جیهاد محەمەد: پەرلەمان یان ڕیفراندۆم!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەرکردایەتی یەکێتی بە گشتی و بە تایبەتی ئەوانەی سزادراون لەگەڵ هەموو ئەوانەی پێ لەسەر ئەوە دادەگرن، کە لە پێشدا پەرلەمان کارا بکرێتەوە، ئنجا ڕیفراندۆم بکرێت، با باش بزانن، ئەم کارە بۆ پارتی ئاسانە و ڕەنگە لە پێناوی سەپاندنی قسەیەکی تری خۆیاندا واز لەو کەلەڕەقییە بهێنن، کە پەرلەمانییان پەکخستووە و پەساپۆرتی پەڕینەوە لە دەڤەری سەوز و شینەوە بۆ دەڤەری زەرد نوێناکەنەوە بۆ سەرۆکی پەرلەمانی لە کارخراو و وەزیرە دوورخراوەکان و هەندێک لە ئەندام پەرلەمانتارانی دیکە. چونکە کاراکردنەوەی پەرەلەمان لە کەلەڕەقی پارتی زیاتر هیچ شتێکی تر نییە، کە بنەماکەی سیاسەت و سیناریۆیەکی فێڵاویە.

گرنگە خەڵک بە گشتی و یەکێتیەکان و بزووتنەوەی گۆڕان باش ئەوە بزانن، کە هەموو ئەم مەسەلانە ئەگەر بە وردی و دووربینی و لۆژیکانە کاری لەسەر نەکرێت، ئەوە لە جێبەجێکردنییاندا ئاوکردنە ناو ئاشی پارتیە و هیچی تر.
کەی ئەوە داواکاریە تۆ بڵێیت: با پەرلەمان کارا بکرێتەوە دواتر ڕیفراندۆم بکرێت!. بە بێ ئەوەی تێگەیشتبێتی لە ڕەهەندە سیاسییەکەی ئەم پەکخستنەی پەرلەمان. یان ئەگەر تێگەیشتوویت و تەواو ڕەهەندەکانی ئەم سیناریۆیە پێدەزانیت، بەڵام بەوە بێدەنگ دەبیت کە پەرلەمان کارابکرێتەوە و هیچی تر، کەواتە ئێوە ئاو دەکەنەوە ناو ئاشی پارتی و ئەم حوکمڕانییە گەندەڵ و ستەمکارە. پەرلەمانێک کە بێ بەها بێت، بێ دەنگ بێت، چالاک نەبێت، هیچ دەورێکی لە داڕشتن و ڕەنگڕێژکردنی سیاسەت و حوکمڕانی کوردستاندا نەبێت، نەتوانێت وەزیرێک و گزێرێک چ جای سەرۆکی وەزیران بۆ جارێک بانگهێشت بکات بۆ نێو پەرلەمان و لێپەرسینەوەی لەگەڵدا بکات، پەرلەمانێک لە سەروو خۆیەوە سەرۆکێکی بە ناوی (سەرۆکی هەرێم) و ئەندام مەکتەبێکی سیاسی پارتی بە ناوی(ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی) دانابێت، نەتوانێت هیچ جۆر یاسا و بڕیارێک دەربکات بۆ گۆڕینییان، جا با کاراش بکرێتەوە، چ لە مەسەلەکە دەگۆڕێت؟! بە دڵنییاییەوە هیچ. ئەم کاراکردنەوەیە، کە بەردەوام کراوە بە داواکارییەکی سیاسسی گرنگ و بەسەردەمی بزووتنەوەی گۆڕان و ناڕازییبووەکانی یەکێیتەوەیە، وەک ئەوە وایە بڵێیت: تۆ ئاو بڕێژە ئاشەکەوە، بۆ ئەوەی بێدەنگمان بکەیت لە ئاستی داگیرکارییەکانی خۆت و جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی خۆتدا. ئەم داواکارییە پوچە، بەرهەمی سەرکێشیی و هەژموونی پارتیە، ئەگەر پارتی ئەوەندە بە سەرکێشی و بە تووندی وەڵامی نەبوایە بۆتان، ئێوە ئەم داواکارییەتان نەدەبوو. دنیای حوکمڕانییە ستەمکارییەکەی هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی و هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی بێدەنگ درێژەیان دەدا بە حوکمڕانییە ستەمکاریی و گەندەڵییەکەی خۆیان. بەڵام ئەم دوو مەکەتەبە و ئەم دوو بنەماڵەیە وا دیارە لەوە فێڵاویترن کە تا ئێستا خەڵکی گشتی و ئێوەی سیاسیی و رۆشنبیری ناو سەرکردایەتی یەكێتی و بزووتنەوەی گۆڕانیش هەستی پێکردبێت. دەیان سیناروێی وەک پەکخستنی پەرلەمان و موچە بڕین و ئاڵای کوردستان و ڕیفراندۆم و دەوڵەتی کوردیان بە دەستەوەیەوە. ئەمانە بۆ ئەوەیە کە بەرەی ئۆپۆزسوێن کورت بکەنەوە لە ناڕازیبووەکانی یەکیتی و بزووتنەوەی گۆڕاندا، بۆ ئەوەی لە جیاتی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی خەڵکی گشتی و چەوساوە و ستەملێکراوەکان ئەم نوێنەرانە ناڕازی بن و بە دروشمی(کاراکردنەوەی پەرلەمان، گەڕانەوەی وەزیرەکان، چاکسازییەکی درۆزنانە، مسەلەی نەوتفرۆشتن، مەسەلەی جەعفەری و عەبادی و مالکی، مەسەلەی شنگاڵ و پەکەکە و ئەنەکەسە و ڕۆژئاو، مەسەلەی کارەبا و ئاوی پاکی خواردنەوە و تەندروستی و پەروەدە و دەیان مەسەلەی دیکەی لەم بابەتانە) خەڵکی پێوە سەرقاڵ بکەن لە لایەک و لە لایەکی دیکە خەڵکی دڵخۆش بکەن بەوەی کۆمەڵێک لە ناو یەکێتیدا ناڕازین لەم حوکمڕانییە و بزووتنەوەی گۆرانیش پشتیوانی خەڵک دەکات.
ئەگەر ناڕازیبووەکانی ناو یەکیتی و بزووتنەوەی گۆڕان ڕاستیان دەوێت و دەیانەوێت بە ڕاستی بەرهەمی ئەم حوکمڕانییە نەبن و درێژە پێدەری ئەم ستەمکارییە نەبن، دەبێت باش ئەوە بزانن کە لە بناغەوە (ئاشەکە) لە کار کەوتووە و کەڵکی لێبڕاوە، بەردەکانی سواوە، هیچ ناهاڕێت. جگە لەوەی هیچیش ناهاڕێت، گەنمی تێناکرێت بۆ هاڕین، لە جیاتی گەنم، بە موزایدەی سیاسیی و خۆ سەپاندنی حیزبێکی سیاسی و بەرفراوان بوونی زیاتری هەژموونی خۆی بەسەر کوردستاندا، ڕێفراندۆم و دەوڵەتی کوردی تێدەکرێت. ئەمە چ لۆژیکێکە و چ خۆ خەڵەتاندنێکە، کە ئێوەی سیاسیی گرتووتانە بە دەمتانەوە. ئەگەر ئێوە بە ڕاستی ئۆپۆزسوێنن، بە ڕاستی هەست بە ترسناکییەکان دەکەن، بە ڕاستی پێدەزانن کە ئەمە حوکمڕانیی نییە، ئەوە دەبێت لە هەوڵی ئەوەدا بن ئاشکە لە بنەڕەتەوە هەڵتەکێنن و ئاشێکی نوێی سەردەمیانە و شایستە بە ژیانی خەڵکی دامەزرێنن، دەبێت ئاشەوانەکانی ئاشەکەش خەڵکی خۆیان بن نەک بنەماڵە و تاقم و دەستەیەکی مافیایی و گەندەڵ. سەیرە بەلامەوە بزووتنەوەی گۆڕان بڵێت، بەڵێ ئێمە ئێستا کاندیدمان هەیە بۆ (کورسیەکەی سەرۆکی هەرێم)، کام سەرۆک و کام سەرۆکایەتی، بە کام لۆژیکی سیاسیی و بە کام یاسا و ڕیسا تۆ دەچیتە جیگەی سەرۆکێکی داگیرکراو کە لە بنەمادا لەسەر ئەوە دامەزراوە کە هەرکەس لەسەر ئەو کورسیە دانیشێت، دەبێت دانیشتنەکەی هەتا هەتایی بێت، مەگەر مەرگ بتوانێت پێی چۆڵبکات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت