عەتا قەرەداخی: لە مەسعودیەوە بۆ مالیکی و ئەوانی تر، روانینی نوخبەى عەرەبی بۆ کورد!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

شەڕی نێوان عەرەب و کورد) ئەمە یەکێکە لەو دەربڕینە هەرە ناشیرینانەی کە لە مێژووى درووستبوونی عێراقەوە نەک هەر بە گوتن دەگوترێت، بەڵکو سیستێمە تۆتالیتارە ناسیونالیستە شۆڤێنییەکانی عێراق هەمیشە هەوڵیان داوە ئەوە لە لای کۆی عەرەبی عێراق درووست بکەن، کە کورد دوژمنی سەرەکی عەرەبە. لە راستیشدا لەو تێڕوانین و بۆچوونەیاندا رژێمەکانی عێراق سەرکەوتوو بوون و سەرباری کوشتن و بڕینی عەرەبی عێراق لەلایەن رژێمەکانی عێراقەوە ئەو رژێمانە توانیوویانە کۆنترۆڵی رووبەری کۆنەستی جەماوەری عەرەبی عێراق بکەن و بە دژی کورد بیانجوڵێنن، بە جۆرێک کە وەها لە جەماوەری عەرەبی عێراق تێبگەیەنن کە کورد نەک هەر مەترسییە بۆ سەر عەرەب، بەڵکو ئەو دوژمنە سەرسەختەشە کە لە پێناوی پاراستنی عێراقدا کوشتن و لە ناوبردنیان دەچێتە ئاستی ئەرکی نیشتیمانی و تەنانەت ئایینیشەوە.
بێگومان ئەم تێڕوانینەی عەرەب بەرامبەر بە کورد رەگ و ریشەیەکی مێژوویی هەیەو بەلایەنی کەمەوە بە جۆرێک لە جۆرەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو تێڕوانینە رەگەزپەرستی و خێلەکییەی کە لە سەردەمی فەرمانڕەوایی عەباسییەکاندا درووست بوو کە دیوارێکی گەورەیان لە نێوان خۆیان و هەموو ئەوانی تردا درووست کرد کە کورد بە گوێرەى عەرەب لەو سەردەمەدا ئەویتر بوو بە تایبەتی کە کوررد بەشدارییەکی ئاشکرای هەبوو لە راپەڕینی بابەکیدا دژی دەسەڵاتی خەلافەت. سیاسەتی خەلافەت لەو سەردەمەدا هەموو ئەوانی غەیری عەرەب کە سیاسەتی خەلافەتیان بە دڵ نەبوو بە شعوبی ناودێردەکردو ئەوەش مانای بە دوژمن دانانی هەموو ئەوانە بە تایبەتی لەو سەروبەندەدا کوردو فارس ئەو ناوهێنانەیان بەردەکەوت. هەر کەس و گروپ و گەل و نەتەوەیەک بکەوتایەتە ژێر پیناسەى شعوبییەوە ئەوە بە ئەوی دوژمنی سەرسەخت حساب دەکراو بەو پێیەش کوشتن و لە ناوبردنی نەک هەر حەڵاڵ بوو بەڵکو ئەرکیش بوو.
وەکو گوتمان دەسەڵاتە ناسیونالیستە تۆتالیتارە کورتبینەکانی عێراق بەردەوام ئەم ژێیەی سۆزو عاتیفەى عەرەبی عێراقیان لەراندووەتەوەو بەوەش جەماوەریان بۆ دژایەتی کورد ئامادە کردووە. لەسەردەمی شۆڕشی ئەیلولدا هەندێک لە دەوڵەتە ناسیونالیستە تۆتالیتارەکانی عەرەب یارمەتی عێراقیان داوە بەدژی کورد. بەردەوامیش ناسیونالیست شۆڤێنی عەرەبی لە نیشتیمانی عەرەبیدا هەمان ئەو ژێیەیان لەراندووەتەوەو تەنانەت لەنێو نوخبەى رۆشنبیری عەرەبیشدا بەرگریکردن لە رژێمە تۆتالیتارە دژە کوردەکانی عێراق شتێکی ئاشکراو لەبەرچاو بووە. لە مێژووى فیکرو رۆشنبیری عەرەبیدا بە دەگمەن پیاوێکی وەکو هادی عەلەوی دەرکەوتووە کە نکوڵی لە ناسنامەى عەرەببوونی خۆی بکات لەبەرامبەر ئەو کارە نامرۆڤانەى کە رژێمی عێراق لە عێراقدا بەرامبەر بە کورد کردوویەتی بەتایبەتی لە ئەنفال و وێرانکردنی هەڵەبجەدا.
لە مێژووى دەسەڵاتی عەرەبیی ئیسلامیدا لەهەر لایەکەوە جوڵەیەک بەدژی ناوەندی ئەو دەسەڵاتە درووست ببووایە دەستبەجێ بە ناوی لادان و دژایەتیکردنی ئیسلامەوە تاوانبار دەکرا، ناسیونالیستی شۆڤێنی عەرەبیش هەڵگری هەمان عەقڵیەتەو هەموو ئەوانی غەیری عەرەب بەردەوام وەکو دوژمن بینیووەو لە چوارچێوەى ئەو وڵاتانەشدا کە ئەمان داگیریان کردوون، یان سیاسەتی نامرۆڤانەى دەوڵەتانی بڕیاربەدەست خستوویەتییە ژێر دەسەڵاتی ئەوانەوە، هەر دەنگێکی ناڕەزایی بەرز بووبێتەوە یان داوای مافێک کرابێت، ئەمان وەکو دوژمن و نەیار و تێکدەرو دژی نەتەوەی گەورەى عەرەب و تەنانەت دژی ئیسلامیش ناویان بردووەو ئێساش هەروا دەڕوانن و هەوڵدەدەن رای گشتی شەقامی عەرەبی بە دژیان بجوڵێنن. وەکو گوتمان ئەو تێڕوانینەى کە لەلای ناسیونالیستی عەرەبی بەرامبەر بە کورد هەیە میژووەکەى دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمانێکی پێش دەرکەوتن و سەهەڵدانی هەستی نەتەوەیی و بنەماکانی ناسیونالیزم و دەرکەوتنی ئەو تێزە وەکو ئایدیۆلۆژیای بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی. مەسعودی گەورە مێژوونووسی، عەرەب کوردی بە نەوەی جنۆکە ناوبردووە، واتە مافی مرۆڤبوونی لەم رەگەزە سەندوەەتەوە کە ئەگەر لە رووی ئەو ئایینەوە سەیر بکەین کە بە زمانی عەرەبی هاتووەو مەسعودی و نەتەوەکەى بەهی خۆیانی دەزانن، پێش ئەوەى بە ئایینی مرۆڤایەتی بزانن، ئەو تێڕوانیینە لەگەڵ بنەماکانی ئیسلام ناکۆکە چونکە هەموو رەگەزو پێکهاتەکانی نێو جیهان یەکسانن و بەیەک شێوە ئافریدەکراونء کەسیان لەپێش کەسی تریانەوە نییە هەروەک هاتووە ( و احسنکم عند اللە اتقاکم ). کەواتە ئەوەى مەسعودی گوتوویەتی دژی بنەماکانی ئیسلامە کە عەرەب خۆیان بە خاوەنی دەزانن. دەشێ ئەم بۆچوونە نازانستییە وەکو رەگ و ریشەى شۆڤێنیەتی عەرەبی بەرامبەر بە کورد سەیر بکرێت کە ئەو ئاراستەیەش بەردەوام نوخبەى عەرەبی بانگەوازیان بۆ کردووە نەک خەڵکی ئاسایی عەرەب.
لەلایەکی ترەوە کۆمەڵناسی عەرەب ئیبن خەلدوون، کورد لەریزی بەربەرو دڕندەدا دادەنێت. ئەمە تێڕوانینی عەرەبە لە مێژوودایە بۆ کورد. لە مێژووى نوێشدا کە ناسیونالیستی عەرەبی دەرکەوتووە بە کاریگەری ئەو پاشخانە دواکەوتوو خێڵەکیەی کە عەرەب هەیبووەو تاکو ئێستاش کۆنترۆڵی کۆنەستی عەرەبی کردووە، هەمان تێڕوانینی مەسعودی و ئیبن خەلدوون بەشێوەیەکی خراپتر لە تێڕوانینی ئەو ناسیونالیستەدا بەرامبەر بە کورد جێگیر بووە. ناسیونالیستی عەرەبی چەپ بێت یان راست، لیبراڵ بێت یان ئاینی داخراو، هەمان تێڕوانینیان هەیە بۆ کوردو پێیان وایە کورد لەئەوان کەمترەو هەر ئەوەش هۆکاری سەرەکی بووە کە لە مێژووى درووستبوونی دەوڵەتەوە لە عێراقدا لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە، ئەم دەوڵەتە ناسیونالیستە عەربیانە، کوردیان بەپلە دوو داناوەو، هەندێ جار ئەو پلەشیان پێنەداوەو، تەنانەت وەکو مرۆڤیش سەیریان نەکردووە. بە بۆچوونی من ئەم تێڕوانینە هەتاکو ئێستاش لەلای عەرەب بەردەوامە. پرۆسەى ئەنفالی یەکەم کە بۆ هەڵتەکاندن و لە نێوبردنی پایەکانی نەتەوەی کورد بووە ئامانجی لە ناوبردنی کورد لە پشتییەوە بووە. رژێمەکانی عێراقیش هەرلە سەرەتای بیستەکانەوە هەتا رووخاندنی رژێمی بەعس، بەگشتی بێ دوودڵی لە هەوڵی پاکتاوکردنی رەگەزی کورددا بوون، هەرچەندە دەشێ لە کاتێکەوە بۆ کاتێکی تر ئەو پرۆسەیە جیاوازی هەبووبێت.

لوتکەى ترسناکی ئەو پرۆسە دژ بە کوردە لەسەردەمی بەعس و سەدام حسێندا بووە. کە بەرزترین ئاستی لە دەرکردنی کورد و بەعەرەبکردنی ناوچە کوردییەکان و بەکارهێنانی چەکی کیمیای و ئەنفالدا بەرجەستە بووە. هەموو ئەمانەش لە پێناوی لە نێوبردنی کوردو بەعەرەبکردنی کوردستاندا بووە، ئەویش بە مەبەستی سڕینەوەى شووناسی کوردی وەکو نەتەوەو سڕینەوەى شووناسی جوگرافیاکەى وەکو جوگرافیای کوردستان. بەڵام وەکو ئاشکرایە هەموو ئەو هەوڵانەى عەرەب لە فەتحی ئیسلامەوە تا دوا هەوڵەکانی سەدام حسێن نەیانتوانی کورد لە ناوببەن، یان مەرامەکانی خۆیان وەکو ئەوەى دەیانوویست جێبەجێ بکەن. هەربۆیە ئەوەى ئێستا مالیکی و ناسیونالیستە شۆڤێنییە نوێیەکانی عەرەب دەیکەن و ئومێدیان هەیە مل بە کورد نەویی بکەن، خەونێکی حوشترانەیەو ناتوانن مێژوو بگێڕنەوە بۆ دواوەو ناشتوانن جارێکی تر ئەوەى رژێمەکانی پێشووی عێراق کردوویانە ئەمان بیکەن. بەتایبەتی کە هەموویان لەسەر ئەو ژێیە کاریان کردووەو کاردەکەن کە کورد دوژمنی عەرەبەو هەموو هەوڵێکیشیان داوە ئەم بۆچوونە لەلای جەماوەری عەرەبی درووست بکەن. کە بێگومان ئەوەش بۆ درووستکردنی شەڕێکی نەتەوەییە لە نێوان کوردو عەرەبدا.

ئایا ئەوەى مالیکی بانگەشەى بۆ دەکات کە گوایە شەڕی ئەمجارە شەڕی نێوان کوردو عەرەبە چی لەبارەى شوناسی پیاوێکەوە دەخاتەڕوو کە ئێستا سەرۆکوەزیرانی عێراقە؟

ئایا کەسێک کە بۆچوونێکی لەو جۆرە شۆڤێنیانەى هەبێت، شایانی ئەوەیە بەرپرسیاریتیەکی لەوجۆرە بگرێتە ئەستۆ؟

بەهەرحاڵ بۆچوونی زۆرینەى نوخبەی سیاسیى کە لە مێژووی نوێی عێراقدا لە دەسەڵاتدا بووە یان لە دەرەوەی دەسەڵاتیشدا بووبێت، ئەوە بووە کە کوردو عەرەب دوژمنی یەکن. بەڵام ئەم نوخبە سیسیە نانیشتیمانییە نەیتوانیووە شەقامی کوردی و عەرەبی و بکات بە دوژمنی یەکتر، سەرباری ئەوەى کە رۆڵەکانی عەرەبیان وەکو سەرباز بەکار هێناوە بۆ کوشتنی رۆڵەکانی کوردو بۆ وێرانکردنی کوردستان. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە سەختترین کاتەکانیشدا ئەو بۆچوونە لەلای کورد درووست نەبووە کە نەتەوەی عەرەب دوژمنی کورد بێت. کەواتە ئەوەى بەدرێژایی مێژوو هەر لە سەردەمی فەتحی ئیسلامییەوە دژایەتی کوردی کردووەو کوردی بەدوژمنی خۆی زانیووە، جەماوەری عەرەب نەبووە، بەڵکو نوخبەی سیاسی عەرەبی و بەشێک لە مێژوونووس و کۆمەڵناس و رۆشنبیرانی عەرەب بوون. هەر بۆیە ئەو دەهۆڵەى زۆرێک لە رەمزەکانی عەرەبی شیعەو سوونەى عێراقی ئێستا لێی دەدەن هەمان دەهۆڵەکەی مەسعودی و ئیبن خەلدوون و سەدام حسێن و ناسیونالیستە شۆڤێنییەکانی تری عەرەبە کە دەنگێکی ناسازو دژبە ژیان و دژبە مرۆڤایەتیە بەگشتی. چونکە ئێستا مرۆڤایەتی گەیشتۆتە ئاستێک تەنیا کۆنەپەرستە بیرداخراوە شۆڤێنیە ئاسۆ تەسکەکان گەلان بە دوژمنی یەکتر دەزانن. بێگومان هەرچۆن ئەلمەسعودى کورد بە نەوەى جنۆکە دەزانێت و ئیبن خەلدوون کورد لە ریزى بەربەریدا دادەنێت و سەدام حسێن ژیان بە کورد رەوا نابینێت و جینۆسایدى دەکات. جەعفەرى بە ناوى ئیسلامەوە بە زمانێکی لوس کورد فریودەدات، مالیکی وەکو کوڕى شەرعی سەدام و بەعس ئەگەر دەسەڵاتی هەبووایە لە سەدام خراپترى بەسەر کورد دەهێنا، عەبادى لەوان باشتر نیە. نوجەیفی کە لە ئوتێلەکانی هەوڵێر مشەى دێت و سوونەکانی هاومەزهەبی لە کوردستان داڵدەدراون لە ترسی براشیعەکانیان دژى ئاڵاى کوردستان قسە دەکات.

سەلیم جبورى چی بۆکراوە تاکو ئێستا لە ئەنجومەنە تائیفیەکەى عێراق بە دژى کورد کردوویەتی. ئیتر دەبێ کورد چ چاوەڕوانیەک لە نوخبەى سیاسی و رۆشنبیرى عەرەب بکات؟ بۆیە تاکە چارەسەر بۆ کورد ئەوەیە کە لەوە تێبگات کە کورد هیچ ئاسۆیەکی نیە لە عێراقی عەرەبیدا. بۆیە تاکە چارەسەر ئەوەیە کە رێگاى دووەم هەڵبژێرێت، کە ئەویش جیابوونەوەیە لە عێراقی عەرەبی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت