نەوزادى موهەندیس: ڕاپرسیەکەى 16ى نیسانى تورکیاو پێشبینیەکان.

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەو کاتەوەى کە حیزبى ئاک پارتى ( پارتى عەدالەت و گەشەپێدانى ) تورکیا بە سەرۆکایەتى ئەردۆگان لەساڵى 2002وە هاتۆتە سەر حوکم و دەسەڵاتى گرتۆتە دەست تا ئێستاش ماوەى نزیکەى 15 ساڵى ڕێکە بەتەنها بەردەوامە کە ئەمە بۆخۆى لە مێژووى سیاسى تورکیادا دیاردەیەکى دەگمەنە کە حیزبێک بتوانێت بەتەنها بەبێ ئیئتیلافکردنى لەگەڵ حیزبەکانى تردا ماوەى 15 ساڵ بەردەوام بێت، هەر بۆخۆى ئەم دیاردەیە لەلایەک نیشانەى سەرکەوتن و ڕاست ودروستى سیاسەت و بەرنامەى ئاکەپە دەردەخات کە بۆتە جێگەى متمانەى زۆرینەى دەنگدەرانى تورکیا و لەهەمان کاتیش و لەلایەکى ترەوە بۆتە هۆى دروستبوونى غرورو و خۆ بەزل زانین و هەنگاونان بەرە و تاکڕەوى و حسابنەکردن بۆ هێز و پارت و سەرکردەکانى ترى تورکیا و ئەم هەنگاوەش بۆخۆى زیاتر سەردەکێشێت بەرەو نەمان و بچوکبونەوە و دەرکردنى ئاکەپە لە دەسەڵاتدا لە ئایندەدا.

ئاکاپە و سەرکردایەتیەکەى لە پێنج هەڵبژاردنى گشتى پەڕلەمانیدا زۆرینەى دەنگەکانى گەلى تورکیاى بەدەست دەهێنا و لە پەڕلەماندا هەمیشە زۆرینەى بێ ڕکابەر بوە و هیچ کات پێویستى بە دروستکردنى حکومەتى ئیئتیلافى نەبوە، تەنها لە هەڵبژاردنى 6ى حوزەیرانى 2015دا نەبێت کە دەنگەکانى کەمى کرد و پێویستى بە هاوبەشیکردنى حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکان بوو هەربۆیە حکومەتێکى کار بەڕێکەرى پێکهێنا بەڵام هەرزوو کەوتە خۆ بۆ گۆڕینەوەى ئەو شکستە بەسەرکەوتنێکى گەورەتر و توانى ڕێژەى 48ر49% ى دەنگەکان وەدەستبهێنێت و 317 کورسى پەڕلەمان مسۆگەر بکات دواى ئەوەى کە لەهەڵبژاردنى پێشووتردا تەنها 258 کورسى بەدەستهێنا. ئیدى لەدواى هەڵبژاردنى 1ى نۆڤەمبەرى ساڵى 2015وە ئەردۆگان و حیزبەکەى کەوتنە خۆ بۆ گۆڕینى سیستەمى حوکمڕانى لە تورکیادا لە پەڕلەمانیەوە بۆ سەرۆکایەتى بەوێنەى ئەمریکا و فەڕەنسا کە سەرۆک دەسەڵاتێکى فراوانى هەیە. ئەردۆگان هەموو ڕێگە و تولە ڕێگاکانیشى گرتە بەر بۆ ئەوەى بتوانێت ئەو نیەت و پیلانەى کە هەیەتى سەربگرێت لە پەڕلەماندا، بەڵام بەبێ نەرمى نواندن و تەنازولکردن بۆ سەرکردە و یەکێک لە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان بۆى نەدەچوە سەر چونکە هیچ کام لە حیزبەکانى (( جەهەپە و مەهەپە و هەدەپە)) ڕازینەبوون بە هەموارکردنەوەى دەستورى و گۆڕینى سیستەمى حوکمڕانى لەبەرژەوەندى ئاکاپە و بەتایبەتیش ئەردۆگاندا. هەربۆیە ئەرۆدگان کەوتە تەنازولکردن بۆ حیزبى نەتەوەیى توندڕەوى تورکیا بەسەرۆکایەتى (( دەوڵەت باخچەلى)) کە دوژمنى سەرەکى مەسەلەى کورد و کوردستان و هەموو نەتەوەکانى ترى دەرەوەى نەتەوەى تورکە و توانى لێکتێگەیشتن و لێکنزیکبونەوە دروست بکەن، بەوەى کە مەهەپە داواکارى کرد کە دەبێت بڕیارى لەسێدارەدان لە تورکیادا زیندوبکرێتەوە و و کارى پێبکرێت وتەنهاش بۆئەوەى عەبدوڵا ئۆجەلانى سەرۆکى پارتى کرێکارانى کوردستان لەسێدارە بدرێت و هەندێک ڕێکەوتنى ژێربەژێرى تریش لەنێوانیاندا ڕوویدا، لەبەرامبەریشدا مەهەپە ڕازیبوو کە لە پەڕلەماندا دەنگ بە بەرژەوەندى هەموارکردنەوەى 18 مادەى دەستورى بدات کەهەموانیان لەبەرژەوەندى پاوانکردن و فراوانبوونى دەسەڵاتى سەرۆکى کۆمار دەبێت و سیستەمەکە لە پەڕلەمانیەوە دەگۆڕێت بۆ سەرۆکایەتى کە لە ماوەى 94 ساڵى تەمەنى تورکیاى نوێدا بەو شێوەیە بوە. ئێستا هەوەس و ئارەزوەکانى ئەردۆگان هەموو ئەو مێژووە دەسڕێتەوە لە پێناو خواست و ئاواتە کەسیەکانى خۆیدا.
ئەوەبوولە پەڕلەمانى تورکیادا و دواى زیاتر لە 20 ڕۆژ گفتوگۆى توندتێژ و شەڕ و پەلاماردانى پەڕلەمانتارانى ناڕازى لە 20/1/2017دا پەڕلەمان پڕۆژەى هەموارکردنەوەى دەستورى پەسەندکرد و لە 10/2/2017شدا ئەردۆگان وەک سەرۆک کۆمارى تورکیا هەموارکردنەوەکەى پەسەندکرد و ڕۆژى 16 نیسانى داهاتووش دیاریکرا بۆ چێکردنى ڕاپرسى گشتى گەلانى تورکیا لەسەر هەموارکردنەکە. هەربۆیە ئەم ڕاپرسیە خاڵى وەرچەرخانێکى مێژووى و گرنگ دەبێت لە مێژووى دەوڵەت و حوکمڕانى تورکیادا، چونکە لەدواى پەسەندکردن یان ڕەتکردنەوەى هەمواردرنەکە نە تورکیا وەک جاران دەمێنێتەوە و نە حیزب و گەلانى تورکیاش وەک پێشتر هەڵوێستیان دەبێت.
جا زۆرێک پێشبینى و گریمانە هەیە بۆ ئەنجامەکانى ئەو ڕاپرسیە،لەوانەش ،ئەگەر ڕاپرسیەکە زۆرینەى دەنگى (بەڵێ ) ى مسۆگەر کرد بە ڕێژەى 51% ئەوا ئەم پێشبینیانە سەردەکەون و دەبنە ئەمرى واقیع و هەموانیش پابەند دەکات کە پێوەى پابەندبن و ڕێزى ڕاى زۆرینەش بگرن لەوانە:
1- تورکیا لە وڵاتێکى دیموکراسیەوە هەنگاو بەرەو تاکڕەوى تاک حیزب و تاک سەرکردە دەنێت و مێژووى تاڵ و ڕەشى سەردەمى ئەتاتورک وەبیردێنێتەوە بەڵام بە بەرگێکى ئیسلامیانەى ئیخوانیانەى ئەردۆگانەوە.
2- ئەردۆگان دەبێتە تاکە پیاوى بەدەسەڵات لە تورکیادا چونکە هەموو دەسەڵاتەکان لەلاى خۆى کۆ دەبێتەوە و دەسەڵاتى تەواوى بەسەر کابینەى حکومەت دەبێت (( چونکە پۆستى سەرۆکى حکومەت نامێنێت و سەرۆک دەبێتە سەرۆکی کابینەى حکومەت)) و دادوەرى (( دەسەڵاتى دانانى دادوەر و داواکارى گشتى و لابردنیشیانى دەبێت)) و سەربازى (( دەسەڵاتى خانەنشینکردن و دوورخستنەوە و دانانى کەسانى نوێ و مەرسومى کۆمارى بۆ پلە سەربازیەکان دەبێت و دەسەڵاتى دیاریکردنى ئەندامانى ئەنجومەنى سەربازى و نەتەوەیشى دەبێت)) و یاسادانانیشدا (( دەتوانێت کە پڕۆژە یاساى نوێ پێشنیاز بکات و پڕۆژە یاساکانیش ڕەتبکاتەوە و پەڕلەمانیش هەڵبوەشێنێتەوە))، بەم شێوەیە ئەردۆگان خەونە نەزۆک و ڕزیوەکەى دێتە دى بە زیندووکردنەوەى سەردەمى دەسەڵاتى زێڕینى سوڵتانەکانى عوسمانى سەدەکانى ناوەڕاست و دەبێتە سوڵتانێکى مۆدێرنى سەدەى بیست و یەک.
3- تورکیا هەنگاو بەرەو لێکترازانى ڕیزەکانى گەل و سوپا و ڕێکخراوە مەدەنیەکان و تەواوى چین و توێژەکانى کۆمەڵگەى تورکى دەنێت و درزێکى گەورەتر دەخاتە ناو لاشەى پێکهاتەى تورکیاو تورکیایەکى یەک و یەکگرتوو نامێنێتەوە بەتایبەتیش کەسەرەتاى ئەو درزتێبونە لە ئەنجامى کودەتا سەرنەکەوتوەکەى 15 تەموزى ساڵى 2016 وە سەریهەڵدا. کە لە ئەنجامى سیاسەتى ڕەشبەگیرى ئەرۆگان و حیزبەکەیەوە بە هەزاران کەسى مەدەنى لە دادوەر و مامۆستا و مامۆستاى زانکۆ و کرێکار و سەربازیش لە جەنەڕاڵەکاندا گیران و خرانە زیندانەوە و لەسەر وەزیفەکانیان دەرکران و دوورخرانەوە و چەندین خوێندنگە و زانکۆکانى بەناو سەر بەڕەوتى گوڵەنیەکان داخران و چەندین ڕۆژنامە و سایت و گۆڤار و تەلەفزیۆن و ڕادیۆ داخران و چەندین ڕۆژنامەنوسى دیار و بەناوبانگ دەستگیرکران.
4- ئاکاپە سیاسەتە توندڕەوەکانى خۆى زیاتر دەردەخات وەک ڕێکخراوێکى ئیسلامى سەلەفى ئیخوانى توندڕەو وەکو نمونەى ئیخوانەکانى میسر کە تەنها ماوەى یەک ساڵ بەردەوام بوون لە دەسەڵاتدا و ئەنجامیش شکستیان دووریەوە.
5- ڕەنگە ئاکاپە و ئەردۆگان لەگەڵ مەسەلەى کورددا توندتربن و بەهیچ شێوەکیش دەست نەدەنەوە پڕۆسەى ئاشتەواى کە وەکو تەکتیک دەستیان پیکرد، بەڵام دووریش نیە لە پێگەى دەسەڵات و بەهێزیەوە ئاکاپە و ئەردۆگان هەندێک داواکارى کورد دانپیادا بنێن بۆ هێورکردنەوەى دۆخى شڵەژاوى تورکیا و کورد هێمن بکەنەوە و هاو سەرۆکەکانى هەدەپەش و سەرۆک شارەوانیەکان و ئەندام پەڕلەمانەکانیش و لایەنگرانیان لە زیندان ئازادبکەن و بەمەرجى خۆیان دەستبکەنەوە بە پڕۆسەى ئاشتەوایى.
6- تورکیا هەنگاوە دژەکانى بەرامبەر وڵاتانى ناوچەکە لە ئێران و سوریا و عێراق و میسر و ..هتد. توند دەکاتەوە بە بەرژەوەندى هێڵى سونەکانى عەرەب لە سعودیە و قەتەر و… هتد.
7- بەرامبەر ئەوروپیەکانیش توندتر دەبێت بەهۆى ئەو دژایەتیەى ئەوروپیەکان بەگشتى و بەتایبەتیش (( ئەڵمانیا و هۆڵەندا و دانیمارک و بەلچیکا و فەڕەنسا و سوید و سیوسرا و … هتد)) دژ بەهەڵمەتەکانى ئەردۆگان و ئاکاپە بۆ کۆبونەوە و هەڵمەتى کۆکردنەوەى دەنگى ((بەڵێ )) بۆ ڕاپرسیەکە. کە ڕێگەیان نەدا نە بە ئەردۆگان و نە بەسەرۆک وەزیران و وەزیر و ئەندام پەڕلەمانەکانى تورک کە بەشدارى کۆبونەوە جەماوەریەکان بکەن لەو وڵاتانەدا.تەنانەت وەزیرەکانى تورکیان دەستگیر دەکرد و فڕۆکەکانیان دەگێڕانەوە.
8- ڕەنگە ئەرۆدگان و ئاکاپە دواى بێهیوابونیان لە بون بە ئەندام لە یەکێتى ئەورپادا کە ماوەى زیاد لە 50 ساڵە هەوڵى بۆ دەدەن ڕووبکەنەوە بنچینە ڕۆژهەڵاتى و ئیسلامیەکەیان لە کیشوەرى ئاسیادا و هاوپەیمانى نوێ لەگەڵ ڕوسیا وچین و وڵاتانى بەزمان تورکى سۆڤێەتى جاران و دروست بکات.
9- گەر بڕوانینە دوایین هەڵبژاردنەکانى تورکیا و ئەنجامى دەنگەکان ئەوا ڕاستەوخۆ دەبێت بلێێن ڕاپرسیەکە سەرکەوتن بەدەست دێنێت و (( بەڵێ )) وەردەگرێت. چونکە لەو هەڵبژاردنەدا ئاکاپە ڕێژەى 48ر49% ى دەنگەکانى وەدەستهێناو 317 کورسى بردەوە و هاوپەیمانکەى ئێستاشى (( مەهەپە)) ڕێژەى 90ر11% دەنگەکانى وەدەستهێناو 40 کورسى بردەوە و بەم شێوەیە بێت ئەوا کۆى دەنگەکانى ئاکاپە و مەهەپە دەگاتە ڕێژەى 38ر61% ى دەنگدەران کە زۆر زیاترە لە ڕێژەى زۆرینەى سادە کە بریتیە لە ڕێژەى 51% کە پێویستە بۆ پەسەندکردنى هەر ڕاپرسیەکى جەماوەرى،چونکە پارتەکانى جەهەپە ڕێژەى 31ر25% و 134 کورسى وەدەستهێناو هەدەپەش ڕێژەى 75ر10% و 59 کورسى وەدەستهێنا و لەبەرامبەر ئاکاپە و مەهەپەدا دەبنە کەمینە. بەڵام ئەوەى ئاشکرایە کە دواى کودەتاکەى 15 تەموزى 2016 ئەوا هەموو هاوکێشەکان و هاوسەنگى هێزەکان گۆڕدراوە لەناوخۆ و دەرەوەى تورکیاشدا، بۆیە لەکاتى سەرنەکەوتن و وەدستنەهێنانى متمانەى جەماوەرى تورکیا بۆ ڕاپرسیەکە و سەرکەوتنى دەنگى ناڕازیەکان (( نا)) بۆ ڕاپرسیەکە ،ئەوا کۆمەڵێک پێشبینى و گریمانەى تر دێنە بوون ،لەوانەش:
1- زیندەبەچاڵبوونى خەونە زڕەکانى ئەردۆگان لەبوون بەسەرۆک کۆمارێکى بەدەسەڵات و بەهێز بۆماوەى 10 ساڵى تر و تا ساڵى 2029،و بەمەش ئەردۆگان توشى شۆک و هێستریا دەبێت و سیاسەتێکى زۆر توند و شڵەژاو و ناجێگیر دەستپێدەکات دژى هەموان تا ئەوکاتەى لەدەسەڵاتدا بێت تاساڵى 2019.
2- هێندەى تر دیموکراسیەت و ئازادیەکان بەرتەسک دەبنەوە و ئاکاپە و ئەرۆدگان دەبنە دوژمنى هەموان و هێندەى تر دژى فەتۆچیەکان و پەکەکە و کورد توندتر دەبێت.
3.تورکیا هەنگاو بەرەو ئیرهاب بوونى زیاتر دەنێت و پشتیوانى لە تیرۆریستان و تیرۆرى دەوڵەت و ڕێکخراو دەکات.
4- دەبێتە هۆکارى نانەوەى ئاژاوە و پشێوى زیاتر لەناوچەکەدا و بە باش و بەخراپ ڕێگە نادات ئاشتى و سەقامگیرى لە سوریا و عێراقدا جێگیر ببێت بەبێ پاراستنى مافەکانى تورکیا و بەدەستهێنانى دەسکەوتى سیاسى و ئابورى گەورە.
5- ڕەنگە بەناچارى و لە پێگەى بێهێزیەوە پڕۆسەى ئاشتەواى لەگەڵ کورداندا دەستپێبکاتەوە وەک تاکتیک نەک ستراتیژ و لەگەڵ ئەوروپیەکانیشدا خاوتر ببێتەوە و بیەوێت ئەمریکاو ڕوسیاش لە سیاسەتەکانى ڕازى بکات و بەناچارى دان بنێت بەمافەکانى کورد لە سوریا و عێراق و لەناو تورکیاشدا.
بەم شێوەیە ئەم ڕاپرسیە دوو لایەنەیە و هەرکامێکیشیان سەرکەوتوو بێت تەنها بەقازانجى ئەردۆگان و ئاک پارتى تەواو دەبێت نەک تورکیا و گەلانى تورکیا. هەربۆیە لەو پێشبینیانە و ڕاپرسیانەى کە تائێستا کراون ئەوە دەردەخەن کە ئەنجامەکانى بە (( نا )) زیاترە وەک ئەوەى لەلایەن سەنتەرى یۆرۆ ئاسیاوە ئەنجامدراوە لە ماوەى 18-22/3/2017 لە 26 پارێزگا و قەزا و ناحیەى تورکیادا و دەریدەخات کە بەڕێژەى 53ر55% بە(( نا ))دەنگ دەدەن و بەڕێژەى 53ر44% بە ((بەڵێ)) دەنگ دەدەن. تەنانەت ڕێژەیەکى بەرچاو لە لایەنگرانى ئاکاپە و مەهەپەش ڕازینین بەو هەموارکردنى دەستور و گۆڕینى ئەو سیستەمى حوکمڕانیەى تورکیا هەربۆیە ئەم هەوڵەى ئەردۆگان ناحەز و دوژمنى زۆرى هەیە لەناوخۆى ئاکاپە و مەهەپە و هەردوو حیزبەکانى جەهەپە و هەدەپە و لایەنگرانى فەتوحوڵا گولەن و کورد و ئەرمەن و کەمە نەتەوەیەکانى تر و لەدەرەوەى تورکیاش هەموو وڵاتانى دیموکراسیخواز و ئازادیخواز دژین،هەربۆیە ئەوانە هەموو لەلایەک بە (( نا )) دەنگ دەدەن و لەلایەکى تریشەوە لە کاتى گریمانەى سەرکەوتنى دەنگى(( بەڵێ )) شدا دژایەتى زیاترى تورکیا دەکەن و پەیوەندیەکانیشیان ساردوسڕتر دەبێت.تورکیاش دەبێتە وڵاتێکى بێزراو و چارەنوس نادیار و بەرەو هەڵدێر و لێکهەڵوەشان و دوورکەرتبوونى زیاتر دەچێت لەسەر هەموو ئاستە سیاسى و ئابورى و کۆمەڵایەتى و سەربازى و … هتد.
لە ئێستادا کە کەمتر لە 20 ڕۆژى ماوە بۆ چێکردنى ڕاپرسیەکە ،ئەم ڕاپرسیە تەواو مەترسیدارە بۆ سەر ئایندەى تورکیا، هەربۆیە بەهەموو پێودانەکان گۆڕینى سیستەمى سیاسى تورکیا لە پەڕلەمانیەوە بۆ سەرۆکایەتى دەبێتە مایەى بەدبەختى بۆ تورکیا و گەلەکەى و هەنگاو نان بەرەو دیکتاتۆریەتى حیزبى و تاکە کەسى و لەگۆڕنانى دیموکراسیەت و ئازادیەکان و بۆ کوردیش هێندەى تر بە زیان و سەرکوتکردن و کوشتوبڕین و پێشێلکردنى مافەکان دەشکێتەوە، بەڵام خۆشبەختانە زۆرینەى گەلانى تورکیا و ناوچەکە و دونیاش لەبەرامبەر سیاسەتە هەڵە و پەشۆکاویەکانى تورکیا و ئەردۆگاندا بەرچاو ڕوون و دژایەتى توندى دەکەن و ئەگەرى سەرنەکەوتنى ڕاپرسیەکە و پەسەند نەکردنى زۆر گەورەیە و بەهیواى ئەوەى ئەم جارە دەنگى (( نا)) کان زاڵتر و تۆختر بێت بەسەر دەنگى (( بەڵێ))کاندا لە پێناو پاراستنى ئاشتى و ئارامى و دیموکراسیەت و ئازادیەکانى گەلانى تورکیا و ناوچەکە و دونیاشدا، چونکە تورکیا و پێگە جیۆسیاسیەکەى گرنگیەکى گەورە و کاریگەرى هەیە بە باش یان خراپ لەسەر تەواوى ناوچەکە و دونیاش.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت