بەیان ئیبراهیم: ژن وەک یەکەم قوربانی قەیرانەکان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر ژن وەک پایەیەکی سەرەکی کۆمەڵگا سەیر بکرێت، ئەوا بۆ خۆی ژن لە هەر کوێیەکی ئەم دنیایە بێت دەکەوێتە ژێر حکومی یاسا و نەریتەکانەوە، خۆ ئەگەر کۆمەڵگا خاوەنی سەرخانێکی گەورە بێت لە ڕۆشنبیری بۆ ئازادییەکان، ئەوا هەمو مرۆڤەکان ، دەکەونە بەردەم حکومی یاساکانەوە و کۆدەنگیەک دەبێت لەسەر ماف و ئەرکەکان و هەر تاکێک خۆی بە بەرپرس دەزانێت بۆ بەرگریکردن لە یاسا و ئازادییەکان، ژن لەم نێوەندەدا دەبێتە کارئەکتەرێکی چالاک و هەست دەکات کە ئازادە و لە بەرامبەریشدا خۆی بە بەرپرس دەزانێت بۆ ئازادی بەرامبەرەکانی، بەڵام لەو کۆمەڵگایانەی کە تا ئێستاش کلتوری خێڵ وەک یاسای کۆمەڵایەتی کاری پێ دەکرێت و قۆناغی فیودالیان تەنها وەک دیکۆر بڕیوە، ( لە زۆرێک لە وڵاتەکان مۆدێرنترین باڵەخانە و یاسای هات و چۆ و بزنس هەیە، بەڵام ئازادییەکان لە ژێر سفرەوەن، وڵاتە عەرەبیەکان بە نمونە، هەمو شت وەک دیکۆر جوانە بەڵام ئازادی سفرە، لە زۆرێک لە وڵاتە پێشکەوتوەکان داهاتی تاک و شاری ڕازاوە سفرە بەڵام ئازادیەکان بەرزن، بە زمانێکی ئەدەبیانە باڵای بیناکان بەرزن بەڵام باڵای ئازادییەکان قەزەمن ) لێرەوە ژن دەبێتە کارئەکتەرێک کە لە دەرەوەی ویستی خۆی هەڵدەسوڕێنرێت و دادەماڵرێت لە هەمو بەهایەکی ئینسانی و خواست و تێگەیشتنی ئەو لە بوارەکاندا سفر دەکرێتەوە، خۆ ئەگەر ژن کۆمەڵێک ئەرکی لەسەر بێت وەک دایکایەتی و ماڵ و خێزان و پاشانیش زۆرێک لە ژنەکان بەرپرسیاریەتیان هەیە لە دام و دەزگاکاندا، ئەوا ژن وەک ڕۆحی خێزان کە دەکاتە یەکەی پێکهاتەی کۆمەڵگا ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت.
سەرەڕای ئەم بەرپرسیاریەتیانە دەبێت بپرسین ئایا لە کۆمەڵگای ئێمەدا ژن وەک بونی خۆی و ئەو بەرپرسیاریەتەی لەسەریەتی تا چەندێ هەست بە مرۆڤ بونی خۆی دەکات؟
ئێستە لە باشور دۆخێکی ئابوری نالەبار دروست بوە، کە دەسەڵات نەیتوانی لە ماوەی حکومڕانیدا دۆخێک لە ژێر خان دروست بکات تا بەردەوامی بدات بەسوڕی ئابوری و هەر لەوێشەوە خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی مسۆگەر بکات، بە گشتی لە سایەی ئەم دۆخەوە ئەم قەیرانانە دروست بون، کە کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر ژێر خانی تاک و خێزان، کاتێک خێزان توشی ئەم حاڵەتە دەبێت، جارێکی تر بەرکەوتن یەخەی ژن دەگرێتەوە و بە پلەی یەکەم ڕوبەڕوی ژن دەبێتەوە، بەو مانایەی کە ژن پایەی بناغەیی خێزانە وەک دایک، خۆ قەیرانەکان کە دروست دەبن، ئەگەر لە کۆمەڵگایەکی زیندودا بێت، ئەوا چی ژن و چی پیاو پێکەوە بەرپرسیاریەتیان دەکەوێتە ئەستۆ، وە لەو کۆمەڵگایانەدا، لەبەر بونی دام و دەزگای زیندو قەیران ماوەی کورتە، بەڵام لە کوردستان و بەتایبەت لە باشور دوای ئەوەی بازاڕ ئیفلیج دەبێت و داهاتی تاک کەمدەبێتەوە ، لەبەر نەبونی ئەقڵێکی ئیداری ماوەکەی درێژ دەبێت، زۆرێک لە پیاوەکان بێ کار دەبن، ڕاستەخو کاریگەری نێگەتیڤی لەسەر خێزان بەجێ دێڵێ، ئەمەش زیاتر ڕوبەڕوی ژن دەبێتەوە وەک بەرپرسی یەکەمی ماڵ و خێزان، چونکە ژن کە ڕۆڵی دایکایەتی دەگێڕێت، دەبێتە یەکەم قوربانی دەستی قەیرانەکان، ئەو کات نەک ژن ناتوانێت وەک پێویستی ژیانی خۆی بژی، بەڵکو دەبێتە قوربانی یەکەمی قەیرانەکان، خۆ ئەگەر ژن کۆیلەی دایکایەتی بێت ئەوا لە قەیرانەکاندا ژن دەبێتە یەکەم قوربانی، ئێستە ئەم دۆخەی کە هەیە، دیسانەوە ژن وەک ئیدارەدانی خێزان دەبێت بزانێت چۆن مەمەڵە لەگەڵ داهاتی خێزاندا دەکات، دەبێت ئاگای لە جۆری پەروەردە بێت، دەبێت وەک شیف بزانێت چۆن مەتبەخ دەبات بەڕێوە، دەبێت ئاگای لە نەستی پیاوێکی بێکار بێت وەک دکتۆرێکی دەرونی، دەبێت لە ماڵدا ئاگای لە کارەبا و ئاو بێت، لە جل وبەرگی مندالەکانی، هەمو ئەمانە وا دەکات کە ژیان بۆ ژن تەسکتر بێتەوە نەتوانێت ممارەسەی ژیانی خۆی بکات، خۆ ئەگەر قوڵتر بڕوانین ئەوا لە ئاستی بونیادی پێکهاتنی یەکەی پێکهاتەی کۆمەڵگادا بونی حکومەتێک و ئیدارەیەکی تەندروست، دەبێتە ئەو ژینگەیەی کە تاکەکان هەم هەست بکەن دەژین لە فەزایەکی تەندروستدا، هەم بەرپرسیاریەتیش هەڵدەگرن، بەڵام لەسایەی دۆخیکی نائەقڵانی و غیابی ئیدارە و حکومەتدا بە مانا ئیداری و ئابوری وکۆمەڵایەتی و سیاسی نەک دروشم، ئەوا ژن دەبێتە یەکەم قوربانی دەرکەوتنی قەیرانەکان، وەک ئەوەی کارئەکتەری سەرکی و بزوێنەری یەکەی پێکهاتەی کۆمەڵگایە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت