نیاز حامید: راپۆرتێکی گرنگ. ڕۆڵی کاریگەریی روسیا لە دەرچواندنی ئەردۆگان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕوسیا چەندە کاریگەریی هەبوو لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا، دیارە کاریگەریشی هەبووە لە ریفراندۆمەکەی تورکیا.
بۆ روسیا, ئەمەریکا و تورکیا گرنگن.
روسیا هەر لە بواری سەربازی و دیپلۆماسی لەپێشەوە نییە، بەڵکو لە بواری ئەلیکترۆنی و هێرشی سایبەر بۆ سەر پێگە گرنگەکانی وڵاتان کارایە و، کە پشتیوانی تەواوی دەزگای مخابەراتی روسی دەکات بۆ دارشتنی سیاسەتەکانیان. دەزگای مخابەراتی روسیا یەکێکە لە دەزگا هەرە چالاکەکانی جیهان.
راپۆرتی دەزگای مخابەراتی ئەمریکی CIA و FBI ئەمەریکی لە دواین رۆژی ئیدارەی ئۆباما، ئاشکرایانکرد کە روسەکان رۆڵیان هەبوو لە گۆڕینی دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، بەڵام بۆ ئەوەی رەوشی ئەمەریکا تێک نەچێت ئۆباما بێ دەنگی کرد و، ئێستاش ترامپ تۆمەتبارە بە پشتیوانی پۆتین بۆی.
لێدانی سوریا بە حزوری ڕوسەکان لە ناو خاکی سوریا لەو چوارچێوەیە دابوو، تا تۆمەتی هەژمونی روسەکانی لەسەر لابچێت یا کال ببێتەوە، وەک میدیاکانی ئەمەریکا ئاماژەی پێدەدەن.
سنۆدن ئەو کەسە هەڵاتووەی ئەمریکی ئێستا لە روسیایە، پێشتر بۆ روسەکان کاریکردووە لەدام دەزگای هەستیاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا، ئەمەش هاندەرێکە بۆ بەدەوام بوونی ئەو تەرزە ئیشکردنە لەسەر ئەمەریکا و دەرئەنجامی باشیشی بەدەستخست.
تورکیا دیسان گرنگە بۆ روسەکان، پێویستیان بە کەسێتییەکی دیکتاتۆر و شۆڤینی و تۆرانی و توندرەوی وەک ئەردۆگان هەیە، بۆیە دوور نییە ڕۆڵیان هەبێت لە گۆرینی دەرئەنجامەکان بە هۆی هێرشی سایبەر بەسەر سێرڤەرەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی تورکیا، دەرئەنجامەکانی بە شێوەیەکی سەرسورهێنەر گۆڕێ، زیاتر لە دوو ملیۆن و پێنج سەدهەزار دەنگ حساب نەکرا، بێ ئەوەی کۆمسیۆن پاساوی پێ بێت.
بردنەوەی ریفراندۆم بە “بەڵێ” بەو رێژە کەمە، ڕوسەکان ئاوایان دەویست بۆ کەرتکردنی جڤاکی تورکیا.
با بێینە سەر ئامانجەکانی روسیا لە گۆڕینی دەرئەنجامەکانی ڕیفراندۆم لە بەرژەوەندی ئەردۆگان، بۆچی پشتیوانی بردنەوەی “بەڵێ” بوو:
1- لە بوونی ئەردۆگان، ناکۆکییەکان لەگەڵ ئەروپا دەگاتە ئەوپەڕی، ئەمەش بۆ بەرژەوەندی ئابوری و سیاسی ڕوسەکان دەگەڕێتەوە، چەندە دوور بکەوێتەوە لە ئەوروپا و ئەمەریکا، ئەوەندە لە ڕوس نزیک دەبێتەوە.
2- گەورەبوونی ناکۆکییەکان لە نێوان تورکیا و ئەوروپا، رەنگە سەربدات لە دەرچوونی تورکیا لە ناتۆ کە ئەمەش گرنگە بۆ روسیا.
3- ئابوری تورکیا لاواز دەبێت، دەتوانێت رکابەری بازرگانی لەگەڵ تورکیا لە ناوچەکە بکات.
4- لە دابەشبوونی جڤاک و کۆمەڵگای تورکیا، وەک ئێستا دەردەکەوێت، روسیا پارچەپارچە بوونی تورکیا دەبینێت، ڕەنگە کۆپی سوریا لەوێدا دووبارەببێتەوە، دەستوەردانی روسیا هاسان دەبێت بۆ خوڵقاندنی تورکیایەکی بێهێز.
5- کاتێ تورکیا بێهێز دەبێت دەستوەردانی لە ناو سوریا کەمتر دەبێت، باشتر دێە ژێرباری ئەجندای روسیا. پێشتر تاقی کردۆتەوە، کە ئەردۆگان بە هەڕەشەی جددیی، زوو مل دەدات کەسێکی ترسنۆک و ناموستەقیرە.
6- لە سایەی ئەردۆگان، کێشەی زۆر بۆ ئەوروپا دورست دەکات، رەنگە دەرگاکان بکاتەوە بۆ ئاوارەکانی سوریا، کە ئەمەش یەکێتی ئەوروپا دەخاتە بەردەم هەڕەشەی لێکترازان، ئەمەش بۆ ڕوسەکان گرنگە، کوتلەیەکی ئابوری سیاسی بەهێز لە تەنیشتییەوە هەڵبوەشێتەوە. ئەمە سەرباری بەگەڕ خستنی گروپە تیرۆریستەکان لە ئەوروپا بۆ تەقاندنەوە کاری تیرۆریستی وەک ئەوەی بینیمان دوێنێ لە شانەلێزیی پاریس کە دوو پۆلیس کوژران و چەندانی دیکە بریاندار کران.
7- سەبارەت بە داعش و گروپە جیهادیستەکان کە لە ژێر کۆنترۆڵی ئەردۆگانن، ئەو کاتە دەکەونە ژێر دەسەلاتی پۆتین بە ناراستەخۆ، کە دیاررە روسیا بە مەترسی لەسەر ئایندەی خۆی دایاندەنێت.
8- تورکیایەکی لاواز، کەمتر تەدەخول دەکات لە کۆمارەکانی پێشووی یەکێتی سۆڤیەت، بەتایبەتی ئازەربێجان و کۆمارەکانی دیکەی زمان تورکی. هەروەها لە جۆرجیا و پرسی قرم.
کەواتە لە بەرژەوەندی روسیایە تورکیایەکی لاواز و پڕ کێشە هەبێت، بە بوونی ئەردۆگانێکی دیکتاتۆر و تیرۆریست. چونکە بە هاسانی ئەو ئامانجانەی دێتەدیی. هەموو لە بیرمانە. سەددام چۆن بووە پاساوێکی باش بۆ تەدەخولی ئەمەریکا لە ناوچەکە.
بۆیە شیمانەی تەدەخولکردنی روسەکان لەو ریفراندۆمە، هێجگار واریدە و رۆژانی دادێ زیاتر ئاماژەکان وەدیاردەکەوێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت