عیماد عه‌لی: بۆچی ململانێ شه‌خسیه‌كانی نێو حزبه‌كان زه‌ق بۆته‌وه‌.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئه‌گه‌ر بۆ چه‌ندین ساڵ ئێمه‌ گیرۆده‌ی ململانێی نابه‌جێی نێوان حزبه‌كانی كوردستان بوین و توشی هه‌زاران كێشه‌ و بێشه‌ و بێنه‌و به‌رده‌ بووین، تاوه‌كو ئاستی هه‌ڵگیرسیانی شه‌ری براكوژی و به‌ فیرۆدانی خوێنی سه‌دان گه‌نجی خوێنگه‌رمی شۆرشگێری دڵسۆز. دیاره‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و باره‌ تاوه‌كو چه‌ندین ساڵ به‌رده‌وامی هه‌بوو، نه‌ك سه‌ركردایه‌تیه‌كی دوور بین و عاقڵمه‌ند و پر به‌ واتای خۆی پێناسه‌ی سه‌ركده‌ی بۆ بكه‌یت به‌ شێوه‌یه‌كی باڵابینی رۆڵی گه‌وره‌ی نه‌گێرا بۆ بنبركردنی ئه‌و باره‌ناله‌بار و ناكۆكیه‌ بێفه‌ر و زیانبه‌خشه‌، به‌ڵكو خودی ئه‌و سه‌ركردایه‌تیانه‌ هۆكاری سه‌ره‌كی ناكۆكی وهه‌ڵگیرسانی شه‌ر و ماڵوێرانی بوون، به‌ ناوی ململانێ و ركابه‌ری حزبیه‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدا بوو، كه‌ تا راده‌یه‌ك یه‌كگرتویی حزبه‌كان له‌ نێوخۆی خۆیاندا به‌ شێوه‌یكی به‌رچاو به‌رده‌وامی هه‌بوو و وابه‌سته‌یی و ركابه‌ری نێوخۆیی نه‌گه‌یشتبووه‌ راده‌ی خۆخۆری.
ئه‌مرۆ پاش گۆرانكاریه‌ گه‌وره‌كانی كاری حزبی و چۆنێتی به‌رێوه‌بردنی حزب و، گۆرانكاری ریشه‌یی له‌ پێكهاته‌ی حزبه‌كان و وه‌رگه‌رانی پیاده‌كردنی ئه‌ركه‌ حزبیه‌كان و سه‌روژور بونی رێباز و جێبه‌جێكردنی كاری رۆژانه‌یان له‌ لایه‌كه‌وه‌ و” فراوانبونی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ كه‌سیه‌ ته‌سكه‌كان و گۆرینی حزبایه‌تی بۆ كاری كۆمپانیایی له‌ لایه‌كی تره‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ خودپاراستن و هه‌وڵدان بۆ هێشتنه‌وه‌ی ته‌كه‌تول و وه‌لائات وه‌ك قه‌ڵغان بۆ ركابه‌ری نێوخۆیی له‌ كه‌شێكدا كه‌ هیچ ململانێیه‌كی ته‌ندروستی فكری و عه‌قیدی هه‌ر باوی نه‌مابێت” كاره‌ی به‌م رۆژه‌ گه‌یاندووه‌. له‌م باره‌وه‌ ته‌نانه‌ت له‌ پێناو مانه‌وه‌ی خودبه‌هێزی تاكه‌كه‌سی له‌ نێو حزبه‌كه‌ی خۆتدا، زۆر جار پشت به‌ راو بۆچون و لایه‌نگیری حزبه‌ ركابه‌ره‌كانیش ده‌به‌سترێ و په‌ویه‌ندیه‌ حزبیه‌كان ده‌كرێنه‌ قوربانی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ كه‌سیه‌كان، كه‌ ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ زیانی گه‌وره‌ به‌ خود و حزبه‌كه‌تیش ده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌گه‌ر ئه‌م جۆره‌ ره‌فتار و ململانێیه‌ له‌ رۆژگاری حزبایه‌تی شاخ و پشت به‌ بنه‌ما فكری و ئایدیۆلۆجیه‌كانی ئه‌و كاته‌ له‌ئارادابوایه‌، كتومت به‌ ناپاكی و به‌ كلگ گرێدانی ده‌ره‌كی حساب ده‌كرا و قورسترین سزای له‌سه‌ر بوو، به‌ڵام وا ئه‌مرۆ زۆر به‌ ئاسایی و له‌ پێناو مانه‌وه‌ی قورسایی و توانای شه‌خسی بۆ ركابه‌ری و ململانێی نێوخۆیی حزب به‌ كارێكی ئاسایی ده‌بینرێت، ئه‌مه‌ش جگه‌ له‌ كوردستان له‌ هیچ شوێنێكی دونیادا نیه‌.

ئه‌م كاره‌ نابه‌جێیه‌ هۆكار گه‌لی خۆی هه‌یه‌ له‌وانه‌:
* به‌كارهێنانی حزب وه‌ك كۆمپانیا و نه‌مانی فكر و عه‌قیده‌ و فه‌لسه‌فه‌ی حزبی و وه‌لانانی رێبازی تایبه‌تی و دروست له‌ نێو حزبه‌كاندا.
* زاڵبونی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ شه‌خسی و مادیه‌كان به‌سه‌ر سه‌رجه‌م به‌رژه‌وه‌نده‌یه‌ حزبی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی تردا.
* ململانێ له‌سه‌ر بنه‌مای فروانكردنی لایه‌نگیر بۆ كه‌سایه‌تیه‌ سه‌ركرده‌كان به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت و به‌ تایبه‌تی به‌دابینكردنی به‌رژه‌وه‌ندی مادی بۆ لایه‌نگر و هاوده‌سته‌ و تاقم و كوتله‌كان .
* زاڵبونی تموحی شه‌خسی سه‌ركرده‌كان و هه‌وڵدان بۆ به‌ده‌ستهێنانی پله‌و و پۆستی باڵای حكومی له‌ كوردستان و عیراق دا
* نه‌بونی یه‌كگرتویی سه‌ركردایه‌تی و نه‌خوێندنه‌وه‌ی یه‌كتری و دان نه‌نان به‌ مێژوو و توانای یه‌كتری و زاڵبونی ته‌نها خۆپه‌رستی دوور له‌ حزبایه‌تی و بیروباوه‌ری راسته‌قینه‌.
* جێگرتنه‌وه‌ی ململانێ مه‌بده‌ئیه‌ ته‌ندروسته‌كان به‌ ململانێی ناوچه‌چێتی و خزمو كه‌سو كار و بنه‌ماڵه‌ و كوتله‌چێتی و دابینكردنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان به‌ پێی نزیكبونیان له‌ سه‌ركرده‌ و سه‌رپه‌رشتیكارانیان.
بۆیه‌، ئێستا جگه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك ره‌وت و كوتله‌ و ئه‌ڵقه‌ی جۆربه‌جۆر، هیچ حزبێك به‌ رێره‌وی حزبیانه‌ی راست و دروستدا ناروات و له‌وباره‌شه‌وه‌ بواری كونوكه‌له‌به‌ر دروستبون زیاتر ده‌بێت و، له‌ لایه‌ن حزبه‌ ركابه‌ره‌وه‌ به‌ ئاسانی ئیستیغلال ده‌كرێت.