاتوو دەزانێت و باسى کۆمەک و یارمەتیە نەبڕاوەکانى دەکات لە چەک و کەرەسەى سەربازى بۆ حەشدى شەعبى و سوپا بۆ بەرنگاربوونەوەى تیرۆرى دەوڵەتى ئیسلامى وڵاتانى عەرەبى سوونەش بە سەرچاوەى تیرۆرو مەرگ و کارەسات و… تد ناودەبەن کە ئەمەش خاڵى لێکترازانى گەورەى نێوان شیعەو سوونەیە کە ڕوونە هەریەکەو قووڵایى ستراتیجیان کوێ یە.

سوونەکان خەریکى چین؟
سوونەکان لە کاتى داگیرکردنى ناوچەکانیان زۆریکیان ئاوارەى هەرێمى کوردستان بوون بە سەرکردەو بنکردەوە لە ئاستێکى باشى فەرمى و جەماوەرى دا پێشوازى کران و رێزیان لێگیرا و تا ئێستاشى لە گەڵدا بێت هەندێکیان هەر لە هەێمى کوردستانن ، بەڵام وەکو ڕوونە لە چەند مانگى ڕابردوودا سەرکردەکانیان کەوتوونەتە جموجووڵ کۆڕو کۆنگرە بەستن هەر لە عەمان و جنێفەوە تاوەکو دواترینیان لە ئەنقەرە کە لە پێشووتر باسى هەرێمى سەربەخۆو شتى تریان دەکرد بەڵام لە ئەمجارە گەڕانەوە بۆ چوار گۆشەى یەکەمى عێراق یەکگرتوو وەکو نەبایان دیبێت و نەباران وەکو کورد ئەوانى ئاوارە وپەراوێز و دەربەدەر کردبێت باسى گەڕانەوەى پێشمەرگە بۆ سنوورەکانى 2003 و کەرکوک عێراقیە و گەلێک شتى تر کە زمانى بەیانەکەیان عەرەبیەو بەڵام بە نەفەس و دڵى تورکیاو ئەردۆگان نووسراوە.

کورد جەنگاوەرى بێ ئامانج
کورد لە 14 ساڵى ڕابردوودا لە ئاست هەموو کێشەو ئاریشەکانى خۆى لە عێراقدا تا ڕادەیەکى باش هاوڕاو تەبابوون بەڵام لە ئێستادا کە لە ڕووى سیاسەتى نێو دەوڵەتى و شەڕى تیرۆر کارەکتەرى بەهێزو جەنگاوەرى بە هەڵمەت و قوربانى گەورەیان داوە و تا ڕادەیەکیش دەخوێنرێنەوە بەڵام ئێستا خۆى لە ناو ماڵى خۆیدا پرژو بڵاو بێ ئەجنداو ستراتیجى هاوبەش چاوەڕوانى قەدەرى خۆیەتى.
ماوەتەوە عێراق بە گشتى لە ئاوا بارودۆخێکدا کە شیعە سوونە بەوە تاوانبار دەکات بە مەرجعێکى سیاسى یەکگرتوویان نیەو نازانیین لە گەڵ کێ قسە بکەین سوونەش شیعە بە داردەستى ئێران دادەنێن و دەڵێن ئەوەى لە ناوپێکهاتەى سوونەدا قسەبکات بە دڵى ئەوان نەبێت دۆسیەیەکى یاسایى بۆ دادەتاشن و زیندانى دەکەن و یان ڕاوى وڵاتانى ترى دەنێن و کوردیش بە بنبەست گەیشتووە دۆسیەى قەیرانەکانى.
بۆیەلە ئاوا باردۆخێکدا کە مەشهدى سیاسى عێراق بەو شێوەیەى سەرەوەیە دەرفەت بۆ چارەسەر و پێکەوەژیان لە عێراقدا زۆر کەمەو وەکو دەڵێن لەوانەیە هەڵوەشانەوەى عێراق ئاسانتر بێت لە بنیاتنانەوەى .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت