محەمەد بەرزی: دەنـگـی تــۆپ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دوای نیوەڕۆی ڕۆژی کۆڕەوەکەی ساڵی 1991، گرمە گرمی گولـلە تۆپەکانی سوپا سەرشۆرەکەی بەعس، کە لە دوورەوە بە بەردەوامی ناوچەکانی بازیانیان دادەگرتەوە، بە ئاسانیی دەگەیشتنە شاری سلێمانی، خۆ هەر ئەوەندەی دەنگی تۆپەکان نزیکبوونەوە، ئیتر بە تەواوی ترس و دڵەڕاوکێیان خستە دڵەوە و بە جارێک سلێمانییان خرۆشان. ئاخر خەڵکی ناهەقیان نەبوو، چونکە هەر هەمان سوپا بوو چوار هەزار و پێنج سەد گوندیان لەگەڵ زەویدا تەختکرد، سەدوهەشتاهەزار کوردی بێ گوناهیان بە زیندووی خستە ژێر لمە داخکراوەکەی باشورەوە، هەر فرۆکەکانی ئەوانیش بوون لە تەنها چەند چرکەیەکدا و بە یەک گوژم پێنج هەزار گوڵە هەناری جوانی هەڵەبجەیان بە ژەهر هەڵوەراند.
ترس لە جگەرگۆشەکانم کاریکی وایانکرد لە شار دەربچم و ڕووبکەمە شاخە سەرکەشەکان و چارەنووسێکی نادیار. لە ناو سەرچنارەوە ڕێگام گرتەبەر و، لەسەر چوار ڕیانەکەی نزیک باڵەخانەکانی ( پاک ستی ) ئێستا، مەجی وەکو شێرێک وەستابوو، چەک و چەند ڕیزە فیشەکێکی بەرگریی لە باڵا بەرزەکەی خۆی بەستبوو، خۆ کڵاشینکۆفەکەی دەستی ئەوەندە تازە تازە بوو، لەوە نەدەچوو تەنها تاکە تەقەیەکی پێکرابێ، هەر گەیشتمە نزیکی دەستی لیێ ڕاگرتم . کاتی وەستام هاتە نزیکم و بە ڕوویەکی گرژەوە وتی: ئەوە ئێوەش ئەم شار چۆڵدەکەن؟. ئەی باشە ئەگەر ئێوەمانان ، کە ڕۆڵەی ئەم شارەن پشتبکەنە داگیرکەر و بۆی دەربچن، دەی باشە کیێ بەرگری لەم شارە قارەمانە بکات؟.
وشەکانی وەک ساجێکی پڕ لە ژیلەمۆ ڕژانە ناخمەوە و تک تک ئارەقی شەرمەزاریان بە ڕووما هێنایە خوارەوە و هیچ وەڵامێکم بۆ قسە ڕاستەکانی نەبوو، بۆیە نەمتوانی سەیری ناوچەوانی بکەم. ئەو هەستی بە ورە ڕووخاوەکەی منکرد، بۆیە وتی: بڕۆن دەی بڕۆن و وەک با بفڕن و خۆتان لەم شەرەفە گەورەیە بێ بەش بکەن، بەڵام ئێمە لە جیاتی کەسانی وەک ئێوەش تا مردن بەرگری لەم شارە دەکەین و دەبێ داگیرکەر، یان لە خوێنی خۆیدا بگەوزێ، یان بەسەر لاشەی ئێمەدا بگاتە بەر دەمی دەرگای سەرا.
وەی خوایە گیان وتەکانی چۆن بوون بە دەمە تەورێکی تیژ و بێ ڕەحمانە ڕۆحمی دەجنی و تک تک شەرمەزاریشی تێکەڵ بە هەموو دڵۆپە خوێنێکی ناو دەمارەکانم دەکرد. لەو کاتەدا بە دڵ حەزمدەکرد ببم بە دڵۆپێک ئاو و بە ناخی زەویدا ڕۆبچم، بۆیە بە تەواوی دەمم چووە کلیلە و خۆم لە وتەکانی نەبانکرد و بە شەرمێکی زۆرەوە لەسەر ڕۆیشتن بەردەوام بووم و لە ناخیشەوە داوام لە خوای گەورە دەکرد مەجی و هاوڕێکانی بپارێزێت.
کاتێک گەیشتینە نزیک یەکەم بازگەی دەرچوون لەشار، دیمەنێکم بینی، کە ناتوانم گوزارشتی لێ بکەم. بە سەدان ئوتومبیل بە درێژایی کیلۆمەترێک رێچکەیان بەستبوو و لە شوێنی خۆیان بێ جووڵە وەستابوون. ئاپورەی خەڵکی لە ئەندازە بەدەر بوو، بەجۆرێک دێو و درنجیشی لە خۆ دەپرینگانەوە. لەو لاشەوە چەند پێشمەرگەیەک ڕێگایان بۆ لێپرسراوە ترسنۆکەکان واڵا دەکرد، تا خۆیان و خاو و خێزانەکانیان پشتکەنە شار و وەک ڕەشەبا تیێ تەقێنن. ئەو لێپرسراوانەی بە ئەندازەی تاقە موویەک خۆیان نەبەستبۆوە بە نیشتمانەوە و هەمیشە لە پڕیشکی ئاگرە سورە بە دوور بوون، بە جۆرێک حەپەسام چاوم لەسەر ڕێچکەی ئوتومبێلەکانیان هەڵ نەدەگوازت و هەموو شەرمەزارییەکەشیان لە بیربردمەوە و زوو زووش لە دڵی خۆمدا دەمووت: خۆزگە مەجی لێرەدا بووایە و ئەو قسانەشی بەو لێپرسراوانە بووتایە.
پاش زیاتر لە دوو کاژمێر و کاتێک تارمایی لێپرسراوەکان بە تەواوی لە چاو ونبوون، ئنجا ڕێگا کرایەوە و دەتووت ڕۆژی حەشرە و وردە وردە کەوتینە ریێ و لەبەر لێشاوی خەڵکی هەر چەند مەترێک بە سەعاتێک دبڕڕا. بۆ لای نیوەڕۆی ڕۆژی دوایی گەیشتینە نزیک عەربەت و سەرلەنوێ رێچکەی ئوتوومبێلەکان بە تەواوی وەستایەوە، ئەوەندە وەستاین بە جارێک بێزار بووین و تاقەتمان نەما، بۆیە لە ئوتومبێلەکەم دابەزیم تا بزانم هۆکاری وەستانمان دەبێ چیی بێ، لە دوورەوە قەڵەباڵغییەکی زۆرم بینی، کە بەری ڕێگاکەیان گرتبوو، بەرەو ئەو شوێنە ڕۆیشتم، ئەوەی بینیم دیمەنێکی زۆر چاوەڕوان نەکراو بوو، دوو ئوتومبیل بەریەک کەوتبوون و خاو و خێزانی هەردوو لایان هاتبوونە خوارەوە و کەوتبوونە پەلاماری یەکتری. ئەوەی لە هەمووشی سەیرتر بوو دیمەنی مەجی بوو لە نێوان ئەو دوو خێزانەدا خۆی کردبوو بە ریش سپی هەمووان و ناوبژی دەکردن.
دیمەنی مەجی وا کاسیکردم ئاسمانم لە بەرچاو تاریکبوو، خۆم پرسیارم لە خۆم دەکرد، دەی باشە مەجی چۆن چۆنی باڵی گرت و لە پێش مندا گەیشتۆتە ئەم شوێنە؟. ئەی ئەو بۆ قسەکانی خۆی نەبردە سەر و شارەکەی بە جێهێشت و ئەو هەموو ئارەقەشی بە من ڕشت. خۆم بۆ ڕانەگیرا و دڕم بە لێشاوی خەڵکەکەدا و نەوەستام تا گەیشتمە بەردەمی و پرسیارم لێکرد: ئەرێ کاکە مەجی ئەوە چۆنبوو لە پێش مندا گەیشتیتە ئێرە؟. ئەی بۆ خاوەنی قسەکانی خۆت نەبوویت و بەرگریت لە شارە قارەمانەکە نەکرد؟. ئەو بەبێ ئەوەی تەنها یەک تۆز شەرم بکات و باخەڵی وەک باخەڵی من پڕبێت لە پشکۆی شەرمەزاری، بە سیلەی چاو سەیرێکی کردم و زۆر لەسەرخۆ وتی: کاکە گیان نە بە تەنها بەرگریی لە شار دەکرێ و نە بە کڵاشینکۆفیش بەر لە تۆپ و تانکی دوژمن دەگیریێ!. بێگومان ڕاستیشی دەکرد، چونکە بە چاوی خۆم ئەو سەرکردانەم بینی بوو، کە سەدان کەسی وەک مەجییان بە تەنها بەجێهێشتبوو.
بە ئازا و ترسنۆکەوە ڕوومانکردە شاخ، ئەو شاخانەی بە درێژایی مێژوو کوردیان لە وەیشوومە و نەمان پاراستووە، بەڵام نەمانتوانیوە دەوڵەتێکی سەربەخۆیان لەسەر دروست بکەین. ئاخر دەوڵەت لە شار و گوندی ئاوەداندا دروستدەکرێت، بەرگریکردنیش لە شار بیری ورد و سەرکردەی خۆڕاگری دڵسۆز و نان و ئاو و چەک و تفاقی تەواوی دەوێت.
ئەوەی شایانی باسە مێژووی شکستەکانمان بە بەردەوامی خۆیان دووبارە دەکەنەوە و هۆکارەکەشی سیاسەتی چەوتی لایەنەکان و سەرکردە خۆسەپێنەرەکانە، جا زوو بێ یان درەنگ داگیرکەران هێرش دەکەنەوە سەر کۆمەڵگا پەرتوبڵاوە برسییە بێ بەرهەمەکەمان، خۆ ئەگەر هەر تەنها بە تەمای کەسانی وەک مەجیش بین، ئەوا ئەوانیش ئەمڕۆ شەکەت و برسیین و وەک جاران زۆر بە تەنگ نیشتمانەوە نیین و دەبێ خۆمان بۆ ڕەوێکی کە ئامادە بکەین، کە زۆر لە ڕەوەکەی ڕابوردوو خراپتر بێ. جا تکایە تا کار لە کار نەترازاوە با بەخۆماندا بچینەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت