دکتۆر حوسەین عەزیز: ئازاری ئازاره‌کانی (مانگی) ئازار.

له‌مێژووی تێکۆشانی ژیانی نه‌ته‌وه‌یی، ڕامیاریی، سه‌ربازیی، ئابووریی، کۆمه‌ڵایه‌تیی و که‌لتووریی هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌کدا، به‌ده‌یان ڕۆژی تاریکونووته‌ک، پڕ له‌گرفت، کاره‌ساتی دڵته‌زێن و به‌سه‌رهاتی جه‌رگبڕی تێدا هه‌یه‌. له‌سه‌راپای مێژووی له‌خوێنهه‌ڵکێشراوی نه‌ته‌وه‌ی کوردییشدا، که‌م […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

له‌مێژووی تێکۆشانی ژیانی نه‌ته‌وه‌یی، ڕامیاریی، سه‌ربازیی، ئابووریی، کۆمه‌ڵایه‌تیی و که‌لتووریی هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌کدا، به‌ده‌یان ڕۆژی تاریکونووته‌ک، پڕ له‌گرفت، کاره‌ساتی دڵته‌زێن و به‌سه‌رهاتی جه‌رگبڕی تێدا هه‌یه‌.
له‌سه‌راپای مێژووی له‌خوێنهه‌ڵکێشراوی نه‌ته‌وه‌ی کوردییشدا، که‌م مانگ هه‌یه‌، بێ ڕاپه‌ڕین، ڕووداوی سه‌رنجڕاکێش، قووربانیی گه‌وره‌و گچکه‌، چه‌ڵه‌مه‌ی نه‌ته‌وه‌یی، به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌ی کورددا تێپه‌ڕبووبێ. له‌نێو هه‌موو مانگه‌کانی ساڵیشدا، ڕۆژه‌کانی مانگی (مارس)، به‌شی شێریان به‌رده‌که‌وێ، له‌نێو دڵ و ده‌روونی ڕۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کوردیشدا، جێیه‌کی تایبه‌تییان بۆ خۆیان داگیرکردووه‌!
ئاخر له مانگی (مارس)دا، گه‌لێ بۆنه‌ی ناخۆش، تاڵ، گه‌رمه‌شین، جه‌نگ، ژێرکه‌وتن، هه‌ره‌س، کۆڕه‌و، له‌سێداره‌دان، کیمیاباران، ئه‌نفال، کاره‌ساتی دیکه‌ی ئه‌ژنۆشکێن، ڕه‌شبینیی و نائومێدیی هه‌ن. هه‌ر یه‌کێکیشیان، ڕاڤه‌له‌ڕووداوێکی نه‌ته‌وه‌یی جه‌رگبڕ ده‌که‌ن. چونکه‌له‌قۆناغێکی دیاریکراوی ژیانی نه‌ته‌وه‌ی کورددا، ڕۆڵه‌کانی کوردی، تووشی نووچدان کردووه‌و تارای ڕه‌شی ڕه‌شبینیی، به‌سه‌ر ڕووخساریاندا دراوه‌!
هه‌روه‌ها، گه‌لێ بۆنه‌ی خۆش، شیرین، شایی و هه‌ڵپه‌ڕکێ، ئاشتیی، سه‌رکه‌وتن، سه‌رفرازیی، ڕاپه‌ڕین، پڕ له‌هیوا و دڵخۆشکه‌ریش هه‌ن. هه‌ر یه‌کێکیشیان، ڕاڤه‌له‌یادێکی نه‌ته‌وه‌یی پیرۆز، نه‌به‌ردیی بێوێنه‌، قاره‌مانێتی ئه‌فسانه‌یی، خۆشیی و جێژنه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد ده‌که‌ن.
به‌ڵام ڕۆژه‌خۆش و دڵخۆشکه‌ره‌کان، ته‌می سه‌ر شووشه‌ی هه‌موو ئه‌و ناسۆر‌و به‌ڵایانه‌ی سڕیوه‌ته‌وه‌، هه‌ڵه‌نگووتنی به‌سه‌رکه‌وتن، ڕه‌شبینیی به‌گه‌شبینیی گۆڕیوه‌ته‌وه‌، هیوایه‌کی نوێ و وره‌یه‌کی به‌رزی، به‌ڕۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌مان به‌خشیوه‌، سه‌رله‌نوێ، تێشووی خه‌باتی سه‌ختی نه‌ته‌وه‌یی و ڕامیارییان، له‌پشت به‌ستووه‌ته‌وه‌‌و به‌سته‌ڵه‌کی ئه‌ستووری خه‌م و په‌ژاره‌ی ژیانیان شکاندووه‌!
به‌ڵێ، ڕووداوه‌کانی مانگی (مارس)ی نه‌ته‌وه‌ی کورد، له‌ڕووداوه‌کانی ڕۆژه‌کانی مانگی (مارس)ی، هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیکه‌ناچن و گه‌لێ زۆرن. هه‌ر یه‌کێکیشیان به‌ورد و درشتیانه‌وه‌، شایانی ئه‌وه‌ن، یادی تایبه‌تییان بکرێته‌وه‌. هه‌رچه‌نده‌ئه‌و ڕۆژه‌خۆش و ناخۆشانه‌، گه‌لێ زۆرن، به‌ڵام له‌ئه‌م زنجیره‌گوتاره‌دا هه‌وڵده‌ده‌م، هێندێکیان به‌نموونه‌بێنمه‌وه‌.

ڕۆژه‌خه‌مگین و ناخۆشه‌کان
* 01. 03. 1979، ڕابه‌ری شۆڕشی (11. 09. 1961) و سه‌رۆکی (پ. د. ک.) ژه‌نه‌راڵ (مسته‌فا بارزانیی)، ماڵاوایی له‌نه‌ته‌وه‌و نیشتمانه‌که‌ی کرد.
* 03. 03. 1943، هۆنه‌ری نیشتمانپه‌روه‌ری کورد (شێخ سه‌لام)، کۆچیدواییکرد.
* 04. 03. 19233، ئیمپریالیزمی (بریتانیا)، به‌فڕۆکه‌ی جه‌نگیی، شاری (سوله‌یمانیی) بۆمبارانکرد، کوردێکی زۆر شه‌هیدبوون و شاره‌که‌ش ویرانبوو.
* 06. 03. 19755 ڕۆژی ڕه‌شی پیلانی (ئه‌لجه‌زایر) بوو، (سه‌ددام حوسێن، حه‌مه‌ره‌زا شای په‌هله‌ویی و ده‌زگه‌ی سیخوڕیی ئه‌مێریکا – CIA)، ڕێککه‌وتن و کۆتاییان به‌شۆڕشی (14) ساڵه‌ی گه‌له‌که‌مان له‌باشووری (کوردستان) هێنا.
* 11. 03. 1974، له‌نێوان سه‌رکردایه‌تی شۆڕشی (11. 09. 1961) و سه‌رکردایه‌تی (به‌عس) و ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ری (عێراق)دا، جه‌نگی ماڵوێرانکه‌رانه‌ی (کوردستان) ده‌سیپێکرده‌وه‌، له‌ئه‌نجامیشدا، به‌هه‌ره‌س و نووچدان کۆتاییهات.
* 16. 03. 1921، ڕێککه‌وتننامه‌یه‌کی دۆستایه‌تی له‌نێوان (یه‌کێتی سۆڤێت) و (که‌مال ئه‌تاتوورک)دا، دژی بزووتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی مۆرکرا.
* 16. 03. 1988، فڕۆکه‌کانی ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ری (به‌عس)، شارۆچکه‌ی (هه‌ڵه‌بجه‌)یان، به‌چه‌کی کیمیایی بۆمبارانکرد، جگه‌له‌بریندار، (5) هه‌زار ژن و مناڵ، پیر و په‌ککه‌وته‌ی کورد شه‌هیدبوون، شاره‌که‌شیان له گۆمی خوێن و فرمێسکدا نقوومکرد.
* 19. 03. 1988، یه‌که‌مین ئه‌نفال له‌دۆڵی (جافایه‌تی) ده‌سیپێکرد.
* 19. 03. 1989، سکرتێری پارتی سۆسیالیستی کورد – پاسۆک ڕه‌وانشاد (ئازاد مسته‌فا)، له‌نه‌خۆشخانه‌یه‌‌کی شاری (ستۆکهۆڵم)، گیانی پاکی به‌خاکی پیرۆزی (کوردستان) سپارد.
* 21. 03. 1979، یه‌که‌مین نیشانه‌ی جه‌نگی نێوخۆی باڵه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی له‌شۆڕشی نوێماندا ده‌رکه‌وت.
* 23. 03. 1964، ڕژێمی (عێراق)، له‌به‌ڵێنه‌کانی خۆی په‌شیمانبووه‌وه‌، په‌لاماری (کوردستان)ی دایه‌وه و (عه‌بدولسه‌لام عارف)، یاسای (مه‌دالیای له‌نێوبردنی جه‌رده‌کانی ژووروو)ی ده‌رکرد.
* 23. 3. 1988، ڕژێمی (به‌عس) شارۆچکه‌ی (سه‌ییدسادق)ی وێرانکرد
* 26. 03. 1974، دوای ئه‌وه‌ی شۆڕشی کورد تێکچوو، ده‌سته‌یه‌ک خۆفرۆشی کورد، (ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانیی نێوچه‌ی ئۆتۆنۆمیی)یان دامه‌زراند.
* 26. 03. 1987، ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ری (به‌عس)، چه‌کی کیمیایی له‌(شێخوه‌سانان) به‌کارهێنا، کوردیکی زۆر شه‌هید و بریندار بوون.
* 31. 03. 1947، گه‌وره‌ترین تراژیدیای سه‌ده‌ی بیسته‌م ڕوویدا، ڕژێمی شاهه‌نشایی گۆڕبه‌گۆڕ، پێشه‌وا (قازیی موحه‌ممه‌د)ی سه‌رۆک کۆماری (کوردستان) و هه‌ردوو برا و ئامۆزاکه‌ی، له‌گۆڕه‌پانی (چوارچرا)ی شاری (مهاباد) له‌سێداره‌دان.
وه‌ک ده‌بینین، ژان و ئازاره‌کانی ئه‌م مانگه‌، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌، به‌مه‌رگی سه‌رۆک (مه‌لا مسته‌فای بارزانیی) ده‌سیپێکردووه‌، تا دوا ڕۆژه‌کانی ئه‌م مانگه‌ش‌، به‌رۆکی به‌رنه‌داوین و کۆتایی نه‌هاتووه‌‌، به‌ڵکوو به‌له‌سێداره‌دانی ڕه‌وانشاد پێشه‌وای کورد (قازیی موحه‌ممه‌د) کۆتاییهاتووه‌!‌

ڕۆژه‌گه‌ش و خۆشه‌کان
* 01. 03. 1970، جێژنی مامۆستایانی کوردستانه‌.
* 02. 03. 1926، ئینگلیزه‌کان له‌مه‌ڕ مافی گه‌لی کورد، یاداشتێکیان پێشکه‌ش به‌کۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان کرد.
* 03. 03. 1943، یه‌که‌مین ژماره‌ی گۆڤاری (ڕۆژا نۆ)، له‌(بێروت) بڵاوبووه‌وه‌.
* 07. 03. 1923، یه‌که‌مین ژماره‌ی گۆڤاری (بانگی هه‌ق)، ده‌نگی شۆڕشه‌که‌ی (شێخ مه‌حموودی حه‌فید)، له‌ئه‌شکه‌وتی (جاسه‌نه‌) ده‌رچوو.
* 07. 03. 1925، گڕی ئاگری ڕاپه‌ڕینه‌گه‌وره‌که‌ی (شێخ سه‌عیدی پیران)، له‌باکووری (کوردستان)، دژی توورکه‌مه‌گۆلییه‌که‌مالییه‌کان کڵپه‌یسه‌ند.
* 07. 03. 1991، ڕۆڵه‌کانی کورد له‌باشووری (کوردستان)، دژی ده‌سه‌ڵاتی چه‌په‌ڵی ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ری (به‌عس) ڕاپه‌ڕین و سه‌رتاسه‌ری (کوردستان)یان ڕزگارکرد.
* 08. 033. ی هه‌موو ساڵێ، خوشکان و دایکانی کورد، له‌گه‌ڵ ئافره‌تانی جیهاندا، یادی جێژنی ئافره‌تان ده‌که‌نه‌وه‌.
* 11. 03. 1925، یه‌که‌مین ژماره‌ی گۆڤاری (دیاریی کوردستان)، له‌(به‌غدا) ده‌رچوو.
* 11. 03. 1963، سه‌رانی ده‌وڵه‌تی (عێراق)، مافی ناناوه‌ندێتییان بۆ کوردستان ڕایانگه‌یاند
و دانیانپێدانا.
* 11. 03. 1970، ڕێککه‌وتننامه‌یه‌کی دووقۆڵی، له‌نێوان هه‌ردوو سه‌رکردایه‌تی شۆڕشی کورد و (به‌عس)دا واژۆکرا.
* 15. 03. 1932، یه‌که‌مین ژماره‌ی گۆڤاری (هاوار) له‌(شام) ده‌رچوو.
* 21. 03ی هه‌موو ساڵێ، ڕۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد، یادی جێژنی (نه‌ورۆز) ده‌که‌نه‌وه‌.
* 25. 03. 1929، یه‌که‌مین ژماره‌ی گۆڤاری (ڕێیا تازه‌)، له‌(ئه‌رمه‌نستان) ده‌رچوو.
* 30. 03. 1948، یه‌که‌مین ژماره‌ی گۆڤاری (نزار)، له‌(به‌غدا) بڵاوبووه‌وه‌.

کۆتایی و ئه‌نجام
ئه‌م ڕۆژه‌خۆش و ناخۆشانه، مشتێ له‌خه‌رمانی ڕۆژژمێره‌کانی مانگی (مارس) بوو، ته‌نیا هه‌ر ئه‌وانه‌ن، که‌ڕاسته‌وخۆ پێوه‌ندییان، به مێژووی به‌سه‌رهات و ڕووداوه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورده‌وه‌هه‌یه‌، ئه‌گینا له‌هه‌گبه‌ی مانگی (مارس)دا، هێشتا گه‌لێ ڕۆژی دیکه‌ماون، که‌ناراسته‌وخۆ پڕیشکێکیان به‌ر کوردیش که‌وتووه‌! ‌‌
له‌کۆتاییشدا ده‌ڵێم: له‌ئه‌نجامی ڕۆژژمێر و ساڵنامه‌کانی مانگی (مارس)دا، ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌که‌وێ، به‌درێژایی مێژووی کورد، ڕۆڵه‌کانی ئه‌م نه‌ته‌وه‌هه‌ژاره‌بنده‌سه‌ماف زه‌وتکراوه‌، له‌پێناوی سه‌ربه‌ستیی و سه‌ربه‌خۆییدا، خه‌باتێکی سه‌ختی خوێناوییان کردووه‌، هه‌رگیز کۆڵیان نه‌داوه‌، سه‌ریان بۆ دوژمنان و داگیرکه‌رانی (کوردستان) دانه‌نه‌واندووه‌، هه‌ر هه‌لێکی مێژوویی له‌باریشیان بۆ هه‌ڵکه‌وتبێ، به‌ئاشتیی و ئارامیی ژیابن، بایه‌خێکی زۆریان به‌خوێنده‌واریی و بزووتنه‌وه‌ی ڕووناکبیریی داوه‌. بۆیه‌له‌سه‌رده‌مه‌جیاجیاکانی مێژوودا، چ به‌نهێنیی و چ به‌ئاشکرا، به‌ده‌یان ڕۆژنامه‌و گۆڤاریان ده‌رکردووه. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌مان بۆ ڕوونده‌کاته‌وه، کورد نه‌ته‌وه‌یه‌کی زیندووه‌و مه‌حاڵه‌بمرێ، وه‌ک ده‌وڵه‌ته‌داگیرکه‌ره‌کانی نیشتمانه‌که‌مان، سه‌دان ساله‌خه‌ونی خۆشی پێوه‌ده‌بینن! هه‌ر وه‌ک شۆڕه‌سواری مێژوونووسی کوردیش، میر (شه‌ره‌فخانی به‌دلیسی)، پتر له‌(4) سه‌ده‌له‌مه‌وبه‌ر نووسیوێتی: (کوردستان ووڵاتێکه‌، نه‌به‌که‌س داگیرده‌کرێ و نه‌سه‌ریش بۆ که‌س شۆڕده‌کا.)

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
دوکتۆر حوسێن محه‌مه‌د عەزیز

ئەرشیڤی بەڕێز: دوکتۆر حوسێن محه‌مه‌د عەزیز