Erdogan-Barzani

شاسوار ‌هارشەمەیی: ئەردۆگان، لەسەر داروپەردووی تورکیا.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

تەنیا سێ ڕۆژ ماوە، بۆ دەنگدان لەسەر هەموار کردنەوەی دەستوری تورکیا، کە دەستەڵاتێکی هاوشێوەی مەسعود بارزانی بە سەرۆک کۆمار دەدات.

ڕاستە کورد و پارتی جەهەپە، لایەنگرانی خۆیان بە دەنگی (هاییر، نەخێر) جۆش داوە. ڕاستە کە هاوپەیمانانی تورک، لە ئەوروپای ڕۆژئاوا و ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا، دژی دەنگدانن بە (با). سەرەڕای ئەوەش، هەموو هۆکارێک بۆ بردنەوەی ئەردۆگان فەراهەمە. ئەو دوای کودەتا ساختەکە، دەستی بەسەر هەموو جومگەکانی دەستەڵات داگرتووە. سپای ژێرچەپۆک کردووە. پاکسازی لە ڕیزەکانی پۆلیس کردووە. میتی دەستەمۆ کردووە. دادگاکانی ملکەچ کردووە و بە دەیان داوەری لەکار دەرکردووە، یان لە کونجی زیندانێی هاوێشتوون، کۆمیتەی هەڵبژاردن، بڕیار لەو وەردەگرن، نەک لە ڕای خەڵک و دەنگی ناو سندوقەکان. میدیای ئازادی پەک خستووە. بە دەیان ڕۆژنامە و کەناڵی تەلەفزیۆن و ڕادیۆ و سایتەکانی ئینتەرنێتی داخستووە.
ئیدی دوای هەموو ئەوانە، هیچ هۆکارێک نیە، دڵمانی پێ خۆش بکەین، کە لەوانەیە دەنگی نەخێر بیباتەوە. لە ڕێگای هەموو ئەو دەزگا سەرکوتکەرانەی سەرەوە و لە بێدەنگیی میدیای ئازاد، دەنگ دەکڕدرێت، سنوق دەگۆڕدرێت و داوەریش درۆی بۆ دەکات. من وای دەبینم کە سەرکەوتنی ئەردۆگان تا ڕادەیەکی بەرچاو مسۆگەرە، بەڵام هەموو تورکیا، بە تایبەت تورکیا وەک دەوڵەت و دامەزراوە و ئابوری، باجی سەرکەوتنی ئەردۆگان دەدات.
ئەو پیاوە بە درێژایی ئەم چەند ساڵەیە، بە هۆی لێدوانە نەزانانەکانیەوە، دەریخستووە کە هەر بە ئەندازەی نەخوێندەوارێک شارەزایی لە زانستی تێکچڕوژاوی سیاسەت هەیە. هەروەک ئەوەندەی بیر لە چوونە پێشی خۆی دەکاتەوە، لەسەر ئێسک و پڕوسکی نزیکترین هاوڕێکانیشی بێت، ئەوەندە بیر لە ئایندەی دەوڵەتەکەی ناکاتەوە. بێگومان دوای باڵادەست بوونی، ئیدی پتر دەکەوێتە وێزەی نەیارانی ناوخۆی. ئامادە نابێت لە هیچ کەس و لایەنێک ببورێت. بارێکی ناسەقامگیر لە تورکیا دێنێتە کایەوە، کە وەبەرهێنەر ناوێرێت وەبەرهێنانی بە مسۆگەری تێدا بکات. هەروەک زەمینەی کردنی هەردوو جۆر، کاری شۆڕشگێڕانە و کاری تیرۆریستی پتر و پتر دەبێت. بەمەش گورزی گەورە، بە گەورەترین سێکتەری ئابوری ئەو دەوڵەتە دەکەوێت، کە توریسمە. توریسم بۆخۆی لەو چوار ساڵەدا، تا نیوەی ساڵانی زووتر دابەزیوە.
بە پێچەوانەی هەموو ئەوانەی کە چاویان بڕیوەتە هەڵمەتی نا بۆ ئەردۆگان، من چاوەڕوانی ئەوە دەکەم، بە خۆشی و ناخۆشی، بە دەنگی زۆرینە بێت، یان بە ساختەکاریی، دوای سێ ڕۆژی دی، ئەردۆگان وەک کوندەپەپوو، لەسەر کەلاوەکانی تورکیا بخوێنێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت