ئارام قزلەری: موڵکی گشتی لە سلێمانی تالان فرۆش ئەکرێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ماوەیەکە بەڕێز هەڵۆی خوا لێخۆشبوو مامۆستا ئیبرایم ئەحمەد خاڵی گرنگ و هەستایر ئەوروژێنێت، کە پێویستە بەدواچونی بۆ بکرێت و هەروا بەئاسان بەسەرماندا تێنەپەڕێت. بابەتێکی بڵاو کردۆتەوە بە ناونیشانی پاڵاوگەی بازیانیش خۆمان خۆش.

لەناوەرۆکی بابەتەکەیدا باسی فرۆشتنی پاڵاوگەی بازیان و نەخۆشخانەی شیرەکەی سلێمانی ئەکات کە بەڕێز دلێری سەید مەجید فرۆشتویەتی یاخود بەتەمایە بیفرۆشێت.
دوای بەدواچونێکی وردم کرد بۆ بابەتەکەی بەڕێز هەڵۆ سەبارەت بەو پاڵاوگەی بازیان و نەخۆشخانەی شیرەکە، بەڵام تەنها توانیم لە یەک ـ دوو سەرچاوەوە، کە لە بەڕێوبەرایەتی ئەوقاف و بەڕێوبەرایەتی پەروەردەی سلێمانیەوە ڕاستی نەخۆشخانەی شیرەکەشم دەست بکەوێت، بۆیە بە پێویستم زانی ئەوەی گوێبیستی بوم بیانخەمەڕو بە پێی ئەو هەواڵانەی بەدەسەتم گەیشتون.
گەر هەر بوختانێک و زیادەڕەویەکم کردبێت لە نوسینەکەمدا با وەڵامم بدەنەوە .
ساڵی پار کاتێک بەڕیز ئاسۆ پارێزگاری سلێمانی بووە و سەردار قادر جێگری بووە . نەخشەیەکیان داڕشتوە کە هەندێک لە قوتابخانە کۆنەکانی شاری سلێمانی و چەند پارچەزەویەکی بەڕێوبەرایەتی ئەوقاف و لە ناویشیاندا نەخۆشخانەی شیرەکە و هەموو ئەو موڵگە گشتیانە بدەن بە چەند بازرگانێک تا بیانکەنە گەراجی ئوتومبێل و لەبەرمابەردا بازرگانەکان نەخۆشخانەیەکی تازەو قوتابخانەی تازە دروست بکەن بۆ ئەو بەڕیوبەرایەتیانەی ئەم موڵکە کۆنانەیان پێ دەبەخشن.
بۆیە هەر یەک لە نوێنەرایەتی پەروەردەو ئەوقاف و تەندروستی بانگێشت کراون لەلایەن جێگری بارێزگار بەرێز سەردار قادرەوە، داوا لە نوێنەرانی ئەم سێ بەڕێوبەرایەتیە کراوە کە ڕازامەند بن لە بەرامبەر فرۆشتنی ئەو موڵگە گشتیانە بەم بازرگانانەو ئەوانیش بینای تازەیان بۆ دروست بکەنەوەو هەرسێ بەڕاوبەرایەتیەکە ڕەزامەند بون بەو داواکاریانەی لێیان کراوە.
سەبارەت بە فرۆشتنی نەخۆشخانەی شیرەکە کە گوایە بەڕیز کاک دلێری سەید مەجید خەستەخانەی شیرەکەی سلێمانی ئەفرۆشیت، بە پێی ئەو سەرچاوەیەی من دەستم کەوتووە هیچ پەیوەندیەکی بەکاک دلێرەوە نیەو پێی ئەچێت گومانەکە لەوەدا بێت ئەو کەسەی بەتەمابووە ئەو تەندەرە وەربگرێت کەسێکی نزیک لە بزوتنەوەی گۆڕانە، ئەو بازرگانە وەک ئەوەی هەنگوینی لەدارە دۆزیبێتەوە مەتری بردوەو پانتایی نەخۆشخانەکە بپێوێت لەوەوە هەواڵەکان دزەیان کردۆتە دەرەوە.
ئەوەی جێگای گاڵتە جاڕیە ئەوەیە پڕۆژەکان پارەی زەبەلاحی بۆ دابین ئەکرێت بە سەوزی پارەکەی ئەخۆن و دروستی ناکەن، کەچی ئێستا ئەیانەوێت كلاو بکەنە سەر ئەم بەڕیوبەرایەتیانەو بەفڕتوفێڵ موڵکەکانیان لەژێر دەست دەر بکەن بە ناوی شوێنی وەستانی ئوتومبێلەوەو، بە دڵنییایەوە دوای ماوەیەک یان دەکرێت بە باڵەخانەیەکی گەورە یان بە شوێنی نیشتە جێبون و سودو قازانجەکەشی دەچێتە گیرفانی چەند کەسانێکەوەو وەک هەموو پڕۆژەکانی تری لە ڕابردودا کراوەو فرۆشراوە.
کاری پارێزگارو جێگرەکەی ئەوەیە پارێزگاری لە موڵکی گشتی بکەن و شوێنە دێرینەکان بپارێزن نەهێلن لە ناو بچێت. کەچی بە پێجەوانەوە ئەم بەڕێزانە قوتابخانە و نەخۆشخانە دێرینەکان تاڵان فرۆش ئەکەن، بە پاساوی ئەوەی بکرێت بە شوێنی وەستانی ئوتومبێل و قەرەباڵخی شەقامەکان کەم بکەنەوە. دڵنیاشین ئەوانەی دەبنە کڕیار هەر هەموو ئەو کەسانەن کە کەسی خۆیانن و نزیکن لە بەرپرسەکانەوە و ئێستا هەریەکەیان چەندین کۆمپانیایان هەیە بە ناوی جۆراو جۆرەوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت