نیاز حەمید: کۆمەڵە لە بناری هەڵگورد چی دەکات؟ هاتنیان بە رەزامەندی قاسمی سلێمانییە؟ ئایا بەشێکە لە پیلانی هێرش بۆ سەر قەندیل؟.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

یەکێ لە پێشمەرگەکانی کۆمەڵە، چەند وێنەیەکی بڵاوکردۆتەوە، وەک بۆ خۆی باس دەکات، وێنەکان هی بارەگاکانی تازەی کۆمەڵەیە لە بناری هەڵگورد.
لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکانی 2015 لە تورکیا و باکوریی کوردستان، دیموکرات (نازانم کام دیموکرات) بوو چەکدارەکانی بردە قەندیل بە رێنمایی دەوڵەتی تورکیا و پارتی بۆ نانەوەی شەڕ. ئاماج لێی بۆ هەڵگیرسانی شەرێک بوو لەگەڵ گەریلا، تابڵێن پەکەکە دژی کوردە و رێگە لەپیشمەرگە دەگرێت بچێت بۆ رۆژهەلات شەریی کۆماری سێدارە بکات!. لە نەتیجەدا ناو و دەنگی گەریلا بشێوێنن، بۆئەوەی نەرێنی کاربکاتە سەر دەنگدەری کورد لە باکوری کوردستان، بەڵام بە حیکمەتی گەریلا پیلانەکە پووچەڵ کرایەوە و، شەڕەکەش نەکرا و تەنانەت گەریلا پێشنیاری کرد رێگایان بۆ خۆش بکات بۆ ئەوەی بچن بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان شەری حکومەتی ئێران بکەن، لێ دەرچوو پیلانێک بوو، نە پێشمەرگە چووە رۆژهەلات و نە شەڕیش دژی حکومەتی ئێران کرا!.
ئێستا دووبارە ترسی ئەوە هەیە کە ئەو چەکدارانەی کۆمەڵە(چ کۆمەڵەیەکە ئەویش نازانرێت- بەلام پێدەچێت عبدولای موهتەدی بێت)، لە بناری هەڵگورد بە رێنمایی پارتی و ئاکەپە لەگەڵ پیلانی هێرش بۆ سەر قەندیل، ئەوانیش بەشداریی بکەن و پیلانێک دژی گەریلا بەڕێوەببەن.
بۆیە هەرچی زووە پێویستە، کۆمەڵە ڕوونکردنەوە بدات، ئەو چەکدارنە بۆچی لەو ناوە کۆبونەتەوە؟ باشە جێگا نەماوە بناری هەڵگورد نەبێت کە نزیکە لە قەندیل؟ سەدان کیلۆمەتر سنوری هاوبەش لەگەڵ رۆژهەڵات هەیە بۆچی ئەو شوێنەیان هەڵبژاردووە؟.
لە میدیاکانی ئاکەپە هەواڵێکی سەرنجراکێش بلاوبۆتەوە و، وا ڕادەگەیەنن، دوای مەهزەلەی ریفراندۆم، ئەردۆگان پیلانێکی هەیە بۆ هێرشکردن بۆ سەر قەندیل وشنگال بەهەماهەنگی پارتی. وەک لە پیلانەکە هاتووە، لە ئاگری بۆ بامەڕنی کۆریدۆرێک دەکرێتەوە بۆ هێنانی هێزی سەربازی و تانک و تۆپ، بە بەشداری 1200 چەکداری پارتی، هێرشێکی دوو لایەنە دەکەنە سەر شنگال و قەندیل.
پلانەکە دەستپێ دەکات بە بۆردومانکردنی قەندیل بە فرۆکەی جەنگی بۆ 3 رۆژ ئینجا هێرشی زەمینی دەست پێدەکات.
پێدەچێت ئاکەپە و پارتی بەڵێنیان بەو هێزەی کۆمەڵە دابێت کە دوای لەناوبردنی گەریلا لە قەندیل، ئەوان شوێنەکە دەگرنەوە.
جێگای باسە، کۆماری سێدارە ئاگاداریی ئەم پیلانە گڵاوەیە، هاوکاری ئاکەپەیە بۆ لێدانی گەریلا لە قەندیل، دیارە رەزامەندیشە هێزێکی وەک کۆمەڵە جێگای گەریلا لە قەندیل بگرێتەوە.
سەردانی قاسمی سلێمانی بۆ لای پارتی هەفتەی رابوردوو، ڕەنگە ئەم بابەتەش تاوتوێ کرابێت.
ئێران زۆر تەنگاو بووە لە رۆژئاڤای کوردستان، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئەمەریکا بەتەواوی پشتیوانی خۆی لە حکومەتی رۆژئاڤای کوردستان و هێزەکانی سوریای دیموکراسی راگەیاند و تورکیای پەراوێز خست، ئێستا زۆر روونتر لە جاران، ئیدارەی ئەمەریکا پشتیوانی سەپاندنی دیفاکتۆی فیدرالێ باکوری سوریا لە پلاندایە بۆ چارەسەریی تەواوی پرسی سوریا. ئەم بەرەوپێشچوونەی پەیوەندییەکانی رۆژئاڤا و ئەمەریکا، کۆماری سێدارەی ئێرانی تەنگەتاو کردووە، بۆیە ئێستا لەگەڵ ئاکەپە و رژێمی سوریا کەوتونەتە هەماهەنگی بۆ لێدانی تەڤگەری ئازادی.
ماڵپەڕی(ديبكا فايلز) ئیسرائیلی لە 8 ی ئەم مانگە ئاشکرایکرد کە بونی 5 بنکەی سەربازی ئەمەریکی لە رۆژئاڤای کوردستان دەبێتە بەربەست بۆ هەژمونی زەمینی و ئاسمانی ئێران لە سوریا و پاراستنی کوردان لە هێرشەکانی تورکیا. کەواتە ئێستا ئاکەپە و ئێران دوژمنی هاوبەشیان هەیە، کە تەڤگەری ئازادییە، بۆیە ئێران لە پیلانی هێرشکردن بۆ سەر قەندیل جێگە دەگرێت لەگەڵ ئاکەپە وپارتی و، هێنانی ئەم چەکدارانەی کۆمەڵە، بۆ بەشداریکردنیانە لەم پیلانە بە شێوەیەک لە شێوەکان.

تێبینی: وێنەکان هی یەکێ لەو چەکدارانەی کۆمەڵەیە کە بۆ خۆی لە ئەکاوەنتی خۆی بلاوی کردۆتەوە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت